کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بن بەڕەی بەرەی مقاومەت

13:12 - 30 رەزبەر 2724

بن بەڕەی بەرەی مقاومەت

عەلی بداغی

"مقاومت" کلیل‌وشەی گەڕان بەدوای هۆکاری سەرەکیی قەیرانە سیاسی، ئەمنییەتی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ئێستای ئێرانە. دەمارگرژترین دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامییش نایشارنەوە کە ئێران نوقمی قەیرانە جۆراوجۆرەکانە، بەڵام ناکرێ لەو سۆنگەیەوە سیلە لە "مقاومت" بگیردرێ و ببردرێتە ژێرپرسیار، جا با پێداگری لەسەر ئەم دیسکۆرسە ڕووباری خوێنی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا وەڕێ خستبێ.

سیاسەتی بەرەی مقاومەت ڕوویەکی دیکەی ستراتیژیی "هەناردەی شۆڕش" بۆ وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەیە کە لە یەکەم هەنگاودا ٨ ساڵ شەڕ لەگەڵ عێڕاقی بەسەر کۆمەڵگەی ئێراندا سەپاند، شەڕێک کە زیان و تێچووە گیانی و ئابوورییە کارەسارتبارەکانی هەمووان دەیزانن و جێی باسی ئەم نووسینە نییە. بەڵام پێداگریی کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی "بەرەی مقاومەت" و "مەیدان"داری بۆ پێکهێنانی چەند سوپایەکی گوێڕایەڵی هاوپەیمان لە وڵاتانی ناوچە و تەیارکردنیان بە چەکی پێشکەوتووی مووشەک و دڕۆن لەسەر حسێبی گیرفان و سامانی گشتیی خەڵکی ئێران خەریکە پەرە بە شەڕێکی بەربڵاوی ناوچەیی دەدات و ئاسۆیەکی ناڕوونی لە بەردەم داهاتووی وڵات داناوە.

نانەوەی بشێوی، وەڕێخستنی شەڕ، قەیرانی ئەمنییەتی و ناسەقامگیرکردنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەرهەستترین دەرکەوتەکانی ئەندازیاریی سیاسەتی بەرەی مقاومەت لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە باجەکەی خەڵکی ئێران داویانە و دەیدەن. گەمارۆخستنەسەر ئێران لەلایەن ڕۆژئاوا، تەریککەوتنەوە لە بازاڕە جیهانی و نێونەتەوەییەکان و تێچووی ماددی شەڕهەڵایسێنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە پەرەی بە زۆر قەیرانی ئابووری، ژینگەیی و کۆمەڵایەتی لە ئێران داوە. قووڵکردنەوەی پتری ناکۆکییە ئایینی و ئایینزاییەکان لە نێوخۆی وڵات و لە وڵاتانی ناوچەشدا و لاوازکردنی پێوەندییە دیپلۆماسی و شارستانییەکان لەسەر بنەمای پڕەنسیپە جیهانییەکان بەشێکی دیکە لە لێکەوتەکانی ئەندازیاریی بەرەی مقاومەت بەهۆی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین. هەڵبەت لە تەنیشت ئەوە ناشکرێ ئەو زیانە گیانی و ماددییە زۆر و زەوەندە لەبەرچاو نەگرین کە لە سۆنگەی وێژمانی بەناو مقاومەتی ڕێژیمەوە بۆ نموونە تەنیا بەر خەڵک و ناوچەی غەززە کەوتوە. کوژرانی نیزیک بە ٤٥ هەزار کەس لە غەززە کە پتر لە نیوەیان خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵ بوون و کاولبوونی ئەو ناوچەیە کە تەنیا زیانە سەرەتایی و ڕاستەوخۆیەکانی بە سەروو ٣٥ میلیارد دۆلار قەبڵێندراوە، بەشێکی بچووک لە دەرەنجامی دیسکۆری بەرەی مقاومەت و ئەندازیاریکردنی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانن.

دیسکۆرسی شەڕخوازیی کۆماری ئیسلامی وەک ڕەگەزی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیم کە خوڵقێنەری سەرەکیی قەیرانەکانی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بووە، چەند دەرکەوتەیەکی جێی باسی هەیە:

یەکەم، وێناکردنی ئەمریکا و ئیسڕائیل وەک دوژمنێکی قەستەسەر بۆ سەر ئەمنییەتی نیشتمانیی ئێران کە پێچەوانەی پڕوپاگەندەی دەیان‌ساڵەی ڕێژیم کۆمەڵگە و خەڵکی وڵات باوەڕیان پێی نییە، بەڵام کراوەتە بنەما بۆ ئەوەی سیاسەتە سەربازی و هێرشبەرانەکانی ڕێژیمی پێ پاساو بدرێتەوە.

دووهەم، پەرەدان بە هەژمۆنیی سیاسی و سەربازیی ئێران لەنێو وڵاتانی ناوچە بەتایبەت یەمەن، عێڕاق، سووریە، لوبنان و فەلەستین و گرتنەبەری سیاسەتی هەڵمەتبەرانە دژی وڵاتانی عەرەبیی کەنداو. ئەمەش پەرەی بە ڕکەبەریی خۆپڕچەککردنی ئەو وڵاتانە بۆ بەرگری لە خۆیان لەهەمبەر کۆماری ئیسلامی داوە و لەو سۆنگەیەوە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە عەمبارێکی پڕ لە باڕووت کە هەر ئان‌وساتێک مەترسیی تەقینەوەیەکی گەورەی لێ‌دەکرێت.

