کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەواڵی ساختە چەکێکی ستراتیژی ڕێژیمە تۆتالیتارییەکانە

19:23 - 2 خەزەڵوەر 2724

هەواڵی ساختە چەکێکی ستراتیژی ڕێژیمە تۆتالیتارییەکانە

 

ئازاد مستۆفی

ڕێژیمە تۆتالیتارییەکان هەواڵی ساختە وەک بەشێک لە ستراتیژی بەربڵاوتریان بۆ پاراستنی دەسەڵات و کۆنترۆڵکردنی تێڕوانینی گشتیی و سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە. ئەم ڕێژیمانە بۆ داڕشتنی چۆنیەتیی تێڕوانینی هاووڵاتیان بۆ جیهان و حکوومەتەکەیان و هێزە دژبەرەکان زۆر پشت بە دەستکاریکردنی زانیاری دەبەستن. ڕێژیمە تۆتالیتارییەکان هەواڵی ساختە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیی خۆیان واتە پاراستنی دەسەڵات، بە هەر نرخێک بووێت. بۆ ئەم مەبەستە هەوڵدەدەن ڕەوتی زانیاری لە کۆمەڵگەدا کۆنتڕۆڵ بکەن. لە سیستمە تۆتالیتارییەکاندا، هەقیقەت تەنیا ڕاستییەکی بابەتیی نییە بەڵکو شتێکە کە دەتوانرێت بۆ خزمەتکردنی ئامانجەکانی ڕێژیم لە قاڵب بدرێت و دەستکاری بکرێت. ڕێژیم بەکۆنتڕۆڵکردنی چۆنیەتیی تێڕوانینی خەڵک بۆ جیهان، دڵنیای دەدات لەوەی دەسەڵاتەکەی بێ ئەملاولا دەمێنێتەوە و ئۆپۆزسیۆن بە لاوازیی دەهێڵرێنەوە. ئەم ستراتیژە بەسەر سێ پێکهاتەی سەرەکیدا بەش کراوە:

 ١- پاراستنی دەسەڵات

ڕێژیمە تۆتالیتارییەکان پشت بە هەواڵی ساختە دەبەستن بۆ بەهێزکردنی شەرعیەتی خۆیان و خۆیان وەک تاکە دەسەڵاتێک کە توانای حوکمڕانیی خەڵکیان هەیە، پێشان دەدەن. ئەوان ڕاپۆرتگەلێ دروست دەکەن کە ستایشی سەرکەوتنەکانی ڕێژیم بێ و لە هەمانکاتدا شکستەکانی، گەندەڵی یان پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ پەردەپۆش دەکەن و بەدروستکردنی چیرۆکێک کە بە ڕوانگەیەکی ئەرێنی پیشانیان دەدات، وەهمی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و نەدۆڕانی دروست دەکەن. هەروەها هەواڵی ساختە یارمەتی ئەم ڕێژیمانە دەدات کە وێنەیەکی ناڕاستی نەیارەکانیان وەک گەندەڵ، ناڕێکخراو یان بەهاوتەریب لەگەڵ دوژمنی بیانیدا بیانناسێنن. ئەم دەستکاریکردنە خەڵک بەقەناعەت دەگەیەنێ کە هیچ بەدیلێکی بژاردەیی بۆ ڕێژیمی ئێستا نییە و کۆنترۆڵی درێژخایەن بۆ ڕێژیمی تۆتالیتەر مسۆگەر دەکات.

