کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوردەکان، بێ‌دەوڵەتی و هاوڵاتیبوونی مەحاڵ

13:57 - 5 رەزبەر 2724

خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات

کوردەکان، بێ‌دەوڵەتی و هاوڵاتیبوونی مەحاڵ (٥-٢)

 

د. ئەحمەد محەممەدپوور

وەرگێڕان لە ئینگلیزییەوە: گەلاوێژ سۆفی

ئاماژە: خوێن لەبری نان: کار-مەرگ، جەستەی ناسەروەر و دۆخی هەڵاواردن لە ڕۆژهەڵات توێژینەوەیەکی د. ئەحمەد محەممەدپوورە پێوەندیدار بە پرسێکی سیاسی، ئابووری، نەتەوەیی ڕۆژەڤی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەک لە بەشی بەرایی توێژینەوەکەدا هاتووە، ئەم نووسینە بە پشتبەستن بە ئەدەبیاتی سەروەری و تووندوتیژی، بەدواداچوون بۆ پەیوەندی نێوان دۆخی ناسەقامگیریی و شوێنگیری و سیاسەتی مەرگ دەکات کە لە پراکتیکی کاری سنووربەزاندنی کورد، یان کۆڵبەریدا بەرجەستە بووە. توێژەر لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دەوڵەتی ئێران گوتاری سنووری ئەمنییەتی وەک چەکێک بۆ سەپاندنی دۆخی هەڵاواردنی هەمیشەیی بەسەر ڕۆژهەڵاتدا جێگیردەکات، کورد بە پێگەی مەمرە و مەژی لەڕێگەی سەپاندنی پراکتیکی ناجێگیری کاری مەرگ مەحکوم دەکات. جگە لەوەش، ئەم لێکۆڵینەوەیە سنوور وەک ئەرشیفێک دەخاتە ڕوو کە تۆمارەکانی سیاسەتی مەرگی دەوڵەت تێیدا دانراون و دەپارێزرێن و ئاشکرادەکرێن لەژیانی کۆڵبەرەکاندا.

"کوردستان" بەشە سەرەکییەکانی ئەم توێژینەوەیە لە پێنج بەشدا بۆ خوێنەرانی بڵاو دەکاتەوە و لە کۆتاییدا هەموو توێژینەوەکە بەیەکەوە لە "کوردستان‌میدیا" دادەنرێت.

کوردەکان، بێ دەوڵەتی و هاوڵاتیبوونی مەحاڵ

یەکتربڕی سەروەریی و سیاسەتی مەرگ بڕبڕەی پشتی گوتارەکەم پێک‌دەهێنن. کوردانی ڕۆژهەڵات خۆیان وەک کۆمەڵگەیەکی ناسەروەر و ئامانجی سەرەکی دامودەزگای سەرکوتکار و توێنەری دەوڵەتی مۆدێرن دەبینن. هەروەک محمود مەمدانی (١٩٩٦) دەڵێت، سیاسەت و کەلەپووری کۆڵۆنیالیزم دەتوانن هاووڵاتی ناسەروەر بەرهەم بهێنن، واتە ڕەعیەتەکان لە دەسەڵاتی سیاسی دوور دەخرێنەوە و کەم دەکرێنەوە بۆ میوانی هەمیشەیی. دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحاڵبوونی هاووڵاتیبوونی بۆ پێکهاتە نافارسە شیعەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلوچ و تورک و ئەوانی دیکە سەلماندوە. لەبەر ئەوەی کوردەکان بە زمانی   دروست  قسە ناکەن و هیچ ئایینێکی دروستیان نییە، بەئاسانی بە دوژمنی دەوڵەت دادەنرێن و بەم شێوەیە دەبنە دیارترین و بەئامانجترین بابەتی ئایدۆلۆژیای یاسایی-بایۆ- نیکرۆ-سیاسی دەوڵەت.

