کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نێعمەتی شەڕ لای فاشیزمی مەزهەبیی ئێران

09:48 - 22 رەزبەر 2724

نێعمەتی شەڕ لای فاشیزمی مەزهەبیی ئێران

عەلی بداغی

٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران جیا لە نەگبەتیی شەڕ، ماڵوێرانی، هەژاری و داڕمانی ئابووری و بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان ئاکامێکی دیکەی نەبووە. لانیکەم دیکتاتۆر و فاشیستەکانی پێشووی وەک هیتلێر و مووسولینی بە پلانە ئابوورییەکانیان توانیبوویان پێداویستیی ژیانی شەرەفمەندانەی توێژەکانی خوارووی کۆمەڵگە دابین بکەن و ماشێنی نیزامی و شەڕی وڵاتەکەیان لەسەر پیشەسازی و ئابوورییەکی بەهێزی خۆوڵاتی بنیات بنێن. بەڵام خومەینی و میراتگری دواتری بە چەوساندنەوە و برسیکردنی خەڵکی وڵات، بە سەرکوتی خوێناوی هەرچەشنە بزووتنەوەیەکی مافخوازانە و ڕەوا لە کۆمەڵگەدا، و بە هەرزانفرۆش‌کردنی سەروەت و سامانی گشتیی وڵات بە وڵاتانی وەک چین و ڕووسیە، سوپای جەنگی و مووشەکەکانی لەسەر پێ ڕاگرتوە و ئاگری شەڕی لە ناوچەدا هەڵگیرساندوە.

با بۆ سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بگەڕێینەوە. دوای هێرشی عێڕاق بۆ سەر ئێران و داگیرکردنی چەند شارێکی وەک خوڕەمشار، لە ماوەی چەند مانگدا و پاش شکاندنی گەمارۆی سەر ئابادان و وەرگرتنەوەی خوڕەمشار و پاشەکشەی سوپای سەدام دەکرا شەڕ کۆتایی بێت. بۆ کۆتایی‌هێنان بە شەڕەکەش زۆر لایەنی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کەوتنە خۆ، بەڵام خومەینی بە دروشمی "شەڕ شەڕ هەتا سەرکەوتن" ئەم شەڕەی بۆ ماوەی حەوت ساڵی دیکە درێژ کردەوە. دواجار نەک هیچ سەرکەوتنێکی پێ نەبڕا، بەڵکوو ناچار بوو جامە ژارەکەش فڕ کا، بەڵام ئەم شەڕخوازییەی کۆماری ئیسلامی چی بە سەر کۆمەڵگە و وڵاتی ئێران هێنابوو:

٢٢٦ هەزار کوژراو، ٥٧٥ هەزار بریندار، ٦٢٧ میلیارد دۆلار تێچووی شەڕ،  ٦٤٤ میلیارد دۆلار زیان و خەساری ماددی و دارایی لە ژێرخانی ئابووریی وڵات، دابەزینی نەوت لە ٣٥ دۆلارەوە بۆ ١٠ دۆلار، وێرانیی ژینگە و فەوتان و تێداچوونی سەتا ٨٠ی نەخلستانەکانی باشووری ئێران، تەرتوتونابوونی ٧٣٥ تانک، ٣٩٧ فڕۆکەی شەڕکەر و ٣٥٤ هێلی‌کۆپتەر؛ هەروەها بەجێمانی ١٦ میلیۆن مین لە خوزستان و کوردستان، کە پاش ٣٥ ساڵ لە کۆتایی ئەو شەڕە ئێستاش لەبن پێی خەڵکدا دەتەقێنەوە و کارەساتیان لێ دەکەوێتەوە.

خومەینی ساڵێک پێش ئەوەی فیتوای شەڕ دژی عێڕاق بدا و دروشمی "شەڕ نێعمەتی خواییە" بەرز بکاتەوە، لە نێوخۆی وڵاتیشدا فیتوای جیهاد و شەڕ لە دژی کوردەکانی دابوو، ئەو شەڕفڕۆشی و تامەزرۆییەی کۆماری ئیسلامی بە وێرانی و خوێنڕشتن ئەگەرچی خەڵک و وڵاتی تووشی زۆر خەسار و قەیران کردوە، بەڵام بۆ ڕێژیم پڕ دەسکەوت بووە. لە سۆنگەی پێشترێتیی شەڕەوە هەموو جموجۆلێکی مافخوازانە و ناڕەزایەتییەکی سەرکوت کراون، هەزاران چالاکیی سیاسیی لە زیندانەکاندا گوللەباران و لەدار دراون؛ دوایەش هێزە چەکدار و ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم بوون بە دەیان مافیا و کارتێلی ئابووری بۆ مژینی خوێنی خەڵک و بەتاڵانبردنی سامانی وڵات بۆ شەڕفرۆشییە ئایدۆلۆژییەکان و وەدیهێنانی هیلالی شیعە!

