کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مامۆستایەکی ئایینی لە جوانڕۆ

10:34 - 18 خەزەڵوەر 2725

مامۆستا زانا حوسێنی، مامۆستای ئایینی خەڵکی جوانڕۆ و پێشنوێژی یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ''هەنگاو''، مامۆستا زانا حوسێنی، پێشنوێژی گوندی "تورکەپان"ی جوانڕۆ لە پێنج ڕۆژی ڕابردووە دەسبەسەر کراوە و لە دۆخێکی نادیاردا ڕاگیراوە.

بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو دوای دەسبەسەرکرانی لە جوانڕۆ، بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەکان لە کرماشان گوازراوەتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، دۆخی تەندروستیی مامۆستا زانا حوسێنی لە دوو ساڵی ڕابردوودا ناجێگیر بووە و توانای بەرگەگرتنی بارودۆخی دەسبەسەریی درێژخایەنی نییە.

مامۆستا زانا حوسێنی کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن، تۆمەتەکانی وەپاڵدراوەکان و هەروەها چارەنووسی ئەم چالاکوانە ئایینییە لەبەر دەستدا نییە.