کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هەزار ئەشکەوت" و سەرنجەکانی منی خوێنەر

12:17 - 21 رەزبەر 2724

"هەزار ئەشکەوت" و سەرنجەکانی منی خوێنەر

هەنار سەقزی

هاوڕێیەکی زۆر ئازیز داوای لێ‌کردم هەزار ئەشکەوت بخوێنمەوە. پێداگریی بێوچانی ئەو خۆشەویستە تووشی سەرسوڕمانی کردم. بڵێی «هەزار ئەشکەوت» چ بێ و هەڵگری چ پەیام و وانەیەک بێت؟

ناچار پێوەندیم بە کتێب‌فرۆشییەکەوە گرت و لێم پرسی «هەزار ئەشکەوت» بەردەستە؟ بەختەوەرانە کوتی بەڵێ، هەیە. کە چوومە ئەوێ و چاوم بە کتێبەکە کەوت، دیسان سەرم سووڕما. کتێبێکی ٩٥٠ لاپەڕەیی!

قۆڵم لێ هەڵماڵی و بە چوار ڕۆژ تەواوم کرد. ئەوەش لە ئازایەتی و گورجوگۆڵیی خۆمەوە نەبوو. «هەزار ئەشکەوت» وات لێ‌دەکا. ڕاکێشت دەکا، نوقمی خۆیت دەکا، جار جار بزە و پێکەنین دێنێتە سەر لێوت، جار جاریش لە ناخەوە دەتهەژێنێ و چاو یەک و فرمێسک هەزار، وەها وەگریانت دەخا.

هەر وەک جەنابی مامۆستا لە پێشەکی کتێبەکەدا دەفەرموێ:

«هەزار ئەشکەوت» بەرت نادا و بە دوای خۆیدا دەتکێشێ و هەموو شاخ و دووندەکانت دەبا و مەزرا و مێرگ و چیمەنی دێهاتی کوردەواریت پێ دەپشکنێ و ئەشکەوت و تاشەبەرد و جێ حەسانەوەی هەڵۆکانی نیشتمانت پێ نیشان دەدا و سەرت پێ بە ماڵە هەژار و کۆیلەی دەستی زۆردارەکاندا دەکا و لە هەمان کاتیشدا دەتباتە قەڵا و دیوەخانی ئاغا و زاڵم و خوداپێداوان.

«هەزار ئەشکەوت» پیلی گرتم و شاخ و دەشت و شار و گوندی نیشتمانە بێنازەکەمانی پێ پشکنیم و ستەمی چینایەتی و نەتەوەیی زیاتر لە جاران بۆ خستمە ڕوو. گەورەیی و لەخۆبوردوویی و فیداکاری و خۆنەویستی و گیانبازی و پاکی و ڕاستیی باشترین ڕۆڵەکانی ئەو نیشتمانەی زیاتر بۆ وەدەرخستم. لەگەڵ ئەوانەشدا زوڵمی زاڵم و خیانەت و غەدری هاوخوێنی پێ نیشان دام.

کاتێک کاک تاهیر بە دەستی کوێخا شەریف شەهید بوو لەگەڵ دابارینی فرمێسکەکانم شێعری «هۆرە»ی ک.د.ئازاد هاتەوە یادم:

زامی به‌ ناسۆرم زۆرن!

به‌ درێژایی باڵای مێژوو،

شمشێر و خه‌نجه‌ر و گولله‌،

کێڵگه‌ی جه‌سته‌یان ناسیوم!

نه‌به‌زیوم، نه‌تۆقیوم!

بۆ جارێک ڕانه‌چڵه‌کیوم!

ناڵێم قاقا پێکه‌نیوم!

به‌ڵام له‌نێو برینه‌کانا،

ئه‌و زامانه‌ به‌ ئێش تربوون،

ده‌ستی خۆیی پێی به‌خشیوم!

 

کاتێک مەلا ئاوارە هەڵۆکانی کۆ کردەوە و هەواڵی شەهیدبوونی کاک سولەیمان موعینی و خەلیل شەوباشی پێ ڕاگەیاندن لەگەڵ گریان و نفرەت بیرم لەوە دەکردەوە:

ئەگەر هۆرە لە خۆم نەبێ

سوپای تەورەکانی ستەم

قەت ناتوانن،

یەک پەلیشم ببڕنەوە

لەسەر جەستەم!

 

کاتێک مەلا ئاوارە و پۆلێک کۆتری هاوڕێ و هاوڕێبازی بە غەدر کەوتنە داوی درۆ و خیانەتی هاوخوێن و هاوزمانی خۆیانەوە، لەگەڵ هەنیسک و گریان و بە ڕقێکی پیرۆزەوە دەمگوت:

نایەتە ئەژمار،

تا ئێستاچەند جار؛

بە دەستی خۆیی،

پشتم شکاوە!