 ٢- کۆنتڕۆڵکردنی تێڕوانینی گشتیی

کۆنترۆڵی هزر و تێڕوانینی گشتی بۆ مانەوەی ڕێژیم زۆر پێویستە. حکوومەتە تۆتالیتارییەکان بەتوندی کۆنترۆڵکردنی میدیا و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە، واقیعێکی جێگرەوە دروست دەکەن کە هاووڵاتیان بە زانیاری هەڵە یان سەرلێشێواو لە دۆخی ڕاستەقینەی خۆیان سەرقاڵ دەکەن. ئەمەش بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەیەک دەگرێتەوە کە ڕێژیم و سەرکردایەتی ناکارامەکەی شکۆمەند دەکات، ئۆپۆزسیۆن مەترسیدار و نالێهاتوو پێشان دەدات هەروەها هەڕەشەی دەرەکی یان نێوخۆیی بۆ ترساندنی بیروڕای گشتیی و پشتبەستن بە حکوومەت بۆ پشتیوانی کوێرانە، یان باشتر بڵێین قەیران دروست دەکات بۆ نموونە ڕێژیم دەتوانێ بەدۆکیۆمێنت و هەواڵە ساختەوە بانگەشەی ئەوە بکات کە زلهێزە بیانییەکان پیلانگێڕی لە دژی وڵات دەکەن یاخود ئۆپۆزسیۆن کردەوەی تیرۆریستی بەڕێوە دەبەن. مەبەست لەم چیرۆکانە ترساندنی خەڵکە بۆ گوێڕایەڵی و پشتیوانی کردەوە توندوتیژەکانی حکوومەت و سەرکوتکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان و بزووتنەوە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان. ڕێژیمە تۆتالیتارییەکان بەدروستکردنی چیرۆکی ساختە، پێش بە ڕوانینی هاووڵاتیان بۆ دەرەوە دەگرن و ڕەخنەگرتنیش سنووردار دەکەن. میدیای کۆنتڕۆڵکراو دەبێتە تاکە سەرچاوەی هەقیقەت و تەحەدای کردەوەکانی ڕێژیم یان پرسیارکردن لەلایەن خەڵکەوە زەحمەت دەبێ.

٣- دووبەرەکی‌نانەوە لەنێو ئۆپۆزیسیۆندا

هەواڵی ساختە بەبێ ڕەواییکردنی دەنگی دژبەران و بێدەنگکردنی ڕەخنەگران، ڕۆڵێکی گرنگ لە پاسیڤکردنی ئەوان دەگێڕێت. ڕژێمە تۆتالیتارییەکان لەوە تێدەگەن کە بیرکردنەوەی سەربەخۆ و بەرخۆدانی ڕێکخراو هەڕەشەیە بۆ سەر دەسەڵاتەکەیان بۆیە هەواڵی ساختە بۆ ئەم مەبەستانە بەکاردەهێنن: تەحەدای چالاکوانان و نەیارانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ کە بەفریو وێنەی ئەوان خەوشدار بکەن. ڕێژێمی تۆتالیتار بە دروستکردنی چیرۆکی ساختە، ئۆپۆیزسیۆنی ڕاستەقینە بەتێوەگلان لە کارە نایاساییەکان یان هاوکاری لەگەڵ دوژمنە دەرەکییەکان تۆمەتبار دەکات، ئەمەش دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی کە پاڵپشتی گشتیی لەنێو لایەنگران و نەیارانی سیاسەتەکانی حکوومەتی کەم ببێتەوە. ئامانجێکی دیکەی هەواڵی ساختە، دروستکردنی دووبەرەکییە لە نێوان ئۆپۆزسیۆندا.

دەسەڵاتی تۆتالیتار بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست دەربارەی ئۆپۆزیسیۆن، سەرلێشێواوی و بێ‌متمانەیی لەنێو ئەو کەسانەدا دروست دەکات کە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دەسەڵات دەدەن و بێگومان ڕێگری لە بەشداریکردنی بەربڵاوی دەربڕینی ناڕەزایەتی دەگرێت. کاتێک ڕێژێمی تۆتالیتار توانی لە ڕێگەی زانیاری ناڕاست و هەواڵی ساختەوە خەڵک بخەڵەتێنێت کە نەیاران تاوانباری توندوتیژن یان بریکاری دەرەکین، ئەوە خەڵک کەمتر پشتیوانی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن و ناچنە نێو دۆزی ئەوانەوە. لەبنەڕەتدا ئەم ڕژێمانە بەکۆنتڕۆڵکردنی ڕاپۆرت و فۆرم‌پێدان بەدرکی هاووڵاتیان لە گرووپگەلی جیاواز، پێشگیری دەکەن لە بەرخۆدانێکی ڕێکخراو و بەمجۆرە تەمەنی دڕێژخانەتی خۆیان گەرەنتی دەکەن. ڕێژێمە تۆتالیتارییەکان هەواڵی ساختە نەک تەنها وەک تاکتیک، بەڵکو وەک چەکێکی ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ کۆنترۆڵکردنی چۆنیەتی بیرکردنەوەی خەڵک و هەستکردن بە حکوومەتەکەیان و سەیرکردنی جیهانی دەوروبەریان. بە دەستکاریکردنی زانیاری، کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا دەپارێزن و ژینگەیەکی پڕ لە سەرلێشێواوی و ترس دروست دەکەن و بەشێوەیەکی سیستماتیک ئۆپۆزسیۆن سەرکوت دەکەن.

