کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانەمرکاوە و دانامركێتەوە!

15:01 - 18 خەرمانان 2724

دانەمرکاوە و دانامركێتەوە!

ئاسۆ مینبەری

لە دووهەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی ژینا، شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانی سەرانسەری نزیک دەبینەوە. ئەو بزووتنەوەیە لە زۆر بوار و لایەنەوە جێگای سەرنجن و پێویستە بە شێوەیەکی جیددی و کۆمەڵناسانە خوێندنەوەیان بۆ بکرێ تاکوو وەکوو ئەزموونێکی دیار و کاریگەر لە مێژووی ٤٦ ساڵ بەرهەڵستکاری دژی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا، بایەخی ڕاستەقینەوەی خۆی پێ بدرێت. ئەم ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی بە شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و لە ڕواڵەتدا بۆ کاردانەوە بە ستەمی دەسەڵات دژی ئەویتری خۆی واتە نەتەوەی کورد و لەو نێوەشدا ژنی کورد دەستی پێ کرد، بەڵام، لە ڕاستیدا بۆ ماوەی چەندین ساڵ بوو بەستێنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی بۆ ئامادە کرابوو.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆکاری جیاواز، ناڕەزایەتی ڕوویان دابوو و خەڵک هەر جارە و بە هۆکارێک ڕژابوونە سەر شەقامەکان و دژ بە دۆخی نالەباری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و ... وەستابوونەوە بەڵام، لە بزووتنەوەی ژینادا، یەکەم؛ ئەزموونەکان لە ناڕەزایەتییەکانی پێشوو و دووهەم؛ ئاگاداربوون لە لەرزۆکبوونەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی وای کرد شێوازی ناڕەزایەتییەکان جیاوازتر بێ.

لە دوای ناڕەزایەتییەکانی ٨٨ و هاتنەئارای بزووتنەوەی سەوز، لە بەفرانباری ٩٦ و پاشان خەزەڵوەری ٩٨ی هەتاویدا ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشتن؛ بەتایبەت لە کوردستان کە بە بەراورد لەگەڵ باقی شار و پارێزگاکانی دیکە لە بواری ئابوورییەوە گوشاری زیاتری لەسەر بوو، لەلایەن ڕێژیمەوە دڕندانەتر هێرشی کرایە سەر کە ئاکامەکەی برینداربوون و شەهیدبوونی سەدان کەس لە خەڵكی مافویست بوو. ئەم ناڕەزایەتییانە ئەگەرچی لەسەر پرسێکی ئابووری بوو، بەڵام ئەتوانین بڵێین بۆ یەکەم جار لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا، بەرەو ئاقارێک چوون کە تەواویەتی ڕێژیم و خودی خامنەیی وەک ڕێبەری ڕێژیمیان کردە ئامانج. ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بە جۆرێک لە جۆرەکان، ئەزموونێک بوون بۆ داهاتوو تاکوو لە بڕگەیەکی زەمەنیی دیکەدا، بە جۆرێکی دیکە سەر هەڵ بدەنەوە و شۆڕشی ژینا دەکرێ وەک ئەم سەرهەڵدانە نوێیە چاوی لێ بکرێت.

لە خەرمانانی ١٤٠١دا و پاش شەهیدکرانی ژینا، جیا لە پرسی ئابووری، پرسی کۆمەڵایەتی و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵگە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی خامنەییدا، ئاڵۆزیی دۆخی وڵات لە باری سیاسییەوە، تووڕەییەکی سەرکوتکراوی ناڕەزایەتییەکانی پێشووتر و بەتایبەتیش ناڕەزایەتییەکانی ٩٨ بەدی دەکرا. کاتێک کە برینداربووی ناڕەزایەتییەکانی ٩٨، لەکاتێکدا کە چاوێکی لەدەست داوە دێتە مەیدان و لە شۆڕشی ژینادا، دیسانەوە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا ڕادەوەستێ، بێگومان دەبێ خوێندنەوە بۆ تووڕەیی و هەستی تۆڵەکردنەوەکەی بکرێ.

لەم ئەزموونە جیاوازانەدا، ژنانیش پشکی خۆیان هەبوو، هەروا کە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوودا ژنان هاتنە مەیدان و هاوشانی باقی چین و توێژەکان، دەنگی خۆیان خستە پاڵ دەنگی کۆمەڵگە، لە شۆڕشی ژیناشدا، بوێرانە مەیدانداریی پرسەکەیان کرد و لە زۆر بڕگەشدا خۆیان ڕێبەرایەتیی شۆڕشەکەیان کرد.

