خەمی مرۆڤ نییە، خەمی هیلالی شێعەیە
هەردی سەلیمی
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پەیامێکدا داوای لە موسوڵمانان کرد بە هەموو توانای خۆیان یارمەتیی شەڕکەرانی لوبنانی بدەن، هەندێک لە مەلا شێعەکان ئەم پەیامەی خامنەیییان لێک دایەوە و وتیان ئەم فەرمانە، واجبی عەینییە و لەسەر هەموو موسوڵمانانە کە بە هەر شێوەیەک بتوانن یارمەتیی حیزبوڵڵا بکەن؛ جێی ئاماژەیە لەم پەیامەدا داوای یارمەتیی بۆ خەڵکی فەلەستین نەکراوە.
لەم بابەتەدا هەوڵ دەدرێ ئەم پەیامە بکرێتە بیانوویەک بۆ ئەوەی ئاوڕێکی خێرا و سەرپێیی بدرێتەوە لە دۆخی ئابووریی خەڵکی ئێران. پێش لە هەر شتێکی دیکە سەرانەی بەکارهێنانی گۆشتی سوور لە ئێراندا و بەپێی ئامارەکان ١٢ کیلۆیە کە بۆ سێ چینی خوارەوەی کۆمەڵگە ٢ کیلۆیە لە ساڵدا، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ئامارە لە وڵاتانی عەرەبیی ناوچەدا سەروو شەست کیلۆ و حەفتا کیلۆیە. بە واتایەکی تر لە ئێراندا خەڵکانێکی زۆر هەن کە لە ساڵدا توانای کڕینی دوو کیلۆ گۆشتیان نییە.
هەروەها هێڵی هەژاری لە ئێراندا گەیشتووەتە بیست میلیۆن تمەن و سێ لەسەر چواری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین، بۆ تاران ئەم نرخە سی میلیۆن تمەنە. هەموو ئاگادارین وڵاتی ئێران لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان لە ڕووی کانزاوە بە ئەژمار دێ، ئەم وڵاتە ٤ هێندەی وڵاتی تورکیە میلیۆنەری هەیە، میلیۆنەر بەپێی دۆلار؛ بەڵام ئەم سەرمایەدار و دەوڵەمەندانە هیچ سوودێکیان بۆ خەڵکی ئێران نییە و زۆربەی نزیک بە تەواویان لە وڵاتانی دەرەوە سەرمایوگوزاری دەکەن و خێرێکیان بۆ خەڵکی لێقەوماوی ئێران نییە.
کرێکاران لە ئێران لە بێئیمکاناتی و بێمووچەیی دەناڵێنن، هەر ماوەیەک لەمەوبەر کرێکارانی کانزای خەڵووز لە ئێران بەهۆی بێئیمکاناتییەوە تووشی ڕووداوێکی دڵتەزێن بوون و ٥٢ کەس لەوان گیانی لەدەست دا، کرێکارانی پێترۆشیمیی باشووری ئێران لە گەرمای سەروو ٥٠ سانتیگرادی هاوینی ئەمساڵدا تاقەتپڕووکێنانە کاریان دەکرد بۆ زیندوو مانەوەیان.
لە بەلووچستان خەڵک بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنێن و ساڵانە چەندین کەس بەتایبەتی منداڵانی ئەم ناوچەیە تەنیا بۆ دابینکردنی قومەئاوێک دەبنە قوربانیی گاندۆکان، کە جۆرە تمساحێکە لە بەلووچستان، سەرەڕای ئەمە و کەمی یا هەر نەبوونی ناوەندە تەندروستییەکان لەم ناوچەیە، بێئیمکاناتیی خوێندنگەکان و سیستمی پەروەردەی تاکزمانە و... منداڵانی ئەم ناوچەیەی بە نەخوێندەواری هێشتووەتەوە. لە کوردستانیش کە هەمیشە بە چاوێکی ئەمنیەتییەوە سەیری کراوە، نەتەنیا ژێرساختێکی ئابووریی نییە، بەڵکوو ساڵانە کاسبکارانێکی زۆری ئەم ناوجەیە بۆ دابینکردنی پارووە نانێک تامی تاڵی مەرگ دەچێژن.
گەڵاڵەی بوودجەی ساڵی داهاتووش کە لەلایەن پزشکیانەوە بە مەجلیس درا، دەرخەری دۆخی نالەباری ئابووریی ئێران بوو، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم کێشە ئابوورییانە هەر لەو گەڵاڵەیەدا بەشی نیزامی زیاترین بەشی پێبڕاوە و بۆ پاساویشی دۆخی ئەمنیی ناوچەیان هێناوەتەوە.
ئەمە کورتە ئاماژەیەک بوو بە ڕادەی بەربڵاوی هەژاری لە هەموو ئێراندا و بەتایبەت ناوچە پەراوێزخراوەکان، ئەو هەژارییەی کە سەرەڕای بەڵێنە یەکبەدوای یەکەکان هەروا هەوسارپچڕاوانە هەڵدەکشێ و هیچ بەرنامە و ئیرادەیەکیش بۆ بنبڕکردن کە نا تەنانەت بۆ کەمکردنەوەشی نییە و گەشەی ئابووری ساڵانێکە لەم سیستمە گەندەڵ و ناڕوونەدا ماڵاواییی یەکجاری کردووە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش خەڵک زیاتر تووشی چارەڕەشی و هەژاریی ڕەها دەبن.
لە وەها دۆخێکدایە کە خامنەیی فتوا دەدا و دەستووری شەرعی دەدا کە ئەو خەڵکە یارمەتیی شەڕکەرانی لوبنان بدەن! لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ لە خۆمان بپرسین دەبێ ئەم خەڵکە تێچوو بۆ کام سیاسەت و ستراتێژی بدەن؟ ئو بۆچی ئەو تێچووە بدەن؟ مەبەستی ئەم وتارە هاوڕابوون لەگەڵ دروشمی "نە غزە، نە لبنان..." نییە، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە کە شارۆمەندانی ئەو وڵاتە لە هەژاریدا بەسەر دەبەن، بەڵام خامنەیی دەیهەوێ هێزێکی گێرەشێوێن ببووژێنێتەوە بۆ ئەوەی بەردەوام ناوچەکە ڕووی ئاشتەوایی و ئەمنیەت بە خۆیەوە نەبینێ و لە پێشدا وڵاتی لوبنان وێران بکەن جا وڵاتانی دەوروبەر، دەنا مەبەستی ئەو مرۆڤتەوەرانە نییە، گەر وا بووایێ چاوی بەسەر خەڵکی دەوروبەری خۆیدا نەدەقووچاند.