سێبەری قورسی شەڕ بەسەر ئێرانەوە
مەنسوور مروەتی
لە چلوپێنج ساڵی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگای سپای پاسدارانەوە خەریکی دروستکردنی چەندین هێزی ڕاسپێراو و گوێڕایەڵی خۆی لە وڵاتانی دەوروبەر بووە کە لە ڕاستیدا ئەو هێزانەی بۆ مەرامە شەڕانگێزانەکانی خۆی لە ناوچەکە و دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانە پڕچەک کردوە. کۆماری ئیسلامی بەردەوام ئیددیعای ئەوەی کردوە
لەو ڕێگایەوە توانیویەتی شەڕ لە سنوورەکانی ئێران دوور بخاتەوە و ئەگەر بێتوو وا نەکا، ئەوا شەڕ دێتە نێو ئێران. بەڵام ئێستا دەبینین ئەم حیساب و کیتابەی کۆماری ئیسلامی خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە و ڕاستییەکانی دەردەکەوێ. ئاکامی ئەو هەموو شەڕەنگێزی و ئاژاوەیەی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی دەوروبەر دروستی کردبوو، ئەوا خەریکە یەخەی خۆی دەگرێ، یا بەواتایەکی دروستتر دەبێ بڵێین یەخەی خەڵکی ئێران دەگرێ. خەڵکێک کە هیچکات خوازیاری ئەمە نین. کۆماری ئیسلامی لە هەموو ئەو ساڵانەدا بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی بۆ ئەو هێزانە دەنارد و تا دەیتوانی پڕچەکی دەکردن، لەم لاشەوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش باری ئابووریی وڵات قورس و ژیان و گوزەرانی خەڵک قورستر.
لە دوای ڕووداوەکانی حەوتی ئوکتوبری پارەکەوە دەبینین هەموو ئەو پووڵ و پارە و تێچووە زۆرەی لە گیرفانی خەڵکی ئێران بەتایبەتی بۆ حیزبوڵلا و حەماس و حوسیەکانی خەرج کردبوو، هەمووی بوون بە ئاگر و دووکەڵ و چوون بە حەواوە. لەلایەکی دیکەشەوە کۆماری ئیسلامی بە پێچەوانەی ئەو ئیدیعایەی کە دەیگوت شەڕی لە سنوورەکانی ئێران دوور خستووتەوە، خەریکە ئێران تووشی شەڕێکی ماڵوێرانکەر دەکا کە لەوەشدا دیسان بە تێداچوون و کاولکاری هەر خەڵکی ئێران زەرەرمەندی یەکەمن. ئەگەر پێشتر قەیرانی ئابووری و دەیان کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی ژیانیان لە خەڵک تاڵ کردبوو، ئەوەتا ئێستا لە سایەی سیاسەتە چەوت و نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەگەری شەڕێکی گرانیش بە هەموو ئەو کێشە و قەیرانگەلەوە زیاد بووە و هەر ئان و سات سێبەری قوورسی شەڕ، ڕەشتر لە پێشوو خۆی دەنوێنێ. شەڕێک کە هۆکارەکەی دەسەڵاتبەدەستانی ڕێژیم و سیاسەتی چەوتی ئەوانە، شەڕێک کە بەهیچ شێوەیەک شەڕی خەڵکی ئێران نییە و خەڵک نە خوازیاری ئەو شەڕەن و نە پشتیوانییشی لێدەکەن.