ئێستا کە دوو ساڵ بەسەر شۆڕشی ژینادا تێدەپەڕێ، وێڕای ئاوڕدانەوە کە هەموو لایەنەکانی ئەم شۆڕشە و خەسارناسیی لۆژیکیی ئەم شۆڕشە، دەبێ پێداگری لەسەر ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەم شۆڕشەدا بکەینەوە. وەک باس کرا، بەستێنی ئەم شۆڕشە لەمێژ بوو کە ئامادە کرابوو و هەر بۆیە ئەگەر تەنیا بەشداریی ژنان بە تەنیا فاکتەری سەرهەڵدان و دەنگدانەوەی شۆڕشەکە بزانین، نەمانتوانیوە بە وردبینییەوە لێکدانەوەی بۆ بکەین، لە ڕاستیدا هەر خودی ناڕەزایەتییەکانی پێشوو و لەمەیداندابوونی چین و توێژە جیاجیاکان یەکێک لە گەورەترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا بوو، بەڵام بەم حاڵەشەوە، ناتوانین نکۆڵی لە ڕۆڵ و پێگەی ژنان لەم شۆڕشەدا بکەین.

زۆر جار باس لەوە کراوە کە یەکەمین ئەکتی ژنان لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز واتە فڕێدانی سەرپۆشەکانیان و وتنەوەی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەکوو خاڵی دەسپێکی شۆڕشەکە ناسراوە؛ بێگومان ئەم ئەکتە پاشخانێکی مێژوویی هەبووە و پێویستە ئاوڕی لێ بدرێتەوە. ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی لە ٤٦ ساڵی ڕابروودا هەوڵی دا بە سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی خۆی، کۆمەڵگەیەکی گوێڕایەڵ بەرهەم بێنێت و دەنگە جیاوازەکان کپ بکات، بەڵام هەر ئەم دەنگە کپکراوانە، لە بۆنە جیاوازەکاندا، ڕێگایەکیان بۆ دەربڕینەوەی خۆیان دۆزییەوە و لە شۆڕشی ژینادا ئەوە ژنان بوون کە دژی ٤٦ ساڵ ستەمی ڕەگەزی وەستانەوە و باسیان لە کەرامەتی مرۆیی خۆیان کرد.

لە دوو ساڵی رابردوودا ڕێژیم زۆر هەوڵی داوە تاکوو لە ڕێگەی گەڵاڵە و پیلانی جۆراوجۆرەوە، کۆنتڕۆڵی کۆمەڵگە و بەتایبەت ژنان بکات و بە خەیاڵی خۆی شۆڕشەکە دامرکێنێتەوە، بەڵام بێگومان ئەم شۆڕشە دانەمرکاوە و دانامركێتەوە. لە دوای شۆڕشی ژیناوە هەتا ئەمڕۆ، ئەوەی کە لەلایەن ڕێژیمەوە کراوە بە پێچەوانەی ئیدعای خۆیان، نەک هەوڵ بۆ چاکسازی بەڵکوو هەوڵ بۆ سەرکوتی زیاتر و جیاوازتر لە جاران بووە.

بەندکردنی ناڕازییانی شۆڕشی ژینا، سەپاندنی سزای بەندکران و لەسێدارەدان، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی شەهیدانی شۆڕشەکە و دەسبەسەرکردنیان، تێکدانی گڵكۆی شەهیدان و بەتایبەتیش گوشارەکان بۆ سەر دایک و خوشک و هاوسەری شەهیدان، لەو سەرکوتکارییانەن کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەلایەن ڕێژیمەوە ڕوویان داوە.

ئێستا کە دوو ساڵ بەسەر ئەم شۆڕشەدا تێدەپەڕێت، دەبێ هەوڵ بدەین بە خەسارناسی و خوێندنەوەی نوێ، لایەنە جیاوازەکانی لێک بدەینەوە و لەم ڕاستایەشدا، بایەخێکی زیاتر بە پرسی ژنان و بەشداریی ژنان وەک گرینگترین فاکتەری دەسپێکی ئەم شۆڕشە بدەین.

شۆڕشی ژینا ئەگەرچی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی زۆر بوون بەڵام بە زۆر هۆکار ڕواڵەتێکی ژنانەی بەخۆوە گرت و هەر ئەمەش وای کرد کە پرسەکە لە دنیای دەرەوەشدا بایەخی زۆری پێ بدرێت، بۆیە خوێندنەوەی ئەم بەشە لە شۆڕشەکە، ئەرکی ڕووناکبیرانە تاکوو هەنگاوەکانی دواتر، سەرکەوتووتر بن.