"قووڵاییی ستراتێژیک" یا قووڵاییی شکست؟
هەردی سەلیمی
کێشە و ململانێی ئیسرائیل و فەلەستین لە ٧ـی ئۆکتۆبرەوە دەستی پێنەکردووە، ئەم ململانێیە ئاکامی ساڵانێکی زۆر لە پەراوێزخستن و هەڵاواردنە، کە بەردەوام سەر هەڵدەداتەوە و چارەسەرێکی یەکجاریی نەبووە. نە ئیسرائیل توانیویەتی هەر جۆرە تێکۆشانێک لەوێ سەرکوت بکات، نە فەلەستینییەکانیش دەستیان لە خەبات کێشاوەتەوە. وەلێ ئەمجارە سەرەڕای شەڕ و تێچوویەکی قووڵ وا وێدەچێ گەڵاڵەی دوووڵاتی کە پێشنیارکەران و پاڵپشتانی نێودەوڵەتیی زۆری هەیە، بە ئەنجام بگات.
ئەگەر ئەم گریمانەیە قەبووڵ بکەین، ڕۆڵ و دۆخی کۆماری ئیسلامی لە داهاتووی ئەم پێوەندییەدا چی و چۆن دەبێ؟ هەر لە ئێستاوە وڵاتانێکی زۆر ڕووی دەمیان لە "مەحموود عەباس"ـە و "فتح" بە بەرپرسیار دەزانن لە بەرامبەر چارەنووسی نەتەوەی فەلەستیندا. بە واتایەکی تر "حماس" کە کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە باڵەکانی خۆیی دەزانی و بەپێی بەڵگەکان لە دنەدانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ڕۆڵی هەبوو، وردەوردە سەرەڕای ئەوەی تێچوویەکی زۆری داوە و پرسی فەلەستینی دیسان ورووژاندووەتەوە، ئەوە هیچ لە ڕووی فیزیکییەوە خەریکە لەنێو دەچێ، لە ڕووی سیاسییشەوە هەر بە هەمان چارەنووس دوچار دەبێ؛ لەم حاڵەتەدا گەر حەماس بشمێنێ، بەم پێناسەی ئێستای نامێنێ و لە ڕاستیدا لە ڕووی ڕوویکەردەوە گۆڕانێکی بنەڕەتیی بەسەردا دێ، کەواتە دەتوانین بڵێین بەپێی ئەم گریمانەیە وڵاتێکی سەربەخۆ بەناوی فەلەستین دادەمەزرێ، بەڵام بە ڕێبەریی هزریی فەتح.
کۆماری ئیسلامی زەربەی جددیی لێکەوتووە و یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی کە هێزە نیابەتییەکانی بوو، لە بەردەم لەنێوچووندان و گەر لەنێویش نەچن، خەریکن بە خێرایییەکی لەبەرچاو بەتاڵ دەبنەوە لەو کارایییەی کەوا بۆیان دیاری کرابوو. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لەم ساڵانەی دواییدا دەستەواژەیەکی نوێیان هێنابووە کایەوە و چەند ساڵێک سکی لایەنگرانی خۆیان پێ تێر کرد، ئەویش "قووڵاییی ستراتێژیک" بوو، کە بەدوای شەڕی نێوخۆییی سووریە هاتە سەر زاران. ئەم دەستەواژە نیزامی-ئەمنیەتییە بەو واتا بوو کە شەڕ و کێشە بە چەندسەد کیلۆمەتر لە جوغرافیای ئێران دوور دەکەوێتەوە و ئەو هێزانەی سەر بە کۆماری ئیسلامین، دەبنە چەند شوورەی بەرگری و بەدەوری ئێراندا دەچنرێن. ئێستا بەکردەوە دەبینین ئەم هێزانە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ لاوازتر دەبن، هەروەها ئەو شوورەیەی وا کۆماری ئیسلامی بەناوی قووڵاییی ستراتێژیک دەرخواردی خەڵکی دەدا، هەڵکەندراوە.
