
مستەفا شێخە
ئەمڕۆ ١٥ی خەزەڵوەرە و تەنیا چەند ڕۆژێک بەسەر ساڵیادی ڕووداوێکی مێژوویی و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت. لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران لە قۆناغێکی هەستیاردا بوو و چاوەڕوان دەکرا درێژەی ئەم شۆڕشە بەرەو ئاقاری پەرەسەندنی دێموکراسی و فراوانکردنی ئازادیی هاووڵاتیان هەنگاو بنێت. لەم ڕۆژەدا ڕووداوێک قەوما نەک تەنیا ڕێڕەوی مێژووی هاوچەرخی ئێرانی بەتەواوی گۆڕی، بەڵکوو برینێکی قووڵ و ساڕێژنەبووی لەسەر جەستەی کۆمەڵگەی ئێران، بەتایبەتی نەتەوە بندەستەکان و لە سەروویانەوە گەلی کورد،بەجێ هێشت.
١٣ی خەزەڵوەر، ئەو ڕۆژەی کۆمەڵێک خولیای لێدوانەکانی خومەینی لەژێر ناوی "پەیڕەوانی هێڵی ئیمام" بە دروشمی دژەئیمپریالیستییەوە باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان لە تاران داگیر کرد. لێرەدا پێویستە ئەمەمان لە بەرچاو بێت، باڵیۆزخانەی هەر وڵاتێک لە هەر شوێنێکی جیهان بێت، بە خاک و سەروەریی نیشتمانیی ئەم وڵاتە دەژمێردرێت. ئەم کارە دزێوەی "پەیڕەوانی هێڵی ئیمام" بە خێرایی کرا بە سیمبولی "شۆڕشی دووەم" و سەرکەوتن بەسەر "شەیتانی گەورە"دا. بەڵام لە پشت ئەم وێنە ئایدیۆلۆژیکەوە، دەرەنجامگەلێکی کارەساتبار خۆیان حەشار دابوو کە ئێرانی بەرەو گۆشەگیرییەکی نێودەوڵەتیی درێژخایەن، ئیفلیجیی ئابووری و سەرکوتێکی سیستماتیکی نێوخۆیی پاڵ پێوە نا. لێکەوتە ستراتیژییەکانی ئەم ڕووداوە بۆ سەرانسەری ئێران و بەتایبەتی بۆ سەر تێکۆشانی مێژوویی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیانێکی زۆری لێ کەوتەوە و لە جیات ئەوەی کۆرپەی شۆڕشی گەلان لە نەخۆشی و ئازار بپارێزرێت و بەرەوە دێموکراسی و ئازادی هەنگاو بنێت، ئەم داگیرکردنی باڵێۆزخانەیە شوڕشی تووشی نەخۆشییەک کرد و دەستەڵاتێکی وای لێ کەوتەوە، وەک خۆڕە و مشەخۆر نەک هەر گەلانی نێو جۆگرافیای ئێران بەڵکوو وەک خۆرە زیانی بە هەموو خۆرهەڵاتی نێوەڕاست گەیاند.
لێکەوتە نێودەوڵەتییەکان
داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، کە بووە هۆی بارمتەگرتنی ٥٢ دیپلۆماتکاری ئەم وڵاتە بۆ ماوەی ٤٤٤ ڕۆژ، لە کەشوهەوایەکی سیاسیی پڕ لە گرژی و بێمتمانەییدا سەری هەڵدا. پشتیوانیی مێژوویی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێژێمی پاشایەتیی پەهلەوی، لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٣٢(١٩٥٣) دژی حکوومەتی نیشتمانیی دوکتور محەممەد موسەدیقەوە بگرە هەتا پشتیوانیی بێ ئەملاوئەولای لە سیاسەتە سەرکوتکارییەکانی شا، زەمینەیەکی بەهێزی بۆ هەستی دژەئەمریکایی لە ئێراندا دروست کردبوو. لە کوردستان، بێدەنگیی زلهێزەکان، لەوانەش ئەمریکا، لە بەرانبەر هێرشی حکوومەتی ناوەندی بۆ سەر کۆماری دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ و دواتر لە سێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی، وەک نموونەیەکی دیکەی دەستتێوەردان یان بێباکیی دەرەکی لە ماف و ویستی گەلان سەیر دەکرا. لەم چوارچێوەیەدا، گرووپێک بە ناوی "خوێندکارانی پەیڕەوی هێڵی ئیمام"، بە ئیلهاموەرگرتن لە گوتارەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە تاران، کە بە "لانەی سیخوڕی" ناویان دەبرد، داگیر کرد.
