کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"دژوار ژیا و بێ‌کەس مرد" (*)

15:37 - 16 خەرمانان 2724

قادر وریا

چەند ڕۆژێکە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی فەیسبووک، پڕ بووە لە دەربڕینی داخ و پەژارەی بەکارهێنەرانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مەرگی نووسەرێک کە هیچ کتێب و نامیلکەیەکی چاپکراوم لێ‌نەدیتووە، تەنیا لە فەیسبووک و لە ئەکاونتی خۆیدا، چەند ساڵیک بوو دەینووسی.

بێهزاد سەیفی، خەڵکی مەهاباد لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە فەیسبووک هەبووە، بەڵام بە شایەدیی ئەو پۆستانەی دایناون لە سالانی دواتردایە کە بە نووسین چالاکتر دێتە مەیدان. لە ٢٠١٤ەوە هەتا دەگاتە کۆتاییەکانی ٢٠٢٢، ساڵ بە ساڵ زیاتر نووسینی هەیە، ئەویش چ نووسینێک؟!

بێهزاد، بە زۆری بە زمانی فارسی دەینووسی. ئەوەش بەلای منەوە بۆ کەسێکی کە بۆخۆی لە دایک و بابێکی تورک بووە و بە فارسی خوێندوویەتی، با لە مەهابادیش گەورە بووبێت، شتێکی سەیر نییە. گرنگ نێوەرۆکی نووسینەکانی و شێوازی ئەو نووسەرەیە. ئەگەرچی من لە ٢٠١٧ەوە لە ڕیزی دۆستانی فەیسبووکی ئەودام، بەڵام بەداخەوە هەتا ئێستاش فریا نەکەوتووم هەموو نووسینەکانی بخوێنمەوە؛ بەو حاڵەش لە ڕێگەی ئەوەندە نووسینانەی لێم خوێندبووەوە، بە چەند ڕاستییەک گەیشتبووم:

یەکەم، شێوازێکی تایبەت بە خۆی لە نووسیندا هەبوو. بە فارسی دەینووسی و لەگەڵ ئەوەی زاڵبوونێکی تەواوی بەسەر زمانی فارسیدا پێوە دیاربوو، بەئەنقەست هێندێک دەربڕینی کوردی، دەقاودەق و هەر وەک خۆیان تێهەڵکێشی دەقە فارسییەکەی دەکرد. ئەم تێکهەڵکێشانە بۆ فارسی‌خوێنێک کە کوردی نەزانێت، دەردەسەریی خۆی هەیە، بەڵام بۆ کوردێک کە فارسی بزانێت، دەقەکەی لەلا شیرینتر دەبێت. لە ڕووی داڕشتنی دەقیشەوە، من وام هەست دەکرد نووسەرێکی تایبەتە. دەیزانی چۆن دەست پێ بکات و خوێنەر بەدوای خۆیدا هەتا کۆتایی ڕابکێشێت؛ چۆن یەکە یەکەی ڕووداوەکان لێک گرێ بدات، بێ ئەوەی پێوەندیی ڕووداوەکان بەیەکتر بکاتە مەتەڵێکی ئاڵۆز و مێشکی خوێنەریان پێوە ماندوو بکات. سەرچڵی مەبەستەکەی، یان ئەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکەشی هێندێک جار بە شاراوەیی دەهێشتەوە بۆ ئەوەی لەدوا وێستگەدا وەک پاداشی هاتن هەتا کۆتایی، بۆ خوێنەری بدرکێنێت.(١)

دووهەم، وەک لە نووسینی داخنامەی ئەم ڕۆژانەی چەند کەسێک بەبۆنەی مەرگی ئەو مرۆڤەدا هاتبوو، بە ڕاستی بێهزاد سەیفی، قەڵەم و دەنگی بێبەشان و زۆرلێکراوان بوو. بەسەرهاتی ئەو مرۆڤانەی دەنووسییەوە کە ڕۆژگارێک ژیانێکی بەختیارانە و ئاساییان هەبووە، بەڵام چەرخی چەپگەرد دواتر تووشی نەهامەتی و ڕۆژڕەشیی کردبوون. ببوو بە نووسەری سەربردەی ئەو کەسانەی دایکیان بە بێوەژنکۆشی گەورەی کردبوون و پیی گەیاندبوون، بەڵام  ڕووداوێکی زەمانەی غەدار، تەقینەی گوللەتۆپ یان خومپارەیەک، گوللەیەکی وێڵ، ڕەشبگیری و ڕەشەکوژیی هێزە سەرکوتکەرەکان و پەتی سێدارەی ڕێژیمی تاریکی و تاوان، یان غەدر و جەفای دەستڕۆیشتوویەکی نێو کۆمەڵ، ڕێڕەوی ژیان و چارەنووسی خۆیان و بنەماڵەکەی گۆڕیبوون. خەون و زیندەخەون و نزا و پاڕانەوەی ئەو دایک و باوکانەی دەنووسییەوە کە  خۆیان و منداڵەکانیان، شەوان بە برسیەتی سەریان ناوەتەوە. نووسینەکانی مەیدانی ململانێی نێوان تاریکی و ڕووناکی، بێدادی و دادپەروەری، دزێوی و جوانی بوون. ئەوینە پاک بەڵام ناکامەکان، ستەم و دەستدرێژی و درۆی نامەردان لەگەڵ کیژانی ساویلکە، دەیان بەڵا و ڕۆژڕەشیی دیکە کە کچان و ژنان لە کۆمەڵی ئێمەدا لەگەڵیان بەرەوڕوون، تەنانەت ئەو مرۆڤە چارەڕەشانەی کۆمەڵ و کولتوور، چارەنووسی لەشفرۆشیی بەسەردا سەپاندوون، هەوێنی نووسینەکانی بێهزاد و مایەی فرمێسک هەڵوەراندنی خوێنەرانی بوون.

