کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران

11:07 - 27 رەزبەر 2725

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر "محەممەد دادرەس" خەڵکی گوندی "سەردۆش"ـی مەریوان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دەیان هێزی چەکداری ڕێژیم هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە کوردە و جگە لە دەسبەسەرکردنی ناوبراو بە شێوەیەکی توندوتیژانە ماڵەکەی و بەشێک لە کەلوپەلی کەسیی "محەممەد دادرەسـ"یان پشکنیوە و هەروەها دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتووە.

هەنگاو هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، "حەسەن فەرەجی"، دوکتورا لە فیزیۆلۆژیای وەرزشی و ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی ئازادی مەریوان، لە شوێنی کارەکەی خۆیدا لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

ئەم هاوڵاتییە کوردە لەو کاتەوە کە دەسبەسەر کراوە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا نەبووە و لێپرسینەوەی دووبارەی ئەم بنەماڵەیە سەبارەت بە چارەنووسی بێ ئەنجام بووە.

جێگەی ئاماژەیە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ناوبراو و شوێنی دەسبەسەرکردن و چارەنووسی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.