دوای دوو ساڵ!
ڕەزا دانشجوو
سەرەتای ئەم باسە چیرۆکی سەفەرکردنی کیژۆڵەیەکە. کیژۆڵەیەکی جوان، پاک و بێتاوان، کە بە پێوشوێنی جوانییەکاندا نەخوازراو دەبێتە ڕێبواری ڕێگەی بەهەشت! ژینا سەبارەت بە شوێنێک بە ناوی پایتەخت و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی زۆری بیستبوو. دەیەویست هەر شتێک کە بە ناوی جوانی لەم پایتەختە نەفرەتییەدا هەیە، بیبینێت. بێئاگا لەوەی تارانی ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆر "بە دەم کەسەوە پێ ناکەنێ، بەدەم مەرگەوە نەبێ!"
ژینا کە پێش سەفەرەکەی هەمیشە وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ و دڵخۆشکەری خەیاڵیی لە تاران هەبوو، لەناکاو بوو بە ئەسیری بەکرێگیراوانی ڕەشایی، ئەوانەی جگە لە بنبەستی مردن و تاریکی هیچ ڕێگایەکی تر ناناسن! لەشکری وێرانکاری و چەوساندنەوە! دڵخۆش بە بەهەشتی خەیاڵیی بەڵێندراو لەلایەن ئەربابەکەیانەوە، هەموو کات ئامادەی خوڵقاندنی هەر کارەسات و جینایەتێکن! تێچووی پێوشوێنکەوتنی ئەم بەهەشتە خەیاڵییە، مردن، خاپورکردن و ناشتنی خەون و ئارەزووەکانی ژینا و ژیناکانە!
سەربازەکانی ڕەشایی، سەرخۆش لە مردنی جوانی و دڵخۆش بە تێکدانی کۆشکی ئاوات و ئارەزووەکانی کیژۆڵە جوان و ڕووحسووکەی چیرۆکەکە، ترسنۆکانە ئینکاری حەقیقەتیان کرد، درۆیان کرد و خۆیان بێتاوان نیشان دا، کاتێک لە ناخی دەروونیاندا ئاهەنگی شایی و خۆشییان دەگێڕا! ئەمە یەکەمجار نەبوو کە سەربازانی ڕەشایی لە پرسەی جوانیدا سەمایان دەکرد و ئاهەنگیان دەگێڕا! لە ڕوانگەی ئەم جەماعەتە تاریکپەرەستەوە، ڕووناکی و جوانیی گەورەترین دوژمنن!
لای تاقمێک مێشکی بچووکی ژەنگاوی، بۆ بیرۆکەی کۆنەپەرەست، وشک و دەمارگرژ، لای کۆیلەکانی پارە و پۆست، بێگومان دەبێت ڕووناکی و جوانی بێزارکەر بێت! دوژمنانی هەمیشەیی خوێندن و نووسین بە دڵنیاییەوە حەزیان لە ڕۆشنگەریی، تێگەیشتن و تێگەیاندن نییە! لە سێبەری ڕووناکی و نووردا، دەتوانیت تێبگەیت و خەڵک تێبگەیەنیت! بێگومان ئەمە گەورەترین دوژمنی دیکتاتۆری تاریکی ویلایەتی فەقێیە. ئاشکرایە کاتێک کە باس لە مشتومڕ، گفتوگۆ و دیالۆگ دەکرێت، عەقڵی بەتاڵی تاقمێک تاریکپەرەست هیچ شتێکی نییە بۆ پێشکەشکردن!
تاریکی، تاریکی و تاریکی! ئەمە تاکە دڵخۆشیی ئەم جەماعەتە سووک و بێ تایبەتمەندییەیە! لەژێر ڕووناکیدا ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن و حەقیقەت دیار دەکەوێت! ئەوکات ئیتر نە ئابڕوو دەمێنێت، نە شەڕەف بۆ جەماعەتی هەلپەرەست!
چەند کاتژمێرێک لە خۆشی، سەما و ئاهەنگگێڕانی بەکرێگیراوانی دیکتاتۆری پیر هێشتا تێنەپەڕیبوو کە هاوارێکی ناوازە زێدی ژینای پڕ کرد، هاوارێک بە بەرزایی کێوەکانی کوردستان، پر بە گەڕووی دایکانی شەهید، هاوارێک لە قین و توڕەیی ساڵانێک لە قوڕگداماویی کۆمەڵگەیەکی چەوساوە و سەرکوتکراو! ئەمە سەرەتای شۆڕشێک بوو! شۆڕشێک بە پانتای جوغرافیای ئیران. خاڵی ئاشکرابوونی ململانێی نێوان خراپە و چاکە! خاڵی وەرچەرخان لە دژایەتی و ڕووبەڕووبونەوەی دووانەی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ و میللەتێکی زوڵملێکراو!
ژینا بوو بە ڕەمزێک، بوو بە ڕەمزی ژن، ژین و ژیانەوە، خوێنێک تا هەمێشە ڕەوان و نەوەستاو لە دەمارەکانی شۆڕشدا!
