ساڵی نوێی خوێندن و سیاسەتی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی
هەردی سەلیمی
لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندنداین؛ ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێران ساڵی خوێندنی ١٤٠٣- ١٤٠٤ دەست پێدەکات و دەبێ قوتابییان و بنەماڵەکانیان خۆیان بۆ ساڵێکی دیکەی خوێندن ئامادە بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە قەیرانە ئابووری و سیاسی و کولتوورییەکان وەک زۆربەی قەیرانەکانی تری کۆمەڵگەی ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، نەتەنیا کۆتایییان پێنەهاتووە، بەڵکوو بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر زیاتریش بوون و هەر ئەمەش کاریگەریی قووڵ و ڕاستەوخۆی لەسەر بواری خوێندن داناوە.
قەیرانە کەڵەکەبووە ئابوورییەکان هەموو جومگەکانی ژیانی خەڵکی ئێرانی خستووەتە مەترسییەوە، هەر لە پێوەندی لەگەڵ خوێندندا بەپێی ئامارێک کە لەبەردەستدایە و لە ڕۆژنامەی "دنیای اقتصاد"ی ڕۆژی شەممە ٢٤ی خەرماناندا هاتووە: "نرخی کتێبی خوێندنی سەرەتایی لەچاو ساڵی پێشوو ٥٠ لەسەد زیادی کردووە." ئەمە تەنیا بۆ کتێبە دەرسییەکانە و کەلوپەلی پێویستی تر ناگرێتەوە. هەر ئەم ڕۆژنامەیە باس لەوە دەکات کە ١١٠ هەزار کەس لە قوتابییان لەچاو ساڵی خوێندنی ڕابردوو کەمیان کردووە و ناوی خۆیان تۆمار نەکردووە.
هەر بەپێی ئامارە حکومەتییەکانی ڕێژیم، ٢١٦ هەزار و ٢٤٣ منداڵ لە قۆناغی سەرەتاییی خوێندن لە ساڵی خوێندنی ١٤٠٢- ١٤٠٣ دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە، کە ئامارێکی جێی نیگەرانییە. بەشێکی بەرچاو لە هۆکاری ئەم وازهێنان و ناونەنووسینانە بۆ بواری لاوازی ئابووریی خەڵکی ئەو وڵاتە دەگەڕێتەوە، بەڵام جگە لەوەش دەتوانین ئاماژە بە هۆکارگەلێکی تر بکەین و نیشان بدەین ئەم دیاردەیە بەستێنی جۆراوجۆری لەپشتە.
لەم ساڵانەی ڕابردوودا مامۆستایان بەبەردەوامی ناڕەزایییان دەربڕیوە و تا ئێستاش دەنگیان نەبیستراوە، ئێمە دەزانین کەمیی مووچە و بردنە سەری تەمەنی خانەنشینی چەندە کاریگەریی خراپی لەسەر خوێندنی منداڵان دەبێ، ئەمە یەکێک لەو کێشانەیە کەوا سیستمی پەرەوەردە لە ئێراندا لەگەڵی بەرەوڕووە.
شوێنی خوێندن و بینای قوتابخانەکان بەتایبەت لەو ناوچانەی وا بەئەنقەست لە ڕووی ئابوورییەوە دوا خراون و چەندین جار کارەساتی وەک "شیناوێ"ـیان لێکەتووەتەوە، دیسان دەتوانێ هۆکارێکی تر بێ بۆ بێمەیلیی خوێندن و وازهێنان لە خوێندن، بەتایبەت لە ناوچە پەراوێزخراوەکان.
نەخوێندن بە زمانی دایکی بۆ منداڵانی سەر بە نەتەوە جیاوازەکان، یەکێکی تر و لە گرنگترین هۆکارەکانە بۆ ئەوەی منداڵان لە خوێندن دابڕێنێ، چون هەر بەپێی ئامارە فەرمییەکانی دەوڵەت ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە ناوچەی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا بە بەراورد لەگەڵ ناوچە فارسنشینەکانی ئێران زۆر زیاترە.
نێوەرۆکی ئیدئۆلۆژیتەوەری کتێبە دەرسییەکانیش لەو هۆکارانەیە وا خوێندن لە سیستمی پەروەردەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ناشیرین دەکات و هیچ حەز و ئۆگرییەک بۆ قوتابی ناهێڵێتەوە. بەتایبەتتر گەر سەرنج بدەین کتێبەکان لەگەڵ ئەوەی لە خزمەت بیری نەتەوەییی نەتەوەی دەسەڵاتداردایە، لە ڕووی ئایینییشەوە بەتەواوی لە خزمەت بیری خوێندنەوەی دەسەڵاتە لە دین و ئایین، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە دنیای ئەمڕۆدا زیاتر هەوڵ دەدرێ خوێندن و سیستمی پەروەردە سێکۆلاریزەتر بکرێ. لەگەڵ ئەوەش نێوەرۆکی کتێبەکان گوزارشت لە هەڵاواردنێکی ڕەگەزی دەکەن و ئاوڕێک لە ژنان وەک کەسایەتی و ئەکتەرێکی کۆمەڵایەتی نادەنەوە.
لەبیرمان بێ لە چەند ساڵێک لەمەوبەرەوە "خامنەیی"، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ستارتی قۆناغی دووهەمی بەناو "شۆڕشی فەرهەنگی"ـی لێداوە و کۆمەڵێک دەستووری حکوومەتیی بە ناوەندە پێوەندیدارەکان ڕاگەیاندووە، کە کۆی ئەم سیاسەتە هەڵەیە وا چەند ساڵێکە لەسەری پێداگرە، کاردانەوەی زۆر خراپی هەبووە و کاریگەریی وێرانکەری لەسەر بواری خوێندن داناوە و سیستمی پەروەردەی ئەو وڵاتەی هێندەی دیکە لەبەرچاو خستووە.
دەرکرانی مامۆستایانی خوێندەوار و دڵسۆز بەبیانووی جۆراوجۆری ئەمنیەتی، دەتوانێ زەبرێکی کوشندە بێ، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەشاندنی ئەم زەبرەشدا کەمکاریی نەکردووە. لەوەش کوشندەتر ئەوە بووە کە جێی ئەم مامۆستایانەی بە دەیان هەزار ئاخوند و تەڵەبە پڕ کردووەتە و یەکشەوە ئەوانی لە مینبەر و حەوزەوە هێناوەتە سەر کلاسی دەرس! بێئەوەی ئەزموونێکی زانستی و دەروونناسانەیان لە بواری وانەوتنەوەدا هەبێ.
هەرکام لەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری تریش کە لێرەدا باس نەکراون بەتەنیایی دەتوانن سیستمی پەروەردەی وڵاتێک لەکار بخەن، بەڵام کۆماری ئیسلامی هەموو ئەم کێشانەی تەنیا لە بواری پەروەردەدا لەسەریەک کەڵەکە کردووە، چون مەبەستیان دژایەتی لەگەڵ زانست و تێگەیشتنە. ئەمەش لە قەوارەی فکری چەقبەستوو و پەرتووکاوی ڕێبەرەکەیان واتە خومەینییەوە سەرچاوە دەگرێ کە زانستە مۆدێڕن و ئەمڕۆییەکانی یان دەبەستەوە بە پیلانگێڕیی جیهانی یان بە هی ئاژەڵان.