کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەخشینی شوناس!

19:07 - 18 رەزبەر 2724

بەخشینی شوناس!

ئاسۆ مینبەری

لە ڕۆژی ٥ی ڕەزبەری ئەمساڵدا، بەبۆنەی بەناو حەوتووی دێفاعی موقەدەسەوە، کۆبوونەوەیەک لە مەلایر بە بەشداریی ڕاوێژکاری جێگری فەرمانداریی مەلایر بەڕێوە چوو.

ئەم ڕاوێژکارە کە ناوی مریەم نێگەهدارییە، لەم کۆبوونەوەیەدا ویستوویەتی بە پێداهەڵگوتن بە کۆماری ئیسلامی، وەک نەریتی هەمیشەیی خۆیان، پێناسەیەکی دیکە لە ژن لە کۆماری ئیسلامی بەدەستەوە بدات و بە ئەم مەبەستەش دەستەوداوێنی درۆ و چەواشەکاری بووە.

ئەم بەرپرسەی ڕێژیم لە قسەکانیدا باسی لە ڕوانگەی ڕێبەرانی ڕێژیم لە بەخشینی شوناس بە ژنان کردوە و وتوویەتی: پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ٥٧، ژنان ڕۆڵێکی بێوێنەیان لە دروستکردنی شارستانییەت، باوەڕ و ئاکارە کۆمەڵایەتییەکاندا هەبووە و توخمی سەرەکیی ئینسانسازی لە کۆمەڵگەدا بوون. ئەو قسانە لە حاڵێک‌دایە کە بۆ هەمووان ئاشکرایە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتاوە هەوڵی سڕینەوە شوناسی ژنی بەپێی تایبەتمەندییەکانی خۆی داوە. ناوبراو لە قسەکانیدا ڕایگەیاندوە دوژمن فوکۆسی خستووەتە سەر ڕۆڵی ژنان و پێگەی بنەماڵە و نابێ لە پلانەکانی دوژمن خافڵ بین. ناوبراو هەر لە درێژەدا لە چەواشەکارییەکی ڕوون و ئاشکرادا، وتوویەتی: لەم شەڕەدا دوژمن لە هەوڵدایە باوەڕی کچان و ژنانی ئێمە بە شوناسی ژنانە و دایکانە بگۆڕێ و بە سێکۆلاریزەکردن و سڕینەوەی پیرۆزییەکان و کەم بایەخکردنی کارکردی ژنان و کچان، پێگەی ژنی موسوڵمانی ئێرانی دابەزێنێ و فێری مەسرەفگەراییان بکات. نێگەهداری هەر لەم کۆبوونەویەدا جەختی کردووەتەوە کە دوژمن بە پەرەپێدانی شێوازی ژیانی ئورووپایی لە ڕێگەی میدیاکانەوە ئەیەوێ بۆ لەنێوبردنی شارستانییەت، نیزامی پەروەردە تووشی ئاڵوگۆڕ بکات.

سەرنجدانێکی ئەم قسانە پێش هەموو شتێک ترسی کۆماری ئیسلامی لە ژنان نیشان دەدات، چونکە ئەگەر کۆماری ئیسلامی متمانەی بە پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی خۆی لە زیاتر لە ٤ دەیەی ڕابردوودا هەبایە، پێویست نەبوو بەم شێوەیە باس لە هەوڵەکانی دوژمن بۆ سڕینەوەی پیرۆزییەکان و کەم بایەخکردنی کارکردی ژنان و کچان بکات. لەلایەکی دیکەوە چەقبەستووبوونی کۆماری لەم قسانەدا دیارە کە سێکۆلاریزەکردنی کۆمەڵگە بە هەڕەشە دەزانێت و لە قسەکانیدا کاردانەوە بەم پرسە نیشان دەدات.  بەڵام ئەوەی کە لەم قسانەدا سەرنجڕاکێشن ئەوەیە کە ڕۆڵی ژنان لە دروستکردنی شارستانییەت پێوەند ئەداتەوە بە دوای شۆڕشی ٥٧! شۆڕشێک کە هەموو دەستکەوتەکانی لەلایەن ئاخوندەکانەوە بەتاڵان چوو و ئاکامی نەهامەتییەکەی زیاتر لە ٤٥ ساڵە کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە و وازیان لێ ناهێنێ.

