کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەگەری گرانبوونی نرخی بێنزینی ئازاد بۆ ٧ هەزار و ٥٠٠ تمەن

12:20 - 18 خەزەڵوەر 2725

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لەحاڵێکدا باس لە ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی بێنزینی ئازاد بۆ ٧ هەزار و ٥٠٠ تمەن دەکەن کە پێشتر هەر چەشنە گۆڕانکاری لە نرخەکانیان ڕەت کردبووەوە.

بە وتەی فەرهاد شەهرەکی، جێگری کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم، سەرچاوەی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانیی دەوڵەت بۆ هاوردەکردنی بێنزین تەواو بووە و دەوڵەت هەوڵ دەدات نرخی سێهەم لە بێنزینخانەکاندا دابنێت بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ مەجلیس بکات.

لەکاتێکدا وتەبێژی دەوڵەت بەڵێنیدا کە نرخی هەزار و ٥٠٠ و ٣ هەزار تمەنی ناگۆڕێت، بەڵام ئێستا ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پلانێک بۆ جێبەجێکردنی سیستمی سێ نرخی لە ساڵی ١٤٠٥ـەوە دەست پێ دەکات.

دژبەیەکی لە لێدوانەکانی بەرپرسان و نەبوونی ڕوونکاری نیشانەی دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو سیاسەتە ناهەماهەنگ و هەڵاوسانەیە کە کۆمەڵگا دەخەنە ناو قەیرانێکی ئابووری قووڵترەوە.

ئەزموونی مانگی خەزەڵوەری ١٣٩٨ هێشتا لە یادی خەڵکدا زیندووە، کاتێک بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بێنزین بووە هۆی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو و سەرکوتی خوێناوی. ئێستا کە هەڵاوسان و بێکاری و گوشاری ئابووری لە لووتکەدایە، گەڵاڵەی دانانی نرخی سێهەمی بێنزین وەک بەستێنێکی نەرم بۆ بەرزبوونەوەی فەرمیی نرخی سووتەمەنی دێتە بەرچاو.