سێهەم، ورووژاندنی هەستی نەتەوەیی و ناسیۆنالیستیی ئێرانییەکان بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ هەڕەشەی دەرەکی و هەروەها پاساودانی بێتوانایی و ناکارامەیی لە ئیدارەدانی وڵات و کۆی قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات.

 وێژمانی بەرەی مقاومەت و شەڕخوازییەکانی کۆماری ئیسلامی کە ئێستا لە ئاستی جیهانیدا خەریکە بەرەیەکی بەهێزی لەدژی ڕێک‌دەخرێت، لە نێوخۆی وڵاتیشدا گەورەترین بەرهەڵستی هەیە کە خەڵک و کۆمەڵگەن. خەڵکی ئێران کە نوقمی قەیرانە ئابوورییەکانن و بێکاری و گرانی و ئاوسان بڕستی لێ بڕیون؛ خەڵکی ئێران کە سەرەتاییترین ماف و ئازادییە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانیان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێت؛ خەڵکی ئێران کە بەهۆی گەندەڵیی سیستماتیک و بێتوانایی ڕێژیم لە ئیدارەدانی کۆمەڵگە و سیاسەتی هەڵاواردن هەتا مل نوقمی قەیرانە جۆراوجۆر و فرەڕەهەندەکانن؛ خەڵکی ئێران کە دەیان ساڵە خۆیان لە ڕێژیمی دەسەڵاتدار و سیاسەتەکانی بێبەری کردوە؛ بەرەیەکی دیکەیان لەدژی ڕێژیم و دەسەڵاتە جەهەننەمییەکەی کردووەتەوە.

بەربەرەکانیی خەڵک و کۆماری ئیسلامی لەم ساڵانەدا کە کۆماری ئیسلامی لە بری ئاوڕدانەوە و بایەخدان بە پرسە نێوخۆییەکان، عەقڵییەتی بەڕێوەبەری و سامانی گشتیی وڵاتی بۆ دێسکۆرسی بەرەی مقاومەت بەفیڕۆ داوە، قۆناغی باشی بەرەوپێشێی بڕیوە. ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بە تایبەت لە دوای بەفرانباری ٩٦ەوە کە لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ١٤٠١دا گەیشتە ترۆپکی خۆی، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەرەوڕووی گەورەترین ئالەنگاریی بەردەم دەسەڵاتەکەی لە نێوخۆی وڵاتدا کردوە. هەروەها بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و مەجلیسی چەند دەورەی ڕابردووی ڕێژیم لەلایەن خەڵکەوە هیچ شەرعییەتی سیاسی و خەڵکیی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی نەهێشتوە. شکاندنی تابۆکانی دەسەڵات و وەلانان و مەوداگرتنی زۆر لە بەها و بایەخە بەزۆرداسەپاوەکانی ڕێژیم بەسەر خەڵک لەلایەن هەر ئەو خەڵکە بەتایبەت نەوەی نوێی کۆمەڵگەوە مەیدانێکی هەراو و بەربڵاوتری لە خەبات و ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتی ئەهریمەنیی ڕێژیم کردووەتەوە. سەرکوت و توندوتیژییەکانی دەسەڵاتیش نەک نەیتوانیوە پاشەکشە بە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک بکات و کەشی ترس و تۆقاندن بەسەر خەڵکدا بسەپێنێت، بەڵکوو هەوێنی پەرەسەندنی مافویستی و ناڕەزایەتییەکان و خواست بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەنێو خەڵک و کۆمەڵگەدا بووە. ڕاسانی نەتەوەیی و کولتووری لەنێو نەتەوە بندەستەکان و هەوڵی بنگەیی و بەردەوامیان بۆ داشداری لە شوناس و پێناسیان سەرەڕای هەموو سەرکوت و کوشتوبڕەکان، هەروەها بەهێزبوونی بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای هەموو سنووردانان و بەرتەسککردنەوەکان دۆخێکی خەباتگێڕیی نوێیان لە ئێراندا بەدژی کۆماری ئیسلامی خوڵقاندوە؛ دۆخێک کە داهاتووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی تێدا یەکلا دەکرێتەوە.

ململانێی توندی خەڵک و دەسەڵات سەرەڕای تێچووی زۆری بەربەرەکانی لەگەڵ ڕێژیم بۆ تاک و بزووتنەوە سیاسی و مەدنییەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەربڕی خواست و ئیرادەی گشتی لەو وڵاتە بۆ گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی وڵاتە. ڕەوتێک کە بە سەرنجدان بە مایەپووچیی دیسکۆرسی "بەرەی مقاومەت" و سیاسەتی دەرەکیی ڕێژیم  لەلایەک و بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان لە نێوخۆی وڵات بەرەو بەهێزتربوونی هەرچی زیاتری بزووتنەوەی گشتی بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و چێ‌کردنی نیزامێکی سیاسیی نوێ و وەڵامدەر و بەرپرسیار دەچێت.