چەند هۆکارێکی سەرەکی هەیە کە ڕژێمە تۆتالیتارییەکان بۆ پەنا بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە دەبەن:

کۆنترۆڵکردنی زانیاری

ڕێژێمە تۆتالیتارییەکان هەوڵی قۆرخکردنی زانیاریی لە کۆمەڵگەدا دەدەن. بەکۆنتڕۆڵکردنی ڕاپۆرت و بەسەرهات لە ڕێگەی هەواڵی ساختەوە، دەتوانن ڕێگری لە متمانەی میدیای سەربەخۆ یان ئۆپۆزسیۆن بگرن. واتە ڕژیم دەبێتە تاکە سەرچاوەی "ڕاستی" و گەرەنتی ئەوە دەکات کە وەشانی ڕووداوەکانی تاکە وەشانە کە دەگاتە جەماوەر.

ڕیکلام و شەرعیەتدان

هەواڵی ساختە وەک پڕوپاگەندە بۆ دروستکردنی وێنەیەکی شیاو و پڕشکۆ لە حکوومەت بەکاردەهێنرێت و زۆرجار حکوومەت وەک کەسێکی بەهێز، خێرخواز یان بێ هەڵە وێنا دەکرێت. ڕژێمەکان ڕاپۆرتگەلێ پێشان دەدەن کە زیادەڕۆیی لە دەستکەوتەکانیان دەکەن و ڕاپۆرتی شکستەکان سەرکوت دەکەن و کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان بەدناو دەکەن و حکوومەت دەکاتە تاکە دەسەڵاتی شەرعی کە توانای سەرکردایەتیکردنی وڵاتی هەبێت. بۆ نموونە ڕژێمێک دەتوانێت بەدرۆ بانگەشەی ئەوە بکات کە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان پەیوەستن بە زلهێزە دەرەکییەکانەوە یان خەریکی تێرۆریزمن بۆ ئەوەی ڕەوا بە ڕێوشوێنە سەرکوتگەرییەکان و تێکدانی ڕەوایەتی ئۆپۆزسیۆن بدەن.

سەرکوتکردنی نەیاران

ڕێژیمە تۆتالیتێرەکان بە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە ئۆپۆزسیۆن، ناڕەزایەتییەکان، یان کەسایەتییە سیاسییەکان؛ ئامانجیان بێ ئێعتبارکردنی ڕەخنەگرانی خۆیانە. هەواڵی ساختە نەیاران بە تاوانبار، خیانەتکار، یان بریکاری حکوومەتە بیانییەکان ناوزەد دەکات. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە چوونە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن دابەزێت و ڕێگری لەخێراتربوونی جووڵانەوەیەکی دژی دەسەڵات بگیرێت. لە هەندێک حاڵەتدا ڕژیم بەدرۆ داستان و ڕاپۆرت بۆ شکست یان هەڵوەشاندنەوەی گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان دادەڕێژێ و مەبەستی ئەوەیە ئەو وەهمە دروست بکات کە بەرخۆدان بێهودەیە و ترس و دڵەڕاوکێ لە نێو هاووڵاتیاندا بێنێتەدی و ئیرادەیان دابەزێنێت.

 دروستکردنی ئاژاوەی زانیاری

تاکتیکی سەرەکی ڕێژێمە تۆتالیتارییەکان بریتییە لە پڕکردنەوەی کەشی زانیاری بە زانیاری دژبەیەک یان چەواشەکارانە. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێشێواوی و زەحمەتە مرۆڤ سەر لە ڕاستی دەربکات. کاتێک هەواڵی ساختە بڵاودەبێتەوە، هاووڵاتیان دڵنیا نین کە متمانەیان بە کام سەرچاوە هەبێت، ئەمەش توانای ڕێکخستن یان تەحەدای کاریگەرانەی ڕژێم لاواز دەکات. ئەم "ئاژاوەگێڕییەی زانیاری" یارمەتیدەرە بۆ ناسەقامگیرکردنی هاووڵاتیان و ناسەقامگیرکردنی بزووتنەوەکانی ئۆپۆزسیۆنیش.

ساختەکردنی هەڕەشە یاخود دروستکردنی دوژمن

زۆرجار ڕێژێمە تۆتالیتارییەکان بۆ دڵەڕاوکێ‌خستنە نێودڵی هاووڵاتیان باسی هەڕەشەی دەرەکی یاخود ئەگەری شەڕێ بۆ لەدەستدانی بەشێک لەخاکی نیشتمان دێننە ئاراوە. ئەم بابەتە یارمەتی ڕژیم دەدات بۆ یەکخستنی دانیشتووان لە ژێر دۆزی هاوبەشدا کە بەزۆری پێویستی بە ڕێوشوێنی تاکڕەوانە لە پێناو "ئاسایشی نەتەوەیی"دا هەیە. لەڕاستیدا لە ڕێژێمە توتالیتارییەکان شتێک بەناوی ئاسایشی نەتەوەیی بوونی نییە و ئەوەی هەیە دابینکردنی ئاسایشە بۆ سەرکوتگەران. بۆ نموونە ڕەنگە هەواڵی ساختە بانگەشەی ئەوە بکات کە دوژمنی دەرەکی یاخود دەرەوەی سنوور، پیلانگێڕی بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات دەکەن، پاساو بۆ کردەوەی سەربازی، سانسۆر، یان چاودێریکردنی جەماوەری دەهێنن. ئەم تاکتیکە سەرنجی خەڵک لە پرسە ناوخۆییەکانی وەکو گەندەڵی یان پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لا دەبات و لەبری ئەوە، هەستی ناسیۆنالیزم و گوێڕایەڵی دەسەڵات لای هاووڵاتیان بەهێزتر دەکات.

لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژینادا دیتمان کاتێ خۆپێشاندەران لە ئێران پشتیوانییان لە ڕووداوەکانی کوردستان دەکرد و درووشمی پشتگیریان دەدا، ڕێژیمی ئێران کە زانی ئەو کوردستان‌فۆبیایەی بانگەشەی بۆ دەکرد بووەتە بڵقی سەرئاو، ئیتر هێرشی کردە سەر بنکەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان و لایەنە کوردییەکانی دیکە و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی، هەروەها لەدەرەوەی ئێرانیش ڕەزا پەهلەوی بەهێنانەئارای باسی یەکپارچەیی خاک؛ بوونەهۆی سەرکوتی توند و خوێناوی شۆڕشی بەربڵاوی ژن، ژیان، ئازادی.

پاساوهێنانەوە بۆ سیاسەتی سەرکوتگەرانە

هەواڵی ساختە بیانووی یاسایی توند و چاودێری یان توندوتیژیی دژ بە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنە. بۆ نموونە، ڕێژیم زانیاری ناڕاست سەبارەت بە هەڕەشەیەکی تیرۆریستی نزیک یان نائارامی مەدەنی بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی پاساو بۆ سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان بهێنێتەوە. حکوومەت بەدروستکردنی قەیران یان زیادەڕۆیکردن لە هەڕەشە، دەتوانێت سیاسەتی تاکڕەوانە بەبیانووی پاراستنی سەقامگیریی گشتی جێبەجێ بکات.

لاوازبوونی نۆرمەکانی دێموکراسی

ڕێژێمە تۆتالیتارییەکان بنەما دێموکراسیەکان وەک ئازادیی قسەکردن، هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ڕۆژنامەگەری سەربەخۆ، وەک هەڕەشەیەکی وجوودی سەیر دەکەن. هەواڵی ساختە بۆ تێکدانی ئەم نۆرمانە بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی ناڕاست سەبارەت بە ساختەکاری لەهەڵبژاردن، گەندەڵی لەدامەزراوە دێموکراسیەکان، یان شکستی دێموکراسی لە وڵاتانی دراوسێ بەکار دەهێنرێت. دەسەڵاتی تۆتالیتەر ئەو بڕوایە دروست دەکات کە دیموکراسی ناسەقامگیر و گەندەڵە و بەمشێوەیە دەیەوێ خەمساردی یان پشتیوانی لە ڕێبازی پاوانخوازانەی ڕێژیم بەهێزتر بکات.

 دروستکردنی ترس و گوێڕایەڵی

ترس ئامرازێکی بەهێزە بۆ کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتیان و زۆرجار هەواڵی ساختە بۆ هێنانەئارای دڵەڕاوکێ و هەستکردن بە نائەمنی بەکاردەهێنرێت. ڕێژێمەکان بە پەرەپێدانی هەواڵ و ڕاپۆرتی تاوانەگشتییەکان، ئاژاوە، یان هەڕەشە (ڕووداوی ڕاستەقینە یاخود هەڵبەستراو)، دەتوانن خەڵک بێدەنگ بکەن بۆ ئەوەی لە بەرانبەر بەڵێنی سەقامگیریی و ئاسایشدا؛ سنووردارکردنی زیاتری ئازادییەکانیان قبووڵ بکەن.

ڕێژیمی ئێران و ڕۆژنامەنووسە بەوەکالەتەکانی

لە ئێران کەلک‌وەرگرتن لەهەواڵی ساختە لەلایەن ڕێژیمەوە، ستراتیژێکی باو بۆ لادانی ناڕەزایەتی گشتیی و بەدناوکردنی ئۆپۆزسیۆن و بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆیە. حکوومەت بەتایبەتی لە ڕێگەی میدیاوە کە قۆرخی کردووە، زۆرجار بەشداریی هەڵمەتی زانیاری ناڕاست دەکات و ئامانج لێی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و نفووز لە ڕای گشتییە. ڕێژیمی ئێران هەمیشە هەوڵی داوە سیاسەتەکانی خۆی لە ڕێگەی میدیای دەوڵەتی و پەیامنێرە بەوەکالەتەکانیەوە کە هەناردەی وڵاتانی گرنگی کردوە، بەرەو پێشەوە ببات و لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەدا بەرهەمدارتر بێت. ڕێژیمی ئێران و بەکرێگیراوانی توانیان لە ساتەوەختە گرینگەکانی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکاندا، بیروڕای گشتی بەلاڕێ ببەن و خواستی ئازادیخوازان سەرکوت بکەن. بڵاوکردنەوەی هەواڵ و گێڕانەوەی ساختە لەلایەن ڕێژیمی ئێران و بریکارەکانییەوە سەبارەت بە کوردستان، بەلوچستان و... کە بووەتە جێی سەرنجی خەباتی دژ بە تۆتالیتاریزم، وایکردووە لە ساتەوەختی مێژوویی و بەتایبەت لە سەردەمی شۆڕشدا بیروڕای گشتیی بوەستێنن یان بەلاڕێی ببەن. بەتایبەت لە شۆڕشی ژینا (ژن، ژیان، ئازادی) بە وروژاندنی بابەتگەلی لاوەکی و وتنەوەی بوختانگەلی سەدانساڵەی دەسەڵات سەبارەت بە نەتەوەکانی ئێران، شەرعییەتیان بەسەرکوتی وەحشیانەی خەڵک لەلایەن دەسەڵاتەوە دا.

زانیاریی ناڕاست سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان

لە ڕووداو و ناڕەزایەتییەکانی ئەم‌دواییە بۆ هەمووان سەلمێنراوە کە ڕێژیمی ئێران بۆ شێواندنی نێوەڕۆکی ناڕەزایەتییەکان، هەواڵ و ڕاپۆرتی ساختە بەکاردەهێنێت. میدیای ئێران کە هەمووی سەر بەدەوڵەتە، ناڕەزایەتییەکان بە پاڵپشتی دوژمنان، دەستێوەردانی دەرەکی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، ئیسرائیل، یا ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات تۆمەتبار دەکات. گێڕانەوەی ڕێژیم، خۆپیشاندەران وەک "بریکاری حکوومەتە دەرەکییەکان" یان "تیرۆریست" دەنوێنێ نەک هاووڵاتییەک کە داوای دادپەروەریی، ئابووری و گۆڕانی سیاسی دەکات. ڕێژیم بەم کارە هەوڵی بێ شەرعییەتی ناڕازییان دەدا و وەک خائین یان دەستوپێوەندی بیانییەکان وێنایان دەکات و هەوڵ دەدا هاوسۆزی گشتیی بۆ خۆپیشاندەران لەنێو ببات و ئاسانکاری و پاساو بۆ سەرکوتی توندوتیژانەی هێزی سەرکوتگەر بهێنێتەوە. هەروەها ڕێژیم بەدوای ئەوەوە بوو کە سەرنج و هۆش لە بابەتگەلی نێوخۆیی و ڕیشەی ڕاستەقینەی ناڕەزایەتییەکان لابدات کە دیارە بووە هۆی بەلاڕێدابردنی شۆڕشەکە و بەشێوەیەکی کاتی توانی سەرکوتی بکات.