بەڵام ئەم ڕووداوە، زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، لە کردەیەکی سیمبولیکەوە بوو بە قەیرانێکی دیپلۆماتیکی هەمەلایەنە و پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ جیهانی دەرەوە بۆ دەیان ساڵ ئاڵۆز کرد. یەکەمین لێکەوتەی ڕاستەوخۆ، پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماتیکییەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەپاندنی گەمارۆی ئابووریی بەرفراوان بوو، ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە تەکنۆلۆژیا، سەرمایە و بازاڕە جیهانییەکان بێبەش کرا، ئابووریی وڵات کە پێشتر لەسەر ڕێگەی گەشەسەندندا بوو، لەژێر باری هەڵاوسانی بێوێنە، کەمیی کاڵا و کۆچی بە لێشاوی شارەزایان و خوێندەواران بۆ دەرەوەی وڵات پشتی چەماوە. ئەم گۆشەگیرییە، زەمینەی بۆ دەستپێکردنی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) خۆش کرد. سەددام حوسێن بە چراسەوزی ناڕاستەوخۆی ڕۆژئاواوە، سوودی لە قەیرانی بارمتەکان و دابڕانی ئێران لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەرگرت و هێرشی کردە سەر ئێران. ئەم شەڕە، سەرەڕای زیانە مرۆیی و ئابوورییە قورسەکانی، لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە دەرفەتێکی ناوازەی بە ڕێژێمی تازەپێگەیشتوو بەخشی تا کۆمەڵانی خەڵکی ڕەشۆک و سادەی فریوخواردووی ئاخوندان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە و لەژێر سایەی "بەرگریی نیشتمانی"دا، هەر دەنگێکی نەیار و بزووتنەوەیەکی ئازادیخوازانە سەرکوت بکات. شەڕەکە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی میلیۆنان مرۆڤ و ژێرخانی ئابووریی ئێرانی بەتەواوی وێران کرد، بەڵام لە ئاکامدا بووە هۆی پتەوکردنی پێگەی ڕێژێمی داسەپاوی ئاخوندان. ئەمەش وایکردی خومەینی بەم شەڕە شاگەشکە بێت و لە قووڵایی دڵییەوە بڵێت: "شەڕ بۆ ئێمە نیعمەتی ئیلاهی بوو."
قووڵبوونەوەی دیکتاتۆرییەت لە نێوخۆدا
لێکەوتە نێوخۆیییەکانی ئەم ڕووداوە تەنانەت لە دەرەنجامە نێودەوڵەتییەکانیشی تاڵتر بوون. داگیرکردنی باڵیۆزخانە، بە دروستکردنی شەپۆلێکی دژەئەمریکایی، دەرفەتێکی زێڕینی بە ڕژێمی تازەپێگەیشتووی ئیسلامی بەخشی تا ناکۆکییە نێوخۆییەکان بە شێوەیەکی کاتی بشارێتەوە و دەسەڵاتی خۆی قایمتر بکات. بەڵام ئەم یەکێتییە، یەکێتییەکی ئایدیۆلۆژیک و ناسک بوو و زۆر زوو کرا بە ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی نەیارانی دەستەڵاتی تازە پێگیشتووی ئەوکات لە نێوخۆ. هەموو ئەو هێز و لایەنانەی لە مانگەکانی سەرەتای شۆڕشدا داوای مافە مەدەنی و سیاسییەکانیان دەکرد، لەوانە لیبراڵەکان، هێزە چەپەکان، ناسیۆنالیستەکان و نەتەوە بندەستەکان، بە "دەستوپێوەندیی ئیمپریالیزم" و "ستوونی پێنجەم" تۆمەتبار کران.
