کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دکتۆرینی سەپاندن و ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی ئێران

19:18 - 18 رەزبەر 2724

دکتۆرینی سەپاندن و ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی ئێران

ئازاد مستۆفی

دکتۆرینی دەسەڵاتی ڕەهای ویلایەتی فەقیهـ لە ئێران وەک بینایەک وایە کە هێمای تۆتالیتاریزمە، بێگومان لە مێژوو و ساڵنامەی دیکتاتۆرییەتدا تۆمار کراوە. ڕێژیمی ئێران لەژێر دەسەڵاتی دکتۆرینی سەپاندن و ئاژاوەگێڕیدا، سیاسەتێکی بۆ پاراستنی دەسەڵات داڕشتوە، ئەمەش بڕبڕەی پشتی ئازادی و مرۆڤایەتیی هەژاندوە. ئەگەر جۆرج ئۆروێڵ (١٩٥٠-١٩٠٣) بتوانێت ئێرانی هاوچەرخ ببینێت، بەدڵنیاییەوە لە دیستۆپیای ساڵی ١٩٨٤دا دەنگدانەوەیەکی ترسناک دەدۆزێتەوە. ئێران لەژێر دەسەڵاتی تیۆکراتی خۆیدا، عەقیدەی دەسەڵاتی ڕەها دەچێنێت کە ڕەگ و ڕیشەی لە لێکدانەوەیەکی ڕەق و پاوانخوازانەی ئیسلامی شیعەی دوانزە ئیمیامی داکوتاوە. لە سەرووی ئەم سیستەمەدا دەسەڵاتی خامنەیی کەسایەتییەکی نیمچە خودایی لە سەرووی یاساکانەوە کە وتەی بۆ ناڕەزایەتیدەربڕین نابێ. ئەم پێکهاتە هەرەمییە ئەگەری کۆنترۆڵکردنی یەکگرتوو بەسەر کارەکانی حکوومەتدا دابین دەکات کە هەموو بڕیارێک، هەموو سیاسەتێک، لەم دەسەڵاتە باڵایەوە سەرچاوە دەگرێت و لە ڕێگەی پلەبەندیی دامەزراوەکانی کۆنترۆڵ و چاوەدێرییەوە ڕەنگ دەداتەوە. ڕێژیمی ئێران تەنیا حوکمڕانی ناکات. ئاواتەخوازە عەقڵەکان لە شێوەی میلیشیایەکدا قاڵب بکات و دڵەکان بەجینایەتەکانی خامنەیی تەسلیم بکات. ڕیکلامەکان لە هەموو شوێنێک هەن و لە هەموو ماڵێکدا لە ڕێگەی میدیای دەوڵەتی و مزگەوت و سیستەمی پەروەردەوە بەدوای بینەردا دەگەڕێن. ئەم پڕوپاگەندەی بێباوەڕی بە چەمکەکانی ئازادیخوازان و یادکردنەوەی ژیان و شکۆمەندکردنی دەستێوەردان لە وڵاتانی جیهان لە هەموو شوێنێکدا هەیە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاگرێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دروست بکات. ویلایەتی فەقیە ترس و ناسیۆنالیزمی ئێرانی – شیعەی کردووەتە ئامرازێک بۆ یەکخستنی لایەنگران و بریکارەکان لەژێر ئاڵای گومان و ڕق و کینەدا.

هێزە سەرکوتکەرەکان ئامرازی تێرۆرن

هەموو دیکتاتۆرێک بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکان و پاراستنی حوکمڕانی تێرۆر پێویستی بە گرووپی تێرۆریستیی ڕێکخراو هەیە. لە ئێران ئەم جینایەتە لەلایەن سوپای پاسداران و بەسیجەوە بەڕێوە دەچێت. پاسەوانە ڕاهێنراو و چەکدارەکان بۆ بەرگریکردن لە خامنەیی، تەنیا لە ڕۆڵی سەربازییدا سنووردار نین، دزەیان کردووەتە نێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی ئێرانەوە، هەر لە ئابوورییەوە تا سیاسەت، هەواڵگری و ئاسایشی ناوخۆ و مافیایەکی ترسناکیان پێکهێناوە کە سەرکردایەتییەکەی ئەوان سەرپەرشتی دەکەن. بەسیجییەکانیش بەنۆرەی خۆیان ئەو خۆبەخشانەن کە لە بواری ئایدۆلۆژیاوە ڕێکخراون. زۆرجار گەنجن و وەک بەشێک لە ئەرکەکانیان ڕاهێنراون بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتیان و سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکان و تێرۆر. بوونیان بیرهێنانەوەی چاودێری هەمەلایەنە و سزای حەتمی ئەو کەسانەیە کە دەوێرن تەحەدای ڕێژێمی دەسەڵاتی ئایینی ئێران بکەن. بەکارهێنانی توندوتیژیی بێسنوور لەلایەن ئەم هێزانە بە سەرۆکایەتی و سەرپەرشتی خامنەیی سەلمێنراوە. ناڕەزایەتیدەربڕینی مەدەنیانە بەشێوەیەکی سیستماتیک سەرکوت دەکرێن. دەستگیرکردنی نایاسایی و دەستبەسەرکردن بەبێ دادگاییکردن، ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان لە شوێنی گشتیی هەموو ئەو شێوازانەن کە بۆ سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆن لەلایەن هێزی سەرکوتکەرەوە بەکاردەهێنرێن. لە ڕێژیمی ئێراندا توندوتیژی بووەتە زمان و میتۆدی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵک. هەر باتۆم و فیشەکێ لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە، بێتوانایی حکوومەتی داگیرکەر لە وەڵامدانەوەی داواکارییە مەدەنییەکانی هاووڵاتیانیدا پشتڕاست دەکاتەوە. ئەو سەرکوتەی ئەمڕۆ دەیبینین شەڕی کۆڵان بەکۆڵان و ئاشکرای بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی ئێرانە بەدژی خەڵکی خۆیان کە هەموو ڕۆژێک تاوانکارییەک ئەنجام دەدەن و هەرگیز لە مێژوودا دەستدرێژکارێک وەها دڕندەیی و بێڕەحمی بەرامبەر بە خەڵکی ئەم خاکە نەکردووە.

سێبەری سیخوڕیی حکوومەت و زانیاری لەسەر خەڵک

هەر لە سەرەتای ڕۆژانی شۆڕشەوە، دامودەزگا ئیتلاعاتییەکان و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئێران، بەکەڵکوەرگرتن لە سادەیی و باوەڕی ئایینیی خەڵک و ساختەکاریی و فریوەکانی ئایەتوڵڵا خومەینی، پیلانیان لەنێوان سیاسییە جیاوازەکاندا دروستکرد و ئەو ڕەوتانەی دژی خومەینی بوون، لەناویان بردن و توانیان سیستەمێکی سیخوڕی بەرفراوان لە وڵات دابمەزرێنن. دامەزراوە ئەمنییەکان بە بوودجەیەکی بێسنوور و تۆڕێکی چڕ لە زانیاریدەر و ئامێری سیخوڕی، بە ئاسانی دەتوانن بەدواداچوون بۆ هەموو گۆشەیەکی تاریکی ژیانی خەڵک بکەن. ئەدای دامودەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بووەتە هۆی ئەوەی کە سیخوڕی لەسەر پەیوەندییەکان بکرێن، جموجۆڵی ڕێبەرانی سیاسی تەنانەت ئەوانەی کە لە چوارچێوەی ڕێژیمدا سەربەخۆن، چاودێری دەکرێن و چالاکییەکانی هاووڵاتییانیش بەوردی چاودێری و ئەرشیڤ دەکرێن. ئینتەرنێت، ئەم کەرەستەی ئازادی و زانیارییە، بووەتە گۆڕەپانی شەڕ لە ئێراندا کە ڕێژیم یاسای خۆی تێدا دەسەپێنێت. ماڵپەڕەکان فیلتەر دەکرێن، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سانسۆر دەکرێن و بلۆگەر و چالاکوانان دەڕفێنرێن و زیندانی دەکرێن. سۆشیال میدیا کە لە شوێنەکانی دیکە کۆی کراوەیی و ئاڵوگۆڕی بیڕوڕایە، لە ئێران تەڵەیەکە و هەر کلیکێک دەتوانێت ببێتە هۆی دەستگیرکردنی کەسێکی بێتاوان. تەنانەت ئاشکراکردنی بەرپرسانی گەندەڵی ڕێژیمی ئێران لەلایەن ڕۆژنامەنووسانەوە لە سۆشیال‌میدیا دەبێتە هۆی گرتن و ڕاگرتنی نایاسایی ڕۆژنامەنووسانی بوێر و ئازا و چاونەترس کە هەوڵ بۆ ژیانێکی تەندروست دەدەن.