لە ڕاستیدا ئەم بەرپرسەی ڕێژیم دەیەوێ شۆڕشی ٥٧ وەکوو خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی ژنانی ئەو جۆغرافیایەدا پێناسە بکات کە پێی دەگوترێ ئێران و وای نیشان بدات کە ئەم ڕێژیمە بە هاتنەسەرکاری دەرگایەکی ئاوەڵای بۆ ژنان کردووەتەوە کە بتوانن ڕۆڵی ئاوا گرینگ و شوێندانەر لە کۆمەڵگەدا بگێڕن، بەڵام فلاش بەکێک بۆ ساڵی ٥٧ و ڕووداوەکانی دوای ئەم شۆڕشە بە باشی دەریدەخەن کە کۆماری ئیسلامی نەک تەنیا بە هاتنەسەرکاری دەلاقەیەکی هیوای بۆ ژنان نەکردەوە بەڵکوو ژنانی لە هەموو ماف و ئازدییەکانیان بێبەری برد، ئەڵبەتە ئەمە بەو مانەیە نییە کە دۆخی ژنان لە ڕێژیمی پێش کۆماری ئیسلامیدا باشتر بوو، چونکە لەو سەردەمەشدا ژنان لەگەڵ کۆمەڵێک کێشە و ئاریشە بەرەوڕوو بوون کە لە چوارچێوەی ئەم وتارە بەدەرە.

کۆماری ئیسلامی و بەرپرسانی گوێلەمستی ئەم ڕێژیمە بە کەڵکوەرگرتن لە بۆنە جواراوجۆرەکان هەوڵ دەدەن پێناسەیەکی درۆیین لەم ڕێژیمە بەدەستەوە بدەن، هەر بۆیە لەم جۆرە ڕێوڕەسمانەدا بە وتاری سەیروسەمەرە کە ناوەڕۆکەکەیان هەمووی درۆ و چەواشەکارییە، ئاخرین هەوڵەکانی خۆیان بۆ فریودانی خەڵک دەخەنە گەڕ.

بەڵام ئەوەی کە لەم کات و ساتەدا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پرسی ژنان گرێ دەدەن بە پرسێکی وەکوو شارستانییەت و هەوڵ دەدەن بابەتێکی وەکوو سێکۆلارێزم وەکوو شتێکی بڤە بۆ خەڵک پێناسە بکەن، پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە دۆخی ئێستای کۆمەڵگەی ئێرانەوە هەیە، ئەگینا لە کەس شاراوە نییە هەر ئەو ئێرانە کە ئەوان ناوی لێ ئەبەن هیچ ڕۆڵێکی لە دامەزراندن و تەنانەت گەشەی شارستانییەتیشدا نەبووە و خواستی خەڵك بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی سێکۆڵاریش تاوان نییە.

ئەوەی کە ئەبێ جەختی لەسەر بکرێتەوە ئەوەیە کە دۆخی دوو ساڵی رابردوو و ڕۆڵی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، لای ڕێژیم خوێندنەوەی زۆری بۆ کراوە، بە چەشنێک کە بە هێنانە بەر باسی هەندێ بابەتی ناڕاست، لەهەوڵ‌دایە ئەم جووڵە و ئاکارە کۆمەڵایەتییەی ژنان بباتە ژێر پرسیارەوە و ناڕاستەوخۆ، هەوڵ بۆ سەپاندنی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی بدات. هەر لەو بەشەدا کە دەڵێ: دوژمن فوکۆسی خستووەتە سەر ڕۆڵی ژنان و پێگەی بنەماڵە و نابێ لە پلانەکانی دوژمن خافڵ بین، تێدەگەین کە ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوو توانیویانە ژنان لەو پێناسە باوەی کۆماری ئیسلامی دوور بکەنەوە و چیدیکە پێگە و ڕۆڵی خۆیان تەنیا لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە لە چوارچێوەی ماڵ و بنەماڵەدا پێناسە نەکەن. لەلایەکی دیکەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە لە ڕاستای سیاسەتی ئێستای ڕێژیمدا، دیسانەوە ژنان بخەنەوە نێو ماڵەکان و پێیان ڕابگەیێننەوە کە ئەرکی ئێوە تەنیا وەچەخستنەوە و پەروەردەی منداڵە، تاکوو ڕێژیم سیاسەتی گەشەی حەشیمەتەکەی خۆی لە ڕێگەی ژنانەوە پەرە پێ بدات و کۆمەڵگەش لەم پۆتانسیێل و توانایە بێبەری بکات.

ئەگەرچی ژنانی چاوکراوە بەتایبەت لە کوردستان، فریوی ئەم چەشنە کۆبوونەوە و پیلانانەی ڕێژیم ناخۆن، بەڵام وشیاربوون لەم بارەوە پێویستە. ڕێژیم بە باشی ئاگاداری شکستەکەی خۆیە بەڵام دەیەوێ دوایین پەلەقاژەکانی بۆ مانەوە بکات.