خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات
مرۆڤناسیی سیاسەتی مەرگ (٥-١)
د. ئەحمەد محەممەدپوور
و لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی
ئاماژە: خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات توێژینەوەیەکی د. ئەحمەد محەممەدپوورە پێوەندیدار بە پرسێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی ڕۆژەڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک لە بەشی بەرایی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ دەکات کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. توێژەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.
"کوردستان" بەشە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە و لە کۆتاییدا هەموو توێژینەوەکە بەیەکەوە لە "کوردستانمیدیا" دادەنرێت.
بەرایی
کورد بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژئاوا بە سەرباز/شەڕڤانی نایاب و شۆڕشگێڕی سیاسی ناسراوە. ئەوان ئەندامی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتن کە لەڕووی جێۆپۆلەتیکییەوە بەسەر وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریە و تورکیەدا دابەش بوون. زۆربەی کوردەکان لەنێو وێرانکاری و نائارامی سیاسیدا خەبات بۆ مانەوەی ئابووری دەکەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لەژێرسایەی دەوڵەتی ئیتنۆ-تیۆکراتی ئێراندا دەژین، ڕاستە. کوردەکان بەو بەشەی نیشتمانەکەیان (یان کوردستانی گەورە) کە لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئێراندایە دەڵێن ڕۆژهەڵات، یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
دەوڵەتی مۆدێرنی ئێران بۆ دەیان ساڵە ڕۆژهەڵات یان کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی خستووەتە ژێر سیاسەتی دوژمنکارانەی دژە پەرەپێدانەوە، کە شێوە نەریتییەکانی بژێوی وەک کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و سەرچاوە سروشتییەکانیانی لەناو بردوە. کوردەکان بەچاوی خۆیان بینیویانە کە چۆن خاکەکەیان و سەرچاوەکانیان تاڵان دەکرێت و دەستگەیشتنیان بە سەرمایە و بزاوتی پەروەردەیی بە توندی سنووردار کراوە. جگە لەوە، کوردەکان لەژێر دەستەڵاتی دەوڵەتی فارسی-شیعی ئێراندا لەڕووی کولتووری و ئابوورییەوە لە لایەن ڕێژیمێکی داگیرکەری نێوخۆییەوە ژێردەستەکراون کە وردە وردە تواناکانیانی بۆ مانەوەیان لەڕووی ئابوورییەوە لاوازکردوە. لەم دۆخەدا، کوردانی ڕۆژهەڵات تەنها بژاردەی سنووردار دەبینن بۆ بەردەوامیدان بە ژیانیان. یەکێک لەو شێوازە باوانەش مانەوەیە لەڕێی کۆڵبەرییەوە، کە فۆرمێکی مەترسیداری کاری سنووربەزاندنە و بووەتە هۆی مردن و برینداربوونی نزیکەی ٢٠٠٠ کۆڵبەر لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتەوە تەنها لە چەند ساڵی ڕابردوودا.
هەروەک دواتر ڕوون دەکرێتەوە، کە ژیان و مردن بەقووڵی پێکەوە ئاوێتە بوون بەجۆرێ هەموو نیشانەکانی نەکرۆپۆلەتیکی دەوڵەت لەسەر ژیان و خاکی سنوورەکانی ڕۆژهەڵات هەڵگرتوە. ئەم دۆخە ئەوە دەردەخات کە چۆن دەوڵەتی ئێران نیشتمانی دایکی کوردی کردووەتە چەکێک دژ بە بوونی کۆمەڵایەتی کورد. با زیاتر ڕوونی بکەینەوە، کەیسی کۆڵبەرە کوردەکان کە حکوومەت لە سنووری عێراق-ئێراندا دەیانکاتە ئامانج، هاوتایە لەگەڵ ئەدەبیاتی جوغرافیایەکی وەک مەکسیکدا. توێژینەوەکانی جەیسن دی لیۆن لە سنووری ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مەکسیک، بۆ نموونە، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەڕێی سیاسەتی خۆپارێزی لە ڕێگەی ڕێگریکردنەوە، سنووری جوغرافیای سەختی بیابانی سۆنۆرانی وەک چەکێکی کوشندە دژی کۆچبەرانی نایاسایی بەکار دەهێنێت، بەمەبەست کۆچبەران ڕووبەڕووی مەترسی وشکبوونەوە و پلەی گەرمی بەرز و هێرشی ئاژەڵان و مەترسییەکانی دیکەی بیابان دەکاتەوە.
لە سنووری ڕۆژهەڵاتیشدا دەوڵەت لەگەڵ بەکارهێنانی هێزی بایۆدیسپلین، کەڵک لە سنووری شاخاوی و ڕێگای مەترسیدار و مەترسییە سرووشتییەکانی دیکە وەردەگرێت بۆ دروستکردنی جوغرافیای مەرگ و وەک دەستەواژەسازی دی لیۆن بۆ گۆڕینی بە گۆڕی کراوەی سنوور. ئەم نووسینە بەدوای تێگەیشتنێکی ئیتنۆگرافی و ئیمیکی سەبارەت بە ئەزموونی ژیانی کۆڵبەرە کوردەکاندا دەگەڕێت و دەپرسێت کە کێ و بۆچی دەچێتە نێو ئەم کارەوە. لەوەش گرنگتر، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە چۆن جێبەجێکردنی جیاوازییە ئیتنۆ/ئایینی و زمانەوانییەکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی کوشندە لەم کارە تاقەتپڕوکێنەدا دەردەکەوێت و خۆی حەشار دەدات.
لە زمانی کوردیدا، کۆڵبەر (کۆ: کۆڵبەران) ئاماژەیە بۆ کرێکارانی سنوور – چ پیر، گەنج، نێر یان مێ- کە کاڵا بە پشت هەڵدەگرن و لە سنووری نێوان ئێران و عێراق یان تورکیە دەپەڕنەوە. باری کۆڵبەرەکان لەوانەیە ئامێری نێوماڵ، جگەرە، تایە، یان پێداویستی خۆراک لەخۆ بگرێت، کە بە کرێیەکی نزیکەی ٤٠ هەزار تمەن بۆ هەر کیلۆگرامێک، واتە بەنزیکەیی یەک دۆلار. کێشی بارەکە بەگوێرەی تەمەن و توانای جەستەیی و ڕەگەزی کۆڵبەر دەگۆڕێت و لە ٢٥ بۆ ١٠٠ کیلۆگرام دەبێت. ئەم کاڵایانە لەلایەن دەڵاڵە نێوخۆییەکان یان بازرگانانی غەیرە کوردەوە خاوەندارێتی دەکرێن کە لە نزیکەوە لەلایەن دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکانەوە بەتایبەت سوپای پاسدارانی ئیسلامی پاڵپشتی دەکرێن یان سوودمەند دەبن.
لەم ساڵانەی دواییدا، بەتایبەتی پاش ساڵی ٢٠٠٩، ژمارەی ئەو کوردانەی کە ناچارکراون بە کۆڵبەری بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیک ردووە. سەرەڕای ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن نزیکەی ٢٠٠٠٠٠ کورد خەریکی ئەم کارەن، حکومەت ڕەتی دەکاتەوە ئەو کارە بە یاسایی بکات، زۆرجار بە قاچاخچێتی ناوی بردوە بۆ پاساودان بەو توندوتیژییە بێسنوورەی لە سنوورە ئەمنییەکانی ڕۆژهەڵات لە دژیان ئەنجام دەدرێت. سەرەڕا بە نایاسایی هەژمارکردنی، دەوڵەت کۆڵبەری بۆ قازانجی ئابووری خۆی دەقۆزێتەوە. ئەمە بەڕوونی لە ڕاپۆرتەکەی ساڵی ٢٠٢١ی حکومەتدا ئاماژەی پێ کراوە و بەشیوەیەکی ئایرۆنی بە وێنەی کۆڵبەرەکان ڕازێنراوەتەوە کە بارەکانیان ڕادەکێشن، ستایشی بەشی بازرگانی ئەمساڵیان دەکەن کە ٢٤ ملیۆن دۆلارە.
کۆڵبەرەکان بەزۆری بە گرووپی دەیان بۆ سەدان کەسی گەشت دەکەن، بوێرانە لە ڕێڕەوی چیا هەڵخەڵەتێنەرەکان دەپەڕنەوە کە لەوانەیە بکەونە بۆسەی مین یان هێزەکانی دەوڵەت. گەشتێکی ئاسایی دەکرێت لەهەر شوێنێک لە ١٢ کاتژمێر هەتا دوو ڕۆژ بخایەنێت. کۆڵبەری کە سەردەمانێک کارێکی کورتخایەن و کاری کەسانی بێبەهرە بوو، ئێستا بووەتە هێمای ژیانی کورد بەهۆی سیاسەتی دژە پەرەپێدانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. دەرچووانی زانکۆ و کرێکارانی لێهاتوو، تەنانەت وەرزشوانانیش بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری و ژێرخانی وەبەرهێنان ناچارن ئەم کارە بکەن. چیرۆکی باقر ئەم دۆخە ڕوونتر دەکاتەوە: من لە دکتۆرای بیرکاری بە پلەی ١٢ وەرگیرام، بەڵام گۆزینش (بەشی هەڵبژاردن) منیان ڕەت کردەوە. بە بڕوانامەی ماستەرەوە چوومە هەر ئۆفیسێک گوتیان پێویستیان بە من نییە، باوکم پیر بووە و دەبێت هاوکاریی بنەماڵەکەم بکەم. کۆڵبەرییش تاکە شتێک بوو دەمتوانی ئەنجامی بدەم.
ڕەنگە کۆڵبەرەکان داهاتێكی زۆریان دەست نەکەوێت، بەڵام ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ دابینکردنی بژێوی خێزانەکانیان. گەشتەکەیان بەگشتی کاتژمێر ٤ی بەیانی دەست پێ دەکات و بریتییە لە ڕۆیشتن بەناو کەندەڵانە مەترسیدارەکان و بەرگەگرتنی پلەی گەرمی تا ئاستی بەستن لە زستاندا و دیمەنی سامناکی سرووشت دەتوانێت ببێتە هۆی خلیسکان و کەوتنی کۆڵبەرەکان، لەئەنجامدا ڕووداوی دڵتەزێنی لێ بکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ناوچەی شاخاوی و بەفر تاکە تەحددای ئەوان نییە، بەڵکو ئەوان بەردەوام لەلایەن پاسەوانی سنووری دەوڵەتەوە دەکرێنە ئامانج کاتێک هەوڵ دەدەن سنوور ببڕن بۆ گەیاندنی کاڵاکانیان و لە ئەنجامدا زۆرێک لەو ڕێیەدا ژیانیان لەدەستدەدەن یان بریندار دەبن.
مرۆڤناسیی سیاسەتی مەرگ
ئەم لێکۆڵینەوەیە لە قۆناغی توێژینەوەیە سەبارەت بە سەروەری، توندوتیژی، و ئەدەبیاتی نوێ سەبارەت بە مەرگ لە فەزای کۆڵۆنیالی نوێدا. بنەمای ئەم مشتومڕانە بەشێوەیەکی فراوان پشت بە دووبارە ڕێکخستنەوەی تێڕوانینی کارل شمیت بۆ سەروەری یاسا دەبەستێت، کە بەم شێوەیە پێناسە دەکرێت: ئەو لایەنەی بڕیار لەسەر دۆخی هەڵاواردن دەدات .. و بەگشتی سەروەری دروست دەکات و دڵنیایی دەدات… ئەو مافەی هەیە بڕیاری کۆتایی بدات. مرۆڤناسان چەمکی سەروەرییان وەک ئامرازێکی شیکاریی گوتار بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە کولتوورە ڕەسەنەکان و ئارەزووەکانیان بۆ دیاریکردنی جارەنووسیان لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و ئەفریقا بەپشتبەستن بە ئەزموونی هاوبەشی کۆڵۆنیالیزمی ئەورووپی و میراتی سیاسییان کە بۆ دەوڵەتە جێگرەوەکانیان بەجێماوە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانی پێگەی لێکۆڵینەوە لە فۆرمە کلاسیکییەکانی سیستەمی سیاسی و پێکهاتەکانی دەسەڵات بۆ فۆرمە نوێیەکانی هەژموون.
زانایانی کۆمەڵایەتی پاش پەرەسەندنی مشتومڕی چەمکی مۆدێرن بۆ سەروەری، لەوەش گرنگتر دووبارە داڕشتنەوەی ئەو تێگەیشتنە هاوچەرخەی فۆکۆ و ئاگامبین، نەک هەر دەستیان کرد بە بە بیردۆزەکردنی میراتی کەلەپووری کۆڵۆنیالیزمی نیشتەجێ، بەڵکوو لێکۆڵینەوەیان لەوە کردووە کە چۆن داگیرکەران خاکی دانیشتووانی ڕەسەنیان داگیرکردووە و ژینۆسایدێکی تەواویان ئەنجام داوە و بەکارهێنانی تواندنەوەی زۆرەملێ، کردارێک کە "وۆڵف" بە لۆژیکی لەناوبردن ناوی دەبات، هەروەها لێکۆڵینەوە لەو فۆرمە مۆدێرنانەی کۆڵۆنیالیزمیش دەکەن کە کۆمەڵگە کەمینە و پەراوێزخراوەکان لاواز و لەنێو دەبات.
زانایانی کۆمەڵایەتی کە کار لەسەر چەمکی سەروەری دەکەن، بەشێوەیەکی سەرەکی بۆچوونەکانیان لەسەر سێ بابەت بنیات دەنێن: چەمکی فۆکۆ بۆ هێزی بایۆلۆژی، چەمکەکەی ئەگامبێن بۆ دۆخی هەڵاواردن، لە کۆتاییدا چەمکی مبێمبە بۆ نەکرۆپۆلەتیک، کە لە بنەڕەتدا دووبارە داڕشتنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ چەمکی هێزی بایۆلۆژی فۆکۆ لەچوارچێوەیەکی ناڕۆژئاواییدا. فۆکۆ (١٩٨٠) مشتومڕی هێزی بایۆلۆژی خۆی دەخاتە چوارچێوەیەکی مێژووییەوە، کە تێیدا بەدواداچوون بۆ نەسەبنامەیەکی کلاسیک یان هاوشێوەی دەسەڵات دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی شتەکان، کات، جەستە و لە کۆتاییشدا خودی ژیان کە لە لایەن دەسەڵاتی پێش مۆدێرنەوە بۆ سەرهەڵدانی هێزی بایۆلۆژی لە دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا بەکاردەهێنرێت. لەکاتێکدا فۆرمی دەسەڵاتی پێش مۆدێرنە لە پاشا یان سوڵتاندا دەردەکەوت و ئەو تاکە کەس بوو کە مافی ئەوەی هەبوو ژیانی کەسێک ببات یان ڕێگە بدات بژی، شێوەی مۆدێرنی دەسەڵات نەک تەنها هەڕەشەی جێبەجێکردنی مەرگ دەکات، بەڵکوو مافی ئەوەی هەیە ژیان درێژ بکاتەوە یان تا ئاستی مردن. فۆکۆ هێزی بایۆلۆژی و هێزی دیسپلین وەک دوو فۆرمی پەیوەندیدار، بەڵام جیاواز لە دەسەڵات وەسف دەکات. لەکاتێکدا هێزی بایۆلۆژی وەک دەسەڵات بەسەر زیندە و ژیاندا پێناسە دەکات، دەسەڵاتی دیسپلین ئەو دەزگا و دامەزراوانە دەگرێتەوە کە لە ڕێیەوە دەسەڵاتی بایۆلۆژی پراکتیزە دەکات و کاری پێ دەکات. بەکارهێنانی سەروەری بریتییە لە بەکارهێنانی هێزی زیندوو لەڕێگەی دامەزراوە دیسپلینییەکانەوە لەسەر مردن و پێناسەکردنی ژیان وەک درێژبوونەوە و… دەرکەوتنی دەسەڵات. بەو مانایە، هێزی بایۆلۆژی نەک هەر حکومەتداری و خۆبەڕێوەبەری لەخۆدەگرێت، بەڵکو لە ئاستی گوتاریدا، شێوازی بەرهەمهێنانی زانیاری دەربارەی ئەوی دیکە دادەڕێژێت و ئاسایی دەکاتەوە.
ئەگامبێن بەدرێژەدان بە چەمکی هێزی بایۆلۆژی فۆکۆ دەڵێت کە دەسەڵاتی سەروەر لەڕێگەی دەرکردنی فەرمانە سیاسییەکانەوە خۆی بەدامەزراوەیی و دووپات دەکاتەوە تا بزانێت کێ مافی وەرگرتنی نازناوی مرۆڤ و مافی مرۆڤی هەیە. دەسەڵاتی سەروەر ئەم ئامانجە بەدی دەهێنێت لەڕێگەی دەرکردنی ئەو هەڵاواردنە (استثناء)ی کە یاسا تێیدا هەڵپەسێردراوە، مومارەسەیەکی ئارەزوومەندانەیە و مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ هۆمۆساکەر، مرۆڤێک کە لە یاسای کۆن و ڕۆمانیدا لە مافەکانی خۆی بێبەش بووە. بە بێبەشکردنی لە مافەکانی، هۆمۆساکەر لەژێر مەترسی کوشتنی بێ مەرجدایە لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت. بەم جۆرە، هۆمۆساکەر لە پەیوەندییەکی بەردەوامدایە لەگەڵ ئەو دەسەڵاتەی کە بەتەواوی نکوڵی لێکردووە و تا ئەو ڕادەیەی لە هەر ساتێکدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتنی بێ مەرج دەبێتەوە. دۆخی هەڵاواردن، بۆ گامبێن، تەنیا پۆلێنێکی سیاسی نییە، بەڵکو دۆخێکی فەلسەفیشە. ئاماژەی سەرەتایی ئەو سەبارەت بە دۆخی هەڵاواردن هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە بیرۆکەیەکی دیالێکتییەوە هەیە کە هەڵاواردنە گشتییەکە ئاشکرا دەکات. ئەگامبێن ئاماژە بەوە دەکات کە هەڵاواردن جۆرێکە لە بێبەشکردن، کە لە ڕێگەی دابڕانێکی ڕەها لە یاسا ڕوو نادات، بەڵکو بەهاوبەشی لەگەڵیدا کاردەکات. من ئەم چەمکە بۆ توێژینەوە لە ژیانی کۆڵبەرەکان بەکاردەهێنم، هەر کۆڵبەرێک چەمکی هۆمۆساکەری ئاگامبێن دەهێنێتەوە یاد، چونکە حکومەت دەتوانێت کۆڵبەرێک بکوژێت یان بریندار بکات، دەسبەسەر و دەستگیری بکات، یان لەدەرەوەی یاسا بێسەروشوێنی بکات، بەڵام لەهەمانکاتدا بەپێی یاسا. لێرە زاراوەی دامودەزگای دەوڵەت لە باڵاترین دەسەڵاتی سەربازی/ئەمنییەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە نزمترین پلە، لەوانە سەربازێکی سادە کە دەتوانێت بە ئاسانی ژیانی کۆڵبەرەکان بپارێزێت یان لێیان بستێنێت. کۆڵبەرێک بە ڕەوانبێژییەوە ئەمەی ڕوون کردەوە:
ئەوان دەتوانن لەهەر کاتێک و لەهەر شوێنێک بمانکوژن، بەڵام کوشتنمان لەسەر سنوور و لەکاتی کۆڵبەریدا ئاسانترە، چونکە هەر پاساوێک کە پێویستیانە هەیانە. ئەوان دەتوانن وەک ئاژەڵێک تەقەت لێ بکەن لە ڕووناکی ڕۆژدا و گرنگی پێ نەدەن. نە زمان و نە ئایین و نە جلوبەرگی ئێمە وەک ئەوان نییە؛ هیچ کاممان لەوان ناچین، وەک ئەوەی خودایەکی جیاوازمان هەبێت. ئەگەر فارس یان تورک بیت، ئەوا دۆخەکە جیاوازە؛ ئەگەر شیعەش بی بەهەمان شێوە. لە چ عەجەمستانێک تاوانێکی لەوجۆرە ئەنجام دەدرێت، بکوژەکان ئەوەندە بە ئاسانی بتوانن خۆیان لە تاوانەکانیان ڕزگار ببن؟
مبێمبێ چەمکی هێزی بایۆلۆژی فۆکۆ و چەمکی ئاگامبێن بۆ دۆخی هەڵاواردن فراوان دەکات و دەڵێت کە دەسەڵاتی سەروەر مافی خۆی بۆ کوشتن و دروستکردنی جیهانی-مەرگ بەکار دەهێنێت کە تیایدا مرۆڤەکانی وەک مردوو دەژین. ئەو ڕەخنە لە فۆکۆ و ئاگامبێن دەگرێت کە یورۆسەنتەرن و شکستیان هێناوە لە تیگەیشتن لە جووڵەی ئاڵۆزی دەسەڵاتی سەروەری لە چوارچێوە نا ڕۆژئاواییەکاندا، کە تیایدا بایۆپۆلەتیکەکان بە زمان و ئایین و شوناس شێوەیان گرتوە. کاتێک ئەم ڕێبازە جێبەجێ دەکرێت بۆ لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی و ئایینی و جێندەری، سەرنج و بایەخێکی زۆری ڕاکێشاوە لە چوارچێوە نا ڕۆژئاواییەکانی وەک ئەمەریکای لاتین و فەلەستین. لەڕوانگەی مبێمبێوە نیکرۆپۆلەتیک بەمانای ئەوە دێت بتوانێت بڕیار بدات کێ گرنگە و کێ گرنگ نییە، کام گرووپ دەتوانرێت پشتگوێ بخرێن و کامیان نا. هەروەک لەم لێکۆڵیەنەوەیەدا ئەوە نیشان دراوە، کۆڵبەری تەنها فۆرمێکی ناجێگیری کار نییە، بەڵکو دەرکەوتەی گوتارێکی ڕەگەزی زمانەوانییە کە سیاسەتی شوناس لە ئێراندا پێناسە و زیندوو دەکاتەوە، سیاسەتێک کە گەل/دانیشتووان بەسەر دوو پۆلدا دابەش دەکات کە جەستەی سەروەر و سووژەی ناسەروەرن وەک کوردەکان، کە ژیانیان وەک بێبایەخ و نادیدە دەبینرێت. بەڵگەش بۆ ئەمە، چەختکردنەوەی بەردەوامی کۆڵبەرەکانە لەچاوپێکەوتنەکانمدا کە دەیانگوت ژیانی ئاژەڵێک لە ژیانی کوردەکان بەنرخترە لەچاوی ئەواندا.
مبێمبێ سیاسەتی مەرگ بە کردەی بایۆ-مەرگ-دیسپلینی و دامەزراوەکانی وەک سنوور، زیندان، شەڕ و شەڕی پۆلیسی، کە مەرگ بەرهەم دەهێنن یان بەڕێوەی دەبەن، دەبەستێتەوە. مبێمبێ مەبەستیەتی بە دانانی نیکرۆ necro لەشوێنی bio – واتە سیاسەتی مەرگ – ئاماژە بەو فەزا سیاسییە هاوچەرخە بکات کە تێیدا پێکهاتە لاواز و کەمینەکانی- وەک کورد – خزێنراونەتە ناو دۆخێکی ناجێگیر و جیهانی مەرگی وەک کۆڵبەرییەوە. ئەم بارودۆخانە وەک تەکنۆلۆژیای لەناوبردن کاردەکەن کە کاریگەری جەستەیی دیار یان تووندوتیژی-مەرگ یان زیاترە. مبێمبێ دەپرسێت چ شوێنێک بە ژیان و مردن و جەستەی مرۆڤ (بەتایبەت جەستەی بریندار یان کوژراو) دەدرێت؟ چۆن لە ڕێکخستنی دەسەڵاتدا تۆماردەکرێن؟ بەپێچەوانەی بایۆپاوەرەوە، نیکرۆپاوەر واتە چۆنیەتیی ملکەچبوونی ژیان لەژێر دەسەڵاتی مەرگدا، بەجۆرێ وا لە مرۆڤ دەکات وەک مردوو بژی. جیهانی مەرگ شێوەیەکی تایبەت و نوێی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە تێیدا بارودۆخ بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیدا سەپێنراوە کە لەسەر پێگەی مەمرە و مەژی دایاندەنێت .ئەم گۆڕانکارییە بە ڕوونی نیشانەی یەکتربڕی ژیان و مردن و دەسەڵات و فەزایە لەسەردەمی مۆدێرنەدا. سیاسەتی مەرگ ئەوە نیشان دەدات کە چۆن دەوڵەتی ئێران مافی سەروەری خۆی بۆ کوشتنی کۆڵبەرەکان بەکاردەهێنێت – کە وەک دوژمن یان قاچاخچی یان هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەبینرێن- لەڕێگەی داڕشتن و سەپاندنی تەکنۆلۆژیای ناسەقامگیرکەرەوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەوڵەت چۆن کۆڵبەرەکان بچووک دەکاتەوە لەتۆزقاڵێک ژیاندا، ژیانێک کە دەتوانرێت بەبێ هیچ ئەنجام و دانپێدانانێک لەناوببرێت: وەک کۆڵبەرێک دەیگووت ئەوان دەتوانن لە ڕووناکی ڕۆژدا تەقەت لێبکەن و کەسیش بێزار نەکات . بەم شێوەیە سیاسەتی مەرگ ئەو دامەزراوە و سیاسەتە مەرگسازانە ئاشکرا دەکات کە کاریگەرییان لەسەر گەلی کورد لە ئێران و دەرەوەیدا هەیە.
هاوڕێ لەگەڵ مبێمبێ و ئاگامبین، من نیکرۆپۆلەتیکی کۆڵبەری بە کاری مەرگ پێناسە دەکەم کە سزای تاکەکەسی و بە کۆمەڵ بەسەر کورددا دەسپێنێت، ئەوەش نەک تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتی دیسپلینییەوە، وەک سەرکوتکردنی زمانەکەی و بێبەشکردنی لەڕووی ئابوورییەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی ئەو تەکنیکانەی کە ملکەچی جیهانی مەرگیان دەکات کە ئەویش ژیانی ناسەقامگیری کۆڵبەرییە. نیکرۆپۆلەتیکی کۆڵبەری گرنگە، وەک مبێمبێ دەڵێت، واتای مردن وەک واتای ژیان (لە بایۆپۆلەتیکدا) لەڕێگەی توخمەکانی بەرجەستەبوونی جەستەوە دەردەکەوێت: جەستەی ئەو کەسەی کە دەکوژێت، ئەو کەسەی دەکرێتە ئامانج و دەکوژرێت، هەروەها ئەو شێوازەی تێیدا جێبەجێ دەکرێت. کەواتە، بایۆپۆلەتیک ئێستا لەگەڵ نیکرۆپۆلەتیک تێکەڵ بووە، واتە دەوڵەت ژیانی کەسانی دیکە دەپارێزێت بەپاساوی مردنی هەندێکی تر. حکوومەت لەڕێگەی سیاسەتی مەرگەوە سیستەمێکی پلەبەندی دامەزراندوە بە دروستکردن و ئاساییکردنەوەی پۆلێنی سیاسی وەک کۆڵبەری کور ، کۆڵبەری کوردی ژن و جوداخوازانی کورد کە ئەو نۆرمانە دیاری دەکات کە گەرەنتی زاڵبوونی دەسەڵاتی مەرگ دەکەن. (درێژەی هەیە)