هەر لە تەنیشت ئەو ڕووداوانەدا و لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دیسان باسی کورتهێنانی بوودجەی ئێران هاتەوە بەرباس و وەزیری ئابووریی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند کە بۆ ئەمساڵ ٨٥٠ هەزار میلیارد تمەن کورتهێنانی بوودجەیان هەیە، ئەمەش لە حاڵێکدا کە هەر ئەم سەرکۆمارەی ژێستی چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی گرتبوو، لە کاتی پێشکەشکردنی لایحەی بوودجەدا لەجیاتی ئەوەی لە خەمی ژیان و چەرمەسەرییەکانی خەڵکدا بێت؛ ڕایگەیاند کە پێویستە بوودجەی هێزە چەکدارەکان لەوەی کە هەیە و لە چاو پێشوو زیاتر بکەین. ناوبراو لەگەڵ ئەوەدا بە بەردەوامیش باسی گرانکردنی بەنزین دەکا و هەر ئێستا کە جارێ هیچ نەبووە و تەنیا باسی ئەگەری شەڕ هەیە؛ نرخی تمەن لە بەرانبەر دۆلاردا ئەوەندەی دیکەش دابەزیوە و نرخی زێڕیش بەرزتر بووەتەوە. بە هەموو ئەمانەی باس کرا دەردەکەوێ گرانی و قورسی دۆخەکە تەنیا دەکەوێتە ئەستۆی خەڵکی ئێران، خەڵکێک کە نە خوازیاری شەڕن و نە لایەنگری سیاسەتە چەوت و ناڕاستەکانی دەسەڵاتبەدەستانی ڕێژیمن.
ئەوەش بڵێین باسی زیادکردنی بوودجەی هێزە چەکدارەکان و بەشی سەربازی و نیزامیی ڕێژیمیش لە ڕوانگەی دەسەڵاتەوە لە ڕاستیدا باسی ئەو مووشەک و درۆنانەیە ڕۆژانە لەلایەن ئێران و هێزە نیابەتیەکانییەوە دەتەقێنرێن و هیچ زیانێکیش بە ئیسرائیل ناگەیەنن. پێشتر جیا لە پڕچەککردن و ناردنی پووڵ و پارەی زۆر بۆ هێزە نیابەتییەکان، ئەوا پارەیەکی چاکیش بۆ دروستکردنی ماڵ و ژیان و گوزەرانی ئەندامانی ئەو هێزانە دەکرا، لە کاتێکدا ڕێژەی کرێچی و بێخانە و لانەکان لە هەموو شارەکانی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەکەن و بوون بە خاوەنی چواردیوارییەک بۆ بەشێکی زۆر لە خەڵکی ئێران بووەتە خەون و خەیاڵ. ئێستاکەش کە غەززە و بەیرووت و هەموو ئەو شوێنانەی لەم ماوەیەدا لە سایەی نەحسی کۆماری ئیسلامی و هێزە ڕاسپێراوەکانیەوە کاول و وێران بوون، کۆماری ئیسلامی لە زمان چەند بەرپرسێکییەوە ڕایگەیاندوە کە ئامادەن بۆ دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوی هەموو ئەو شوێنانە. وەکوو باسیش کرا هەموو ئەمانە لە گیرفانی خەڵکی ئێران و لە سەرحیسابی ئەو هەموو سەروەت و سامانەوەیە بە خەڵکەکەی خۆیان ڕەوای نابینن و ژیانێکی ئاسایی بۆ بەشێک لە خەڵکی وڵاتەکە بووەتە خەون و خەیاڵ.
پوختەی مەبەست: بەو هەموو نەهامەتی و کێشە و گرفتانەی بڕستی لە خەڵکی ئێران بڕیوە، ئەوا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەڕێکی هێناوەتە بەر دەرگای خەڵک کە نە هێزە چەکدارە مافیاییەکانی توانایی ئەو شەڕەیان هەیە و نە منداڵی خامنەیی و بەرپرسانی دیکەی شەڕخوازی ڕێژیم تێچووی بۆ ئەدەن و گیان و ژیانی خۆیان لەسەر دادەنێن، بۆیەشە نەفرەت لە سیاسەتەکانی ڕێژیم دەکەن و تەنیا ڕێگەی گۆڕینی ئەم دۆخەش لە نەمانی ئەم ڕێژیمەدا دەبینن.