سەقز هەستا، سنە هاواری کرد، مەهاباد، بوکان، جەوانرۆ، شنۆ، ئاودانان، سەرابڵە ... ڕابوونی ڕۆژهەڵات، ئاخێزی کوردستان دەستی پێکرد! ڕووناکیی کوردستان بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە چەند ڕۆژدا هەموو ئێرانی داگرت! ئێستا، ئێتر هیچ شوێنێک بۆ بەکرێگیراوانی ڕەشایی بێ تەرس و ئەرخەیان نەبوو! دوژمنانی نوور، ڕووناکی و تێگەیشتن لە ترسی ئاشکرابوونی ڕاستییەکان دیسان لەژێر ڕیش، دەمامک و کڵاودا خۆیان شاردەوە!
ئاشکرایە! مروڤ تەنها لە سێبەری تاریکیدا دەتوانێت تەقە لە ڕووناکی و نوور بکات! ئەمە سروشتی ڕووناکی و هۆکاری دوژمنایەتی هەمیشەیی تاریکییە! دیکتاتۆری تاریکییەکان، داماو و کڵۆڵ لە تێگەیشتن و شیکردنەوەی بارودۆخ و هۆکاری ئەم بەئاگاهاتنەوەیە، جارێکی تر ترسنۆکانە فەرمانی تەقە و کوشتنی دا، نامرۆڤانەتر لە جاران، فەرمانی لە سێدارەدان و زیندانیکردنی دەرکرد!
ڕەشایی و تاریکیی هەموو وڵاتی داگرت، بۆنی خوێن، بۆنی ئاگر و باڕووت، تەرمی ماوی شەهید لەسەر کۆڵان و شەقامەکان، ترس و دڵەڕاوکێی بێسنوور بە سەر هەر شار و گوندێکدا سێبەری خست! لە هەر گۆشە و پەناوپەسوێکدا جێپێی شەهیدێک دیارە! لە هەر شوێنێک یادگاری شۆڕشگێڕێکی قارەمان ماوە! دایکێک هیوادار بە هاتنەوەی ڕۆڵە نەبەزەکەی چەند ڕۆژە چاو لە سەر دەرگای ماڵەکەیان هەڵناگرێت! چاوەکانی "باوان" لە دووریی "فریشتە" ئێستاش هەر تەڕن! دایکێک دەسماڵی چۆپی لە دەست شینگێڕی شەهیدبوونی کوڕەکەیەتی! لەنێو شەقام و لە قەرەباڵغێکی دڵتەزێنی شەهید و بریندارەکاندا ژنێک بەدوای هاوسەرەکەیدا دەگەڕێت، باوکێک بەدوای کوڕەکەیدا، کوڕێک بەدوای باوکیدا... چاوچنۆکی و ڕژدیی بێکۆتایی دیکتاتۆری خوێنمژ بۆ کوشتن و ڕووخاندن، بۆ بینینی خوێن، پەت و سێدارە!
خەم، پەژارە، حەسرەت و فرمێسک چێرۆکی تاڵێ ئەم ڕۆژانەن. کوشتن، گرتن و زیندان، تێچووی بەرخۆدانێکی پیرۆز و بەردی بناغەی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ن!
لە نێو ئەو هەموو دەرد و خەمە کەڵەکەبووە و لە نێوڕاست سەرلێشێواوی کۆمەڵگەیەکی ماتەمین و تازەیەبار، ئەوەی گیانی دەبەخشی بە شۆڕش، ڕۆحی خۆڕاگری و ڕاوەستاویی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان بوو! ئەم گەورە باب و گەورە دایکانەی کە واتایەکی تریان بە بەرخۆدان و وازنەهێنان بەخشی. لە باوکی "کومار"ەوە، کە بێ دوودڵی لە شەهیدبوونی کوڕەکەی باسی خۆشەویستی پێشەوا و ٢٥ی گەلاوێژ و کۆماری کوردستان دەکات. یان باوکی "فەرەیدون" دروست کاتێک کە ڕوڵە قارەمانەکەی بە دەستی خۆی تەسلیمی خاک دەکات بە ورەیەکی بەرز و بێوێنە، خەڵک بۆ درێژەی خەبات تا ڕوخانی دەسەڵاتی تاریکیی و نەمانی کۆنەپەرەستی هان دەدات. یان باوکی "سید محەممەد" کە بە ئیرادەی پتەو و قایم بێوێنەی، ژیان و ژنان بۆ بەرخۆدان و راوەستان هان دەدات.
لە تەنیشت باوک و دایکە خۆڕاگرەکان کە بوونە سیمبولی شۆڕش، ئەوە لاوان و گەنجانی بوێر و نەترس بوون کە ڕۆح و گیانێکی تریان بە شەقامەکان بەخشی. گەنجانێک کە بوێرانە و چاونەترسانە لە ڕۆتینەکانی کۆمەڵگەیەکی ساڵیان تۆقیو و زراوچوو لە زەبروزەنگی دیکتاتۆر، بە ئاشکرا هاواریان بۆ ئازادی کرد و چوونە شەڕی هەموو ئەو نۆرم و ڕێسایانە کە ساڵانێکە دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێە خۆی لە پشت ئەم نۆرمە دستووریانە حەشارداوە. ژن و جوانی فاکتەرێکی سەرەکیتری شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ن، ژن دوور لە هەموو چەشنە چەقبەستووەکانی بیری کۆنەپەرستی و بە پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی دووبارە خۆی لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بوو بە پێشەنگ، بزوێنەر و فاکتەرێکی دینامیک لەنێو شوڕشدا. هەرچەند ئەم ڕۆڵە کاریگەر و بزوێنەرەی ژنان لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا، چ لەلایەن ڕوانگەی کۆنەپەرست و سەرکوتگەری دیکتاتۆریەتی وەلایەتی فەقیهـ بە شێوەی ڕاستەوخۆ و چ لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنی پیاوسالار و بیری پاشکەوتووی بەناو سەڵتەنەتتەڵەبەوە ناڕاستەوخۆ پشتگوێ خرا و تەنانەت بەربەرەکانی دەگەڵ کرا، بەڵام لە گرنگیی ئەم بابەتە هەر ئەوندە بەس کە چۆن سنوورەکانی ئێرانیشی تێپەڕاند و بوو بە بەشێک لە تایبەتمەندەکانی ناوازەی شۆڕشی ژینا.
دروشمی پێشکەوتنخوازانە و هۆشیارانەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەشێکی دیکەی تایبەتمەندییە ناوازەکانی شۆڕشی ژینا بوو. ئەو سێیانەیەی کە لە ژن وەک هێمای ئافراندن و خوڵقاندن دەست پێدەکات و بە پشتکردن بە هەموو نۆرم و ڕێساکانی کۆنەپەرەستانە، بەرەو ڕزگاری و گەشەکردن دەڕوات و مانایەکی نوێ بە ژیان دەبەخشێت و دواجار دەگاتە لوتکەی ئازادی! دروشمێک کە لە دوای دەسپێکی شوڕشی ژینا هەر جارەو لە بەشێکی جیهاندا دووبارە دەبێتەوە، جارێک لە دەستی هاندەرانی یانەیەک لە یاریگایەکی تۆپی پێ، جارێک لەنێو خۆپیشاندانی ژنان دژی هەڵاواردنی ڕەگەزی، یان لە ناڕەزایەتییەکی مەدەنیی گشتگیردا.
شۆڕشی ژینا بەپێچەوانەی هەموو بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو لەدژی دیکتاتۆری پیر و ڕێژیمی وەلایەتی فەقیهـ نە سەر بە چینێکی دیاریکراوی کۆمەڵگەیە، نە دەرئەنجامی داواکارییەکی سیاسی یان کۆمەڵایەتیی تایبەتە، نە هی ناوچەیەکی جوغرافیایی تایبەتە، نە لە لایەن ڕەوتی سیاسیی دیاریکراو ڕێبەری دەکرێت. شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" شۆڕشێکی گشتگیری هەمەلایەنە، بێ سەر، بەڵام خاوەن قەوارەی تایبەت، ئامانجدار و ڕادیکاڵ لەسەر بنەمای خەبات بۆ نەمان و ڕووخانی دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێیە.
دوو ساڵ دوای دەسپێکی شۆڕشی ژینا سەرەڕای ئەو هەموو کوشتار، لە سێدارەدان، گرتن و زیندانیکردنی لاوان و خەڵکان ئازادیخواز دەبێ بگوترێت نە فیشەک، نە زیندان، نە پەت و سێدارە هیچ شتێکی نەگۆڕیوە و ناتوانێت هیچیش بگۆڕێت و هیچ ویژدانێکی بەئاگاش تاوانەکانی دیکتاتۆری وەلایەتی فەقێهـ دژی خەڵکی بێتاوان لە بیر ناکات. بزووتنەوەی ژینا زیندووە و لەسەرپێیە. شوڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" گڕکانێکە لە ڕق و توڕەییەکی پیرۆز کە کاتی خۆی دیسان ئەهاژێت و ئاسمانی وڵات رووناک و خەونی دیکتاتۆر و بەکرێگیراوانی شپرزە و پەرێشان دەکات، ئاگرێکە لەژێر خۆڵەمێش، هەموو کات ئامادەی گەشانەوە و بڵێسەدان، چاوەڕێی هاتنی شنەبایەک، بڵووزەدان و داگیرسان، بەرزتر و گەرمتر لە ڕابردوو بۆ سووتاندنی ڕەشایی و کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی تاریکی! تا نەمانی تاریکی تەنها چەند هەنگاو ماوە! هیچ شتێک بۆ پێش دەسپێکی شۆڕشی ژینا ناگەڕێتەوە!
ژینای کوردستان زیندووە، ژینا ناوی ڕەمزێکە، ڕەمزی خەباتێکی پیرۆز بۆ لەنێوبردنی دیکتاتۆرێکی خوێنڕێژ، ژینا ناوی ڕەمزێکه، ڕەمزێک بۆ کۆتاییهێنان بە کابووسێکی چڵ و چەند ساڵە، چڵ و چەند ساڵ ژیانی شەرمەزارانەی کۆماری ئیسلامی!