کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دامەزراوەی بروومەند: لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا ٦٨٥ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون

16:08 - 14 جۆزەردان 2726

دامەزراوەی عەبدلوڕەحمان بروومەند بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ی زایینییەوە تا ئێستا، توانیویەتی ٦٨٥ حاڵەتی لەسێدارەدان لە ئێراندا تۆمار بکات کە لانیکەم ٥٤ حاڵەتیان لە نێوەڕاستی بانەمەڕ تا نێوەڕاستی جۆزەردان جێبەجێ کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، لەم ڕێژەیە لانیکەم ٤١ کەسیان بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنییەتی لە سێدارە دراون کە ١٧ کەسیان لە خۆپیشاندەرانی دەسبەسەرکراوی بەفرانباری ١٤٠٤ بوون.

ئەم ناوەندە جەختی کردەوە لە کاتێکدا سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر دۆسییەی ئەتۆمیی تاران و گرژییەکانی گەرووی هۆرمۆزە، کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندنی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی بەربڵاو دژی بەندکراوانی سیاسی خێراتر کردووە.

ئەم دامەزراوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پرۆسەی لەسێدارەدانەکان پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژێم، ڕووی لە زیادبوون کردووە.

تۆمەتەکانی وەک سیخوڕی، بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان، ناردنی زانیاری بۆ دەرەوەی وڵات و ئەندامییەتی لە حیزب و ڕێکخراوە دژبەرەکاندا، لەژێر ئەشکەنجە و لە ژوورە تاکەکەسییەکاندا بەسەر هاووڵاتییاندا دەسەپێندرێن و بەبێ هەبوونی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە جێبەجێ دەکرێن.