پەرەدان بە توندئاژۆیی ئایینی، تێرۆریزمی دەوڵەتی، دروستکردنی میلیشیا و پڕچەککردنیان بۆ شەڕی نیابەتی، قووڵایی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی بەرگێڕەوەی ڕێژیم هەتا ئێستا بووە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی ڕابردوودا دەیان میلیارد دۆلار لە سامانی گشتیی خەڵکی ئێرانی بۆ  ئەم ستراتیژییە خەرج کرد، بەڵام بینیمان کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە فەلەستین، لوبنان، یەمەن و سووریە بوونە هەمووی بوونە تۆز و خۆڵ و ئاگر و چوونە ئاسمان!

لەلایەکی دیکە و لە تەنیشت بەفیڕۆدان و تێداچوونی دەیان میلیارد دۆلار لە سامانی خەڵکی ئێران کە خەرجی ماشێنی تێرۆر و شەڕانشۆیی کۆماری ئیسلامی کراوە، دەیان هەزار کەسیش لەو وڵاتە بەڵالێدراوانەدا بوونەتە قوربانیی سیاسەتی شەڕهەڵایسنیی ڕێژیم کە بەشی زۆریان خەڵکی مەدەنی و ژن و منداڵ بوون. بێگومان ویژدانی زیندوو و مرۆڤایەتی بە کوژرانی خەڵکی بێتاوان لە غەززە و لوبنان و ئاوارەبوونی گیان‌دەربازکردووەکانی شەڕ لە ماڵ و حاڵیان ناڕەحەتە؛ بەڵام خامنەیی و ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی نا! ئەوان شەڕەکەیان هەڵگیرساند چونکی بەرژەوەندیی خۆیانیان تێدا دەدی و دەیانەویست لەسەر حسیێبی کوژران و ماڵوێرانیی ئەو خەڵکە، پڕۆژە و بەرنامە سیاسی و ئایدۆلۆژییەکانیان بەسەر کۆمەڵگەی جیهانیدا بسەپێنن.

لە ئیستادا سیاسەتەکانی ڕێژیم لە ئێستادا بەرەوڕووی زۆرترین دژایەتی لە کۆمەڵگەی جیهانیدا بۆتەوە. هەروەها لە نێوخۆی ئێرانیشدا خەڵکی وڵات کە لە چوار دەیەی ڕابردوودا زۆرترین خەساریان لە سیاسەت و قەیرانخوڵقێنییەکانی کۆماری ئیسلامی بەر کەوتوە، زۆر ڕاشكاوانە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیم وەستاونەتەوە و ساڵ بە ساڵ و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بە ئەکتی سیاسی سەلماندوویە کە ڕێژیمی دەسەڵاتدار هیچ چەشنە شەرعییەت و ڕەواییەکی خەڵکیی نییە. پتر لە دوو دەیەشە بەئاشکرا بە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی "نە غەززە و نە لوبنان" و "دوژمنی مە لێرەیە" بەرپەرچی سیاسەتی نێوخۆیی، دەرەکی و ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامییان داوەتەوە. خەڵکی ئێران بە ئاشكرا دەڵێن ئەم شەڕەی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر خەریکە داوێنی ئێران دەگرێت، شەڕی خەڵکی ئێران نییە و شەڕی کۆماری ئیسلامییە. خامنەیی لە خوتبەکانی نوێژی هەینیی ١٣ی ڕەزبەری حەوتووی پێشوودا جینایەتی سامناکی حەماس لە هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبری پارەکەی بە قانوونی، ڕەوا و مەنتیقی ناو برد و بە شان و باهۆ و سیاسەتی گرووپە نیابەتییەکانی هەڵاگوت کە بوونەتە هۆکاری کوژرانی دەیان هەزار کەس لە غەززە و لوبنان و لەبەریەک‌هەڵتەکانی ژێرخانی ئابووریی ئەو ناوچانە. خامنەیی هەروەها هێرشی مووشەکیی سپای پاسدارانی بە شانازییەکی گەورە ناو برد و پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێونەتەوەییەکان پێداگریی لەسەر پشتیوانیی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچە کردەوە. بەڵام خەڵکی ئێران نەک‌هەر لەو ڕوانگە و سیاسەتەی نیزامی سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتەکەیان بێبەرین، بەڵکوو بۆخۆیان لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و بەربەرەکانی لەگەڵ ئەم ڕێژیمەدان.

مێژوو پێمان دەڵێ هەموو نیزامە سیاسییە سەرکوتگەرەکان لە فاشیزمی ئیتالیاییەوە بگرە هەتا نازیسمی ئاڵمانی دوای شەڕهەڵایسینی و تێکشکان داڕماون و هەرەسیان هێناوە، ئەمجارەشیان نۆرە گەیشتووەتە کۆماری ئیسلامی. بەتایبەت کە کەڵەکەبوونی قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییە نێوخۆییەکان کە لە بەفرانباری ١٣٩٦ەوە تەقیونەتەوە و لە بزووتنەوەی ئێعترازیی ژن، ژیان، ئازادیدا گەیشتە ترۆپکی خۆی؛ زیاتر لە هەر کاتێک ڕێگای بۆ ڕووخانی ڕێژیم خۆش کردوە.