لەئێراندا، کۆمەڵگەی سەروەر، فارسەکان، لە ڕێگەی ساختەکردن و پێکهێنانی شوناسێکی نەتەوەیی تاک و تایبەتەوە لەسەر بنەمای زمانی فارسی و ئایینی شیعە بنیات ناوە، ئەوی دیکەی ئیتنیکی خۆی پەراوێزخستووە. هەروەک مرۆڤناس ستانلی تانگاراج (٢٠٢٢) نیشانی داوە، کرداری بە ئەویترکردنی ئیتنۆزمانەوانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا فۆرمێکی ڕەگەزپەرستی هێناوەتە بوون هاوشێوەی ئەوەی ئەمریکییە ئەفریقییەکان و کۆمەڵگە ڕەسەنەکان لەژێر دەسەڵاتی کۆڵۆنیالیزمدا ئەزموونیان کردوە. هەروەها، فاتمە گۆچەک (٢٠١٥)، مەحسوق کورت (٢٠٢١) و محەمەد ساڵح (٢٠٢١) لێکۆڵینەوەیان لەوە کردوە کە چۆن کارلێکی نەتەوەیی، زمان و نەژادی لە تورکیە جۆرێک لە ئیمپریالیزمی کولتووری نێوخۆیی دروست کردوە لەسەر بنەمای باڵادەستی تورکەکان و بە ئەویترکردنی ناتوورکەکان.

ئەم تێگەیشتنە درێژخایەنە بۆ گەل بە باشترین شێوە لە دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا (١٩٧٩) ڕەنگی داوەتەوە. کە بەشێوەیەک داڕێژراوە زەمینەیەکی یاسایی و دادوەری بۆ کۆمەڵگەی سەروەر دابین بکات تا بەشێوەیەکی سیستماتیک کورد لە دەسەڵاتی سیاسی و خۆشگوزەرانی ئابووریی دوور بخاتەوە (بڕوانە ماددەکانی ١٥، ١٩، ١١٢). دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیمتیاز بە شیعە وەک ئایینی فەرمی و زمانی فارسی وەک زمانی فەرمی  نەتەوە دەدات. لەکاتێکدا ماددەی ١٩دیاری دەکات کە خەڵکی ئێران بێ گوێدانە هۆز و نەتەوە، لە مافی یەکسانی بەهرەمەند دەبن… ڕەگەز و زمان و ڕەچاوکردنی دیکەی لەو جۆرە نابنە زەمینە بۆ ئیمتیازاتی تایبەت، لە هەمانکاتدا لە ماددەی ١٥دا ڕایدەگەیەنێت زمان و ڕێنووسی فەرمی و هاوبەشی خەڵکی ئێران زمانی فارسییە. لێرەوە، دەستوور سنووری نەژاد و نەتەوە و ئایین کاڵ دەکاتەوە، سەروەری فارس-شیعە بە یاسایی دەکات و ئیمتیازاتی حوکمڕانی فارسی-شیعە ئاسایی دەکاتەوە و بەم کارەش سیستەمێکی پلەبەندی باڵادەستی فارس دروست دەکات.

کوردی ڕۆژهەڵات وەک پێکهاتەیەکی پەراوێزخراوی ئیتنۆئایینی و خاوەن مێژوویەکی سەد ساڵەی خەباتی سیاسی بۆ مافەکانی، بەردەوام ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوەی زۆرەملێ و سزادانی بەکۆمەڵ بووەتەوە؛ لەکاتێکدا نە ڕۆشنبیرانی فارس و نە توێژەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (MENA) گرنگییان پێ نەداوە. دەستووری کۆماری ئیسلامیی دەسەڵاتی تەواو بە حکومەت دەدات بۆ قەدەغەکردن و سزادان یان لەنێوبردنی ئەوەی کە وەک کردەوەی دژە شۆڕش و دژە سیستم (ضد نظام) پێناسەی دەکات و هەڕەشە لە یەکیەتی نەتەوەیی و خاکی دەکات. بە ئاساییکردنەوە و سەپاندنی فارسبوون وەک هاوواتای سەروەریی کۆمەڵگە و توانای مێژوویی بۆ بەکارهێنانی دەسەڵات و حکومەت، حکوومەتی ئێران شەرعییەت دەدات بە توندوتیژی لەدەرەوەی یاسا لەدژی نەژادو ئایینی دیکە. بەم شێوەیە، چوارچێوەی دەستووری خۆی ڕێگاخۆشکەرە بۆ توندوتیژیی دۆخی ئێستا و دەسەڵاتی دیسپلین لە ڕۆژهەڵات. هەرچەندە یاساکە وادەرناکەوێت جیاکاری لە دژی کورد کرابێت کە پلەیەکی نزمتریان داگیرکردبێت، بەڵام بەشێوەیەکی نادیار دووریان دەخاتەوە لە پلە و دامەزراوەی بەرزتر بەناچارکردنیان بەوەی لەگەڵ هێمای فەرمی  شوناسی ئێرانیدا بگونجێن.