سێهەم، بێهزاد سەیفی ڕەخنەگر بوو. بە هۆی نووسینەکانی ڕەخنەی لە چەوسانەوە و لێکەوتە دژە مرۆییەکانی دەسەڵاتی سیاسی و سیستەمی ئابووری، سەرکوت و سانسۆری خنکێنەر، دیوە دزێوەکانی کولتوور و ئایینی زاڵ، هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی پر لە ڕیا و چاوبەست و نایەکسانی، کەلێن و مەودای چینایەتی و پێخوست‌کرانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لەو وڵات و کۆمەڵ و ژینگەیەدا دەگرت کە بۆ خۆی تێیدا گەورە ببوو، لەنێویدا دەژیا و کەسایەتی و  هەست و هزر و قەڵەمەکەی کەوتبووە ژێر کاریگەرییان. بە خوێندنەوەی پۆستەکانی و ڕامان لە وێنە و کاریکاتۆر و وتە و ڕستەکانی ژێریان بە هاسانی بۆت دەردەکەوت کە بێهزاد زۆرترین نەفرەت و بێزاریی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، دڵی لای ڕێبەران و تێکۆشەرانی خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ ڕزگارییە. کەم واهەبوو پۆستێکی بێهزاد بخوێنییەوە و شوێن‌پێیەک لە سەمبولەکانی خەباتی نەتەوەیی هاوچەرخی کورد، فەرماندەرانی شەهید و پێشمەرگە قارەمانەکانی شارەکەی، بەدی نەکەیت.(٢) لەخۆڕانەبوو بە دەیان تێکۆشەری سیاسی و چالاکانی کولتووریی ڕۆژهەڵات کە لە نیشتمانی خۆیان تەرە بوون، لە بن پۆستەکانی کۆمێنتی دەستخۆش و ڕەزامەندییان دەنووسی.

بێهزاد لە کاتێکدا ببووە دەنگی بێبەشان کە ژیانی خۆی لەوپەڕی ناخۆشیدا بوو. ژیانی بنەماڵەیی لێک‌هەڵوەشابوو. هاوسەرەکەی لێی جیا ببۆوە، خۆی بەرعۆدەکردبوو کە نەفەقەی منداڵەکانی و مارەیی دایکیان بدات. لە لایەک دەیەویست شەرافەتمەندانە بژی و بە ڕەنجی شان و باهۆی خۆی، بژیوی خۆی و پارەی نەفەقە و مارەیی پەیدا بکات، لە لایەکی دیکە دۆزینەوەی کارێک کە بەو بکرێت و بە کرێیەکەی ژیانی خۆی و ئەرکەکانی پێ جێبەجێ بکات، دژوار بوو. بۆ خۆی لەم بارەیەوە نووسیویەتی:

".... نەفەقەی مانگانە و مارەیی مانگانە، پشتی شکاندبووم. هیچ کارێکم ڕێک و ڕاست نەدەهات. نەمدابا، حوکمی گرتنم لەسەر بوو. هەر بۆیەش ڕووم لە زۆر کار و زۆر کەس نا. یارمەتییان دام. بەڵام قەت کارێکم نەکرد خەڵک و خاکم بفرۆشم. تەلەڤیزیۆنە داشقە شکاوەکەی سنە گوتی: "وەرە ۶۰ نمایش بنووسە، سەبارەت بە ژیانی ۶۰ پێشمەرگەی موسوڵمان و ئەوەندەت دەدەینێ." گوتم نا! بە شەپ وەدەریان نام. تەلەڤزیۆنە شڕەکەی مەهاباد گوتی: "وەرە بەرنامە بنووسە، سەبارەت بە "دستاوردهای جمهوری اسلامی در مهاباد". گوتم دەستاوەردی ئێعدامی بەکۆمەڵی ٥٩ کەس؟ یان قەڵاچۆی خەڵک لە مزگەوتی ئیندرقاش؟ یان ئەو گشتە جەوانە موعتادە؟ گوتیان لە خۆت هەڵدە! لەو لاش گوتیان وەرە دژی ئەم خەڵکە چیرۆک بنووسە تا پارەت دەینێ! گوتم پێنووسم نانووسێ! گوتیان "گە اضافی بخوری میندازیمت یە عمری آب خنک بخوری".(٣) گاوداری و ڕیخۆڵە و پیسایی مەڕ و ماڵات نەما خاوێنی نەکەمەوە. مورغداری چووم، بۆگەنیوی مریشکەمردوو تووشی ئاسمی کردم. بیمەیان ڕەد نەکردم و دوایەش کوتیان هێرری.

