کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵک ئیتر ئەسپی زینکراو بۆ دەسەڵات نین! (لە پێوەندی لەگەڵ پینەوپەڕۆکردنی کۆماری ئیسلامیدا)

10:39 - 17 خەزەڵوەر 2725

عەلی لەیلاخ
تایبەتمەندیی سەرجەم دەسەڵاتە خۆسەپێنەکان بەکارهێنان و کەڵکئاژۆ وەرگرتنە لە خەڵک! چ وەکوو هێزی جەماوەری و چ وەکوو چەمکێکی کۆمەڵایەتی/سیاسی.
ئەگەر ڕێژیمی پەهلەوی بە ئێرانشاریگەرایی و دروشمی "خودا، شاهـ، میهەن" بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ دەسەڵاتی ئێرانی وەکوو قەبارەیەکی نوێ، بەدەستەوە گرت، ئەوە کۆماری ئیسلامیش بە هەمان شێوە لە جێگای "شا"، "ئیمام و ڕێبەری" داناوە و، بۆ گرێدانی خۆیان بە خودا، "کریدۆری ویلایەتی فقیهـ"یان کردۆتەوە. لەم نێوانەدا لەجیاتی وەتەن و نیشتمان، زیاتر جەختیان خستۆتە سەر خەڵک!
بەڵام هەر لە دەستپێکی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی ئیسلامی کە خومەینی دەیگوت "کارەبا و ئاو " بەخۆڕایی دەدەین و، خەڵک بە "مەقام و پلەی ئینسانی" دەگەیەنین، هەر لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا ڕوو بە بەردەنگەکانی دەیگوت: ئێمە "شا"مان لەنێو  برد، جا ئێوە کێن و چ کارەن!؟ ئەم قسەیە دواتر لە درێژەی تەمەنی سیاسەت و هەڵسوکەوتەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە زیاتر دەرکەوت،کە ئەوەی بەلایانەوە گرینگ نییە، خەڵکە و، لە چاوی ئایدۆلۆژیستەکانی کۆماری ئیسلامییەوە خەڵک ئەوپەڕەکەی سەرێکن بۆ سەربڕین جا چ بۆ شایی بێ! چ بۆ ماتەم و پرسە!
بەکار گرتنی دەستەواژەی خەڵک، لە لایەن حکوومەتە ئایدۆلۆژیکەکانەوە زیاتر خۆهەڵواسینێکە بۆ ڕەواییدان بە هەر چەشنە خەمساردبوون لە ویستی بنەڕەتیی کۆمەڵگە و، خۆسەپاندنێکی سیاسییانە و نادێموکراتیکە لەهەمبەر کێشە و گرفتەکاندا.
وێکچوونێکی مێژوویی هەیە لەنێوان کۆی دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکانی سەدەی بیستەم، کە ئەویش بەناوی خەڵکەوە پەرە بە جینایەتەکانی خۆیان دەدەن.
جۆرج ئۆروێڵ لە مەزرا خەیاڵییەکەی‌ کە ناوی  "مەزرای ئاژەڵان"ە، لە سەروبەندی شەڕی دوویەمی جیهانی، بەجوانی دۆخی ڕێژیمە سیاسییەکانی هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەخشاندووە.
کە چۆناوچۆن گەندەڵیی سیاسی و ئیستبداد و لەنێوچۆنی بنەما دێموکراتیکەکان، پاش شۆڕشەکان، بە فریودانی خەڵک دەست ‌پێدەکات و، ئەم گەندەڵی و داخراوییەش هەر بەناوی خەڵک و لە قامووسی خەڵک بە پیرۆزییەکی ساختەوە جێ دەخرێ.
