کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی ژینا، ئەزموونێکی بەردەوام لەپێناو سەرکەوتنی یەکجاریدا

10:54 - 25 خەرمانان 2724

بزووتنەوەی ژینا، ئەزموونێکی بەردەوام لەپێناو سەرکەوتنی یەکجاریدا

فەتاح ڕەسووڵی

ڪوژرانی ڪچە ڪوردی ڕوژهەڵاتـی ڪوردستان ژینا ئەمینی بە دەستی هیزە داپڵۆسینەرەڪانی  گەشتی ئیڕشادی ڕێژیمی ئێــران لە تاران بە بیانوی ئەوەی یاسای ڕوپووشی ئیجباریی ڕەچاوت نەڪردوە، هەست و سۆزی گەلی کوردی بریندار ڪرد و لە کاردانەوە بەم جینایەتەدا خەڵڪ لە زۆربەی شارەڪانی ڕوژهەڵاتی ڪوردستان بۆ دەربڕینی نەفرەت و بیزاریی خۆیان ڕژانە سەر شەقامەڪان. ئەوان بە چڕینی بەرزەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی و هەروەها بەرزکردنەوەی دروشمی مردن و نەمان بو خامنەیی و ڕیژیمە گەندەڵ و  سەڕەرۆیەڪەی تەختی دەسەڵاتدارەتیی ڕێژیمیان وەلەرزین خست.

 ئاگری ئەم ڕاپەرینە شەو و ڕۆژ  بێ پسانەوە بەردەوام بوو، و هەر دەهات و ڕێژەی پەیوستبوونی جەماوەریی زیاتری بە خویەوە دەگرت. زۆری نەخایاند بڵێسەی ئەم شۆڕشە بەشێڪی بەرچاو لە شار و پارێزگاڪانی دەرەوەی کوردستانیشی گرتەوە و ئەوانیش بۆ پشتیوانی لەم حەرەڪەتە شۆڕشگێڕییە تێڪەڵاوی بزووتنەوەکە بوون. لێرەدا بوو دروشمی "ڪردستان ڪردستان چشــم و چراغ ایران" بۆ پشتیوانی لە بزووتنەوەی ژینا لە کورستان بەرز کرایەوە و دروشمی مردن و نەمان بۆ ڕێژیمی ڪوماری دژیگەلی کەوتە سەر زاران و شەقامەڪان بوون بە گۆڕەپانی دەربڕینی بیزاری و ناڕەزایەتی.

ئەم بزووتنەوەیە کە ئاکامی کەڵەکەبووی دەیان ساڵ سەرکوتی مافە ڕەواکانی گەلانی ئێران بوو، نیزیک بە شەش مانگی خایاند و ڕێژیمی بەتەواوی نیگەران کرد و شڵەژاند. بڵێسەکانی ئەم بزووتنەوە پان و بەرینە جەماوەرییە تەنیا تووڕەیی و بێزاری لە کوشتنی ژینا نەبوو، بەڵڪوو ڕق و بیزاریی پەنگخواردووی زیاتر لە چوار دەیە ستەم، هەڵاواردن، ڪوشتن، ئێعدام، زیندان، قەڵاچۆ، توقاندن و بێ‌ڪەرامەتڪردنی خەڵڪی ئێران بەهۆی دەستەڵاتداریی ڕێژیمی دژی ئازادیی ویلایەتی فەقیهـ بوو. لە ماوەی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەدا چەقی ململانێیەکان و ناوند و قوڵایی بزووتنەوە ڪوردستان بوو ، بەڵام هەر ئەمەش بوو بە بەستێنێڪ ڪە خەڵڪی وەزاڵەهاتووی نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی ئیران بەدەمیەوە بێن. ئەوەی گرینگ بوو لە سەرەتادا یەڪڕیزی، یەڪ گوتاری و هاوهەڵویستی دژی ڕیژیم بەبێ جیاوازیی مەزهەبی، زمان نەتەوە و جۆراوجۆرییەکانی دیکە بوو. لە بزووتنەوەی ژینادا دەرکەوت ئاستی وشیاریی سیاسیی خەڵڪی ئێران گەیوەتە ئاستێک هەست بەوە بکەن چارەنوسیان بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە ئازادی لێڪ گرێ دراوە و نابێ چاوەڕوانی لایەنێڪ یا وڵاتێڪی دەرەکی بن لەم  دۆخە ڕزگاریان بڪات و تەنیا دەبی پەشت بە هێز و توانای خۆیان ببەستن.

ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییە کە لە ماوەی دەستەڵاداریی ئەم ڕێژیمەدا ڪەموێنە بوو، زۆر بەتوندی لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کرا. بە سەدان ڪەس لە سەر شەقامەڪان  خەڵتانی خوێن ڪران، بە هەزاران  بریندار و  سەدان ڪەس ڪەم‌ئەندام کران و دەیان هەزار  ڪەس دەستبەسەر و خرانە چاڵەڕەشەڪان، کە دواتر بە سەدان کەسیش بە ناچار پەڕیوەی هەندەڕان بوون. بەڵام سەرباری تێچووی قوورسی ئەزموون و  تاقیڪردنەوەیەڪی باش و ســەرڪەوتوو بوو بۆ گرێدانی یەڪڕیزی و یەڪگرتویی، هاوخەباتی و فراوانتــرڪردن و گشتگیرڪردن گۆڕەپانی ناڕەزایەتییەکی ســەرانســەری بۆ ڪوتایی‌هێنان بە دەستەڵاتی شـوومی ویلایەتی فەقیهـ لە داهاتودا.

ڕەنگبێ دیارترین دەسکەوتی ئەم شۆڕشە بۆ کورد گۆڕانی ڕوانگەی غەیرە کوردەکان بۆ پرسی کورد و شکستی پلان و پیلانەکانی ڕێژیم لە پێشاندانی سیستماتیکی ڕوخسارێکی شەڕەنگێز و جوداییخواز و داردەستی هێزی دەرەکی لە کورد بوو. بەڵام لەم بزووتنەوەیدا گەلانی ئێران بۆیان هێڵی سووریان بەسەر هەموو چەواشەکارییە مێدیاییەکانی ڕێژیم کێشا و دروشمەکانی پشتیوانی و هاودڵیی تێدا بەرز کرانەوە. ئەم شۆڕشە مەجالێڪ بوو  بو ئاشتەوایی، ئاشنابوونی لۆژیڪی و پتەوڪردن و تەبایی و یەڪڕیزی خەباتکارانی نەتەوەکانی ئێران دژی ڕێژیم.

بەڵام  لێرەدا ئەو پرسیارەش بەرجەستە دەبێ کە سەرەڕای هەموو ئەو تایبەتمەندییانە  هوڪارەكانی ســەرنەڪەوتنی ئەم شوڕشە چیی بوون؟

یەکەم شت بەدەنگەوەنەهاتنی زۆرینەی ڕەهای خەڵک بە تایبەت لە شارە گەورەکانی دەرەوەی کوردستان. ڕاستە کوردستان چەقی ئەم ڕاپەڕینە بوو، بەڵام بەتەنیا  هەستان و خرۆشانی کوردستان و بەلوچستان بۆ گۆڕینی نیزامی سیاسیی ئێران بەس نییە و ئەمە هاتنە مەیدانی خەڵک لە هەموو ناوچەکانی ئێران ئەویش بە بەربڵاویی دەوێ. دووهەم، کاریگەریدانی هەر شۆڕشێک بەندە بەوەی چەندە لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵ تێیدا بەشدار بن، ئەم شۆڕشە ئەگەرچای هەنگاوێکی زۆر گرینگ بۆ پێشەوە بوو، بەڵام نەیتوانی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ بە بەرفراوانی لە خۆیدا ڕێک بخات. بەتایبەت چینی مامناوەند و توێژی خۆڵەمێشی کە لە یەککلاکردنەوەی شۆڕش و گۆڕانکارییەکدا چارەنووسسازن.

سێهەم فاکتەر پشتیوانیی نێودەوڵەتی بوو، و ئەگەرچی ئەم شۆڕشە شەقامەکانی زۆر لە وڵاتان و ناوەندەکانی بڕیاریشی ورووژاند، بەڵام بە زۆر هۆکار کە یەک لەوان نەبوونی ئاڵترناتیڤ بۆ کۆماری ئیسلامی بوو، کۆمەڵگەی جیهانی ڕیسکی پشتیوانیی بەربڵاو لە شۆڕشەکەی نەکرد.

چوارەم شت، دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بوو. کۆماتری ئیسلامی کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا بە سەرکوت و کوشتار و ئێعدام و نانەوەی بەردەوامی دووبەرەکی نەیهێشتووە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز لەدژی دروست بێت، کێشە و ناکۆکیی لایەنە دژبەرەکان ئەمجارەش فریای کەوت و توانی ئەمجارەش لە شەقامەکان بە زەبری سەرکوت پاشەکشە بە خەڵک بکات.

ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو پێشانی داوە کە ئەم شۆڕشە ئاگری بن خۆڵەمێشە و ڕێژیم نەیتوانیوە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ناخی خۆیدا سەرکوت بکات. بەڵام بێگومان ئەم شۆرشە کاتێک دەتوانێ دەسەڵاتی ڕێژیم ڕابماڵێ کە بتوانێ خاڵە لاوازەکانی پڕ بکاتەوە کە گرینگتر و پێشتر لە هەموویان دروستبوونی کۆدەنگییەکی بەهێزی حیزب و ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیم لە سەر بەرنامەی تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و ساغبوونەوە لەسەر نەخشەڕێی دروستکردنەوە و داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە.