بەرپرسانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و ناوەندە پێوەندیدارەکانی وەک ساڵانی ڕابردوو و لە ڕەوتی پیلانێکی نوێی دیکەدا هەوڵ دەدەن لەنێو لاوانی کوردستان و شاری مەریواندا بەتایبەتی، بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر ئاسایی بکەنەوە و پەرە پێ بدەن.
بەپێی هەواڵێک کە بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گەیشتووە لە شاری مەریوان ڕێژەی تووشبوون بە ماددەیەکی هۆشبەری کیمیایی نوێ بە ناوی "کیمیکاڵ" بە خێرایی ڕووی لە هەڵکشانە و ئەم دیاردە دزێوە بەشێوەی نهێنی لەنێو کۆمەڵگەدا بڵاو دەبێتەوە.
ئەو سەرچاوە ئاگادارە بە ژووری هەواڵی ڕاگەیاند: "ئەم ماددە نوێیانە، بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو، لاوان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج، مەبەست لەو هەوڵە نەزۆکە ئەوەیە کە لە پێش چاوی خەڵکدا وەک شتێکی ئاسایی دەر بکەوێت و ببنە بەشێک لە ژیانی ئاسایی ڕۆژانەی خەڵک".
ئەو سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەی زانیارییەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە "ئەو کەسەی هەوڵی پەرەپێدانی ئەو دیاردە دزێوە دەدات خەڵکی شاری مەریوان و بەگشتی خەڵکی کوردستان نییە بەڵام بە شێوەیەکی بەرچاو لە ناوەندی بڵاوکردنەوەی ئەم ماددە هۆشبەرە نوێیەدا دەرکەوتووە".
بەپێی زانیارییەکان و ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بە بەشی هەواڵ گەیشتووە، بەکارهێنەرانی ئەم ماددەیە بۆ ماوەی چەند خولەک لە دوای بەکارهێنانی ئەم ماددە هۆشبەرە لە جێگای خۆیاندا وشک دەبن و ناتوانن هیچ جووڵەیەک بکەن.
زانیارییەکانی ئەو سەرچاوە باس لەوە دەکەن: "ئەم دیاردە نیشانەیەکی ڕوونە لەوەی کە دەستی پیلانێکی گەورەتر لە پشتەوەیە، کە بە ماددە کیمیاییە نوێیەکانەوە دەستیان پێ کردووە و کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی تازە هەوڵ دەدات کۆمەڵگەی کوردستان بشێوێنێت".
هاووڵاتییانی شاری مەریوان باس لەوە دەکەن کە پۆلیس، ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکان و دامەزراوە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم خۆیان لە کۆنتڕۆڵکردن و دەسبەسەرکردنی ئەم کەسانە بەدوور دەگرن و هەرچەندە خەڵک بەردەوام پێوەندییان پێوە دەکەن و داوای یارمەتی دەکەن، یان هەر بەدواداچوون بۆ پرسەکە ناکەن یان زۆر درەنگ دەچن. ئەم بێدەنگییەش وەک بەشێک لەو پیلانە دەردەکەوێت کە ئامانجی لەنێوبردنی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستانە".
ئەم کارەساتە نوێیە، کە لەژێر پەردەی ئاساییبوونەوەدا و بە هەوڵی نوێی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە قەڵەم دەدرێت، هۆشدارییەکی گەورەیە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان و دەبێت کۆمەڵگەی کوردستان بە یەکگرتوویی بەرەنگاری ببێتەوە پێش ئەوەی شیرازەی کۆمەڵگەی کوردستان بشێوێنێت.