کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
(داهاتووی کۆمەڵگەی مەدەنی؛ هەڕەشە و دەرفەتەکان)
سمایل شەرەفی
کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی زاڵبوونی سیستەمێکی سەخت و ڕژدی وەک نیزامێکی دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەر کوردستان و تێفکرینێکی تەوایەتیخواز و خۆبەزلزانی فارس-شیعی لەلایەک و، لە ایەکی دیکەوە بە هۆی لاوازیی فەرهەنگی حیزبایەتیکردن و ڕوانگەیەکی هێژمونیخوازی حیزبی کە بە سەر فەزای سیاسیی کوردستاندا زاڵە و هەروەها بە هۆی ساوابوون و نەبوونی ئەزموونی پێویست، لە بەردەم تاقیکاری دایە. داهاتووی کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی مەدەنی و کاریگەریی و ڕۆڵی چالاکانی مەدەنی، بەو دەرفەت و هەڕەشانەوە بەستراوەتەوە کە لێرەدا کورتە سەرنجێکیان دەخرێتە سەر.
هەڕەشەکان
سەرەکیترین هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کورد و کوردستان لە تەواویەتیی خۆیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەو ڕوانینە ئەمنیەتییەیە کە بۆ پرسی کورد و خاکەکەی هەیەتی. بەپێی خوێندنەوەی نیزامی زاڵ بەسەر کوردستاندا، سەرکوتی کورد و حاشا کردن لە هەر پرسێکی پێوەندیدار بە کوردەوە ڕەوا و ڕێگەپێدراوە. بۆیە "یەکێک لە گرینگترین بەربەستەکانی خۆڕاگریی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسی ڕەوابوونی سەرکوتی کورد لە ئاستی ئێراندایە. کورد وەک نەتەوەی پەراوێزخراو سەرکوتی لە لایەن نەتەوەی باڵادەستەوە ڕەوایە چونکی کوردستان نیشتمانێکی داگیرکراوی ژێردەستی نەتەوە و دەسەڵاتی فارسە". کەوابوو لە قۆناغی ئێستادا ئەوەی نوێنەرایەتی ئەقڵییەتی پاوانخوازی فارس و دەوڵەتی ناوەندگەرای ئێرانی دەکات و سەرچاوەی کۆی هەڕەشەکانە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
گەشە و کارایی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکیی چالاکانی مەدەنی پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژینگەیەکی دێموکراتیک و ئازادەوە هەیە و نەبوونی ئەم ژینگە دێموکراتیک و ئازادە کە بە بوونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێبەری کراوە، گەورەترین لەمپەرە بەرانبەر کۆمەڵگەی مەدەنی. چالاکانی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەگەر لەلایەک بە هۆی نەبوونی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و دێموکرات، مەجال و دەرفەتی کار و داهێنانیان بەرتەسک و مەحدودە، لە لایەکی دیکەوە بە هۆی نیزامی دیکتاتۆریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ڕووبەڕووی سەرکوت و دەستبەسەرکردن و... دبنەوە و بەو هۆیەوە هێندێک جار ناچار بە بەربەرەکانێی ڕژد و نامەدەنیانە دەبنەوە کە ئەم توندوتیژییە لە ماهییەتی خۆیدا دەتوانێ هەڕەشە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی بێ. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێکخراوە مەدەنییەکان ناوەندگەلێکن کە لە ئاستی بەرەنگاریدا بە هۆی ناڕێکخراوبوونیان بچووک و لاوازن، بۆیە هەرچی دەوڵەت و دەسەڵات بەرەو تۆتالیتێری بچێ، جێگایان لێژ دەبێ و لەگەڵ ئەوەیکە خۆیان بە دەستەوە نادەن، چالاکییەکانیان لە شێوازی ئاشکراوە دەگۆڕدرێ بۆ نهێنی و زێرزەمینی و ئەگەر مەیدانیان لێ بەرتەسکتر بکرێتەوە و زیاتر سەرکوت بکرێن، هیچ دوور نییە دەست بۆ چەک بەرن و لە ڕێکخراوی مەدەنییەوە بگۆڕدرێن بۆ تەشکیلاتێکی چەکداری.
پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوەی سیاسی لە کوردستان و کارتێکەرییان لە سەر یەکتری و هاودیسکۆرسیی ئەم دوو باڵە لە بزووتنەوەی جەماوەریی کوردستان بە خاڵی بەهێز و دەرفەت بۆ هەر دوو بزووتنەوەکە باس کرا. لە نێوان پێوەندیی دیالکتیکی ئەم دوو بەستێنە لە خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەلێنێکی ورد هەیە کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی دێتە ئەژمار، ئەویش "بەحیزبی کردن"ی کۆمەڵگەی مەدەنییە. یەکێک لە مەترسییەکانی سەر کۆمەڵگەی مەدەنی ئەوەیە کە حیزبەکان چاوەڕوانیی ئەوەیان لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان یان چالاکانی مەدەنی هەبێت کە سەر بەوان بن و بە قسە و دەستوری ئەوان بجووڵێنەوە و، بیانکەنە بەشێک لە تەشکیلات و ئەندامی خۆیان و ئەگەر ئەو چاوەڕوانییەیان دەستەبەر نەبوو، لە بەرانبەر خۆیانیان دابنێن و بە داردەستی دوژمنیان پێناسە بکەن. یان ئەوەیکە حیزبەکان هەوڵ بدەن لە نێوخۆی وڵات ڕێکخراوی بەستراوە بە خۆیان و هاوتەریب لە گەڵ ڕێکخراوە مەدەنییەکان درووست بکە.
لە نێو سیستەمێکی دێموکراتی و ژینگەیەکی ئازادی سیاسیدا حیزب و ڕێکخراوی مەدەنی دەتوانن تەواوکەری یەکتر بن و گەلێک پرۆژە و بەرنامە و میتینگی هاوبەش بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بەڕێوەبەرن، بەڵام بەدەر لەم حاڵەتە و لە نیزامێکی دیکتاتۆری و ژینگەیەکی داخراوی وەک ئێستای ئێراندا دەستێوەردانی حیزبەکان لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان، دەتوانێ تەواو مەترسیدار بێت و دەرفەتەکانی بەردەم پاراستنی کۆمەڵگەی مەدەنی بفەوتێنێ. لە لایەکی دیکەشەوە بەحیزبیکردن هەزینەی کارکردن دەباتە سەرێ و بەشێکی زۆر لە خەڵک کە حەزیان لە چالاکییە و حازر نین تێچووی زۆر بدەن دەترسێنێ و لە بزووتنەوە دەیانتەکێنێتەوە.
هەر لە بارەی پێوەندیی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبەکان و مەترسییەکانی بەحیزبیکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی. مەحموودزادە لە سێ خاڵدا بەڕوونی باس لە جۆری ئەم مەترسیانە دەکات: ١- لە ئەگەری نەمانی باڵێک لەم دوو باڵە (مەدەنی و سیاسی) باڵەکەی تر تێدا دەچێ. ٢- ئەگەر هەر دوو باڵ هەبن بەڵام پێوەندییە ئۆرگانیکەکەی نێوانیان بپچڕێ و لە خراپترین حاڵەتیشدا ئەو دوو باڵە به دژی یەک بوەستنەوە. ٣- یەکێک لەو باسکانە بیەوێ مەنتیقی خۆی بە تەواوی بەسەر ئەوەی دیکەدا زاڵ بکا و لەنێو خۆیدا بیتوێنێتەوە.
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە حیزبی نەکرێ، پێویستە "هێڵێکی پڕڕەنگ لەنێوان حیزب و کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەبێت و بۆ پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی و گەشەی سەقامگیر، حیزب نە دەبێ ڕێکخراوی مەدەنی سەر بە خۆی ساز بکات، نە دەست لە کاروباری کۆمەڵگەی مەدەنی وەربدات". ڕێکخراوەکانی مەدەنی بۆ ئەوەی بتوانن لە هێزی جەماوەری خەڵک کەلک وەربگرن و سەرنج و متمانەی تێکڕای خەڵک بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و متمانەی گشتیی جەماوەر وەدەست بێنن، دەبێ بە تەواوەتی سەربەخۆ بن و نەبنە پاشکۆی حیزب.
لەم پێوەندییەدا عەبدوڵڵا حەسەنزادە، بە ئاماژەدان بە وتارێکی حیزبەکەی کە ساڵی ١٣٥٣ لە پەرتووکی "تێکۆشەر"دا بڵاو کراوەتەوە، باس لەوە دەکات حیزبی دێموکرات هەمیشە هەوڵی ئەوە بووە دەستێوەردانی ئەو کوڕ و کۆمەڵە فەرهەنگی و ئەدەبییانە نەکات کە لە نێوخۆ ساز دەبوون و چالاکییان دەکرد و دانی مۆرکی سیاسی لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بە کارێکی نادرووست و زیانبەخش دەزانێ. لەم پێوەندییەدا ناوبراو پێی وایە "شانازی ئەوە نییە حیزب فەعالییەتی باشی خەڵکەکەی بکا بە هی خۆی، شانازی و هونەرەکە لەوەدایە فەعالییەتە باشەکەی خۆت بە هی خەڵک بزانی. چونکی گەورەترین شانازی بۆ حیزبێکی سیاسی ئەوەیە کە ئەوەی دەیکا لە خزمەتی خەڵکدا بێ. لە پاشان ئێمە ئەگەر مەسئوولانە بیر بکەینەوە، حیزبی خەڵکین، بۆخۆمان و حیزبەکەمان هی خەڵکین. حیزب بە هەموو بەربڵاوییەکەی بۆخۆی بەشێکی کەم لە خەڵکەکەیە، کەوایە بەهیچ جۆر لەگەڵ ئەوە نیم کە کاری چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوەکانیان مۆرکی سیاسییان لێ بدرێ و فەعالییەتی خەڵکی بکرێتە هی حیزبەکان".
هەر لەم بارەوە ڕەزا کەعبی دەڵێ "قەت پێمان وا نەبووە ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکرێنە هی کۆمەڵە. بەبێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکی سازمانیمان لێیان هەبێ، زۆر جار هاوکاریشمان کردون و خۆمان بە پشتیوانیان زانیوە. ئەم ساڵانەش یەکێک لەو بزووتنەوە مەدەنییانەی کە ژینگە پارێزییە دەور و نەخشی زۆری هەبووە، ئێمە ویستوومانە هاوتەریب و هاوئاهەنگ بین لەگەڵ هەموویان. ئیمکانی نییە حیزبێک لە هەلومەرجی ئێستادا کە کۆمەڵگە گۆڕانێکی قووڵی کۆمەڵایەتی بەسەردا هاتوە، بتوانێ ڕێکخراوێک بکاتە حیزبی. ئەسڵەن ئەو قۆناغە بەسەر چووە. دەورەی ئەوە تەواو بووە کە حیزب هەموو شتێک ببڕێتەوە. هێزی دیکە لە کۆمەڵگە هاتۆتە ئاراوە و زۆرێک لە ڕۆڵ و نەخشەکان بە سەر هێزی دیکەی کۆمەڵگەدا دابەش بوون کە کۆمەڵگەی مەدەنی یەکێک لەو هێز و باسکە نوێیانەیە".