بەدەر لەوەش قووڵاییی ستراتێژیک زیاتر لەسەر زەوی واتای هەیە، ئێستا کە بەشی زۆری شەڕەکە ئاسمانییە، خۆی لە خۆیدا بێواتاتر دەبێ لە پێشووتری. چون کۆماری ئیسلامی لە ڕووی ئاسمانییەوە لاوازە و هەر لە سەرەتاوە بەهۆی تەحریم و گەمارۆکان، دەستی لە فڕۆکە شوشتەوە و ڕووی لە پیشەی مووشەکی کرد، کە ئەویشی تا ئێستا ولامدەر نەبووە بەپێی پێویست. ئەم ڕاستییە نیزامییەش لەبەرچاو نەگرین، دەبێ ئەوە لەبەرچاو بگرین کە کۆماری ئیسلامی لەلایەن دوژمنی سەرەکیی خۆیەوە واتە ئیسرائیل، چەندین جار لە دڵی تاران و شارەکانی تری ئێراندا کراوەتە ئامانج و گورزی کوشندەی وێکەوتووە؛ ئێستا کەس ئامادە نییە بێ و وڵامێک بداتەوە و ڕوونی بکاتەوە کە بۆچی سەڕەرای ئەم هەمووە تێچووە، ئاکامەکەی ئاوا دەرچوو.
حیزبوڵڵا کە لە سەرەتادا دەیکوت: "هەتا ئاگربەس نەکرێ لە غەززە بەردەوام دەبین لە هێرشەکانمان بۆ سەر ئیسرائیل"، ئێستا بەڕاشکاوی پێشوازی لە وتووێژ دەکات و مەرجی ئاگربەسی غەززەشی دانەناوە بۆ ئەو وتووێژە ئیحتمالییە، هەر لە بنەڕەتڕا لە ئاستێکدا نییە کە مەرج دیاری بکات. حووسییەکان دەیانهەویست پێش بە بازرگانیی جیهانی بگرن و هەتا ئاگربەس لە غەززە بەردەوام بن، بەڵام ئێستا دەنگیان لێ بڕاوە. کۆماری ئیسلامی کە پێشتر گلەییی لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو دەکرد و بەوە تاوانباری دەکردن پاڵپشتی لە دۆزی فەلەستین ناکەن، ئێستا وەزیری دەرەوەی دەنێرێ بۆ لایان بەشکوو تکایەکیان بۆ بکەن. هەر لەم پێوەندییەدا بەپێی هەواڵێک کە "شرق الاوسط" بڵاوی کردووەتەوە کۆماری ئیسلامی وتوویەتی: گەر وڵامدانەوەی ئیسرائیل زۆر توند نەبێ، وڵامی نادەنەوە.
کۆماری ئیسلامی لەم ماوەیەدا و سەرەڕای هاژەوگیڤەکانی بۆی دەرکەوت نەک هێزەکانی بەڵکوو خۆیشی ئەم شەڕەی پێناکرێ و گەر درێژە پێبدات لەنێویش دەچێ، لە ڕووی نیزامییەوە شکست لەدوای شکست تۆمار دەکات و لە ڕووی سیاسییشەوە تازە درەنگە بۆ ئەوەی دەستەوداوێنی عەرەبستانێک بێ کە چەند ساڵ لەمەوبەر باڵوێزخانەکەیان لە تاران ئاور تێبەردا. دێینەوە سەرەتای باسەکەمان مەحموود عەباس و بەشێکی زۆر لە چالاکانی سیاسیی عەرەب، ڕاشکاوانە داوایان لە کۆماری ئیسلامی کردووە، واز لە پرسی فەلەستین بێنێ و چارەسەری ئەم کێشەیە بۆ خۆیان بێڵێتەوە. بۆیە دەبێ بڵێین لە ئەگەری دامەزرانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین، هەموو ئەو وڵاتانەی وا ئێستا بەڕواڵەت بێدەنگن و هەر لە ڕێی دیپلۆماسییەوە هەوڵ دەدەن، لە داهاتووی ئەو دەوڵەتە نوێیەدا بە دەیان قات پلەیان بەرزتر دەبێ لە کۆماری ئیسلامی، ئەگەر هەتا ئەو کات کۆماری ئیسلامییەک مابێ؛ بەڵێ ئەوەی ناویان نابوو قووڵاییی ستراتێژیک، ئێستا قووڵاییی شکستێکە ئەوسەری نادیار.