کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی ئەندامێکی ئەنجومەنی سێنفیی فەرهەنگییانی هەرسین

10:33 - 27 رەزبەر 2725

ڕۆژی هەینی ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٤ جەهانگیر ڕۆستەمی، هاوولاتیی تەمەن ٦٣ ساڵ و  ئەندامی ئەنجومەنی سێنفیی فەرهەنگییانی شاری هەرسینی سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ زیندانی ئەڤین ڕاگوازێرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ئەوەی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کرد.

بنەماڵەی جەهانگیر ڕۆستەمی، پاش چوون بۆ دادگای کرماشان، لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ زیندانی ئێڤین ئاگادار کراونەتەوە.

جەهانگیر ڕۆستەمی باوکی ئیحسان ڕۆستەمی، چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی هەرسینە کە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ لە تاران دەسبەسەر کرا و لەو کاتەوە لە مافی بینینی بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

ئیحسان ڕۆستەمی لە ١٠ی ڕەزبەرەوە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ناڕوونیی دۆسییەکەی و ئەو گوشارانەی کە لەلایەن لێکۆڵەرانەوە لەسەریەتی، مانی لە خواردن گرتووە.

جێی ئاماژەیه کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە هۆکاری دەسبەسەرکردنی جەهانگیر ڕۆستەمی و ئەو تۆمەتانەی دروانەتە پاڵی، لەبەر دەستدا نییە.