کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاهۆ حوسێنی: کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت

01:32 - 20 رەزبەر 2724

شاهۆ حوسێنی: کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت

 

ئاماژە:  شاهۆ حوسێنی، چاودێری سیاسی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کوردستان‌مێدیا باس لەوە دەکات کە ئیسڕائیل بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە، حەسەن نەسڕوڵڵا و زۆر لە فەرماندەرانی نیزامیی ئێران لە ڕاستیدا بەم شێوەیە پەیامێکی ڕوونیدا بە تاران و بە پێکەن داوە کە هیچ نەزمێکی ئەمنییەتی بەدژ ئەهوەنی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگیر نابێت. ناوبراو پێوەندیدار بە دۆخی کورد لە هاوکێشەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تیشکی خستە سەر ئەوە کە ئێمە پێویستیمان بەهێزی کوردی و کوردستانی بەهێزی زەینی هەیە تا بە پشتیوانی ئەو بتوانین ڕووبەڕووی دژبەران بینەوە، ئەمەش بەر لە هەموو هێزێکی سیاسی، ئەرکی بیرمەند و ڕووناکبیری کوردە کە هێزی سیاسی کوردی بەهۆی هێژمۆنی پێویستە مەجالی بۆ بڕەخسێنێت.

پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت دوای کوشتنی ئیسماعیل هەنیه لە تاران و حەسەن نەسرۆڵڵا لە بەیروت کۆماری ئیسلامی هاندا کە قورستر هێرش بکاتە سەر ئیسڕائیل، خوێندنەوەی بەڕێزتان بۆ ڕەوتی ڕووداوەکانی ناوچەکە چییە؟

ئەم شەڕە ڕاستەوخۆییەی کە ئێستا لە نێوان ئێران و ئیسڕائیل خەریکە زیاتر پەرە دەستێنێت لەڕاستیدا لە تەنیشت شەڕی نەرمی ئایدۆلۆژیکی کە لەسەر ئەساسی فۆندامێنتالیزمی ئایینی‌ بنیادنراوە، کارتێکەریی ژێئۆپۆلەتیکی پێوە دیارە و ئەم کارتێکەرییە بەتایبەت لە پاش ئەوە کە لە سەردەمی باراک ئۆبامادا سیاسەتی ناوچەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوڤین لاوازتر کرا -بەمەبەستی پەرەی حزووری ئەمریکا لە زەریای چین و رۆژهەڵاتی دووری ئاسیا بە ئامانجی پێشگرتن بە هێژمۆنی نیزامی و سیاسی چین و کەمکردنەوە لە هەڕەشەکان بۆ سەر تایوان- ئێران مەجالێکی بەربڵاوتری بۆ ڕەخسا بۆ پەرەی زیاتری هێژمۆنی و لەهەمان کاتیشدا چین بۆ کەمکردنەوەی گوشاری حزووری ئەمریکا لە زەریای چین و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، حەولی دزەکردنی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینیدا و ئێرانیش ئەمەی بە دەرفەتێک بۆخۆی دەزانی. لەوەها دۆخێکدا دۆناڵد تڕامپ سەرۆ‌ککۆماری پاش باراک ئۆباما لەڕیی پەیمانی ئیبراهیم حەولی دا  ئەهوەنی نێونەتەوەیی زیاتری بۆ ئیسڕائیل دابین بکات، بەڵام هاتنە سەرکاری جۆبایدن ئیسڕائیلی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین تا ڕادەیەک تەنیا هێشتەوە. ئیسڕائیل لەمەوبەدوا دۆکتۆرینی ئەهوەنی نێونەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤینی لا گرینگتر بوو و بەپێچەوانەی پێشووتر کە کەمتر حەولی خۆتێوەردانی لە موحیتی ئەهوەنی ڕۆژهەڵاتی ناوڤین دەدا، ئەمجار ئەکتیڤتر هاتە نێو کایەی ئەهوەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئەمەش بەهۆی بەربڵاوتر بوونی هەڕەشەکانی ئێران لەڕیی گرووپە تێرۆریستییەکان لە لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن بوو. لەڕاستیدا دۆکتۆرینی ئەهوەنی نێونەتەوەیی ئیسڕائیل درێژەی دۆکتۆرینی ئەهوەنی نەوەتەوەیی بوو کە بە هەموو شێوەیەک لە نێوخۆ بۆ پاراستنی ئەهوەنی و پەرەی ناوخۆیی ڕەچاو دەکرا بۆ پێشگرتن لە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەهوەنی لەناو ژێئۆپۆلەتیکی ئیسڕائیلدا لەلایەن حەماس و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی‌تری فەلەستینی. ئیسڕائیل بە تایبەت لەپاش ڕێکەوتنی حەماس، فەتح و گرووپەکانی‌تری فەلسەتینی لە چین و بەنێوەندگری پێکەن لە ٢٣ ژووئیە لەپاش هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل لە ١٧ ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ بەستێنێکی لەبار بوو بۆ دەستێوەردانەکانی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پەرەی ئەمنییەتی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، هەر ئەمەش بوو کە ئیسڕائیلی خستە جموجۆڵی زیاتر و لە تاران ئیسماعیل هەنییەی لەناو برد. لە ڕاستیدا بەم شێوەیە پەیامێکی ڕوونیدا بە تاران و بە پێکەن، کە هیچ نەزمێکی ئەمنییەتی بەدژ ئەهوەنی ئیسڕائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین جێگیر نابێت. بەم شێوەیە تێکهەڵچوونی نێوان ئێران و ئیسڕائیل ڕۆژ بەڕۆژ لە پەرەدایە و ئیسڕائیل بە تووندترین شێوە ڕووبەڕوویی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە لە بەرزترین ئاستدا، هەتا هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی لە دوو ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەییدا بۆ سەر ئیسڕائیل لەنێو بەرێت.

ئایا ئیسڕائیل لێبڕاوە بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیم، یان ئیمکانی ڕێکەوتنێک لەگەڵ ڕێژیم لە ئارادایە؟

ئەم شەڕەی ئیسڕائیل لەگەڵ تاران بۆ ئیسڕائیل و بۆ تاران دوو تایبەتمەندی جیاوازی هەیە. تاران خوازیاری پەرەی هێژمۆنی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، چەسپاندنی ژێئۆپۆلەتیکی شیعە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەگشتی ئیمپڕاتۆڕییەتی شیعەیە لە ڕێی سڕینەوەی هەموو دژبەرەکانی. بەپێچەوانە ئیسڕائیل بەهیچ شێوەیەک خوازیاری پەرەی هێژمۆنی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین نییە. حزووری ئیسڕائیل لە موحیتی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین تەنیا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئەهوەنی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی خۆیەتی لەڕێی هەڕەشە سڕینەوەی گرووپە تێرۆریستییەکانی و هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل، بۆیەش هەتا دەستەبەرکردنی ئەهوەنی تێکهەڵچوون هەر بەردەوام دەبێت و ئیسڕائیل شێلگیر دەبێت لە گورز وەشاندن لە کۆماری ئیسلامی و کۆماری ئیسلامییش لانی‌کەم لەبەر دەستەبەرکردنی چاوەڕوانی لایەنگرانی ناچارە درێژە بەم شەڕە بدات، چوون لە ئەگەری ڕێکەوتن لەگەڵ ئیسڕائیل و لە نێوچوونی موحیتی قەیران لە دەرەوە، بیروڕای گشتی کۆمەڵانی خەڵک لەنێوخۆ ئەمجارە زۆر شێلگیرانەتر و ڕادیکاڵتر بەگژ کۆماری ئیسلامیدا دەچن بەهۆی ناکارامەیی، فەساد و گەندەڵی و دیکتاتۆرییەت.

کارناسان و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئیسڕائیل دوای ئەوەی که هێرشەکانی بۆ سەر گرووپەکانی ڕێژیم کۆتایی پێ بێ، هیچ دوور نییە هێرش بکاتە سەر ئێرانیش. بۆچوونی بەڕێزتان بۆ ئەم قسانە چییە؟ ئایا ئەمە بە جۆرێک سیناریۆی ڕێژیم بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک لە شەڕ و سەندنەوەی کاتی زیاترە، یان بە قەوڵی فارس دەڵێ" بە خط آخر رسیدیم" بە جۆرێک ئێعتراف بە داڕمانی ڕێژیمە؟

من لەسەر ئەو باوەڕەم ئیسڕائیل ئەمجارە زۆر بە حەوسەلە مودیرییەتی شەڕ لەگەڵ ئێران دەکات، ئیسڕائیل وڵامی زۆر قورس بە ئێران دەداتەوە و ئەمەش لێرەوە دەبینم کە زەبری وێرانکەر، چاوەڕواننەکراو و قەرەبوونەکراوەی هەم لەحەماس داوە و هەم لە حیزبۆڵڵا. ئیسڕائیل بەتەمایە بە یەکجاری حیزبۆڵڵا و حەماس زەوی‌گیر بکات، لە کاریان بخات بەجۆرێ کە هێزی هیچ جموجۆڵێکی نیزامیان نەمێنیت (بەڵام مەجالی سیاسییان لێ ناستێنێت)، ئینجا کە باسکەکانی پشتیوانیکەری ئێرانی لە سنوورەکانی خۆی لەناو برد نۆبەی ئێران، ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان لە عێراق و بە ئەگەری زۆریش لە یەمەن دەدات، من لەسەر ئەو باوەڕەم کە ئیسڕائیل ئیرادەی جیددی ئەوەیە کە ئەهوەنێکی مسۆگەر و پایەدار بۆخۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوڤین دەستەبەر بکات و بەستێنەکانی هەڕەشە لانی‌کەم تا ماوەیەکی دوور و درێژ بۆ سەر ئیسڕائیل لەناو بەرێت.

دەوڵەتی ئیسڕائیل دوای کوشتنی حەسەن نەسرۆڵڵا بە ئاشکرا ڕایگەیاند کە بە دوای دروستکردنی نەزمێکی نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەم نەزمە نوێیە دەتوانێ ببێتە هۆی کردنەوەی فەزایەکی سیاسی و مەیدانی بۆ کوردستان؟ یان کورد لە کوێ ئەو نەزمە نوێیە جێ دەگرێ؟

کوردستان ئەزموونێکی سیاسی، نیزامی و مەدەنیی بەربڵاو درێژمەودای هەیە، بەجۆرێکە ئەم ئەزموونە بە بەراوەرد لەگەڵ گەلانی‌تری نێو ئێران یەکجار پێشکەوتوو، بەربڵاو و ڕادیکاڵە، بەڵام چەقی کێشە و قەیرانی کوردستان ئەوەیە، کە کوردستان وەک چەمک، مەفهووم و ئاگایی نەبۆتە دیاردەیەکی گشتگیری هاوبەش لەناو هێزە سیاسییە جیاوەازەکان لەلایەک و لەلایەکی‌تر لەناو هێزی سیاسی و هێزی مەدەنی ناو کۆمەڵگە، ئەم لێک‌دابڕاویە زەینی و مەعریفیە بۆتە هۆی دابڕانی ئاگایی، فامی و تێگەیشتووی و لەئاکام‌دا دابڕاوی و لێک‌ترازانی گشتی کۆمەڵگە، بەگشتی کورد و کوردستان لە ساحەی سیاسی کوردستاندا و لەناو هێزە سیاسییەکانی‌ کوردستاندا چەمک‌گەلێک و دیاردەگەلێکی مەعتووف بە دەسەڵات، حکوومەت، هێژمۆنی و نفووزی سیاسین، تا چەمک‌گەلێکی مەعتووف بە شعوو و ئاگایی نەتەوەیی و تێگەیشتوویەکی سوبژێکتیڤانە لەناو زەینی تاک و کۆمەڵگەدا، ڕەوتی یەکەم لێکترازان و دابڕاوی لێکەوتۆتەوە و ڕەوتی دووهەم دەتوانێ بەرهەمهێنی یەکگرتوویی و ئیتحاد بێت، ئەو دیاردەیەی کە دەتوانێ بەستێن و جەوهەری هێزی کوردی نەک لە نێوخۆ بەڵکوو لە دەرەوەی سنوورەکانی کوردستانیش بێت و لە کێشەی ناوچەییشدا کورد بتوانێ دەور بگێڕێت.

پێتان وایە ئەرکی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە تایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە وەک باس دەکری دەستی لایەنی دەرەکی بۆ هێنانەوەی "کوڕی شا"و زەقکردنەوەی لە مێدیاکان لە ئارادایە چییە؟

من پێوایە دیسکۆرسی زاڵ بەسەر فەزای گشتی کۆمەڵگەی فارسدا لەژێر کارتێکەری فۆندامێنتالیزمی شیعە، دیسکۆرسێکی ناجی‌خواز، بناژوێخواز، پاوانخواز و دژە ئەوی‌ترە، ئەم دیسکۆرسە بەردەوام دیکتاتۆڕییەت، پاوانکردنی سیاسی، ئەوی‌تر سڕینەوەی لێ‌دەکەوێتەوە.کەوابێ بێ‌هوودەیە لە مرۆڤی فارس بەگشتی چاوەڕوانی ویکهەڵکردن و هاوزیستی دوور لە کێشە و قەیران. ئەوەیکە بۆتە سەرچاوەی هێز بۆ پۆزیسیون و ئۆپۆزیسیونی فارس لەڕاستیدا بەناخی مێشکدا ڕۆچوون و هاوبەش بوونی تاک و کۆمەڵگەی فارسی لەم دیاردەیە دایە، واتە ئەوان بەهەموو ڕوانگە جیاوازەکان خاوەن تایبەتمەندی وێکچووی وێژمانین بۆیەش هەر لایەنێک هێژمۆن بێت، فارس یەکگرتوو دەبێت. لەبەرامبەر‌دا کۆمەڵگەی کوردستان دەتوانێ وەک دیسکۆرسی ڕەقیب بنیادنەر، هەڵگر و پەرەپێدەری دیسکۆرسی ئازادیخوازانە بێت، واتە زەینی تاکی کورد ببێتە بەستێنی باوەڕ بە سووژەی سەربەخۆی کوردی، سنووبەندیەکی وێژمانی، مەعریفی و زەینی لە نێوان خۆی و ئەویتری فارسی پاوانخواز‌دا ساز بکات و بەر لەوەکە لە فکری ڕێکەوتن لەگەڵ ئەویتری فارس بێت بۆ دەستەبەرکردنی بەشی دەسەڵات و وەرگرتنی ڕانتی دەسەڵات، لەفرکی یەکگرتوو کردنی تاک و کۆمەڵگەی کوردیدا بێت لەسەر ئەساس و بنەمای شەرعییەتی سەربەخۆیی کورد و کوردستان و ئینجا دەشکرێ لەگەڵ نەتەوەکانی‌تر لەناو جەغزی زەینییەتێکی باوەڕمەند بە فرەیی و پلۆرالیزم ژیانی هاوبەش بەڕێ بکرێت، بەڵام لە دۆخی ئێستای ئێراندا بەهیچ شێوەیەک ئەم بەستێنە بوونی نییە، بۆیە ئێمە پێویستیمان بەهێزی کوردی و کوردستانی بەهێزی زەینی هەیە تا بە پشتیوانی ئەو بتوانین ڕووبەڕووی دژبەران بینەوە، ئەمەش بەر لە هەموو هێزێکی سیاسی، ئەرکی بیرمەند و ڕووناکبیری کوردە کە هێزی سیاسی کوردی بەهۆی هێژمۆنی پێویستە مەجالی بۆ بڕەخسێنێت.