قەیرانی بارمتەکان، بە ڕاکێشانی سەرنجی جیهان بۆ سەر "هەڕەشەی دەرەکی"، ڕێژێمی لە فشاری نێوخۆیی ڕزگار کرد و شەرعییەتێکی ساختەی پێ بەخشی تا ئامێری سەرکوتی خۆی دژی هەر دەنگێکی جیاواز بخاتە گەڕ. لۆژیکی ڕژێم سادە بوو: یان لەگەڵ ئێمەدایت دژی "شەیتانی گەورە" یان خۆت بەشێک لە پیلانەکانی ئەوانی. ئەم لۆژیکە پاساوی بۆ زیندانیکردنی هەزاران چالاکی سیاسی، ئیعدامە بەکۆمەڵەکان و دەرکردنی یاسای زەبروزەنگ هێنایەوە. دەرەنجامەکەی، کۆچی زۆرەملێی نەوە لە دوای نەوەی ئەو ئێرانییانە بوو خەونی ئازادی، دێموکراسی و دادپەروەرییان لە گەروودا خنکێندرا. ئەم ڕووداوە نەک تەنیا دێموکراسیی لە گەرووی شۆڕشدا خنکاند، بەڵکوو بناغەی بۆ دروستبوونی ئەم سیستەمە تۆتالیتارە دانا ڕەنگە ساڵانێک دوای لەنێوچوونیشی کاریگەرییەکانی بەسەر ژیانی خەڵکی ئێرانەوە بمێنێت.
کوردستان؛ قوربانیی سەرەکیی
بەڵام بۆ گەلی کوردستان، ئەم ڕووداوە تەنیا کارەساتێکی نیشتمانی نەبوو، بەڵکوو خراپ بەکارهێنانێکی ستراتیژیک بوو بۆ سەرکوتکردنی ئامانجە ڕزگاریخوازییەکانی. لە بەهار و هاوینی ١٣٥٨دا، کاتێک کوردستان بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی ڕاپەڕیبوو، ڕژێمی تاران بە بەڵێنی بێ بنەما و کاتکوشتن، دانوستانەکانی لەگەڵ "هەیئەتی نوێنەرایەتیی گەلی کورد" دوا دەخست. لە ٢٨ی گەلاوێژی هەمان ساڵدا، خومەینی فەرمانی "جیهاد"ی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و هێرشێکی بەربڵاو کرایە سەر شارەکانی کوردستان.
داگیرکردنی باڵیۆزخانە لە خەزەڵوەردا، ڕێک لە لووتکەی گرژییەکان نێوان دەستەڵاتدارانی تاران و بزووتنەوەی کورددا لە کاتێکدا ڕووی دا ئاخوندەکان بەپەلە خەریک بوون جێگەقوونیان لەسەر کورسیی دەستەڵات خۆش دەکرد. ئەم ڕووداوە دەرفەتێکی بۆ ڕژێم ڕەخساند تا بە بیانووی "یەکڕیزی دژی ئیمپریالیزم" و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە قەیرانی بارمتانەوە، کاتی پێویستی بۆ خۆڕێکخستنەوەی هێزە سەرکوتکەرەکانی و ئامادەکاری بۆ هێرشێکی گشتگیرتر بۆ سەر کوردستان بکڕێت.
