کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێتانیاهوو: شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کۆتایی نەهاتووە

10:44 - 27 رەزبەر 2725

بێنیامین نێتانیاهوو لە وتووێژێک لەگەڵ کاناڵ ١٤ی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە: "شەڕی ١٢ ڕۆژە دوایین شەڕمان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نییە و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ دۆناڵد ترامپ قسەم کردووە".

بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وتووێژێکی لەگەڵ کاناڵ ١٤ی ئیسرائیل سەرەڕای ئاماژەدان بە وردەکاریی یارمەتیدانی ڕێژیمی تاران بۆ حیزبوڵڵا و حەسەن نەسروڵڵا ڕێبەری کوژراوی ئەو گرووپە، ئاماژەی بەوە دا کە هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل هاوپێوەندیی نێوان ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵای شکست پێ هێنا.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل باسی لەوە کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا ڕێژیمی تاران ویستی لە ڕێگەی دوو لەشکری ئاسمانییەوە هەوڵی ڕزگارکردنی ڕێبەری ئەو گرووپە تێرۆریستییە بدات بەڵام هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بەوردییەوە وەها هەوڵێکی پووچەڵ کردەوە.

نێتانیاهوو هەروەها رایگەیاندووە کە لەو کاتەدا بوو کە ئیتر ڕێژیمی ئێران بۆی دەرکەوت کە چیتر هیچ کەرەستەیەکی بۆ لەنێوبردنی ئیسرائیل لەبەر دەستدا نییە.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە شەڕی ١٢ ڕۆژە ڕایگەیاند: "ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە خێرایی بەرەو دروستکردنی چەکی ناوکی دەڕۆشت و چەند مانگی مابوو کە چەکێکی ناوکی یان زیاتر بەدەست بێنێت و ئێمە بە هاوکاریی ئەمریکا ڕێگەمان لەو هەوڵانە گرت.

لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە بەرپرسانی باڵای ڕێژیمی تاران و ئیسرائیل هەڕەشەی هێرشی دووبارە و دەسپێکردنەوەی شەڕیان لە یەکتر کردووە و باسی ڕووخان و لەنێوبردنی یەکتر چەندین ساڵە لە ئارادایە.