ڕووم لە نووسین کردەوە. لە سەد دەرگام دا. هەر سەد دەرگا، لێم بوون بە دیوار. تووشی نەخۆشیی ئەعساب هاتم و دایم تووڕە و تۆسن و خواردنی دپاکین و سرترالین و چەند جۆر حەبی دی. لە نووسین کەوتم. دوو سێ ساڵ لەوە پێش، هیندێک دۆست یارمەتییان دام. بەڵام دوایەکەی، باس و قسەم بۆ ساز کرا. خزامە دیوێکی نمناک و تەڕاویی ماڵە دایکم و خەم و پووڵی سیگار، بووە گەورەترین خەمم. فشاری نەفەقە و مارەیی، تا ئێستا تووشی چڵ پەنجا میلیۆن قەرزی کردووم.

بەڵێ لەو دونیا حەوت ملیاردە و، لەنێو ئەو کوردە چل میلیۆنییە، کوردێک پەیدا بووە و بە زمانی خۆی دەڵێ "داماو"ی. بەڵێ، داماوی داماوم. کچی جەوانم سێ جار خۆی کوشت و نەمرد. ئێستا برینی گەروو و مێعدەی بابی هێناوەتە بەرچاوی. هەر چەند کە ساڵێ جارێکیش ناتوانم بیانبینم. جا دڵتان پێم دەسووتی، لۆمەم دەکەن، جنێوم پێ دەدەن و بە خوێڕی و زەعیفم دادەنێن، کەیفی خۆتانە... "(٤)

مەرگی بێهزاد لە ڕۆژی ٨ی خەرمانان (٢٩ی ئاگوست)ی ئەمساڵ، لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا و دوای دوو ساڵ نەنووسین و بێدەنگی، وێستگەی کۆتایی ئەم ژیانە کوڵەمەرگییە بوو. ئەم مەرگە ئەنجامی هەموو ئەو نەخۆشی و گوشارانە بوو کە ژیانیان لێ کردبووە دۆزەخ؛ بەرهەمی ناهومیدبوون بوو لە "حەوت میلیارد مرۆڤی سەرتۆپی زەوی و بە تایبەتی ئەو چل میلیۆن کورد"ەی کە بێهزاد، بە جوانترین نووسین و خەمینترین وشەکان، باسی خەم و ئازارەکانی دەکردن. بێهزاد بەو مردنەی، مرۆڤایەتی، بە تایبەتی ئەوانەی بە دۆخی نالەباری ئەویان دەزانی و دەیانتوانی دەستی بگرن بەڵام نەیانکرد، شەرمەزار کرد.

بەو هیوایەی مەرگی ناوەخت و بێکەسانەی هاندەری هەموو مرۆڤێکی بەویژدانی کوردستانەکەی بێهزاد بێت بۆ ئەوەی ناهومیدبوون لە ژیان، سەرمایە بەنرخەکانی دیکەی وەک بێهزادمان ئاوا هاسان لێ‌نەستێنێت.

***

پەراویز:

 (*)سەردێڕی ئەم بابەتەم لە ناوی شێعرێکی نەمر شێرکۆ بێکەس وەرگرتووە و بەپێی نێوەرۆکی ئەم نووسینەم گۆڕیومە. سەردێڕەکە لە بنەڕەتدا بەم جۆرەیە: "دژوار ژیا و سانا کوژرا".

(١)-ئەمە لینکی ئەکاونتی بێهزاد سەیفی لە فەیسبووکە. هیوادارم هەتا فەیسبووکەکەی دانەخراوە کەس یان کەسانی وا هەبن نووسینەکانی کۆپی بکەن و بیانپارێزن، بەڵکوو بکرێن بە کتێبێک و لە فەوتان ڕزگاریان بێت.

https://www.facebook.com/behzadseify.Forgotten

(٢) لە ٢٠١٧ چەند هاوڕێیەک ئاگاداریان کردم کە کاک بێهزاد دەیهەوێت بێت بۆ نێو حیزب و ببێت بە پێشمەرگە. لە کۆمیسیۆنی تەشکیلاتی حیزب، هاسانکاریمان بۆ کرد و کەسی تایبەتمان بۆ ڕێنوێنی کردن و هێنانی ڕاسپارد، بەڵام دوایە سەبارەت بەو ئەرکانەی لە پێوەندیی لەگەڵ هاوسەری پێشوو و منداڵەکانی کەوتبوونە سەرشانی، لە بڕیارەکەی پاشگەز بۆوە.

(٣) وەرگێڕاوی ڕستە فارسییەکە" گووی زیادی بخۆی، دەتخەینە بەندیخانە بۆ ئەوەی تەمەنێک لەوێدا بتلێیەوە".

(٤) ئەم چەند پەرەگرافەم لە نووسینێکی بێهزاد وەرگرتوە کە بەڕێز ناسری سینا بە بۆنەی مەرگی نووسەر، لەسەر دیوارەکەی خۆی بڵاوی کردووەتەوە.