ئەو "ئارامییە کاتییە" تەنیا فێڵێک بوو. لە کاتێکدا کامێراکانی جیهان لەسەر بارمتە ئەمریکایییەکانی تاران چڕ ببوونەوە، ڕێژێم لە زستانی ١٣٥٨ و بەهاری ١٣٥٩دا، بە بێدەنگی خۆی بۆ هێرشێکی خوێناوی و هەمەلایەنە بۆ سەر کوردستان تەیار دەکرد. بەمجۆرە، هاواری گەلی کورد لە بەرانبەر تۆپ و تانکی پاسداراندا، لەنێو ژاوەژاوی میدیاییی قەیرانی بارمتەکاندا بزر بوو. هەزاران کوردی بێتاوان شەهید کران، گوندەکان سووتێندران و بزووتنەوەی دێموکراتیکی کوردستان ناچار کرا بەرەو چیاکان پاشەکشە بکات. پێویستە ئەمەشمان لە بیر بێت، ئەم پاشەکشەکردنەی هێزی پێشمرگەی کوردستان تەنیا بە مەبەستی پاراستنی گیان و ژیانی دانیشتووانی کوردستان بوو.
قەیرانی بارمتان، بووە هۆی بەلاڕێداچوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد و ڕژێمی بەهێزتر کرد تا کوردستان وەک "بنکەی جوداخوازی" و "دەستی دەرەکی" سەرکوت بکات. ئەم ڕووداوە، بە شێوەیەکی کاریگەر، دۆزی ڕەوای گەلی کوردی لە چاوی جیهاندا خستە پەراوێزەوە و ڕێگەی بۆ سیاسەتی سەرکوتکاریی دواتر خۆش کرد.
ڕوانینی هەستیارانە بۆ داهاتوو
چل و پێنج ساڵ دواتر، ١٣ی خەزەڵوەر، ئێستا دەزانین ئەم ڕووداوە سەلماندی ئایدیۆلۆژیا توندڕەوەکان، تەنانەت ئەگەر دروشمی جوان و دژەئیمپریالیستیشیان هەڵگرتبێت، دەتوانن ببنە کۆت و زنجیر بۆ ئازادیی گەلان و وڵات بەرەو تەریککەوتنەوە و وێرانکاری ببەن. لێکەوتەکانی داگیرکردنی باڵیۆزخانە -لە گۆشەگیریی ئابوورییەوە تا سەرکوتی سیستماتیکی نەتەوەکان- دەبێت ببێتە وانەیەکی گرنگ بۆ بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکانی ئەمڕۆ.
گەلی کوردستان، لە کاتێکدا دەیان ساڵە لە بەرانبەر ستەمی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تاراندا تێدەکۆشێت، پێویستە ئەم مێژووە بە باشی لەبەرچاو بگرێت. ڕزگاریی ڕاستەقینە لە داگیرکاریی سیمبولیک و دروشمی بریقەداردا نیە، بەڵکوو لە یەکگرتنی هەموو گەلانی ئێران بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دیموکراتیک، فیدراڵ و لەسەر بنەمای مافی یەکسان و مافی چارەی خۆنووسین بۆ هەموواندا خۆی دەبینێتەوە.
لە داهاتووشدا تا ئەو ڕۆژەی تاران مافە ڕەواکانی گەلی کورد و باقیی گەلانی دیکەی ئێران بە فەرمی نەناسێت و پابەندی بنەماکانی دێموکراسی و دادپەروەری نەبێت، برینەکانی دوای ١٣ی خەزەڵوەر ساڕێژ نابنەوە و ئاشتی و سەقامگیریی ڕاستەقینە لە ئێراندا بەدی نایەت. ئەمڕۆ، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە، پێویستە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر لە پەندەکانی مێژوو فێر بین و بیر لەوە بکەینەوە، ڕەنگە زۆر ڕووداوی دیکەی وەک داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕووبدەن و لەبەرا خەڵک وابزانن، کار ناکاتە سەر ژیانی ئەوان و دواتر دەربکەوێت چۆن بووەتە هۆی گۆڕینی کارەساتباری ڕەوتی ڕووداوان.