ئامانجی هەواڵی ساختە لێدانی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیە

ڕێژیمی ئێران هەڵمەتەکانی هەواڵی ساختە دژ بە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە لەکاتی ناڕەزایەتییەکان و دواتریش، هەمیشە چڕتر دەکاتەوە. یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان لەناوبردنی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەیە. دەوڵەتی ئێران و میدیاکانی چەندین جار بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات هاندەری خۆپێشاندانی نێوخۆی وڵاتن و لەگەڵ ڕێکخراوە سیخوڕییە بیانییەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری وڵات لەپێوەندیدان. ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە نفووزی بەسەر ناڕەزایەتییەکاندا زێدەڕۆیی دەکات بۆ ئەوەی کاریگەریی هەبێ لە بێ ئێعتبارکردنی ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک و خستنەڕووی نائارامییەکان وەک هەڕەشەیەکی ئەمنییەتی نەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی.

بێ ئێعتبارکردنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕ

ئێران زۆرجار لە هەواڵ و ڕاپۆرتی ساختە و زانیاری چەواشەو ناڕاست بەمەبەستی لاوازپێشاندانی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و شۆڕشگێڕ لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات کەڵک وەردەگرێت. ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە ڕاپۆرتی ڕەخنەیی لە ڕێژیم یان ناڕەزایەتییەکان بڵاو دەکەنەوە، لەلایەن ئێرانەوە بە "سیخوڕ" یان "بریکاری حکوومەتە بیانییەکان" ناوزەد دەکرێن. بۆ نموونە ڕوحوڵڵا زەم، دامەزرێنەری کەناڵی هەواڵی ئامەدنیوز، بەهاندانی نائارامی لەکاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٢٠١٧-٢٠١٨ لە ڕێگەی ڕاپۆرتکردن و چالاکییەکانی ئۆنلاینەوە، تۆمەتبار کرا. حکوومەتی ئێران هەڵمەتی زانیاریی ناڕاستی دەست پێ کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە زەم هاوکاریی دەزگا هەواڵگرییەکانی بیانی دەکات. هەروەها ڕاوێژکارانی ڕەزا پەهلەوی لە دەرەوەی ئێران ناوبراویان تۆمەتبار دەکرد هاوکاری دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ئێرانە. تەنانەت کاتێک زەم لە عێراقەوە ڕفێندرا بۆ ئێران، نێزیکەکانی کوڕی شای پێشووی ئێران درێغییان نەکرد لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە و ناشیرینکردنی ڕوخساری شۆڕشگێڕان. دواجار ڕوحوڵڵا زەم لە ساڵی ٢٠٢٠ لە سێدارە درا. ئەم تاکتیکەی ڕێژیمی ئێران و هەماهەنگیی گرووپی پەهلەوی کە بریتییە لە تۆمەتبارکردنی ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ بە سیخوڕی یان تیرۆرەوە، چەند ئامانجێک پەیڕەو دەکات:

الف- تۆقاندنی ڕۆژنامەنووسانی دیکە:

ڕێژیم بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسانی ناسراوی وەک زەم، ڕۆژنامەنووسانی دیکە ئاگەدار دەکاتەوە کە خۆیان لە ڕووماڵکردنی ڕەخنەگرانە بەدوور بگرن یان مەترسی مامەڵەی هاوشێوەیان هەبێت.

ب- بێ ئێعتبارکردنی سەرچاوە هەواڵییە باوەڕپێکراوەکان:

ناولێنانی ئاژانسەکانی هەواڵ و ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ، متمانەیان لە چاوی خەڵک لاواز دەکات و وادەکات خەڵک کەمتر متمانە بە داتاکانیان بکەن. لە ساتە گرینگەکاندا ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میدیا یان ڕۆژنامەنووسانی بەوەکالەتەوە، چەندین جار توانیویەتی هەواڵی ساختە بخاتەڕوو و پاش ئاشکراکردنی ڕووداوە ڕاستەقینەکە بۆ ماوەیەک، باڵادەستی خۆی لە میدیاکان و یاریکردن بە ئۆپۆزیسیۆن پێشان بدات. بۆیە زۆر پێویستە ڕۆژنامەنووسێک یان چالاکێکی سیاسی و مەدەنی لە بڵاوکردنەوەی هەواڵدا بەئەزموون بێت و هەڵیبسەنگێنێت و بە گەمە میدیاییەکانی ڕێژیمی ئێران نەخەڵەتێت و نەبێتە بەشێک لە پڕوپاگەندەکارانی هەواڵی ساختەی حکوومەت.