ڕۆژی شەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٣ی هەتاوی دایە فاتم بوزکەندی، لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد.
کوڕێکی دایە فاتم بە ناوی عەبباس بابەکری، ساڵانێکە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندایە و ئەرکی نیشتمانیی خۆی بەڕێوە دەبات.
کوڕێكی دایە فاتم بە ناوی عەلی بابەکری بۆ ماوەی ٣ ساڵ پێشمەرگە بووە و پاش گەڕانەوە بۆ نێوخۆ بە هۆی بەردەوامبوونی لە کاروباری تەشکیلاتی، لەلایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و دواتر لە سێدارە دراوە.
کوڕێکی دیکەی دایە فاتم بە ناوی عوسمان بابەکری، لە شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا شەهید بووە.
کاک مستەفا بابەکری، هاوسەری دایە فاتمیش لە ساڵی ١٣٥٩دا بەهۆی تۆپبارانی شاری مەهاباد شەهید بووە.
سامڕەند بابەکری نەوەی دایە فاتم، پێشمەرگەیە و ئێستا لەنێو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدایە.
دایە فاتم ژنێکی تێکۆشەر و پێشمەرگەدۆست بووە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بەو ڕێگا و ڕێبازە مایەوە کە ئازیزەکانی لە پێناویدا گیان بەخت کردبوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.