کوردستان؛ قوتابخانەیە، پێشڕەو و پێشەنگە
هەردی سەلیمی
مانگرتن کردەیەکی ناڕەزایەتیدەربڕانەیە کە هەنگاوێک دەچێتە ئەولای ناڕەزایەتییەوە، خودی مانگرتنیش بەسەر چەند جۆری جیاوازدا دابەش دەبێت، کە مەبەستی ئەم وتارە ناساندنی جۆرەکانی مانگرتن نییە، بەڵام مانگرتنی جەماوەری-سیاسی یەکێک لە جۆرەکانی مانگرتنە، کە مەبەستی ئەم وتارەیە. مانگرتنی جەماوەری-سیاسی پێش لە هەر شتێک هەڵگری تایبەتمەندیی هێرشبەرانەیە، نەک بەرگریکارانە، کە ئەم خاڵە جەوهەرییە لە جۆرەکانی تری مانگرتنی جیا دەکاتەوە. ئیرادەتەوەرە و لە وشیاری و ئاگایییەوە سەرچاوە دەگرێ، هەروەها یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوە لە مانگرتن ئەوەیە کە گلەیی لە کاربەدەست یا سەرمایەدارێک و خاوەنی کارگەیەک نییە، هەروەها لە بازنەیەکی بچووکی سێنفی و ئابوورییشدا خۆی قەتیس ناکات و وەک لە ناوەکەیڕا دیارە، دەبێتە مانگرتنێکی جەماوەری و ویستەکانیشی بنەڕەتیترن؛ ئەم مانگرتنە بەتەواوی دژی دەسەڵاتی سیاسیی زاڵە و نووکەڕمبی هێرشەکەی بەرەو دەوڵەت و حاکمیەتە.
مانگرتنی جەماوەری-سیاسی بەپێچەوانەی جۆرەکانی تری مانگرتن تەنیا سەلبی نییە و لەگەڵ خۆیدا هەڵگری باری ئیجابییشە، بەو واتایە کە جگە لەوەی دەسەڵاتی حاکمیەت دەباتە ژێر پرسیار و بەجۆرێک ڕەدی دەکاتەوە، لە هەمان کاتیشا لەو ڕێگەوە چارەنووسی سیاسیی خۆی بەدەستەوە دەگرێ چون خوازیاری چاککردن نییە بەڵکوو خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتیی سیستمی سیاسییە و دەسەڵات لە ڕەوایی دەشواتەوە؛ هەر لەم ڕووەوەیە کە زانایانی بواری زانستی سیاسەت لەو باوەڕەدان مانگرتنی جەماوەری-سیاسی دەبێتە هۆی بردنەسەری ئاستی وشیاریی سیاسیی جەماوەر و بەدوای ئەوەشدا بردنەسەری ڕادەی تواناییی ڕێکخستن و خەڵکڕاکێشان.
لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنی جەماوەری-سیاسیدا زۆر جار بابەتی ئەو دووانەیە دێتە پێش کە ئایا ئەم مانگرتنە "خۆڕسک"ـە یاخود پێوەندیی بە "حیزبایەتی" و "تەحەززوب"ـەوە هەیە؟ هەرکام لە لایەنگرانی ئەم دوو بیرۆکەیە ڕای تایبەت بە خۆیان هەیە لەم بارەوە و هەوڵ دەدەن ڕۆڵی بەشەکەی خۆیان بەرچاوتر کەن، بەڵام "ڕۆزا لۆکزامبۆرگ" ئەم دووانەسازییەی ڕەد کردەوە و لەگەڵ ڕوونکردنەوەی نەخشی بەرچاوی پاڵنەری خۆڕسکانە لەو باوەڕەدایە پێوەندییەکی دیالێکتیک لە نێوان ئەم دوو پاڵنەرەدایە و بە هیچ شێوەیەک نەتەنیا هەڵوەشێنەری یەکتر نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن و هەردووک پێکەوە پێویستن.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بە چاوی داگیرکەر سەیری دەسەڵاتی ناوەندی دەکرێ، بابەتەکە جیاوازە و ناکرێ بەئاسانی خەڵک و حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان لێک جیا بکرێنەوە، بۆیە بەخۆشییەوە لە کوردستان ئەم دووانەیە نەک هەر لە پێوەندی لەگەڵ مانگرتنەکاندا بەڵکوو لە تەواوەتی خۆیدا بوونی نییە و یان لانیکەم دەنگێکی کپە و ناتوانێ پێش بەو یەکڕیزییە بگرێ کە لە جەریاندایە.