بە چەقۆی خۆیی،

خوێنم ڕژاوە!

جا لەوانەیە ئەو هەموو غەدر و خیانەت و نەهامەتی و کوێرەوەری و بە ئاکام نەگەیشتن و قوربانیدانەی کورد، خوێنەر تووشی دڵساردی بکا. بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەتوانێ ئەو ڕاستییەشت بۆ دەرخا کە کورد نەتەوەیەکی خۆڕاگر و لەشکان‌نەهاتوویە و ئەوە تایبەتمەندیی کوردە کە دوای هەر کەوتنێک دیسان هەڵدەستێتەوە و کۆڵ نادا و بە ورە و وزەیەکی زیاتر ئاگری خەبات خۆشتر دەکاتەوە.

ڕەنگە ئەوە تایبەتمەندی و سرووشتی کورد بێت کە دوای هەر کەوتنێک دیسان ڕاسان و دیسان هەستانەوە، دوای هەر تاهیرێک سەدان تاهیر و دوای هەر موعینی و مەلا ئاوارەیەک هەزارن موعینی و مەلا ئاوارەی دیکە لە داوێنی دایکی نیشتماندا پەروەردە دەکرێن و ناهێڵن ئەو مەشخەڵە تەنانەت بۆ چرکەیەک بکووژێتەوە.

پێم وایە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و مافخوازی و لەگەڵ ئەوانەشدا پەیامی «نەسرەوتن تا سەرکەوتن» وانەی سەرەکی کتێبەکە بێت بەڵام لەگەڵ ئەوانە شتێک کە بۆ من زۆر جێی سەرنج بوو دەریای بێ بنی زمانی کوردی و هەزاران مەتەڵ و دەستەواژەی ڕەسەن بوو کە بەداخەوە پێش ئەوەی ئەو شاکارەی کاک عومەر مەولوودی بخوێنمەوە بە گوێم ئاشنا نەبوون.

«هەزار ئەشکەوت» مەیدانی شەڕ و بەربەرەکانییە، شەڕی نێوان حەق و ناحەق، شەڕی نێوان باش و جاش، شەڕی نێوان نیشتمانپەروەر و خائینان، شەڕی نێوان کورد و داگیرکەری خاکەکەی، شەڕی نێوان ئەوینی ڕاستەقینە و هەوەس، شەڕی نێوان پیاو و نا پیاو، شەڕی نێوان پاکی و ناپاکی و شەڕی نێوان جوانی و ناحەزی و شەڕی نێوان نوور و تاریکی.

«هەزار ئەشکەوت» ئاوێنەی باڵانوێنی مێژوومانە، داخەکەم لەگەڵ ئەوەی چل پەنجا ساڵ لەو ڕووداوانە تێ‌دەپەڕێ، ئێستاشی لەگەڵ بێت جەهل و خوڕافات و بێسەوادی و خیانەت و خۆخۆری و بێگانەپەرستی و درۆ و چەواشە و بەرژەوەندی خوازی و بە گشتی زۆر یەک لەو دەردانەی سەردەمی ڕووداوەکانی هەزار ئەشکەوت، لەنێو کورددا بنەبڕ نەکراوە و ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر بەو دەردە کۆنانەوە دەناڵێنین.

ئەو شاکارەی کاک عومەر ئەوەندە چێژبەخش بوو کە نەمتوانی پێش خۆم بگرم، گوتم بەشکم بەو قسانەی من کەسێک یا کەسانێک هان بدرێن بۆ خوێندنەوەی «هەزار ئەشکەوت» و بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیبێتم وەفا و ئەمەگی خۆم بۆ نووسەر و خوڵقێنەری ئەو شاکارە دەربڕم.

دیارە هەڵسەنگاندن و لە تەرازوودانی «هەزار ئەشکەوت» کاری پسپۆڕانی ئەدەبیات و بە تایبەت ڕۆمان نووس و چیرۆک نووسەکانە. من تەنیا وەک خوێنەرێک زۆر وانەی بە نرخ و دنیایەک ورە و وزە و گڕ و تینم لێ وەرگرت.

هیواخوازی لەشساغی و تەمەندرێژی و کەیفخۆشی بۆ کاک عومەر مەولوودیم و ئاواتەخوازم بە زووترین کات ئەو شانازییەم پێ ببڕێ بتوانم لە نزیکەوە بە خزمەتی بگەم  و بە دیداری بەڕێزیان شاد بم.