کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێعر چییە؟

02:08 - 4 خەزەڵوەر 2724

شێعر چییە؟

ئاکۆ ئەلیاسی

ئێمە ناتوانین بەپێی پێناسەیەکی گشتیی، چەمکێکی فرەلایەن و ئاڵۆزی وەک "شێعر"، کە بە یەکێك لە ژانرە سەرەکییەکانی ئەدەبیات دەژمێردرێ، ڕام و دەستەمۆ بکەین و هەر ئاوەها سووک و سانا بڵێین: "شێعر ئەوەیە!" ئەگەر وابێ، ڕەنگە زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە ببن بە شاعیر، لەبەر ئەوەی کە ئیدی بۆ هەموو کەس خوویا دەبێت، کە شێعریش وەک فیزیک، شیمی، بیرکاری، زانستی پزشکی و هێڵە گشتییەکانی فەلسەفە، تاریفێکی دیار و ڕوونی لێ‌کراوە و لەو تاریفەشدا، فۆرمۆلەکانی، بۆ هەموو کەس دەنووسرێنەوە. وەک چۆن هیچ شاعیرێک هەتا ئێستا نەیتوانیوە بە پێی ویست و خواستی خۆی، ئەوەی کە لە خەیاڵ و خولیایدا بووە، لە چوارچێوەی شێعر، بە تەواوی دایڕێژابێ، هەر ئاوەهاش، نە شاعیر و نە شێعر ناسەکانیش، بە تەواوی لە شیکار و شرۆڤەی شێعر، نەگەیشتوونەتە ئەو سنوورەی کە بە سنووری کامڵبوونی "پێناسەی شێعر"ی پێدەناسرێتەوە!

هەر وشەیەک لەلای هۆنیار، وێنەیەکی تایبەتیی هەیە. ڕاست وەک وێنەی ڕەنگ و ڕوومەتی ڕەگەزەکانی خودی مرۆڤ! ڕوخسارێک هەیە کە ویشک و برینگە، یەکی دی هەیە دڵگیر و دڵنشینە. یەکێک هەیە نەرمونیان و دڵئاوێزە، یەکی کەش هەیە ڕەق و ویشک و قێزێونە!

لێرەدا وشەکان، سکە و پووڵی ڕەقی بێ سۆز و هەست و مەیل نین، بەڵکوو گیانیان تێدایە و ڕق و بەزەیی بە یەکتر دەفرۆشن! کۆمەڵێک لەم وشانە لەگەڵ هەڤدو نەرمونیان و ئارامن، وەک ئارامیی زەریا، بەشێکی دیکەشیان، پڕاوپڕن لە ڕقی شەپۆل و شەڕ و شۆڕ و یاخی و سەرهەڵدان!

دیارە ئەوە بەو واتایە نییە، کە هیچ پەسن و تاریفێکی گشتیی بۆ شێعر نییە، با، شتێکی لەو چەشنە هەیە، بەڵام ئەوە لە هەنگاوی یەکەمدا، تەنیا تاریفێکی گشتیی، ڕووکەشانەی سوواو و دووپاتەیە، کە ڕەنگە، هۆگرانی سەرەتایی دنیای فرەڕەهەندی شێعر، بۆ دەستپێک، ئەزبەری کەن و پانۆڕامایەکی تا حەدێک لێڵ و ناڕوون، بە دیواری زەینیانەوە بچەسپێنن، کە بۆ هەنگاوی سەرەتا، شتێکی خراپ نییە. بەڵام کێشەی ئاڵۆزی چەمکێك بە ناوی "هۆنراوە، هەڵبەست" یان هەر هەمان شێعر، بەربڵاویی خەیاڵی شاعیرانەیە. بەربڵاویی خەیاڵێک کە هەموو هەستیار یان هۆنیارێک، ناکارن وەک یەک، لەگەڵ ڕاستیی پێچەڵ پێچی زمان، زەنگینی لە وشە و پەیڤ و دەربڕین، قووڵیی لە بیرکردنەوە و ڕۆچوون بە نێو دنیای هزرین، "شێعر" ڕام و کەوی بکەن!

لە دنیای کۆلکەزێڕینەی شێعردا، خەیاڵ دەبێتە پێشەنگی زمان و ئەوە خەیاڵە، کە زمان دێنێتە گۆ. زۆر جارانیش پێچەوانەکەی هەر ڕاستە. واتا، ئەوە زمانە کە گەرای بیرکردنەوەی مرۆڤ و تێڕوانینی لە دیاردە و شتە هێشتا نەدۆزراوەکانی دەوروبەرمان، دەخەمڵێنێ و ڕێگا بۆ بیرکردنەوە دەڕەخسێنێ. پێشەنگی هەموو بیرکردنەوەیەکیش، لە ئاکامدا، هەر دەگەڕێتەوە بۆ خودی شێوەی دەربڕین لە زماندا.