تێکشکاندنی دێموکراسی و مافی مرۆڤ

دێموکراسی، ئازادی و بەشداری، مافی گەلانی غەیرە فارس و دابەشکردنی دەسەڵاتی زۆرەملێی حکوومەتی ناوەندی، هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ملهوڕی قووڵ و مێژوویی ئێران. لە ڕوانگەی سیستەمی پاشایەتی و هەروەها ویلایەتی فەقیەوە و بێگومان شای پێشوو و ڕێژێم و دەزگای حوکمڕان هەرگیز هیچ هەڵەیەک ناکەن و هەر تاوانێک کە ئەنجامی بدات، بە بچووکترین ناڕەزایەتی، بە خوێن خنکێنراوە. هەڵبژاردن کاتێک ئەنجام دەدرێت کە بە وردی ئەندازیاریی لەلایەن خامنەییەوە بۆ کرابێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنی کاندیدەکانی دڵسۆز بۆ ناوبراو مسۆگەر بکرێت. هەر ناڕازییەک بوێریی دەرکەوتنی هەبێت، بەشێوەیەکی سیستماتیک پەڕاوێز دەخرێت یان زیندانی دەکرێت. مافی مرۆڤ کە بنەمای بنەڕەتی کۆمەڵگە دادپەروەرەکانە، لەژێر پێ دەنرێت. لە ڕوانگەی ویلایەتی فەقێهەوە، ئازادیی ڕادەربڕین چەمکێکی بێگانە و ئازادی ڕۆژنامەگەری دیاردەیەکی وەهمییە. ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ هەراسان دەکرێن و زیندانی دەکرێن و دەکوژرێن. ژنان و کچان، گەلانی غەیرە فارس، پەیڕەوانی ئایینە شیعەکانی غەیرە اثنی عشر و هتد، هەموویان بەدەست هەڵاواردنێکی سیستماتیکییەوە دەناڵێنن و بوونیان بۆ نەزمی ستەمکار تەحەدایە. ڕێژیمی ئێران لە هەوڵەکانیدا بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی تەواوەتی هەبێت، خۆی لە هیچ توندڕەوییەک بەدوور نەگرتووە. بێسەروشوێنکردن، دادگاییکردنی ڕواڵەتی و بەبێ بنەما و پارێزەر، لەسێدارەدانی کاتی، هەموو ئەم کردەوانە بەناوی "ئاسایشی نیشتمانی" ئەنجام دەدرێن. "دادگای ئینقلاب" کە سیستەمێکی جیایە لە دەسەڵاتی دادوەری و داواکاری گشتی، لەلایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە سەرپەرشتی و ئاڕاستە و کۆنترۆڵ دەکرێت، ئەو شوێنەیە کە دادپەروەری لە قوربانگەی ستەمکاریدا قوربانی دەکرێت.

