ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خەرمانان، ڕێکخراوی "یەکیەتی بۆ ئێران" لە شاری پێرت لە ڕۆژاوای ئوسترالیا، بە بۆنەی دووهەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، خۆپێشاندانێکی لە گۆڕەپانی شاری پێرت لە "فۆڕێست پلەیس" بەڕێوە برد.
ڕێکخراوی ناوبراو بە فەرمی داوای لە کۆمیتەی کورد لە ڕۆژاوای ئوسترالیا کرد کە لەو بۆنەیەدا بەشداری بکەن و پەیامی خۆیان پێشکەش بکەن.
بەم بۆنەوە پەیامێک لەلایەن کاک نەسرەدین سیلوانا بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرا.
لە پەیامی بەڕێزیاندا هاتبوو؛ "ئێمە ئەمڕۆ لێرە تەنها بۆ ماتەمینی کۆچی دوایی ژینا کۆ نەبووینەتەوە. ئێمە ڕێز لە بوێریی ئەو ژن و پیاوە بێشومارانە دەگرین کە لە دوای قەتڵی ژیناوە بە دژی ڕێژێمی دڕندەی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیون. ڕەنگە دەنگیان بێدەنگ کرابێت، بەڵام ڕۆحیان لەناو هەر یەکەماندا دەژی و هانمان دەدا بۆ ئەوەی بەهێزتر شەڕ بکەین، بڵندتر بوەستین و هەرگیز تێچووی بێئەندازەی دیکتاتۆرییەت و سەرکوت لەبیر نەکەین."
لە بەشێکی دیکەی پەیامی ناوبراودا هاتبوو؛ "لە شۆڕشی ژینادا ڕێژێم بە دڕندەیی وڵامی خەڵکی دایەوە- زیاتر لە ٢٠ هەزار خۆپیشاندەری دەسبەسەر کرد و لانیکەم ٥٠٠ کەسیان کوشت و هەزارانی دیکەش بریندار بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرەڕای توندوتیژی، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ بێدەنگکردنی بزووتنەوەکە، ئێمە شاهیدی شتێکی نائاسایی بووین. ڕاپەڕین زۆرێک لە نەتەوە پەراوێزخراوەکان واتە کورد، بەلووچ، عەرەب و تورکی یەک خست کە لەمێژە لەلایەن ڕێژێمەوە دابەش کرابوون
لە درێژەی خۆپیشاندانەکەدا کیژێکی لاوی ئێرانی بە ناوی نووشان، پەیامێکی بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کرد کە بەشێکی زۆر لە پەیامەکەی تەرخان کردبوو بە خەبات و تێکۆشانی کورد بۆ ئازادی و دەستەبەرکردنی مافی سیاسیی ئەوان. ئەو خانمە لە پەیامەکەیدا، گەلی کوردی وەک گەلێکی بەشخوراو لە لایەنی دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە ناساند و پێی وابوو کە ئەوان گەلێکی ئازادیخوازن و ئەبێت گوێ بۆ داوا ڕەواکانیان بگیردرێت.
چەند وتاری دیکە بە زمانی ئینگلیسی پێشکەش کران کە هەموویان لە ڕاستای بەردەوامیی چالاکییەکان بەدژی کۆماری ئیسلامی و خەباتی یەکگرتووانەی گەلانی ئێران هەتا کۆتاییهێنان بەو ڕێژێمە بوون.
چەندین دروشم بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیسی وەک: ژن، ژیان، ئازادی، سپای پاسداران تیرۆریست تێرۆریست، مافی ژن، مافی مرۆڤ، دێموکراسی بۆ ئێران، مەلا بۆ دەرەوەی ئێران و ... وترانەوە.