دەستوور ڕێگە بە مامەڵەی هەڕەمەکی دەدات لەگەڵ هاوڵاتیان لەسەر بنەمای پرەنسیپی  تەقەکردن بە ئارەزوو، چەمکێکی سیاسی کە لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٩ی ڕابەری باڵاوە وەرگیراوە کە تێیدا داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد هەر هێزێکی پێویست بۆ تێکشکاندنی نەیارانی سیستەمی پیرۆز بەکاربهێنن. ئەم لێکدانەوە هەڕەمەکییە سەبارەت بە یاسا و بەکارهێنانی تووندوتیژی دژی ئەویتری ئیتنی هەمان هەستی هاوبەشی گرامشی دروست کردوە کە شەرعییەت بە کوشتن دەدات و بە وتەی هنتۆن (٢٠٠٢) ڕێگە بە دەوڵەت دەدات ستراتیژی نەهێشتنی جیاوازییەکان بپارێزێت. لێرەدا زاراوەی دامودەزگای دەوڵەت گرنگە، لە باڵاترین دەسەڵاتی سەربازی/ئەمنییەوە تا دەگاتە نزمترین پلە وەک سەرباز. ئەمە لە وتەی کۆڵبەرێکەوە ڕوون دەبێتەوە کە  لە ڕۆژهەڵات هەر سەربازێک وەک ژەنەراڵێک وایە، ژیانمان بەندە بە قسەی سەربازێکەوە.

کورد بەهۆی سەروەرنەبوونی لە هەر چوار وڵاتدا ڕووبەڕووی جۆرەها تووندوتیژی بوونەتەوە، لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی و زارەکانیانەوە تا دەگاتە پیشەی مەترسیدار و تووندوتیژی جەستەیی پەیوەست بەوەوە. کورد کە بە کەڵک‌وەرگرتن لە زاراوەی نیشتمان بۆ ئاماژەدان بە زێدەکەی، لە مێژوودا بەرەنگاری سنوورە نێودەوڵەتییەکان بووەتەوە وەک سەپاندنی کۆڵۆنیالیزم کە بە زۆر وڵاتی دایکیان دابەش کراوە و شوناسیان وەک بیانی ئیتنی نیشانەکراوە. تواندنەوەی زۆرەملێ و سەرکوتی دامەزراوەیی دوو ڕێوشوێنی دیسپلینی کۆڵۆنیالیزمی نێوخۆیین کە دەوڵەتی ئێران دایڕشتووە و جێگیری کردووە لە ڕۆژهەڵات. ئاماژە کولتوورییەکانی کورد، لەوانە زمان و ئایین و نەریت، وادیارە هەڕەشەیەکی بنەڕەتین بۆسەر ڕژێمی ئێران، بەمەش کوردەکان دەبنە گومانلێکراو و ڕۆژهەڵاتیش دەبێتە ناوچەیەکی ئەمنی کە دەتوانرێت یاسا پشتگوێ بخرێت یان هەڵپەسێردرێت یان ڕێوشوێنی دەرەوەی دادگا جێگەی بگرێتەوە. بۆ نموونە دەوڵەت لە نزیکەوە چاودێری ئاهەنگەکانی سەری ساڵ، فێستیڤاڵە کولتوورییەکان، بۆنە ئایینییەکان و نوێژی هەینی لە ڕۆژهەڵات دەکات. ناوچەی ئەمنی ڕۆژهەڵات بیانوویەکە بۆ زیادکردنی چاودێری و تووندوتیژی. ئەزموونی ڕۆژانەی کۆڵبەران لەگەڵ توندوتیژی تەنها یەکێکە لە دەرکەوتەکانی گوتاری جیاکاری سیستماتیکی دەوڵەت و نیشانی دەدات کە دەوڵەتی سەروەری ئێران چۆن سنوورەکانی گەل بوون و هاوڵاتیبوون و مافەکانی مرۆڤ لە سنوورە ئیتنیکییەکانی خۆیدا پێناسە و سنووردار دەکات. ئەمە بەشێوەیەکی باوەڕپێکراو لە وتەکانی کۆڵبەرێکدا دەردەکەوێت:

دەوڵەت ئێمە ناکوژێت؛ بەڵکوو لە ڕۆژی ڕووناکدا لە سێدارەمان دەدات. ئەوەی لێرەدا دەیبینیت کۆمەڵکوژییە؛ ئەوان ئەوەندە دڕندەن کە کۆڵ نادەن لە کوشتنی ئەسپەکانیشمان. چ گوناهێکمان کردووە جگە لە دابینکردنی بژێوی خێزانەکانمان؟ ئێمە تەنها هەندێک برنج یان تایە هەڵدەگرین. ئەگەر ئەمانە نایاسایین بۆچی دەستگیرمان ناکەن و دادگاییمان ناکەن؟ بۆچی دەستبەسەر بارەکانماندا ناگرن و وەک مرۆڤ سزامان نادەن؟ بۆ کوشتن؟ بۆچی سوپای پاسدارانی شۆڕش هەموو شتێک قاچاخ دەکات؟ ئەم سنوورە بووە بە زەویی ڕاوکردن. کوشتنی کوردێک زۆر ئاسانترە لە کوشتنی ئاژەڵێک. نازانم بۆچی هەموومان ناکوژن.

ئەم وتەیە، کۆڵبەری وەک کارێکی نامرۆڤانە نیشان دەدات و بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە گوتاری ناسیۆنالیستی ئێرانی لەسەر پاکتاوکردنی نەتەوە تا ئەو ڕاددەیە ڕۆیشتوە کە خەڵک دابەش بکات بەسەر مرۆڤی فارس و ئاژەڵی نافارسدا.

سیاسەتی دژە کورد کە ڕێژیمی پێشوو، خێزانی پەهلەوی (١٩٤١-١٩٧٩) دایمەزراندبوو، بە سەرهەڵدانی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی خراپتر بوو. دەوڵەتی پەهلەوەی بە کەڵک‌وەرگرتن لە مەعریفەی شوێنەوارناسی ڕۆژهەڵاتگەرایی، هەوڵی دا ئێرانێکی پاکنەژاد دروست بکات و نەتەوە، زمان، کولتوور و گەلبوون و هەموو نەتەوەکانی یەکسان کرد بە ڕەگەزی ئاریا/فارس. هەردوو ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی و پەهلەوی بە سیاسیکردنی جیاوازییە کولتوورییەکانیان لە دڵی ئایدۆلۆژیاکەیان داناوە و پرۆژەیەکی دەوڵەتسازییان پێش خستوە کە سەنتەری سەپاندنی سیاسەتی یەک وڵات، یەک نەتەوە، یەک زمان بووە. هەروەک مرۆڤناس جۆناسان ڕۆزا (٢٠١٩) لە لێکۆڵینەوەکەیدا دەربارەی کەلەپوری کۆڵۆنیالی کولتوورە لاتینییەکان، نیشانی داوە، ئەو ئایدۆلۆژیا زمانەوانییە نەژادییانەی کە پڕن لە ئارەزووی داگیرکاری، لە کۆتاییدا زمان وەردگێڕن و ئاسایی دەکەنەوە بۆ پۆلێنێکی نەژادی. لە دۆخی ئێراندا، ئەم ئایدۆلۆژیایە  لە یەک کاتدا فارسی کردووە بە ئیمتیازێکی نەژادی و زمانەوانی.

سەرهەڵدانی شەڕی ئێران-عێراق (١٩٨٠-١٩٨٨) وەرچەرخانێکی دیکەی لە مێژووی دوور و درێژی تووندوتیژی و دژەپەرەسەندنی لەلایەن دەوڵەتەوە دژی ڕۆژهەڵات بەدی هێنا. لە گووتاری دەوڵەتدا بە بەرگریی پیرۆزی هەشت ساڵە  وەسف دەکرێت. بەشێکی گەورەی ئەم شەڕە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕووی دا و ئەم ناوچەیەی کردە بەرەی سەربازیی و ناوچەی ئەمنی. لە ماوەی شەڕدا ئابووریی نەریتی ڕۆژهەڵات زیانێکی زۆری بەرکەوت بەهۆی بۆردومانی بەردەوام و چاندنی ملیۆنان مینی چێندراو و دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە سەرانسەری کێڵگە و ناوچە نیشتەجێبووەکاندا. لە هەمان کاتدا، دامەزراندنی هەزاران کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە ڕێکخراوە نیمچە سەربازییەکان بە ناوی بەسیجی مەرزبان (یەکەکانی پاراستنی سنووری نیمچە سەربازیی) تۆوی ناکۆکی ناوخۆیی لەنێو گوندنشینەکان چاند و سەرچاوە سرووشتییەکان و ئابووری وێران کرد و هێزی کاری نێوخۆیی بەرەو دامودەزگای سەربازی و ئەمنی برد. ئەمەش لەبەرامبەردا وای لە کوردەکان کرد لەڕووی ئابووری و سیاسییەوە زیاتر پشت بە حکومەت و دامەرزراوەکانی ببەستن.

پاش کۆتایی‌هاتنی جەنگی ئێران-عێراق، کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری ڕۆژهەڵات زیانێکی زۆری بەرکەوت و دەرفەتی کار لە دەرەوەی دامەزراوەکانی حکومەت کەمی کرد. ئەمە بۆ کوردەکان بژاردەیەکی نیگەرانکەر بوو. هێزەکانی ئێران لەڕووی تەکنیکییەوە شەڕەکەیان بردەوە، بەڵام نیگەرانیە ئەمنییەکانی دەوڵەت بەردەوام بوون و بووە هۆی زیاتربوونی دەزگاکانی چاودێری و بە ئەمنیکردن، کە کوردیان بە پاساوی دڵسۆز نەبوون بۆ ئایدۆلۆژیای سیاسی دەوڵەت لەناوچەکەدا یان ڕەخنە لە ئایدۆلۆژیای سیاسی دەوڵەت دوور دەخستەوە یان لە هەندێ حاڵەتدا لەنێو دەبرد. ئەم سیاسەتانە بوونە هۆی هەژاری و پەراوێزخستنی زیاتری ڕۆژهەڵات، کە دانیشتووانەکەی ناچارکرد کۆچ بکەن بۆ شارە ناکوردەکان یان خەریکی کاری سنووری بن. پاش شەڕی ئێران و عێراق، زۆرێک لەو هێزە نیمچە سەربازییە کوردانەی کە جووڵێنرابوون یان خانەنشین کران یان لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئابووری ناوچەکە هەرگیز نەبووژایەوە چونکە زۆربەی زەوییەکان یان گۆڕدران بۆ کێڵگەی مین یان بۆ مەبەستی سەربازی داگیرکران. پاش مردنی ئایەتوڵڵا خومەینی لە ١٩٨٩، ئایەتوڵڵا خامنەیی لە شوێنی ئەو وەک ڕابەری باڵا ناسێنرا و عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی بوو بە سەرۆککۆماری ئێران، بەم شێوەیە قۆناغی دووەمی کۆماری ئیسلامیی دەستی پێکرد. لە ماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، کە بە ئاوەدانکردنەوە و پراگماتیزم ناسراوە، ڕەفسەنجانی سەرنجی لەسەر گەشەسەندنی ئابووری نەژادی ئایینی و نۆژەنکردنەوەی پاش جەنگ بوو. لەژێر چاودێری ئەودا کۆمەڵگەی مەدەنی و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی-سیاسی بەشێوەیەکی بەرچاو لەنێو چوون. دوو هێزی سەرکوتکەری دەوڵەت، سوپای پاسدارانی شۆڕش و بەسیج، یان ڕێکخراوی کۆمەکی ستەملێکراوان کە لقێکی نیمچە سەربازی هەیە، بوونە بریکاری جێبەجێکاری بنیاتنانەوەی ئابووری و زاڵبوون بەسەر کەرتی ئابووری گشتی و تایبەتدا، و لەو کارەدا دەسەڵاتی خۆیان لە ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵات پتەوکرد، بەڵام سیاسەتی ڕێژیم بەرامبەر کورد وەک خۆی مایەوە. سوپای پاسداران و بەسیج بوونە هێزی فەرمانڕەوای ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا.