کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاندۆلیزا ڕایس: نەبوونی ڕێککەوتن لەگەڵ تاران زۆر باشترە لە ڕێککەوتنێکی خراپ

14:30 - 14 جۆزەردان 2726

کاندۆلیزا ڕایس، وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" بە هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی شەڕ دژی ئێران ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و پێویستە واشنگتۆن لە پێدانی هەر جۆرە ئێمتیازێکی خێرا، سووککردنی گەمارۆکان یان ئازادکردنی داراییە سڕکراوەکانی تاران خۆی بپارێزێت؛ چونکە لەم قۆناغەدا، نەبوونی ڕێککەوتن لە قەبووڵکردنی ڕێککەوتنێکی خراپ زۆر باشترە.

ڕایس جەختی کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وەک "چەکوشی نیوەشەو" و "تووڕەیی حەماسی"، هێزی مووشەکی، تۆڕی گرووپە بەکرێگیراوەکان و ژێرخانی ئەتۆمیی تارانیان چەندین ساڵ وە پاش داوە، دامەزراوەکانی پیتاندنیان وێران کردووە و زانا سەرەکەیەکانیشیان لەنێو بردووە.

بە بڕوای ئەو، ئەم شەڕە هاوکات بووەتە هۆی بەهێزبوونی هاوکاریی بەرگری و هەواڵگری لە نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبیدا و ئەمنییەتی ئیسرائیلی گەیاندووەتە بەرزترین ئاست.

وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا هۆشداریی دایە دەوڵەتی ترامپ کە نابێت هەڵەکانی ڕابردوو دووبارە بکاتەوە، چونکە تاران پارە ئازادکراوەکان بۆ بنیاتنانەوەی هێزە چەکدارەکانی بەکار دەهێنێتەوە.

ناوبراو داوای کرد هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە ئامادەیی بمێنێتەوە و جەختی کردەوە کە ئێستا بۆ داڕشتنی نەزمێکی نوێ و سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کات لە بەرژەوەندیی واشنگتۆندایە.