کوردستان وەک هەمیشە سەنگەری خەبات و کۆڵنەدان
عەلی بداغی
هەروەک لە سپاسنامەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە مانگرتنی بەشێک لە شارەکانی کوردستان، بەتایبەت شاری سەقز، زێدەکەی ژینا ئەمینیدا هاتبوو، لە سێهەمین ساڵی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا ئەم جووڵانەوەیە لەپێ نەکەوتوە. بەردەوامیی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی سیاسی و مەدەنی، گرتنەکان، حوکمدانی قورس و سەپاندنی زیندانی درێژخایەن بەسەر بەندکراوانی سیاسی، گوشاری بەردەوام بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوەکە لەگەڵ ئەوەی نیشانەکانی زێندێتیی بزووتنەوەکەن، هاوکات دەرخەری ترسی زۆری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە تەقینەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و وەڕێکەوتنی شەپۆلێکی دیکەی بزووتنەوەکەن.
ئامانجی بزووتنەوەکە لە کوردستان و شوێنەکانی دیکەی ئێران هەم هاوبەش و هەم هەڵگری کۆمەڵێک خسڵەت و تایبەتمەندیی ناوچەیی تایبەت بە خۆیان بوون. ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە لە گشتییەتی خۆیدا دادخوازی بۆ کوشتنی بەئانقەستی ژینا و ناڕەزایەتی دەربڕین بە کوشتنە حکوومەتییەکانی دیکە لە ئێران بوو، ئەگەر خەبات بۆ فڕێدان و بردنە ژێر پرسیاری ئایدۆلۆژیکترین چەمکی ڕێژیم واتە حیجابی زۆرەملێ بوو، ئەگەر بۆ داواکردنی ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و هەوڵدان بۆ وەڵامدەرکردنی بەرپرسان و دامودەزگاکانی حکوومەت بوو، بەڵام پێوەندیدار بە کوردستان دەتوانین بڵێین لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە هاوبەشانەدا ناڕەزایەتییەکان هەڵقوڵاوی ڕوحی کوردایەتی و لەپێناو بردنەپێشی پرسی کورد لە ئێران و ڕزگاریی نەتەوەیی بوو.
ئەگەر جۆری دروشم و داخوازییەکان لە کوردستان وەک ئاخێزگەی جووڵانەوەکە جیاوازتر لە ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو، ڕەفتار و شێوەی بەرەوڕووبوونەوەی ناوەندەکانی سەرکوت لە کوردستانیش لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان فەڕقی هەبوو. بزووتنەوەی ژینا بۆ زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران پەلی هاویشت و لە ڕەوتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەراندا ٢٢٤ کەس لە خۆپێشاندەران کوژران کە پشکی کوردستان بە تەنێ ١٤٢ کەس بوو، واتە زیاتر لە نیوەی هەموو قوربانییەکانی سەرکوت لە هەموو ئێراندا. ئەمە لە ئاماری گرتن و دەسبەسەرکردنەکان، حوکمدان و تەنانەت ئێعدامەکانیشدا هەر ڕاستە.
خاڵێکیتر کە کوردستان لە ناوچەکانی دیکە جیا دەکاتەوە خۆڕاگری و کۆڵنەدانی خەڵکەکەیەتی کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای هەموو گوشار و سەرکوتە خوێناوی و بێبەزەییەکان، بەڵام ئاڵای زیندوویەتی و بەردەوامیی بزووتنەوەی ژینایان بەرز ڕاگرتوە. بێگومان ئەگەر بزووتنەوەی ژینا لە کوردستان و لە ئاستی سەرانسەریدا بەم شێوە توندوتیژە سەرکوت نەکرابا؛ ئەگەرهەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەت توێژی نێونجی و خۆڵەمێشی بەدەم بزووتنەوەکەوە هاتبان؛ ئەگەر ئەم جووڵانەوە بێسەر، بەڵام خۆڕسک و بەهێزە باشتر و پێکهاتمەنەد ڕێبەری کرابا؛ یان ئەگەر ناکۆکیی ئایدۆلۆژی و هەلپەرەستیی هەندێ لایەنی کوردی و غەیرە کوردی بەرەو ئاقارێکی دیکەی نەبردبا، هەروەها ئەگەر کۆمەڵگەی جیهانی هەڵوێستی ڕاشکاونەتری لە هەمبەر فشارهێنان بۆ سەر ڕێژیم و داکۆکی لە بزووتنەوەکە گرتبا؛ ڕەنگبا هەر لەم دوو ساڵەدا ڕاپەڕینەکە بە ترۆپکی سەرکەوتن گەیشتبا.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی ژینا زۆر دەسکەوتی لە دوو ساڵی ڕابردوودا دەستەبەر کرد، لە یەکەم هەنگاودا توانیی پشتیوانیی جەماوەری و سیاسیی بەربڵاو بۆ لای خۆی ڕابکێشێ، هەم لە ئاستی نێوخۆدا، هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. لە بەناوکردنی شەقام لە پێتەختەکانی وڵاتانی ئورووپاییەوە بگرە هەتا پەسندکرانی "مەهسا ئەکت" لە کۆنگرەی ئەمریکا؛ لە پێدانی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بە داکۆکیکەرێکی بزووتنەوەی ژینا -خاتوو نێرگس محەممەدی"یەوە بگرە هەتا پێدانی خەڵاتی ساخارۆڤی یەکیەتیی ئورووپا بە بزووتنەوەکە. بزووتنەوەی ژینا لە ئاستی نێوخۆییدا توانی هاوسەنگیی تێگەیشتن لە پرسی کورد لە بەرژەوەندیی جووڵانەوەی سیاسیی کورد لە ئێران بگۆڕێ و هەروەها سەرنج و هەستیاریی زیاتری کۆمەڵگەی جیهانی هەم بۆ لای پرسی کورد لە ئێران و هەم پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بەهۆی کۆماری ئیسلامی ڕابکێشێ.
ئەم بزووتنەوەیە ئەگەرچی لە کورتخایەندا بە ئامانجەکانی نەگەیشت، بەڵام بواری بۆ دانوستان و لیکتێگەیشتن و گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاستی وڵات و نێودەوڵەتیدا خۆش کرد کە بەرهەمەکانی لە داهاتوودا هەڵدەگیرێتەوە. گوشارە دیپلۆماتیکەکانی وڵاتان لەدژی ئێران، بەردەوامیی سزا و گەمارۆیەکان و سنووردارترکردنی مەیدانی ڕمبازێنی ڕێژیم لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بەشێک لەو دەسکەوتانەن کە لە سایەی بەردەوامیی مانەوە و بەردەوامیی جووڵانەوەکە لە کوردستان و ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکانی بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەدیهاتوون.
حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی بنکە و بارەگاکانی مووشەکباران دەکران و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی شەهید دەبوون، بەڵام بە بڵاوکردنەوەی چەندین جارەی بانگەوازی مانگرتن، بە ئەکتی سیاسیی جۆراوجۆر و ڕێکخستنی جەماوەری، بە کاری مێدیایی و دێپلۆماسی هەم بووە فاکتەری سەرەکیی زیندێتیی بزووتنەوەکە و هەم گۆڕانکاری لە پێوەندییە سیاسییەکان لە ئاستی نێوخۆیی ئێران و بەرجەستەکردنی پرسی کورد لە وڵات و جیهانیشدا.
بزووتنەوەی ژینا لە کاتێکدا پێی ناوەتە سێهەمین ساڵی تەمەنی کە کوردستان هەر وەک هەمیشە سەنگەری خەبات و کۆڵنەدان لە ئێران دژی کۆماری ئیسلامییە.