کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل هەوڵەکانی ئەرتەشی لوبنان بۆ چەککردنی حیزبوڵڵای بە کەم لە قەڵەم دا

12:09 - 18 خەزەڵوەر 2725

ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان باس لەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا لە ماوەی حەفتەکانی ئەم دواییانەدا سەدان مووشکی بۆ نێو خاکی لوبنان ڕاگواستووە و ئیسرائیل هەوڵەکانی ئەرتەشی لوبنان بۆ چەککردنی ئەو گرووپەی سەر بە ڕێژیمی تارانی بە "کەم" و  بەرەوپێشچوونی ئەو پڕۆسەیەی بە "هێدی" لە قەڵەم داوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕێکخراوی ئیسرائیلیی "کان"، ئیسرائیل لەڕێگەی ئەمریکاوە هۆشداریی بە ئەرتەشی لوبنان داوە کە پرۆسەی چەککردنی حیزبوڵڵا لە ئاستی چاوەڕوانیی ئیسرائیلدا نییە و بەنیسبەت ڕەوتی لەسەرەخۆ بەڕێوەچوونی ئەو پرۆسەیە نیگەرانیی خۆی دەبڕیوە.

ئەو هەواڵدەییە ئاماژەی بەوە داوە کە حیزبوڵڵا لە ماوەی ڕابردوودا سەدان مووشەکی بۆ نێو خاکی لوبنان ڕاگواستووە و سەکۆ مووشەکییەکانی خۆی نۆژەن کردووەتەوە و ئەوەش نیگەرانیی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەی "کان"دا ئاماژە بەوە دراوە کە ئیسرائیل لە دژکردەوە بەو هەوڵانەی حیزبوڵڵا ئامادەیی خۆی بۆ هێرشکردنەسەر بنکەکانی ئەو گرووپە لەنێو خاکی لوبنان دەربڕیوە.

شایانی باسە زانیارییەکانی ئیسرائیل باس لەوە دەکەن کە حیزبوڵڵا بەرنامەی هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی لەبەر دەستدایە و ئیسرائیل ڕێوشوێنی پێویستی خۆی لەو بارەوە گرتووەتە بەر.

هەر لەو پێوەندییەدا چاوەڕوانی دەکرێت کە لە یەک مانگی داهاتوودا قۆناغێکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە دەبێت بۆ چارەسەریی کێشە و ململانێی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا و هەتا کۆتایی ئەمساڵی زایینی مۆڵەتی ئەرتەشی لوبنان بۆ تەواوکردنی ئۆپەراسیۆنی خۆی لە ڕاستای لەنێوبردنی ژێرخانە سەربازییەکانی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کۆتایی دێت.