خەباتی مەدەنی و ئەو کۆمەڵگەیەی لە ئاکامی ئەم خەباتە بنیات دەنرێ بە مەرجێک ڕیشەیەکی مێژوویی هەبێت و خاوەنی ڕەسانایەتی لە خاک و خەڵکی خۆی بێت، کەم وا هەیە دەستەمۆیی و دەستێوەردان و توانەوە لەنێو چوارچێوەیەکی دیکەدا قبووڵ بکات. کەوابوو "خەباتی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرگیز بە تەواوەتی بە حیزبی ناکرێت". بەڵام ئەو ڕەوتە سیاسییانەی خاوەنی بەربڵاوترین پێگەی جەماوەرین و پێوەندییەکی ئۆرگانیکیان بە کۆمەڵگەوە هەیە، مۆرکی خۆیان لە هەر ڕەوتێکی زادەی ئەو کۆمەڵگەیە دەدەن. بەو مانایە کە زیندووترین پێوەندیی ئۆرگانیکی لەگەڵ دادەمەزرێنێ و لەگەڵ خۆی هاوئاراستەی دەکات. بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەو پێگە مێژوویی و بەرفراوانە جەماوەرییەی کە هەیەتی، شکی تێدا نییە کە شوێنەواری لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی و خەباتی مەدەنی داناوە و لە هێما و گوتار و سەبکی ڕەفتاردا هاوئاراستەی خۆی کردوە. حیزبەکان نابێ هەوڵ بدەن ئەو ڕێکخراوە مەدەنییەکان بکەنە حیزبی، چونکی هەم ناتوانن شتی وا بکەن و هەم ئەگەر هەوڵی بۆ بدەن کارێکی بێهوودە دەکەن. کۆمەڵگەی کوردستان گۆڕانێکی بەرینی کۆمەڵایەتی تێدا پێک هاتووە و هەرچی ئەم کۆمەڵگە پێشکەوتنخوازتر، مەدەنیتر و جەماوەریتر بێت، زیاتر بەقازانجی کۆمەڵگە دەبێت. ئەگەر حیزبێک ئەم نەتیجەیە بە زەرەری خۆی بزانێ و نەتوانێ ئەم بەرەوپێشچوونە لە بەشێک لە ئامانجەکانی خۆیدا پێناسە بکات، بێگومان لەمپەرێکی گەورەیە لە سەر ڕێگای گەشەی کۆمەڵگەی مەدەنی.
بۆچوونێک هەیە کە پێیوایە مەترسیی بەحیزبیکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕادەبەدەر گەورە دەکرێتەوە و خودی ئەم لەبەرانبەر یەکدا دانانەی ئەم دوو بەستێنە لە خەبات هەڕەشەیەکی گەورەترە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی. بزووتنەوەی مەدەنی قەت بەرانبەر بە بزووتنەوەی شۆڕشگێری ڕاناوەستێ، مەگەر ئەوەیکە بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە بیهەوێ خەباتی مەدەنی بێبایەخ نیشان بدات. لە پازدە ساڵی ڕابردوودا بە هۆی کۆمەڵێک لیدەر کە توانای لێکدانەوەی واقعی کۆمەڵگە و خەبات و سیاسەتیان هەیە بەشێک لە کێشەکان چارەسەر کراون. لەم پێوەندییەدا ئازاد محەممەدیانی پێی وایە: "بزووتنەوەی مەدەنی و کەڵان گوتاری نەتەوەیی یا بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ئیستادا ڕکابەری یەکتر نین، بەڵام کەسانێک هەن کە ئارەزوویانە بەرەو ئەم مەسیرەی بەرن، کەسانێک کە پێیەکیان لە ڕێفۆڕمخوازیی ناوەندگەرای ئێرانی دایە. ئەوانە لە قۆناغێکدا توانیبوویان ئەم بیرۆکەیە زاڵ بکەن کە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە (جموجۆڵی مەدەنی) بەرهەمی شکستی خەباتی شاخە و بەدیلێکە بۆ ئەو کە هەڵبەت ئیستا بە هۆی ناکارامەیی ئیسڵاحات لە کزیدان". بەشێکی زۆر گەورە لە هەرایەکی هەڵخەڵەتێنەر کە لە سۆنگەی ئەم پێوەندییەوە دەنرێتەوە، لەڕاستیدا هی ئەو ڕەوته سیاسییانە نییە کە بەڕاستی دڵسۆز و خەمخۆری سەربەخۆیی خەباتی مەدەنین، بەڵکوو هی ئەو ڕەوتە سیاسییانەیە کە لە مەیدانی ڕکەبەریەتیدا خاوەنی ئەم جێگە و پێگەیە نین کە خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن. ڕاستییەکی تاڵ له مێژووی خەباتی هاوچەرخی کورد ئەمەیە کە زۆر جار ئەو بەربەستانەی ئەو ڕەوتە کوردییە پەراوێزییانە بۆ هەر دوو باڵەکەی خەباتی جەماوەری (مەدەنی و سیاسی) سازی دەکەن، زۆر ڕووخێنەرتر بووە لەو بەربەستانەی حاکمییەتی ناوەندی سازی کردوە.
