کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵی بێ‌ئاکامی کۆماری ئیسلامی لە خوارووی کوردستان

00:49 - 12 خەرمانان 2724

مەنسوور مروەتی

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت ئەو شار و ناوچانەی کە ئەمساڵ ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزیی تێدا بەڕێوە چوون، ماوەیەکە ناوەندە سیخوڕی و هەواڵگرییەکانی کۆماری ئیسلامی دەستیان کردوە بە گرتن و دەسبەسەرکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی ئەو ناوچانە و بە بیانووی جۆراوجۆر دەیانخەنە ژێر لێپێچینەوە و تەنانەت دانپێدانانی ئیجباری. بۆ وێنە لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا چەندین کەس لە شاری گێڵانی ڕۆژاوا دەسبەسەر کراون کە چالاکانە لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵدا بەشدارییان کردبوو.

وەک هەموو لایەک دەزانن ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ لە هەموو کوردستان و بەتایبەت لە خوارووی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک و پڕحەماسە و بە بەشداریی هەزاران کەسی لە خەڵکی ئەو ناوچانە و بەشێوەیەکی تەواو کوردانە بەڕێوە چوو. دەیان دیمەنی جوان و ڕازاوە لە حوزووری خەڵک و نمایشێکی بەهێز لە یەکگرتوویی و خۆشەویستی گەل و وڵات لەو ڕێوڕەسمانە خرانەڕوو کە هەرکامە لە جێگای خۆیدا پەیامێکی تایبەتیشی تێدا بوو. تا ئەو جێگاییەی دژکردەوەی هەندێ لە بەرپرسانی ڕێژیم لەو ناوچانە و هەندێ گوێ‌لەمستی ڕێژیمیشی لێ کەوتەوە. بۆ نموونە ئەوکات مەلا قادر قادری، نوێنەر و پێشنوێژی هەینیی ڕێژیم لە شاری پاوە هاواری لێ هەستا و گوتی من ئەمەم پێ قەبووڵ ناکرێ، خەڵک لیباسی دێموکرات و کۆمەڵەیان لەبەر کردوە و پێکەوە هەڵدەپەڕن.

خۆ ئەگەرچی ئەوەی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت کرماشان و ئیلام لەبەریان کردبوو لە ڕاستیدا تەنیا لیباسی دێموکرات و کۆمەڵە نەبوو و جلوبەرگی نەتەوەیی کوردە کە کوردان بە جوانترین شێوە لەبەری دەکەن و زۆریش ئاساییە ڕۆڵە پێشمەرگەکانی ئەم نەتەوەیە هەر ئەو جلوبەرگە جوان و ڕازاوەیەیان لەبەردا بێ، کە هاواری لە دوژمنانی گەل هەستاندوە. بەڵام ئەو قسەیەی مەلا قادر لە ڕاستیدا دانپێدانانێکی ڕوون و ئاشکراشی تێدابوو. ئەویش ئەوەبوو کە لانیکەم هەردوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئەوەی بۆ دابڕینی ناوچەکانی خوارەوە لە کوردستان ڕستبوویان، لێیان بووەتەوە بە خوڕی. ئاخر وەک هەموو لایەک دەزانن دوو ڕێژیمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی بە درێژایی چەندین دەیە ئەوەی لە دەستیان هات، هەر لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی دێموگرافیای ئەو ناوچانە و هێنانی فەرهەنگ و زاراوەی ساختە و دروستکراو و هاوردەوە بگرە تا کەڵک‌وەرگرتن لە جیاوازیی مەزهەبی خەڵکی ئەو ناوچانە و دەیان پیلانی دیکە ویستیان کە خوارووی کوردستان لە کوردستان و بزووتنەوەی کوردستان داببڕن. هەروەها لەگەڵ دابڕان لە جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد تووشی قەیرانی شوناسیان بکەن و تەنانەت بیانخەنە سەنگەری دژ بە جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی کوردەوە. بەڵام هەمووان بە چاوی خۆیان بینییان کە هەموو ئەو پیلان و پلانانەی دوژمنانی گەلەکەمان -بۆ وێنە هەر لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵدا دەرکەوت- بوون بە بڵقی سەرئاو و جاڕی شکستی پیلانەکانی دوژمنان چۆن بە گویی هەموو لایەکدا درا. بۆیە وەکوو دوایین بەشی پیلانەکانیان ئاساییە دوژمنانی کورد لە چەشنی هەموو دیکتاتۆر و داگیرکەرانی دیکە دەست بۆ توندوتیژی و پەنابردنە بەر گرتن و دەسبەسەرکردن و ڕاوەدوونانی ڕۆڵە چالاکەکانی گەلەکەمان لەو ناوچانە بکەن.

داگیرکەران ڕەنگە بۆ گەیشتن بە مەبەستەکانی خۆیان کەمتر بیر لەوە بکەنەوە کە نەتەوەیەکی چەندین میلیون کەسی کە خاوەنی یەک فەرهەنگی ڕەسەن و دەوڵەمەندی هاوبەشە، هەرچی و هەرچەند پیلانیشی بەدژ بگێڕی ناکرێ لە یەکیان داببڕی و ئەگەریش بەزەبری زۆریش بکرێ ماوەیەک فەرهەنگ و کەلتووری خۆیانی لێ قەدەغە بکەی؛ بەڵام دەوڵەمەندی و ڕیشە و ڕەگاژۆی ئەو فەرهەنگە هاوبەشە وەکوو ژیلەمووی بن خۆڵەمێش بە شنەبایەک دەگەشێتەوە و هیچ داگیرکەرێک خۆی لەبەر ڕاناگرێ.

ئێستا گرتن و ئەزیەت و ئازار و بگرە وەرگرتنی ئیعترافی زۆرەملێ لە چالاکان و خەمخۆرانی کورد لە ناوچەکانی کرماشان و ئیلام وەک نوێنگەی سەرکوتکاری و پێشێلکردنی مافەکانی ئەو خەڵکە بەهۆی کۆماری ئیسلامی لە لایەکەوە ناخۆش و زیانبارە، بەڵام بە ڕوویەکی دیکەدا نیشانەی سەرکەوتنی تێکۆشەرانی کورد بەتایبەت لەو ناوچانەیە. چونکە وەک باس کرا دوای دەیان ساڵ و بگرە زیاتریش لە پیلانگێڕیی حکوومەتەکانی تاران لە حکوومەتی کۆماری ئیسلامی و پەهلەوی و تەنانەت پێش ئەوانیش بۆ پێشگرتن لە گەشەکردن و تەشەنەکردنی ناسیونالیزم و کوردایەتی لەو ناوچانە ئەوەتا لەپێش چاوی هەموانەوە دەبینرێ کە چۆن ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی کوردی ڕۆژ لەگەڵ رۆژ لەو ناوچانە ڕوو لە گەشەیە و هیوادار بە داهاتوویەکی گەش.

بۆیە لە لایەک لەگەڵ بەداخ بوون بۆ کەوتنەبەر ئەزیەت و ئازاری چالاکانی گەل لەو ناوچانە، لە لایەکی دیکەشەوە جێی خۆیەتی بەگەرمی پیرۆزبایی و ماندوونەبوونی لە هەموو ئەو زەحمەتانەیان بکرێ کە بە درێژایی ئەم ساڵانە کێشاویانە. بێگومان وەک شاعیری ناوداری گەلەکەمان قانع دەڵێ:

"گرتن و زیندان و کوشتن عاملی ئازادییە،

قوڕ بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە"