ئاماری کۆمپانیاکانی چاوەدێریی نەوتهەڵگرەکان نیشانی دەدات کە گەیاندنی ڕۆژانەی نەوتی ئێران بۆ چین بۆ ١.١ میلیۆن بەرمیل دابەزیوە، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی ١٧ مانگی ڕابردوودا.
بەهۆی گۆشەگیریی دەریایی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەمریکاوە، بارکردنی نەوتی ئێران بۆ ٣٠٠ هەزار بەرمیل و هەناردەی ڕاستەقینە بۆ کەمتر لە ٢٦٠ هەزار بەرمیل داڕماوە؛ لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو پتر لە ١.٦ میلیۆن بەرمیل بوو.
شکستی تاران لە شکاندنی گەمارۆ دەریایییەکان، ناچاری کردووە بۆ دابینکردنی نەوتی چین پەنا بباتە بەر کۆگا سەرئاوکەوتووەکانی لە ئاسیادا، بەمەش پاشەکەوتی نەوتی سەرئاوی ئێران لە ١٣٠ میلیۆن بەرمیلەوە بۆ ٧٩ میلیۆن بەرمیل کەم بووەتەوە.
هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی نەوت، تاران ناچار بووە دوای ماوەیەک وەستان بەهۆی داخرانی گەرووی هۆرمۆز، دووبارە داشکاندنی ٥٠ سێنت تا ١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک پێشکەش بکاتەوە، بەڵام پاڵاوگە بچووکەکانی چین بەهۆی گرانیی بازاڕەوە چالاکییەکانیان کەم کردووەتەوە و کەمتر خوازیاری کڕینی نەوتن.
وردەکاریی ئامارەکانی کۆمپانیای "کێپلێر" نیشانی دەدات کە چین لە مانگی ڕابردوودا، ئاستی هاوردەکردنی نەوتی خۆی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ڕێژەی ١٨٪ بەراورد بە مانگی ئەپریل و بە ڕێژەی ٣٦٪ بەراورد بە مانگی مارس کەم کردووەتەوە.