هەر لە مەسەلەی هەڕەشەکانی سەر کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە کەمترین باسی لە سەر کراوە، هەڵوێست و بۆچوونی کوردە ڕۆژهەڵاتییەکان لە دیاسپۆرایه بەرانبەر بە کار و تێکۆشانی چالاکانی مەدەنی لە نێوخۆی وڵات. ئەوان کە زۆربەیان بە چەند دەیەیە لە کوردستان دوورن و کەمتر دەرک بە واقعی کۆمەڵگە و زەرفییەت و دەرفەتەکانی نێوخۆی وڵات دەکەن، خوێندنەوە و قەزاوەت و ڕەفتاریان بەرانبەر بە چالاکانی مەدەنی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی، زۆر دوورە لەوەی لە نێوخۆی وڵات بوونی هەیە. جۆری ڕوانین و هەڵوێست و قەزاوەتی کوردی دیاسپۆرا لە ئێستادا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرانبەر بە جموجۆڵی مەدەنی و چالاکانی ئەم بەستێنە، دەتوانێ کەلێنێکی بەرینی کۆمەڵایەتی لە ئێستا و داهاتوو لە کۆمەڵگەی کوردستاندا ساز بکات.
دەرفەتەکان
بەڕەسمیناسینی کۆمەڵگەی مەدەنی لە لایەن بزووتنەوە گەورە نەتەوەییە جەماوەرییەکەوە یەکێک لەو درفەتانەیە کە گەلێک دەرگا و مەجالی ئەرێنی بۆ بزووتنەوەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردۆتەوە. ئەم بەڕەسمی ناسینە لەگەڵ خۆیدا پشتیوانی و متمانە پێبەخشینی بەدوادا هاتووە و حیزبەکان چ لە گوتار و چ بە پشتیوانیی میدیایی، دەرفەتێکیان بۆ گەشە و بەرفراوانبوونەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی خوڵقاندوە.
هەروەک چۆن بوون و بەردەوامیی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە تەواویەتی خۆیدا هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگەی مەدەنی، بە "ڕووخانی ئەم ڕێژیمە لەمپەرێکی زۆر ئەساسی و قورس و بنەڕەتی لە سەر ڕێگای گەشەی خەباتی مەدەنی و سیاسی لە کوردستان هەڵدەگیردرێ".
دەرفەتێکی دیکە بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیدابوونی ئینترنێت و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە کە مەجالێکی بەرفراوانی بۆ چالاکانی مەدەنی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و بە گشتی کۆمەڵگەی مەدەنی پێک هێناوە کە کار و چالاکییەکانیان بناسێنن، سەرنجی کۆمەڵگە بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و گوشار بخەنە سەر لایەنی دەسەڵات. لە دەیەی ڕابردوو بەم لاوە، ئینترنێت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆری پەرەگرتوە و بەکارهێنەری زۆر هەن. ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەرفەتی بە خەڵک داوە لە ئاستێکی بەریندا و ڕاشکاوانە دژایەتیی خۆیان دژی دەسەڵات دەرببڕن. بە کەمترین تێچوو، دەسکەوتی باش وەدەست هاتووە.
بوونی سۆشیال میدیا بووەتە دەرفەتێکی زۆر جیددی و گەورە بۆ ئەوەیکە دەسەڵات نەتوانێ پرسەکان دیزە بە دەرخۆنە بکا و سەرپۆشیان لەسەر دابنێ. سۆشیال توانیویەتی ئەو دەرفەتە لە دەسەڵات بستێنێ کە بە شێوەیەکی تاک لایانە و مۆنۆلۆگی حکومەتی خۆی بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ توانیویەتی ئەو دەرفەتە ساز بکا بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێ قسان بکا لەگەڵ یەکتر، مۆنۆلۆگ بکا بە دیالۆگ و لە بەرانبەر دەسەڵاتدا ڕاوەستێ. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر لە لایەک ئاستی چالاکی و تەبلیغیی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی بەرز کردۆتەوە لە لایەکی دیکەوە توانیویەتی دەستی دەسەڵات تا ڕادەیەک لە سەرکوت کەم بکاتەوە.
بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان و بەرزبوونەوەی ڕەفتار و بیرکردنەوەی کۆمەڵایەتیی خەڵک بۆ ئاستی چینی مامناوەندی یەکێک لەو دەرفەتانەیە کە کۆمەڵگەی مەدەنی دەتوانێ زۆرترین کەڵکی لێ وەربگرێت. لەم پێوەندییەدا بێهزاد خۆشحاڵی بە دابەشکردنی شوناسی نەتەوەیی بە سەر سێ قۆناغی؛ "بەرگری"، "ڕەوایی" و "بە بەرنامە"، لەو باوەڕەدایە کە کۆمەڵگەی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک کە دەتوانێ بەرەو شوناسی بە بەرنامە بڕوات و " گەورەترین دەرفەت بۆ کورد ئەوەیە کە بەرەو شوناسی بە بەرنامە هەنگاو بنێیێ. ئەمە دەتوانێ بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی دەرفەتێک بێت کە کۆمەڵگەیەکی هاوتەریب ساز بکات کە خاوەندارێتی لە زۆرێک لە پرسەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بکات و بە بەرنامەوە خۆی بە ڕێکخستن و ڕێکخراو بکات.
ئاکامگیری
بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەرفەتێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتوورییە کە بە ڕووی کۆمەڵگەی کوردستان و پرسە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکانیدا خۆی واڵا کردوە. لە نەبوونی کیانی سیاسی و نەبوونی مەیدانێکی ئازاد و یاسایی بۆ تێکۆشانی سیاسی، تەنیا گەڕانەوە بۆ نێوخۆی کۆمەڵگە و کەڵکوەرگرتن لە پتانسێلی کارای کوردستانە کە دەتوانێ ئەو کەلێن و بۆشاییانە پڕ بکاتەوە و پارێزگاری لە وجوودی نەتەوە و نیشتمان بکات. کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو دەرفەت و پتانسێله کارا و متمانە پێکراوەیە کە دەتوانێ بەرانبەر بە دەوڵەت – مافیادا خۆی بنوێنێ.
مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بە دروشمی سیاسی و فۆرموولی گەورە بەرەوپێش ناچێت. بەپێی ئەو هێز و توانایانەی کە لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، دروشم و فورموولەکان دەبێ ورد بکرێنەوە و بکرێنە کەرەستەیەک بۆ تێکۆشان و چالاکیی ڕۆژانە. نابێ تەنیا چاومان لە بزووتنەوە جەماوەرییە گەورەکە بێت و لە وردە بزووتنەوەکانی نێو کۆمەڵگە غافڵ بین. بەستێنی مەدەنیی خەبات بە هەموو لق و پۆپەکانیەوە دەرفەتێکی وای خوڵقاندوە کە دەتوانێ تاکی کۆمەڵگە لە بێتەفاوەتی و کەمتەرخەمیی ڕۆژانە دەرهێنێ و بیخاتە نێو سیستەمێک لە جموجۆڵی ڕۆژانە کە بەردەوام بەدوای خۆی و چارەنووسیدا بگەڕێ و چاولەدەست نەبێت.
کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێ بەرەنگارییەکی سیستماتیک و بەهێزی هەبێت و پاشەکشە بە هێزی دژبەر - کە کار لە سەر چووکەکردنەوە و توانەوەی دەکات – بکات، پێویستی بە خۆڕێکخستن و بەربەرەکانییەکی جەماوەری هەیە. کۆمەڵگەی مەدەنی ئەو هێزەیە کە دەتوانێ ئەم ئەرک و ڕسالەتەی بخرێتە ئەستۆ. ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە کوردستان هێزی دینامیکی ئەم پرسەن. ئەوان بە کۆکردنەوەی چالاکان لە دەوری یەکتر و شۆڕکردنەوەی زەینییەتی بەرپرسارێتی بۆ نێو کۆمەڵگە و ختۆکەدانی تاکەکان بۆ جووڵە و بزووتن،دەتوانن کۆمەڵگە لە بێتەفاوەتییەوە بگۆڕن بە هەڵوێستگرتن. لەم سۆنگەیەوەیە کە مەفهوومی خاوەندارێتی لەنێو سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەدا بیچم دەگرێ و چیدیکە هیچ پرسێکی کۆمەڵگە لە بێتەفاوەتی و بێخاوەنیدا دیزەبەدەرخۆنە ناکرێ.