ئەمڕۆ ٢٥ـی خەرمانانی ١٤٠٣ـی هەتاوی، دووەمین ساڵوەگەڕی شەهیدکرانی "ژینا ئەمینی"ـیە و کوردستان دیسان لە ئاستی گشتیدا مانگرتنێکی جەماوەری-سیاسی-گشتیی بەڕێوە برد و ئەم قۆناغە سیاسییەشی بەسەرکەوتوویییەوە بڕی و هەنگاوێکی تر لە سەرکەوتنی یەکجاری نزیکتر بووەوە. ئەم کردە سیاسییە گرنگە ئاوێتەیەکە لە پێکهاتەی ئەکتی سیاسیی خۆڕسکانە و حیزبییانە، کە نیشان لە یەکدەنگیی نێوماڵی کوردە لە هەموو ئاستی خۆیدا سەرەڕای بوونی جیاوازییەکانیش. بێگومان ئەم هەوڵانە بێبەرهەم نابن و کوردستان کە نیشانی داوە بەحەق پێشەنگی خەباتی جەماوەری و سیاسییە و لەم ڕووەوە ئەزموونێکی دەیان ساڵەی لە جانتادایە و شیاوترینە بۆ پێشەنگایەتی و سەرمەشقبوون، شێلگیرانە لەپێناو گەیشتن بە مافەکانی خۆیدا ڕێگە دەبڕێ، کە قوتابخانە و وانەیەکە بۆ نەتەوەکانی تری نێو ئێران و تەنانەت ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش.
کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی تریش سەدان ماشین و بەکرێگیراو و چەکی نارد بۆ کوردستان، هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنیی دەسبەسەر کرد، تەنانەت دەستی لە گرتنی بنەماڵەی سەهیدانیش نەپاراست، هەڕەشە و گوڕەشەی زۆری لە بازاڕیان و خەڵکی دیکەی کوردستان کرد و هەموو ڕێکارە سەرکوتە هەمیشەیییەکانی خۆی گرتە بەر، بەڵام دیسان شکست و ڕسوایییەکی دیکەی بۆ خۆی تۆمار کرد. کوردستان بە تێگەیشتن لە ڕاستیی کۆماری ئیسلامی کە تەنیا کارتی سەرکوتی هەیە، لەم قۆناغە لە خەبات لە ستراتێژیی خەباتێکی کەمتێچووتر کەلک وەردەگرێ کە بەرهەمی بەرچاوی هەبووە و بەحەق ژانەسەری سەرەکیی نێوخۆ بووە بۆ کۆماری ئیسلامی. وەک باس لە تایبەتمەندییەکانی ئەم شێوە لە مانگرتن کرا، پێویستە بڵێین نابێ ئەم حەماسەتە و حەماسەتی تری لەم چەشنە بتایبەتێنین بە ناردنی پەیامێک بۆ تاران، کە ئەوە تەنیا یەک بەش لەم پرۆسە مەزنەیە و زیاتر دەبێ هەوڵ بدرێ ڕێکخستن و سازماندان بەهێزتر بکرێ و مانۆرێک بدرێ کە هەموو نەتەوەکانی تریش ئێعتراف بە پێشەنگایەتی و پێشڕەویی نەتەوەی کورد بکەن.
بژیی کوردستان و بژیی کورد کەوا هیچ ڕۆژێکی تاڵ و شیرینی ئەم مێژووە پڕهەورازەی خۆی لەبیر ناکات و جێی خۆیەتی سپاسی هەموو خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان بکرێ بۆ تۆمارکردنی لاپەڕەیەکی جێی شانازیی تر.