کۆماری ئیسلامی لەو ڕێژیمانەیە کە پاش ٤٥ ساڵ دەسەڵاتی ناخەڵکی و بەشێوەی ئۆلیگارشیی مەزهەبی لە قۆناغە هەستیارەکان وەکوو هەڵبژرادن و ناکۆکییەکانی لەگەڵ دنیای دەرەوە، خەڵکی کردۆتە بیانوو؛ خەڵک لە دیدی کۆماری ئیسلامییەوە دەستو‌پێوەندەکانی خۆیانن و جگە لە خەڵکی "خودی" هیچ کەسی دیکە ناگرێتەوە کە ئەوانیش لە پایتەخت و شارە گەورەکان ناترازێ؛ بەڵام بۆ ئاژاوەگێڕی و قوربانیکردنیان خەڵک زۆرن و دەستی درێژی ماف زەوتکردن، هەتاکوو گوندەکانی سەرسنووریش دەگات!
خومەینی و دارولەلەکەی نەتەنیا خەڵکیان بە "مەقامی ئینسانی" نەگەیاند، بەڵکوو لەبەر پاوانخوازی و چەقبەستووییەکی سەرەڕۆییانە، کەرامەتی ئەو خەڵکەیان تا ڕادەیەک شکاندووە کە بە چاوخشاندنێک بە هەڵسوکەوتی خەڵک دەبینین  کە چ کۆمەڵگەیەکی بەتاڵ لە هیوا و داڕماو لە ڕۆحی شارۆمەندی و گیرۆدەی خەمساردییەکی بێوێنەن؟
لە ئێستا‌دا دروشمەکان و خەڵک فریودانەکان ناتوانێ واقعیەتی کۆمەڵگەی ئێران دابپۆشێ و، ئامارەکان لە هەموو بارەوە باس لە کارەساتباریی دۆخی خەڵکی ئەو وڵاتە دەکەن.
"هاینرش بێل" نووسەری دژە شەڕی ئاڵمانی دەڵێ: دەزگای سەرکوتکەری نازی، بەدەر لەو هەموو گیانە کە ئەستاندی زەبرێکی  گەورەتری وەشاند، ئەویش بەکارهێنانی هێندێک چەمکی پیرۆز و گران بوو  بۆ پاساوی جینایەتەکان و مرۆڤکۆژییەکانی.
دەزگای نازی تەنیا خەڵکی نەکوشت! بەڵکوو بە پرۆپاگاندای ناجوامێرانە باری مانایی وشەگەلێک وەکوو یەکسانی، مرۆڤ، ئازادی، سەرکەوتن و سەربەستی تا ئازادی و کەرامەتی مرۆیی لەنێو برد و زوڵمێکی قەرەبوونەکراوی لێ کردن.
هەر بەم ڕوانگە بۆمان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامیش جیا لە نیزیک بە نیو سەدە ستەم و ستەمکاری، دەستەواژە پیرۆزی وەکوو "جمهوری"، خەڵک، هەڵبژاردن و "مساوات و برابری"، بە درۆکردن و فێڵکردن، لە مانا حەقیقییەکان بەتاڵی کردوون و بگرە خەڵکیش لە هەندێک لەم چەمکانە ئیتر بێزار و ماندوون.
 لە ئێستا‌دا کە زۆرینەی خەڵک بە ڕەفتار و هەڵسوکەوتیان،  نەمان و ڕووخانی کۆماری ئیسلامییان دەوێ و، لە دامەزرێنەرانی ئەو رێژیمە تا لایەنگرانیان رۆژ بەدوای رۆژ بێزراوتر دەبن. شاهیدی هێندێک هەوڵ و نمایشی پۆپۆلیستین بۆ  "پینەوپەڕۆکردن"ی جەستەی پەڕتووکاوی ئەو ڕێژیمە کە بە هەموو دەوڵەتەکانییەوە چ خەسارێکی ماددی و مەعنەویی بەو خەڵکە نەگەیاندووە؟!