شاعیر، ڕۆماننووس و چیرۆکنووس، لە ڕێگای خەیاڵەوە دەچنە ڕاوی چەمکێک بە ناوی "حەقیقەت." خۆ دیارە زۆرایەتی چینی کۆمەڵگە، نە شاعیرن، نە ڕۆماننووس و نە چیرۆکنووس. کەوایە، ئەوەی لە ماڵۆچکەی زماندا ڕوودەدا، هەموو کەسێک ناگرێتەوە جگە لەوانەی، کە بە خەیاڵ، بە دوای حەقیقەتدا وێڵ و شەیدان. وەک ئاماژەم پێدا، ئێمە لە ڕێگای زمانەوە دەچینە ڕاوی حەقیقەت، بەڵام لە ڕێگای حەقیقەتەوە، خەیاڵمان پێ ڕاوناکرێت!

لێرەدا، ڕۆڵی شاعیر لە شێواندنی چوارچێوەی دیاریکراوی زمانێک بۆ ئەودیوی دەقێکی چڕ و قووڵتر، کە لەودا، "خوازە و ئاماژە" ڕۆڵی سەرەکییان لە خەمڵاندنی دەقێکدا هەیە، ڕۆڵێکی ئانارشیستانەیە. ئانارشیستانە بەو واتایە، کە شاعیر پابەند بە یاسا و ڕێسای زمانێکی زبر و تەق و ڕەق نابێ. لە نووسینی دەقێکی قووڵی شێعرییدا، زۆر جاران، شاعیرەکە تاوانبار نییە، بەڵکوو ئەوە سووچی ئەو بەردەنگەیە، کە ئاستی وشیاریی ڕۆشنبیریی لە تێگەیشتنی ئەو دەقەدا، هەژار و دۆشداماوە! مادام یەکێک لە ئەرکەکانی شێعر، شکاندنی دەقە چەقبەستووەکانی زمانە، ئەوە هەر بەو ڕادەش، ئەرکی شاعیرە، کە وا لە خوێنەر و بەردەنگ بکات، بە دوای خۆڕۆشنبیرکردن بکەون، نەک پێچەوانەکەی. جیاوازی شاعیرێکی سەرکەوتوو، لەگەڵ کۆمەڵگەدا ئەوەیە، کە ئەو بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە و بیرکردنەوەیە بۆ پەیبردن و کەشفی ئەو دنیایەی، کە هەموو کەسێک ڕێی تێ‌ناکەوێ!

ئەگەر شیعر، لە قۆناغی گڕوگاڵی شاعیردا، سەرکەوتووانە، بازی دایە نێو بازنەیەکی دیکە لە هزرین، ئەوە بەو مانایەیە، کە هۆنیار، بە خۆڕسک، خودان هونەری هۆنینەوەی هۆنراوەیە و وەک عاشقێک، بە دووی دڵدارەکەیدا، ئامادەیە، دژواریی هەموو کەند و کۆسپێکی ژیان بکڕێ و ببێت بە بەندەی خەیاڵێکی تاریف‌نەکراو، بە ناوی شێعر.

بۆیە، ئەو بەناو هۆنیارانەی کە بە زۆر، خۆیان بەسەر هونەری شێعر نووسیندا، دادەسەپێنن، لە ڕاستیدا، هەژارترین چینەکانی نێو کۆمەڵگەن! چوونکە ئەوان تەنیا خاوەنی بستێک بیرکردنەوە زیاتر نین، هۆکارەکەش، یەکەم ئەوەیە کە ئەو دەستە لەو بە ناو هۆنیارانە، خۆڕسکانە، هونەرمەند نین و خاوەنی چ هونەرێکی سروشتیی نین، هەر بۆیە ئەرکی ئەوان، بۆ ڕازیکردنی ویژدانیان، تەنیا کاوێژکردنەوە و دووپات کردنەوەی هێندێک وشە، پەیڤ و دەربڕین و ڕستەی کرچ و کاڵ و بێ واتان، کە دەبنە هۆکاری ڕشانەوەی خوێنەری زیرەک و ڕووناکبیر. دیارە تا شاعیری بێ دەسەڵات و شێعری کرچ و کاڵیش نەبن، نە شاعیرە باشەکان دەناسرێن و نە شێعرە ڕەنگینەکانیش، دەبنە ھۆی تام و چێژ بەخشین بە خوێنەر!

بەڵام، هۆنیاری بە خۆڕسک و خاوەن هونەر، بەردەوام لەگەڵ زمان، خەیاڵ، تێڕوانین، تێڕامان و ڕۆچوون بە ناخی ئاوەز، بۆ دۆزینەوەی تێکنیکێک دەژی، کە لە دەربڕینی خواست و مەیل، حەز و ئاوات، خەون و مەراق، خولیا و خەیاڵ و زۆر جاریش، بیری قووڵی فەلسەفیانە، مامەڵەیەکی هۆسایانە بکات!

