کۆماری ئیسلامی فرچکی بە شەڕ و ئاژاوە گرتوە
هەردی سەلیمی
دەبێ لە قسەکانی "محەممەد مەهدی میرباقری"دا توخمی باوەڕەکانی کۆماری ئیسلامی ببینینەوە. میرباقری نوێنەری مەجلیسی بەناو خوبرەگانی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە حەوتووی ڕابردوو و لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیی کەناڵی یەکی دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیدا دەرکەوت. لەم وتووێژەدا ئاماژەی بە چەند خاڵێکی گرینگ کرد، کە بەڕواڵەت لەگەڵ کەشی فەرمیی سیاسەتەکانی ڕێژیمدا ناتەبان. میرباقری ئاماژەی بە وتەی ئەو "گەڵاڵەی مەزنی خوا" کرد، کە هەمان شەڕی نێوان "باوەڕداران" و "بێباوەڕان"ـە کە ئەو پێیوایە ئەم شەڕە حەتمەن ڕوو دەدات و لە ئاکامیشدا باوەڕمەندان سەرکەوتوو دەبن. ئەو دەڵێ مەبەستی ئەم شەڕە نزیبوونەوە لە خوایە، جا بۆ گەیشتن بەو مەبەستە "پیرۆز"ە گەر نیوەی خەڵکی جیهانیش تێدا بچن، هێشتا هەر بایەخی هەیە و کوژرانی ٤٢ هەزار فەلەستینی لەم پێناوەدا گرنگییەکی نییە.
ئەم ڕوانگەیە لەنێو ڕێبەرانی تری کۆماری ئیسلامییشدا بەهێزە، بەڕاستی ئەوانیش پێیانوایە دەبێ دنیا کاول بێ بۆ ئەوەی بوار بڕەخسێ بۆ سەرهەڵدانی ئیمامی نادیار و غایبیان. لەم ڕووەوە بڕوانینە کردارەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕەنگە بڕێک بۆمان ڕوون بێتەوە کە مەبەست و نییەتی ئەم دەسەڵاتە لەو ئاژاوەگێڕییانەی وا بەردەوام دەیکات، چییە؟ هەرچەند وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی پزشکیان بووەتە یەکێک لە هەڵسووڕترین وەزیرە دەرەوەکان و بەردەوام لە دەرگای وڵاتان دەکوتێ، بەڵام کاربەدەستانی ئەم ڕێژیمە ئۆلیگارشییە لە ناخیاندا باوەڕیان وایە ئەو شەڕە بەوتەی ئەوان نیهایییە بەڕێوەیە و ئەمانیش دەبێ بەشداریی تێدا بکەن.
ئەوان وا بیر دەکەنەوە دەبێ دژایەتیی سیستمی ئاراییی جیهان کە دەوڵەت-میللەتی مۆدێرنە، لە ڕێگەی سیستمی ئۆممەت-ئیمامەتەوە بکرێ و هەموو وڵاتانی ئیسلامی بە ڕێبەریی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر ئامریکادا – وەک جەمسەری سەرەکیی ئەو سیستمە - ڕابوەستن. ئەمە ئەو ویستە بوو کە لە وتارە هەینییەکەی خامنەیییشدا دەرکەوت و داوای لە وڵاتانی ئیسلامیی هاوسنووری ئیسرائیل کرد، کە هێرش و جیهاد بکەن. بەدوای کوژرانی "یەحیا سینوار"، ڕێبەری ڕێکخراوی "حەماس" زۆربەی وڵاتانی ڕۆژاوایی ئومێدەوار بوون بەوەی ئاگربەسێک بێتە ئاراوە، بەڵام ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی باسیان لە بەردەوامیی بەهێزتری بەوتەی ئەوان "موقاومەت" کرد؛ لێرەدایە بۆمان دەردەکەوێ هەتا زیاتر ناوچەکە ئاڵۆزتر و شەڕەنگێزتر بکەن، بە مەبەستەکەیان نزیکتر دەبنەوە.
لێرەدا مەبەست ئەوەیە نیشان بدرێ کەوا ژیان و گیانی مرۆڤەکان و تەنانەت موسوڵمانان و غەززە و قودسیش بۆ کۆماری ئیسلامی گرینگ نییە و بە لەنێوچوونیان خەمبار نابێت کە هیچ، تەنانەت بە پێوسیتییەکیشی دەزانێ. جیاوازیی ئێستای خامنەیی لەگەڵ خومەینیدا لەوەدایە کە خومەینی پێیوابوو شەڕ بۆ ئەوان نێعمەت بوو، بەڵام خامنەیی پێیوایە شەڕێک کە لەوان دوور بێ نێعمەتە بۆیان، دەنا لەوەدا کە شەڕەکە ببێ جیاوازییەکیان نییە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە شەڕێکدا بزانێ دەتوانێ لە ڕووی نیزامییەوە دەستی باڵای تێدا هەبێ بێئیستخارەکردن دەیکات، ئەم هەوڵانەی وەزیری دەرەوەیان بۆ ئەوەیە ترسی لەنێوچوونیان ڕێ نیشتووە.
ئێستا کە ڕووداوەکانی ناوچە دەبینین، شایەدی بێبەزەییی لەڕادەبەدەر لەم شەڕانەداین، سەیری کاولکاری و وێرانیی بێسنووری ئەم شەڕانە دەکەین، دەبێ لای خۆمان بەراوردێکی مێژوویی بکەین. حیزبی دێموکرات کە باوەڕێکی قووڵی بە چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە ئێران هەبووە و هەیە، لە یەکەم ڕۆژەکانەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئوسوول و ئامانجەکانی، نەیویست خەڵکی کوردستان لەگەڵ ڕێژیمێک کە لە شەڕ دەگەڕا تووشی شەڕ بکات، ڕێژیمێک کە ئێستاش لە زاری بەرپرسانیەوە بۆمان دەردەکەوێ ئەوەی لای ئەوان بایەخی نەبێ ژیان و گیانی خەڵکە، ئەوەی بۆیان گرنگ نەبێ ئاوەدانی و ئازادی و خۆشبژیویی تەنانەت ئەو خەڵکەیە وا بەڕواڵەت پاڵپشتییان لێدەکەن، ڕێژیمێک کەوا بەردەوام لە تەپڵی ئاژاوە و ناسەقامگیری دەکوتێ، ڕێژیمێکی خوێنڕێژ کە گەر دەرفەتی وەچنگ کەوێ و خۆی بە باڵادەست بزانێ لە ڕشتنی هیچ خوێنێک درێغی ناکات، وەک لە کوردستان کردوویەتی و دەیکات، وەک لەسەر شەقامەکانی ئێران کرد، وەک ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی وا کردی، وەک ئەو خوێنانەی لە سووریە و ئێراق و لوبنان ڕشتی؛ کۆماری ئیسلامی خووی بە خوێنڕشتنەوە گرتوە و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشی لە ترسە، نەک لە دژیشەڕبوونی.