سەپاندن و ئاڵۆزی‌نانەوە توخمی مانەوەی ئایوتەڵڵاکان

ئایەتوڵڵاکان لە ئێران، بەگرنگیدان بە ئەدای محەممەدڕەزا شا و ڕێبازی ئەو بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی پاشایەتی، هەروەها ئەدای بەشێک لە سەرانی وڵاتانی عەرەبی لە ڕۆژانی شۆڕشی بەهاری عەرەبیدا، وەک تونس، میسر و جەزائیر، دەزانن حکومەتەکەیان پڕە لە قەیران و ستەم و سەرکوتی توندوتیژی، بە خوێنڕشتنە کە دەمێنێتەوە و گرنگ نییە خەڵک ئەم دەسەڵاتە قبوڵ بکات یان نا، بەشداری هەڵبژاردن بکات یان نا، چونکە بنەمای وڵاتەکە لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی هاووڵاتیان و شارۆمەندان دامەزراوە بۆیە شەرعیەتیان هەیە. ئەوەی لە شەڕی نێوخۆیی سووریە ڕووی دا، زیاتر لە ٥١١ هەزار کەس بەهۆی ئەو بەرمیلە سووتێنەرانەی کە کەوتە سەر خەڵکی مەدەنی کوژران. میلیۆنان کەس بریندار و زیندانی کران. زیاتر لە ١٢ میلیۆن کەسیش ئاوارە بوون بەڵام ئەسەد دیسانەوە بانگهێشتی کۆبوونەوەی لووتکە کرا و پێشوازی لێ‌کرا. بۆیە ڕێژیمی ئێران کە لەسەر زەوی و ئاسمانی سووریە خۆی تاقی کردووەتەوە، تا دەتوانێت بەردەوام دەبێت لە سەرکوتکردن و بارودۆخی نێوخۆییەکەی و ژیان و گوزەرانی چینی هەژاری بەهیچ شێوەیەک بۆ گرنگ نییە. ئەزموونی چاکسازی لە یەکێتی سۆڤیەتدا بە داڕمان کۆتایی هات بۆیە خامنەیی کە گوێڕایەڵی پوتینە، دەزانێ "آزمودە را آزمودن خطاست". بەشێوەیەکی گشتیی لە کۆمەڵگایەکدا کە هێزی سەرکوتکەر تێگەیەنراوە بکوژە بۆ ئەوەی مووچە وەربگری و بەڕێوبەرە داراییەکەی گەندەڵی دەکات نەکا لە کاروان وەدوا کەوێ و هەموو ئەمانەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە "سیاست ما عین دیانت ما است" ناتوانین دڵخۆش بین بە چاکسازی نێوخۆیی و بێگومان ئەم کۆمەڵگە پێویستی بە شۆڕشێکی بنەمایی و هەمەلایەنەیە.

دکتۆرینی ڕێژیمی ئایەتوڵڵاکان لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەسەڵاتی ڕەها بووە. وتنەوەی درووشمی هەناردەکردنی شۆڕش بۆ جیهان واتە سەرکوتکردنی خەڵکی مەدەنی بەس نییە و قووڵایی ستراتیژی قەڵغانکردنی "محور مقاومت"ە بۆ قوربانیکردنیان لەبەردەم ئێران. ڕێژیمی ئێران تەماحی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی هەیە کە ئامانجی بڵاوکردنەوەی مۆدێلی پاوانخوازانەی شیعەگەرییە لە دەرەوەی سنوورەکانی. ئێران شۆڕش و ئایدۆلۆژیای خۆی لە ڕێگەی میلیشیا شیعەکان و گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی عێراق، فاتمیون، زەینبیون و حوسییەکانی یەمەن هەناردە دەکات. ئەم گرووپانە بە فەرمی بوونەتە درێژکراوەی تاوانەکانی سوپای قودس و ڕۆڵی سەرەکی لە توندوتیژی و ناسەقامگیری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگێڕن و بەردەوامن. درووشمی ئایەتوڵڵاکان لە ناوچە ئەمەیە: من ئاژاوە و قەیران دەنێمەوە واتە هەم. لەئاستی نێودەوڵەتیدا ڕێژیمی ئێران خەریکی دیپڵۆماسی ورووژێنەرە و لە ئیمکاناتی حکوومەت بۆ تێرۆرکردنی نەیارانی سیاسی لە چوار گۆشەی جیهان کەڵک وەردەگرێت. پلانی ناوکی ئێران سەرەڕای لێکتێگەیشتننامەکان و گەمارۆکان، هێشتا خاڵی سەرەکی ناکۆکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتی وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەگەڵ ئێرانە. بەدواداچوون بۆ چەکی کۆمەڵکوژ، کە ئێران ناوی گەشەپێدانی ئاشتیخوازانەی لێناوە، خواستی بەدەستهێنانی گوشارێک بۆ دەسەڵاتی پتر و هەڕەشە ئاشکرا دەکا و بەمجۆرە دەسەڵاتی نێوخۆیی و پێگەی دەرەکی خۆی چەسپاندووە.