هاوگوتاریی نێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و بزووتنەوە گەورە جەماوەرییەکەی کوردستان، ئیمتیازی "متمانەی خەڵک"ی بە کۆمەڵگەی مەدەنی بەخشیوە. بۆیە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کوردستان قۆناغی هەرە ئەساسی و هەستیاری خۆی تێپەڕاندووە و زۆر بە ئاسانی دەتوانێ بە ڕاکێشانی سەرنج و هێزی کۆمەڵگە، ئەو ڕۆڵە دینامیکە بگێڕێ و ڕەفتاری خەڵک لە چوارچێوەی پرسی مافخوازیی شوناسخوازنەدا بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا مودیرییەت بکات.
زەروورەتی ژیان و ژیواری کورد لەپێناو مانەوە و مقاومەتی بەرانبەر بەو هێز و ڕوانینە هەرەسئاویانەی دەوروبەری کە چاوی تەماحیان لە خاک و بەرژەوەندییەکانی بڕیوە، لەم چاخەدا بەهێزکردنی کۆمەڵگەی مەدەنییە. کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای کۆمەڵگەی مەدەنییەوەیە کە دەتوانێ کوردایەتی و ناسیۆنالیستبوونی خۆی بەهێز و ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو هێزانە بکات کە لە چوار لاوە چاویان تێبڕیوە. لەم پێوەندییەدا ناسیۆنالیزمی کوردی پێویستە ڕۆژانە لە ڕەفتار و بەربەرەکانیدا بەپێی گۆڕانکاری و بەها کۆمەڵایەتییەکان خۆی نوێ بکاتەوە و لە بەرگێکی ڕۆژانەدا خۆی نمایش بدات. بۆ ئەم مەبەستە کۆمەڵگەی مەدەنی باشترین و گونجاوترین ئامرازە کە دەتوانێ ڕۆژانە کۆمەڵگە بە بەها و ئەرزشی نوێی شوناسخوازانەوە بێنێتە مەیدانی ڕوبەڕووبوونەوە. بۆ نموونە ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان و چالاکانی ئەم بوارە لە ڕێگای هەوڵدان بۆ پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان، مانا و ڕێکارەکانی"نیشتمانپەروەری" وەک بەهایەکی نەتەوەیی، نوێ بکەنەوە. یان ناوەندەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، لەم ڕێگایەوە بەرانبەر بە هێز و ڕوانینێک کە قەدەغە و قۆرغی خستۆتە سەر ئەم بەشە لە پێناسەی نەتەوەی کورد، مەیدانێکی نوێ لە بەرەنگاربوونەوە و پارێزگاری لە زمانی نەتەوەیەکی بێدەوڵەتیان خستۆتە سەر پشت. بۆ ئەم کارە پەرەسەندنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان و زیادبوونیان لە لایەک دەتوانێ کەڵک لە تەواوی زەرفییەت و پتانسێلی نێو کۆمەڵگە وەربگرێت و، لە لایەکی دیکەوە بە هێزێکی زیاترەوە بەرانبەر بە دەسەڵات خۆی بنوێنێ و ڕۆژانە سیاسەتی سەرکوتی دەسەڵات زیاتر پاشەکشە پێ بکات و بەهێزبوون و مانەوەی خۆی گەرەنتی بکات.
کەوابوو بوونی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕەهەندی جۆراوجۆری خۆیدا، جیا لەوەیکە دەرفەتێکی پڕ لە وزە و پتانسێلە بۆ کورد و پرسە نەتەوایەتییەکەی، لە هەمان کاتدا زەروورەتێکیشە بۆ نوێکردنەوەی بیروباوەڕی کوردایەتی و سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی بەها نەتەوەییەکان و ئامرازێکی نوێی کۆمەڵایەتییە بۆ ڕێکخستن و سازماندانی ڕەفتاری کۆمەڵگە بە ئاراستەیەکی گشتی و هاوبەشدا.