کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە مێژووی بێشکەی مناڵیمدا

11:04 - 22 خەرمانان 2724

لە مێژووی بێشکەی مناڵیمدا

سەلیم حەقیقی

لە مێژووی بێشکەی مناڵیمدا، یادەوەریی ئەو ڕۆژانەی زەویی نیشتمانم دەکردە مەیدان و لەنێو چرپیی هەڵپەرتاوی باخ شوولکێکی ناسک و تەڕم هەڵ‌دەگرت، دەڕۆیشتم سەرمەستانە وەک کەشتییەکەی نوح هەرچی ئاواتە هەڵم‌دەگرت و بەرەو بۆنی گولەباخی دەم کانی خەیاڵەکانم دەچووم... .

لەو نێو بەرد و دار و گیا و زەمەند، بۆنی گڵ، تێکەڵاوی تیسوو و وێنجە و سێوەڕەی خوناوی، شەقم لە پەیتووکە دەدا و لەگەڵی هەڵدەفریم بەرەو ئاسمانی حەزە نادیارەکانم، دەستم بە چڵە دارێکی هەنار دەگرت و دەمم بە مەمکیەوە دەنا و ژەکی هەرماویم هەڵ‌دەمژت، دڕدووکی خوێناوی دەبووە شەراب و سەرخۆشیی ڕێگا هەتا هەتەر کا ژیان و ژیان و ژیان... مەستانە مەستانە کەزیی زەردی گەردەنی زراڤی ئەسپم دەگرت و لەسەر پشتی تاسە دەئاژوتم... .

شەوانە بارتەقای ئەستێرەکان پێدەکەنیم خەم دایدەگرتم، دەتاسام دەترسام، دەحەبەسام لەو هەمووە ئەفسانە و چیرۆکانەی دایکم، کاتێک سەنیرم دەستی دایکم دەبوو و غیرەت چاوی باوکم، شەپۆلی بیری مناڵی تیژ دەگەڕا و ئێستاش بەوە زیندووم و هەناسە دەدەم، چ خێرا ئەو ڕۆژانە بوونە تراویلکە و لەیلان، دوور دەدرەوشێنەوە و لە نزیک نادیار دەبن، چەندە زوو مناڵیم نەما و ئاخی نیشتمان و خەمی خاک مێشکی داگرتم. چەندە زوو گوێ پڕیشکێنێ و هەلووکێن و گۆیێن، هاژەی ڕووباری گادەر، سێبەری مزری دارە گێوژ چیمەن و کانی و تامی لێوی سووری شیلان، بوونە فیلم و حەقایەت لە تەنیایی مزڵێکی دوور دەدوێ... . بزەی خۆشارۆکێی کادێن، بێستان و بۆنی هاروێ و کاڵەک، سەرجێخوون و ئاسمانی تاریک هەمووی بوونە هەسارە و خێرا فڕین بەرەو نادیار، لە غوربەت بوونە غەوارەی نامۆ، ئەو گوندەی ماڵێک بوو بۆنی نانی لێ‌دەهات... .

سەفەرە سەفەر، ژیانی پڕلە هەرا و خۆشی، بەرەو جێهێشتنی دنیای کەسکی مناڵی. قەڵەم و کتێب و نیگار، مەقام و گۆرانی و کۆڵەکە قەڵاغی جێژوانگە و بێری و ڕەشماڵ و دواڕۆژی سپی، بوونە بەراتی نیشتمان و ئەوانیش فیدای ژیان! لەنێو زەمەند و قۆپی و سوێسن و قاسپەی کەو، لەسەر مێرگی شین و سەوزی شل لەپەنا زیخی ئاوریشمی دەم کانی لێوم بە لێوی ئاو وەنا ئارەقەی تەوێڵم سوور و سوێر ڕژایە شۆڕش، دڵ بە خەمی نیشتمان زێد و ماڵ و سێبەری شۆڕەبی، لەسەر دوندی چیاکانی سەرکەش، تەمی قەندیل و بەستەڵەکی کێلەشین و مەلی داڵامپەڕ، سنووری درۆۆۆۆۆۆ...

تەنیا من بووم و ئەم جیهانە، من بووم و چەک، من بووم و گۆچان، من بووم و ڕەخت و فیشەکدان، من بووم و بەرگی خاکی، من بووم و خولیای ئازادی، بوغزم دەکردە فیشەک ئاڵای چڵکنی چەپەڵم دەئەنگوت، بیرەوەریم ئەفسانەیە کەس بڕوا ناکا، شەوانە بە گژ تاریکیدا دەچووم سەنگەرم دەکردە لانک و تێیدا ڕادەژام، سەر لەسەر سینگی نیشتمان خەوێکی کەروێشکە دەیبردمەوە ڕۆژانی ژوان.

کە شۆڕش خوێنی چەکی مژتم و ئادیداس پشتمی خاراند و دێموکراسی بە گزی دەرچوو، تەنافی سێدارەم گرت و بەرم نەدا، هەتا مەلایەکی بۆگەنیوی کۆچەر لەتەک حاکمی شەرعی شۆڕش دایانپڵۆسیم، نەک هەر غرور، ڕوح و دڵیان کوشتم، بێزم لە مافی مرۆڤ دەبێتەوە کاتێک تەنیا قاپێلکەیەکم بەناوی ئینسان، خاڵی لە هەست و خەون. کونجی ژوورێکی تاریکیان پێ ڕەوا دەیتم، قیژەی قامچی و بۆنی گۆشتی برژاو خەیاڵمی دەبردە جێژنی قوربان و حەوشەی مزگەت! چ نۆستالۆژییایەکی قیزەون بوو هەڵاوەسین و جۆلانەی دایکم، تووتن و پەڕی باوکم و پشتی سووتاوم، دارەبازی گۆرستان و برانکاردی ئەنجنیو... .

قاڵبوونەوەی جەرگ و سووتانی هەناسە کز و لاواز جەستەیەکی داوەڵی رەق و زەق، چاوە پڕ لە شادی و دلۆڤانییەکەی کردبووە ڕقیکی پیرۆز لە جەستەدا و بە مێشکیش ماندوو شەکەت هەتا گەرمێنی دوور بەردەرگای مەحکەمە تەق تەقیلەی نیگای پارێزەرم ئاوات بوو مەخابن هەمووی هەر حەسرەت بوو، بە یادی ئەو ڕۆژانە دەژیام کە چرۆ دەبووە گوڵ و گوڵیش دەبووە بۆن و دواجار بەسەر بووکی خەیاڵما هەڵدەوری لەبەر پێم دەنگی ویشکی گەڵاکان پەڕی تەنکی پەپولەی هەڵدەوەراند و دڵی سیسم دەوەستا کە برایەک دەیفرۆشتم لەپێناو نان! کاتێک سەگ پەنای دام و نەوەڕی بە بەختی بابەردەڵەم، بۆنی کردم باوەشی وەفای بوو بە پەناگە هەتا فێر ببمەوە ژیان.

سەفەرە سەفەر، سەفەری ئەمجارەم ئەوەندە دوورە بەسواری هەسپە سووریش بە وێرغە بڕ ناکا دەوەستێ ئۆغرێک هیچ ڕووبارێکا نایگاتێ گەشتێکە ئەوەندە دوور تاراندووە ژیان ئەو بێشکەیەی دەیڕاژاند لاواندنەوەی بێ کەلک ودەسرازەی تووندی ئەوینم، سەفەرێک پڕ لە نەگەڕانەوە، دەگۆڕنانی هەموو ئاواتەکان و ئەو بیرەوەرییانەی دەمکردنە ڕەنگ و نیگاری حەسرەتم پێ دەهۆنییەوە، دەمکردە وشە و شەوی ئەنگوستەچاوم دەدرەوشاندەوە. نە شەماڵ و نە ئەستێرە و مانگ هیچکامیان نابنە ئەو کۆترەی پەیامی دڵبەر بدا، نە تۆزی بەردەرگا ئاوپرژێن دەکرێ و نە سپیدارەکان دەبیندرێن و هێلانەی مەل، هەناسەم نایێ، دڵم گوشراوە، خەفەتێک بارتەقای ئاویلکەی ئاسکێکی هەڵدڕیو.

ڕۆژئاوا، ڕۆژئاوا گەڕەلاوژەیەکی درۆی هەڵبەستراو مەکانی تاراوەکان و مرۆڤ سڕ مەرگی ئەوین لەپێناو بەرژەوەندی بورجەکان، دەمرن مرۆڤ، ڕەش ڕەش دڵ سارد و بەستەڵەکی ئەوین نابێتەوە... سەرهەڵگرتنێک بە چاوی کوێر، بیری تەزیو بۆ وڵاتێکی ئەوپەڕ دوور، دوور لە خۆزگە و بریاکان، هەتا هەتەرکا چاو دوور لە هێلانە و چەمی خۆم.

جارێک بە سوتفە لە ڕایلکەیکی شێت وێنەی پۆرێک شیلانم بەدی کرد، جێ هێلانەی ئەوینی دڵ، خامەی دەستم دەلەرزی کاتێک چوومە دنیای تەواری بەرزی خاڵ، ئەو ڕەشاییەی ئادگاری وێژە کە دڵمی سوکنیایی دەدا، چیرۆک، بەستە، مەقام، گۆرانی، کانی، ڕووبار، مناڵی، خۆشی ڕابردوو و هەموو ئەوین لەم وێنەیەدا بەدی کرد، خۆم کردە تیشکیک و چوومە ناو دەمارەکانی، سەرم خستە سەر پەلکە ڕیحانەی بۆنی ئاسمانی، بە لەرینەوەی بای وادە، چ سەمفۆنیاییەک بوو دەنگی هەناسەی. برووسکێک هزری تەنیم، خەوێک بوو پڕ لە مۆتەکەی رابردوو، هەستام وێنەکەم بینییەوە، هیوا خزی،

خوشا، هاتەوە، ئەو ڕۆژانەی پێی گەش دەبووم.