وەزارەتی نێوخۆی بەحرەین دەسبەسەرکردنی ١٥ کەسی بە تۆمەتی پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕاگەیاند.
ڕۆژنامەی "ئەلشەرق ئەلئەوسەت" لە زمان ئەم وەزارەتخانەیەوە بڵاوی کردەوە کە لێکۆڵینەوە و ڕاپۆرتە ئەمنییەتییەکان نیشانی دەدەن کە دەسبەسەرکراوان بەرپرسی جێبەجێکردنی فەرمانی هاندەرانە بوون.
ئەم کەسانە تۆمەتبارن بەوەی کە ویستوویانە کاریگەری لەسەر هاووڵاتییان دابنێن، بەو مەبەستەی بیانکێشنە ناو ئەو چالاکییانەی کە بەپێی یاساکانی بەحرەین وەک تاوان ئەژمار دەکرێن.
پێشتر دادگای تاوانەکانی بەحرەین، ژنێکی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ سپای پاسداران، ناردنی زانیاریی هەستیار لەسەر ناوەندە ئەمنییەتی و نیشتمانییەکانی بەحرەین و ئەنجامدانی کردەوەی دوژمنکارانە دژی ئەو وڵاتە، بە زیندانی هەمیشەیی مەحکووم کردبوو.
پێشتر ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە وڵاتانی عەرەبی کەنداو لەوانە کوەیت، ئیمارات و بەحرەین لە کاتی شەڕی دژ بە ئێراندا، پتر لە ١٠٠ کەسی شیعەیان بە تۆمەتی "خیانەت" دەسبەسەر کردووە.