کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە: بەشداریکردنی کورد لە شەڕی ئێراندا بەبێ گەرەنتی نێودەوڵەتی کارەساتبارە

16:34 - 14 جۆزەردان 2726

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (PDKI)، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی-شیکاریی سەربەخۆی (The Amargi) لە ٣ی ژوئەنی ٢٠٢٦دا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی لایەنە کوردییەکان کرد.

ناوبراو ڕایگەیاند کە هەر جۆرە بەشداریکردنێکی سەربازیی کوردەکان لە شەڕی ئێستای ئێراندا بەبێ گەرەنتیی ڕوونی نێودەوڵەتی، ''هەڵەیەکی ستراتێژی'' گەورەیە و دەکرێت ببێتە هۆی شکست و کارەساتێکی مرۆیی نوێ.

مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن‌زادە ڕایگەیاند، ''ئەم شەڕە، شەڕی کورد نییە'' و کورد لە هێرشەکان ناپارێزێت و ناشیکاتە هاوپەیمانی ئەمریکا؛ چونکە ئامانجەکانی کورد لەگەڵ هێزە دەرەکییەکان جیاوازن.

ناوبراو پاڵپشتی خۆی بۆ کشانەوەی حیزبە کوردییەکان لە هێرشی سەربازیی نێوخۆیی دەربڕی و وتی، جووڵەی سەربازی تەنیا لە کاتی هەرەسی ڕێژیم یان ڕاپەڕینی سەرتاسەریدا دروستە، ئەویش بە مەرجی یەکڕیزی و لەبەرچاوگرتنی ناوچە هەستیارەکانی وەک ورمێ و کرماشان.

مامۆستا عەبدوڵڵا بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی دۆناڵد ترامپ وتی، واشنگتۆن ستراتێژییەکی ڕوونی بۆ ڕووخاندنی ڕێژیم نییە و مافی مرۆڤ لای ئەوان بابەتێکی پەراوێزییە؛ بۆیە بەبێ گەرەنتی، هەر هاوکارییەک تەنیا وەک ئامراز بەکارهێنان و پاشان جێهێشتنی لێدەکەوێتەوە.

لە کۆتاییدا، مامۆستا دۆخی ئێستای کوردی لە ناوچەکەدا بە پڕ لە هەڕەشە وەسف کرد و وتی، دڵنیا نییە خەباتی چەکداری وەک ڕابردوو کاریگەر بێت، بۆیە پێویستە خەباتی سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی بخرێتە پێشینە. جەختیشی کردەوە کە دەبێت سەرەتا بەدیلێکی دێموکراتیک لە ئێراندا بێتە ئاراوە و کورد لە ڕێڕەوێکی قۆناغ بە قۆناغی سیاسیدا بجووڵێتەوە تا ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی خولی شەڕ و ئاوارەیی بکرێت.