بەرخۆدان بەردەوامە

بەڵام سەرەڕای ستەمی لەڕادەبەدەر و پاسدار و هێزی جینایەتکار، ڕۆحی بەرخۆدانی ئازادیخوازانە لەنێو نەتەوە چەوساوەکان لە ئێران و بەتایبەت لەنێو کورد، بەلووچ، گیلەک و... هتد هەرماوە. بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان کە بەبیانووی جۆراوجۆر لە سنوورێکی ناوچەیی و هەندێکجاریش سەرانسەری دێنەئاراوە، هەرچەندە بەشێوەیەکی خوێناوی سەرکوت دەکرێن بەڵام بە ڕێکخستنێکی نوێ و بنەڕەتیتر دەردەکەون، ئەمەش بەڵگەی ئیرادەی خۆپێشاندەرانە بۆ داوای مافەکانیان. ئافرەتان، گەنجان، ڕۆشنبیران، کرێکاران، خانەنشینەکان، هەموو ئەم چین و توێژانەی کۆمەڵگە، لەهەمان‌کاتدا ئازایەتی بۆ تەحەدای ڕێژیم دەدۆزنەوە. لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠٠٩ کە بە بزووتنەوەی سەوز ناسراوە و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە گرانبوونی نرخی بێنزین، تا دەگاتە شۆڕشی قووڵ و شکۆمەندی ژینا و هەروەها نەورۆز (١٤٠٣ هەتاوی /٢٧٢٤ کوردی)ی حەماسی کوردستان؛ کۆمەڵگەیەک لە ئیرادە و بوێریی خۆدەنوێنێ کە ئامادەیە ڕووبەڕووی ستەم بۆ داهاتوویەکی باشتر ببێتەوە. بەڵام ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی دکتۆرینی دەسەڵاتی ڕەها و سەرکوتی دڕندانە و چاودێریی هەمەلایەنە هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو خەڵکەدا بپارێزێت کە تامەزرۆی ئازادیین. بە لەژێرپێنانی دێموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، هەوڵی دەستەبەرکردنی هەژموونی بێ مشتومڕ دەدات، بەڵام لەم گەمەی دەسەڵات و ترسەدا، زۆرجار هێزی خۆڕاگری مرۆڤ و بانگەوازی حەتمی ئازادی بە کەم دەزانێت. ئەو خاکەی ئایەتوڵڵاکان داگیریان کردوە بە دژایەتی و خەباتەکانیەوە ئەو ڕاستییەی تێدایە کە تەنانەت لە قووڵترین تاریکیدا، تیشکێکی ئومێد هەیە. ئایندە نادیارە، بەڵام تا ئەو کاتەی دەنگێ بۆ بەرزکردنەوە، دەستێ بۆ یەکگرتن و دڵێ بۆ هیوا لێ‌دەدات، خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی و مافی گەلانی غەیرە فارس بەردەوام دەبێت. ڕێژیم دەتوانێت جەستە و دەنگەکان لەناو ببات بەڵام هەرگیز ناتوانێت ڕۆحی بەرخۆدانی مرۆڤ کە عەدالەت و کەرامەتی خۆشدەوێت لەناو ببات.