ڕاستە تا ئەمرۆکە بە هۆکارگەلێک بۆ نموونە "نەبوونی پرۆژەی سیاسیی ڕوون" و، جێگەرەوەیەکی جێی‌باوەڕ، ئێمە کۆدەنگییەکی بەربڵاو  بۆ نەهێشتنی ئەم دەسەڵاتە نیوەگیانە نابینین! بەڵام هەر ئەم خەڵکە تێچوویەکی قورس و گرانیان داوە، کە لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتییان ڕا دەمێنی، تێدەگەی چەندە تینووی تێپەڕبوون لەم ڕێژیمەن و، چەندە لە دەموچاوەکانی ڕاست و چەپی ئەم حکوومەتە بێزارن.
لە پاش شەڕی ١٢ رۆژەی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕۆژانە شاهیدی گلەیی و گازەندی بەرپرسانی ڕێژیمین بە مەبەستی قوتارکردنی حاکمییەت لە هەڵدێری ڕووخان و، فریودانی خەڵکیان بە شێوەی جۆراجۆر دەست پێ کردۆتەوە.
لە سەرۆککۆمارەکانی پێشوو تا ئەوەی ئیستاکە! بە جۆرێک قسە دەکەن چما تاوانی خەڵکە؟! و پێیان وایە خەڵک لە بیری چووتەوە، کە تەنانەت  دەوڵەتی ئیسلاحخوازانیش لە کارنامەیاندا کوشتنی "قەڵەم و ئەندێشە"ی جیابیران، لەژێر ناوی قەتڵگەلی زنجیرەیی بەخوێناویی ماوەتەوە. 
هەتا دەوڵەتی  "تەدبیر و هیوا" کە بە ئاسانی ناڕازییانی سەرشەقامی گرانی و بێنانی، شەڵاڵی خوێن کرد.
کاربەدەستان و دامەزرێنەرانی ئەم ڕێژیمە کە مانەوەی خۆیان، ئەم حاکمییەتە بە ئەولەوییەت دەزانن و پێکەوە  لە "کەشتی"یەکەی شەمخانی‌ دان! هەر بۆیە بە شێوەی جۆراوجۆر کەوتوونەتە گەڕ بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک، هەتا  گەڕێکی دیکە، دەسەڵات بە دەستیانەوە بمێنێ.
لە دیدی ئەوانەوە پێیان وایە خەڵک هەمان "ئەسپی زینکراو" و ئامادەی جارانن کە لە تەنگانە‌دا دەتوانن بە کەیف و ویستی خۆیان لێی خوڕن.
ئەوان پێیان وایە لە ئاخر شەڕی و خەزانی "ویلایەت فقیهـ" و، قامکی تاوان ڕاداشتن بۆ خامنەیی، ئێران بە جۆرێکی دیکە، هاوشێوەی کووبا و کۆریای باکوور یان رووسیەی دوای هەڵوەشانەوەی یەکیەتیی سۆڤیەت، دەتوانن بەڕێوە ببەن و هەر بۆیە بە "گوتاردەرمانی" و خۆدزینەوە لە ئەسڵی بابەتەکە واتە کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامی، ئیتر وازیان لە وادە و بەڵێن هێناەوە و بە ڕەخنەگرتنی توند لە ڕەوشی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، هەر کەس لە هەوڵ‌دایە خۆی و دەوڵەتەکەی لەم دۆخە لیخنە بێبەری و خاوێن نیشان بدات.
لە واقیعدا بەم هەوڵانە دەیانهەوێ زامی بەسەرچوویی تەمەنی ڕێژیمەکەیان ساڕێژ بکەن.
بەڵام بە خۆشییەوە هەڵسوکەوتی خەڵک  لە وڵامی دەموچاوە درۆینەکان و دەمـڕاستەکانی ئێستا و پێشووی ڕێژیم، نیشاندەری ئەمەیە کە تەنانەت ڕاوێژکارە باڵاکانی ئەو نیزامە بە چەشنی عەباس عەبدی و سەعید شەریعەتی دەڵێن: ئەوەی لە ئێستادا مانای نەماوە "خەڵک و پشتیوانی خەڵکە"، کەس ناپرسێت چۆن "چاک" دەبێت؟ بەڵکوو پرسیار لەسەر شێوە و کاتی "ڕووخان"ی  ڕێژیم دەکەن.