دیاریی کۆماری ئیسلامی، مەرگ و وێرانی!
ڕەزا دانشجوو
هاتنەسەرکاری نیزامی نامرۆڤانەی کۆماری ئیسلامی دەتوانرێت بە دیاردەیەکی ناوازە ناو ببڕێت. نیزامێک هەڵقوڵاوی بیری ویشک و کۆنەپەرستی، کە بە شێوەیەکی سەیر لە ڕێبەندانی ٥٧دا لەلایەن تاقمێک نوخبە و ڕۆشنبیری چەپ، ناسیۆنالیست و ئیسلامگەرا یارمەتی درا و پشتیوانیی لێکرا، تا ئەم ڕووداوە چارەنووسسازە بێتە تاڵترین یادوبیرەوەریی نەک هەر ئێرانییەک بەڵکوو تاڵترین بیرەوەریی میلیۆنان کەس لە وڵاتە جیاوازەکاندا. لە ڕاستیدا ئەمە تەنیا خەڵکی ئێران نەبوون کە کەوتنە بەر هێرشی دڕندانە و بێبەزەیی ئەم پەتا گەندەڵ و وێرانکارەوە، بەڵکوو جوغرافیایەکی بەرفراوان ساڵیانێکە لە دەستی ئەم پەتا و بەڵا بێکۆتاییە دەناڵێنن!
مەسەلەی هەناردەکردنی شۆڕش یان بە واتایەکی باشتر هەناردەکردنی نائەمنی و تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی مێژوویەکی بە درێژایی ژیانی شەرمەزاریی ڕێژیم هەیە. ئەگەر لە پەیوەندی نێوان بەشێک لە سەرکردەکانی ڕێژیم و تاقمێک گرووپی لوبنانی وەک "بزوتنەوەی ئەمەل" لە پێش شۆڕشی ٥٧ چاپۆشی بکەین، دەبێ بگوترێت هەنگاوی یەکەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتی یان بە پێی لێکدانەوەکانی ڕێژیم "هەناردەکردنی شۆڕش" بانگهێشتکردنی یاسر عەرەفات ڕێبەری "بزوتنەوەی ئەلفەتح" بۆ تاران بوو؛ هەرچەندە عەرەفات چ لە ڕووی باوەڕی ئایینی و چ لە ڕووی سیاسییەوە جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا هەبوو. بە شێوەیەکی گشتی
ئەم بابەتە دەکرێت بە کورتی لە چەند بەشێکدا پۆلێن بکرێت؛
بزووتنەوەی بەناو ڕەوتی شیعە
هەوڵی پلاندارێژراو و درێژخایەنی ڕێژیم بۆ دۆزینەوەی ڕەوتی پەیوەست بە ئایینی شیعە دەتوانرێت وەک بەشێک لە ستراتیژی کاریگەریی مەلاکان لە ئێران باس بکرێت. شیعەی سیاسیی گرێدراو بە وەلایەتی فەقیهـ قیبلە و ڕووگەکەی لەجیاتی کەعبە ڕوو بە تاران و ڕێبەری ڕێژێمە. ئەوە لە کاتێکدایە کە گرێدراویی ئەم ڕەوتە لەگەڵ دەسەڵاتی وەلایەتی فەقیهـ دەیان جار لەلایەن جەریانی سەربەخۆ و ناحکوومی مەرجەعیەتی شیعە ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازەندەی توند بۆتەوە، بۆ نموونە دەتوانرێت ئاماژە بە تاقمێک مەرجەعی ناسراوی شیعە بکرێت کە بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە ئەم خوێندنەوە ناڕاست و ملکەچییە لە شیعە، تووشی ئازار، بێڕێزی و تەنانەت زیندان و دوورخستەوەی زۆرەملێ ڕێژیم بوونەوە. ڕەوتی ملکەچی شیعە لە پاکستان و عێراق و لوبنان یان تاقمێک مەلای گوێڕایەڵ وەک شێخ زەکزاکی لە نیجێریە دەتوانن لەم گرووپەدا جێگیر بکرێن.
ئەگەرچی ڕەوتی شیعەی خۆسپێر و بەستراوە بەڕواڵەت چوارچێوەی ئایینیی هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا گوێ لە زاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و ژێرفەرمانی خامنەیییە. لە ڕاستیدا لەم خوێندنەوەیەدا دین و ئایین ئامێرێکە بۆ پاراستنی تاج و تەختی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی. ڕێژیم چەندین جار لەم ڕەوتە مەزهەبیانە وەک ئامرازێک بۆ گوشار خستنە سەر ڕکابەرە سیاسییەکانی لە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەلکی وەرگرتوە. دەستەواژەی ڕێبەری شیعەکانی بەحرەین، پاکستان یان تەنانەت عەڕەبستانی سعوودیە داهێنانێکی کۆماری ئیسلامییە بۆ پێشخستنی ئەم ئامانجە. ڕکابەریکردن لەگەڵ سعودیە وەک یەکێک لە زلهێزەکانی ناوچەکە بە یاریکردن بە کارتی سەرکوتکردنی شیعە لەم وڵاتەدا نموونەیەکی ڕوونی ئەم هەوڵەیە. بەڵام ئەوەی دەبێت بگوترێت ئەوەیە کە بەکارهێنانی شیعەکان لە وڵاتانی وەک بەحرەین و سعوودیە نەک یارمەتیدەر نەبووە بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان، بەڵکوو هەمیشە بۆتە هۆی زوڵم و دووبەرەکی زیاتر ودابڕانیان لە خەڵکی دیکەی وڵاتەکەیان.
بەکرێگیراوانی بە وەکالەت
کۆماری ئیسلامی بۆ هەناردەکردنی شۆڕش! تەنیا بە ڕەوتی شیعەی خۆسپێر نەبەستراوەتەوە. بۆ حکوومەتێک کە سەرکوتکردن وخنکاندنی دەنگی خەڵک بە گرنگترین ئامرازی حوکمڕانییەکەی دادەنرێت، ڕوونە کە دروستکردنی گرووپە میلیشیاکانی بە وەکالەت چەندە گرنگ و پێویستە. ئامانجی سەرەکی ڕژیم لە دروستکردنی ئەم گرووپانە لە ڕاستیدا هەناردەکردنی قەیرانە نێوخۆییەکان بۆ وڵاتانی دیکەیە. لە ڕوانگەی کۆماری ئیسلامییەوە، تاکە ڕێگا بۆ دوورکەوتنەوە لە قەیرانە بێکۆتایی و کەڵەکە بووەکانی ناوخۆیی، دروستکردنی ئاژاوە و قەیران لە شۆنێکی ترە! لە چاوی ویلایەتی فەقیهدا باشترین ئەلتەرناتیڤ بۆ چارەسەری هەر کێشەیەک دروستکردنی کێشەیەکی گەورەترە لەپێناو پاڵنانی ڕای گشتی بۆ ئاراستەیەکی ترە! جگە لەوەش نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت کە پڕوپاگەندە بەشێکی گرنگی سیستمی حوکمڕانی ڕێژیم بووە و هەیە. پێویستە دان بەوەدا بنرێت کە لانیکەم بەشێک لە کۆمەڵگا هەڵخەڵەتاویی خوێندنەوەی پۆپۆلیستی دەسەڵاتی ساختەی کۆماری ئیسلامی دەبن و هەندێکجاریش لە ژێر کاریگەری ماشێنی تەبلیغی ڕێژیمدان. ئەم نیگایە گەمژانەیە تەنانەت لە هەندێک کەسانی نزیک لە ڕەوتی بەناو ناسیونالیزم (و لە ڕاستیدا سەڵتەنەت تەڵەب)دا دەبینرێت کە هەندێکجار زۆر لە ڕژیم زیاتر پەرۆشی ئەم گروپە تیرۆریستییانن!
ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە ئەدای ئەم هێزە بەوەکالەتانە، قووڵایی کارەساتەکە و دەستکەوتی شەرمەزاری کۆماری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی بۆ ئەو وڵاتانە دەردەخات. عێراقی لە دەستی سەدام ئازادکراو ساڵانێکە لە ژێر سایەی هێزی بەکرێگیراوانی حەشدی شەعبی ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوە. دوای سەدام، عێراق کە هیوای ئەوەی بوو تامی دیموکراسی بچێژێت ئێستا گوێ لە فەرمانی تاران و دیکتاتۆری ڕێژیمە بۆ چوونە نێو شەڕ یان گرژی لەگەڵ وڵاتێکی دیکەیە. لە شوێنێکدا کە حکوومەتی هەڵبژاردەی خەڵک کەمترین ڕۆڵی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا نییە و هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە ڕێژیم قسەی ئەوەڵ و ئاخر دەکەن! یەمەن لە ناوەڕاستی شەڕێکی نێوخۆییدایە، سەرەڕای ئەوەی کە حوسییەکان لە ڕووی ئایین و باوەڕەوە زور لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و وەلایەتی فەقێیهـ دوورن، بەڵام لە ژێر کاریگەری پارە و یارمەتی ماڵی بەردەوام و نەپچڕاوی ڕێژیم چاویان لە سەر ئەم ناکۆکییانە بەستووە و خەرێکی وێرانکردنی وڵاتەکەیانن! گوێ لە فەرمانی دیکتاتۆر بۆ تەقەکردن لە هەر ئاراستەیەک، هەندێک جار لە سعوودیە، هەندێک جار لە ئیسرائیل، هەندێک جار لە کەشتیەکان ناو دەریا و هەندێک جاریش بەرەو هاوسێ, درواسێ و هاونیشتمانانی خۆیان!
چیرۆکی غەززە و حەماس لەم ڕۆژانەدا بۆتە باسی هەر شوێن و کەسێک! حەماسی سەلەفی بە بینینی بەخشندەیی بێسنووری ڕێژێم و پاڵپشتی بەردەوامی ماڵی پشتی لە هەموو بیروباوەڕەکانی کرد و ئامادەیە بۆ لەنێوبردنی غەززە! خاکێک کە لەژێر یەکساڵ هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بە تەواوی خاپوور و وێران بووە و ئیستا بۆتە بیابانێکی بێ بەرهەم وکۆتا دڵخۆشی سەرکردە ڕزگاربووەکانی حەماس تونێلەکانیەتی! چیرۆکی حیزبوڵڵا تەواو جیاوازە, حیزبوڵڵا وەک کۆنترین و وەفادارترین هێزی بەکرێگیراوانی ڕژیم لای سەرکردەکانی کۆماری ئیسلامی خاوەنی جێگە و پێگەی تایبەتە. حیزبوڵڵا تەنیا بەکرێگیراو نین ئەوان گیانفیدا و نۆکەری ئاڵقەلەگوێی ڕێبەری ڕێژێمن. ئاشکرایە باجی ئەم ملکەچی و خۆسپێرییە بێسنوورە نەهامەتی و سەرلێشێواوی زیاتری خەڵکی بێتاوانی لوبنان و بێگومان وێرانی زیاتری لوبنانە. خەڵکانێک کە پێدەچێت ئیتر لەگەڵ شەڕ و ئاژاوەگێڕی بەردەوامی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ڕاهاتبن! شەڕێک کە هەر جار ناچاریان دەکات زێد و ماڵ و نیشتمانیان جێ بهێڵن و هەڵوەدای غەریبایەتی بن.
ئەوەی باس کرا بەشێکی بچووکە لە چیرۆکی ساڵانێک ئاژاوەگێڕی و سازدانی قەیران لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا. لە ڕاستیدا وەک لە سەرەتاوە گوترا ئەمە تەنیا خەڵکی ئێران نین کە زەرەمەند و زیان لێکەوتووی ڕۆڵی وێرانکەر و تێکدەری کۆماری ئیسلامی و سەرکەردەکانی بوون، بەڵکو بە ملیۆنان کەس لە چەندین وڵاتی جیاوازدا بە هۆی سیاسەتی نامرۆڤانە و حوکمڕانی ناڕاست و دروێنەی کوماری ئیسلامی ژیانیان کەوتۆتە نەهامەتی و ماڵ و حاڵیان کاوڵ بووە. مەرگ،کوشتارو وێرانی تاکە دەستکەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئیران و ڕۆژهەڵات نێوەڕاست بگرە لە تەواوی جیهان بووە. دەسەڵاتێک کە بوونی شووم و نگریسی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری تا ئەمڕۆ تێکەڵاوی نائارامی و گرژییە! دەسەڵاتێک کە مانەوە و بەردەوامیی خۆی لە سازدانی قەیران و ناسەقامگیریی وڵاتانی دیکەدا دەبینێت! سیستەمێک کە مانەوەی پەیوەست بە ڕەشایی و تاریکایی یە و تاکە سەوقاتی بۆ ژیان مەرگ و وێرانییە!