لەم قۆناغەدا، نە شاعیر ئەو شاعیرە ڕاڕاییە بێدەسەڵاتەی سەرەتای شاعیرێتیەتی و نە شێعرەکانیشی، وشە کرچ و کاڵەکانی دەسپێکی خەونی بە شاعیر بوونیەتی. بەڵکوو، قۆناغی بیرکردنەوە لە شێعر دەست پێ دەکات، بیرکردنەوەیەک، کە دواجار، خوێنەری زیرەک دووچاری هەژانی سۆز و هاوکات ڕامان و ڕۆچوون بە ناخی دیاردەکاندا دەکات و بەربینگی پێ دەگرێت کە بچێتە نێو جەغزی دنیایەکی دەست‌لێنەدراو و بە دوای تای تاڵی بەنی ئەو خەیاڵە شاعیرانە وردبینانە، کە تەژی لە ڕەنگ و واتا و بەهان، بگەڕێت و قیمەتی جوانییەکانی ژیان، لە خەیاڵێکی ڕاستەقینەی شاعیرانە دا بۆ دنیایەکی حەقیقی، بدۆزێتەوە.

بۆیە، لێرەدا، شێعر دەچێتە قۆناغی بیرکردنەوە لە بوون و نەبوونی ژیان. واتا نزیکبوونەوە لە هزرینی فەلسەفی. هەنگاونان بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی مرۆڤ.

ڕەنگە، شێعرێک، بە پێی کات و قۆناغی چاخێک، ببێتە شاکار، شاعیرەکەش بگاتە لووتکە، بەڵام نابێ ئەوەمان لەبیر بچێت، کە مادام چاخ و قۆناغەکەی سنووردارە، زەمان لە بازنەیەکدا قەتیس نابێ، ئەو شاعیرە و ئەو شاکارە، بە گشتیی تەنیا هی ئەو قۆناغ و چاخەن، ئیدی بۆ داهاتوو نە لووتکەیەک هەیە و نە شاکارێکیش، بۆ تا هەتایە، هەر شاکارە! چوونکە دا‌هێنان ئۆقیانووسێکی قووڵ و بێبڕانەوەی وەک خودی ژیانە!

شاعیر بوونەوەرێکی هونەرمەندی جادووگەری بێ سنوورە لە زمان، خەیاڵ، لە ئافراندنی وێنە و ڕاکێشانی مەنگایی بیرکردنەوە و شێعریش ئەو ئامرازە دەستەمۆ نەکراوەیە، کە خۆی بە موڵکی جیهان دەزانێ!

لەمەڕ شێعر و لە ئارشیو، لە ڕاپۆرتی نهێنیی ئەرشیڤکراوی پۆلیس دا کە وێنەیەکی بۆتە گوارەی گوێچکەی مێژووی دەسەڵات و سیاسەت، نەنووسراوە کە مزڵ و شوێنی کوێیە، دینی چییە، خاوەن چ بیروباوەڕێکە و سەربەکام وڵاتە، تا ئێستا زانیارییەکی بڤە و نەبووە."

تۆ بڵێی شێعر هاونیشتمانییەکی ئاسیایی بێ یان ئافریقایی؟ ئەورووپاییە، یان ئەمریکی؟ گەلۆ ڕەنگی پێستی سپییە، چاوەکانی شینن؟ یان پێست ڕەشە و قژ بژبژین و تێکئاڵۆزا و لوولە؟ یان پێست زرد و چاوەکانی نیشانەی دوو پرسیارن؟

تۆ بڵێی لە دانیشتووانی هیندە یان سێند، ئیسکیمۆ، یان هی دورگەی عەرەب بێ؟ زەردەشتی و ئاگرپەرەستە، بوودایی؟ یان مەسیحی و مووساییە، یا خود موسڵمان و سێکۆلارە؟  ڕاست‌ئاژۆیە، یان مارکسیست؟ ئانارشیستە، یان نێهیلیست؟ لایەنگری بۆرژوازییە، یان پڕۆلتاریا، پێشکەوتنخوازە یان کۆنەپەرەست؟ پاشاخوازە، یان کۆماریخواز، بە ژنە، یان بێ ژن، بێتاوانە، یان کەتنی کردووە و حوکمی دراوە. هەموو ئەو وێنانە، لە ئەرشیڤی پۆلیس دان، بیچم و تەرحیان، تا ڕادەیەک وەکوو یەکن و لێک نزیکن و بە پێنووسی ڕەش کێشراونەتەوە. هەموو ئەم پەسنانە، هی مرۆڤێکی  ڕووگرژی قژ فڕفڕی و ئاڵۆزن کە سیگار زۆر دەکێشێ، ڕۆژانە کوپەیەک قاوە دەخواتەوە، پێنج نۆبەش بیرەی خۆ وڵاتی لە ڕۆژێکدا، بەسەرەوە دەنێ. بە ڕۆژدا جاکەتێکی چەرموو لە بەردەکا و بە شەویش، خەونەکانی بە خۆیدا دەدا!

***

سەرچاوەی سەرەکیی ئەم بابەتە، نامیلکەیەکە بە ناوی "شێعر چییە" لە نووسینی شاعیری گەورەی عەرەب "نزار قەبانی".