وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە کە لە ڕەوتی دوو هێرشدا سێ ئەندامی باڵای حیزبوڵڵای لە باشووری لوبنان کردووەتە ئامانج و لە ئاکامدا کوژراون.
ئاویخای ئێدرعی وتەبێژی ئەرتەشی ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە توڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"دا نووسیویەتی: "لە ئاکامی دوو هێرش بۆ سەر ناوچەی بەرعشییەت و شەعبا سێ ئەندامی حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانج و لەنێو براون".
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی "ئێدرعی" یەکێک لەو ئەندامانەی حیزبوڵڵا لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکانی ئەو گرووپەدا ڕۆڵی گێڕاوە و دوو ئەندامی دیکەش لە قاچاخی چەکوچۆڵ و دابینکردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ئەو گرووپە چالاک بوون.
هەروەها هەواڵدەرییە میللییەکانی لوبنان، سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٧ خەزەڵوەر، هەواڵی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ماشینێکی تایبەتی حیزبوڵڵا لەڕێگەی سێ بۆمبەوە بڵاو کردەوە.
حیزبۆڵڵا لە دژکردەوەدا هەوڵ دەدات ژێرخانە سەربازییەکانی خۆی نۆژەن، هێزەکانی بەهێز بکات و تواناییەکانی خۆی پەرە پێ بدات و پێکهاتەی سەربازی، ئەمنییەتی، چەکوچۆڵی و تواناییەکانی خۆی ڕێک بخاتەوە.
پێشتریش ئەرتەشی ئیسرائیل تەنیا لە یەک حەفتەدا زیاتر لە ٨ ئەندامی حیزبوڵڵای کردبووەوە ئامانج و بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل ئەندامانی ئەو گرووپە، لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە سەربازییەکان و توانا هێرشبەرییەکانی حیزبوڵڵا ڕۆڵی سەرەکییان ببوو.
دامەزراوەی ئاڵما کە ناوەندێکی توێژینەوە و پەروەردەیی ناحکوومیی سەربەخۆی ئیسرائیلە لەوبارەوە ڕایگەیاندبوو: "لە ڕێکەوتی ٥ هەتا ١١ی مانگی خەزەڵوەری ١٤٠٤ی هەتاوی، ٨ ئەندامی چالاکی گرووپی حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی تاران لە چەند ئۆپەراسیۆنی وردی ئەرتەشی ئیسرائیلدا کراونەتە ئامانج و لەنێو براون".