کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی خامنەیی لە نوێژی هەینیی تاران و چەند قسەیەک

12:12 - 14 رەزبەر 2724

هەردی سەلیمی

عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەر دوای ٥ ساڵ لە دوایین بەرنوێژییەکی هەینی کە کردبووی، هاتەوە و وتاری نوێژی هەینیی دا. دوایین جار بەدوای کوژرانی "قاسم سولەیمانی"، فەرماندەی "سپای قودس"دا پێش‌نوێژیی کردبوو. لەوێ‌ و بە پێی حادەتی هەموو نوێژانەی هەینی لە تاران، قەناسەیەکی لەلای دەستیەوە دانابوو بە نیشانەی تۆڵە، هەروەها بە شێوەی سەمبولیکیش هەڕەشەیەک بوو لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی تەنانەت نەیارانی نێوخۆش.

عەلی خامنەیی لەو کاتەوەی بووەتە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، تەنیا لەو کاتانەدا پێش‌نوێژیی کردووە کە بابەتێک لە ڕوانگەی ئەوەوە گرنگ هاتبێتە پێش و ویستبێتی یەک‌لای بکاتەوە چووەتە سەر مینبەر. لەم ٥ ساڵەدا کە لە دوایین نوێژی هەینیی عەلی خامنەیی تێپەڕ دەبێ، کۆمەڵێک گۆڕانی گرنگ ڕوویان داوە، لەوانە: بەڕێوەچوونی دوو خولی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری کە هەردووکیان کەمترین ئاستی بەشدارییان تۆمار کرد، هەڵبژاردنی مەجلیس بە هەمان شێوە، کوژرانی گوماناویی سەرۆک‌کۆمارێکی کۆماری ئیسلامی، سەرهەڵدانی بزووتنەوەی بەرینی ناڕەزایەتییانەی ژن، ژیان، ئازادی، هێرشی "حەماس" بۆ سەر "ئیسرائیل" و بەدوای ئەوەدا شەڕی "غەزە" و زۆر ڕووداوی ورد و درشتی تریش، بەڵام عەلی خامنەیی بۆ هیچ‌کام لەم ڕووداوانە لە نوێژی هەینی‌دا دەرنەکەوت، بەڵام کاریگەرییان داناوە لەسەری.

خامنەیی لەم وتارەی دوێنێی‌دا ڕوو لە لایەنگران و هەروەها ڕەخنەگران و نەیارانی نێوخۆی، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبوڵڵا و خودی ئیسرائیل و وڵاتان و ئەکتەرەکانی تری ناوچەش قسەی کرد. ئەم‌جار عەلی خامنەیی بە گومانی خۆی لە بەرگی یەکێک لە ڕێبەرە ئایینییەکانی دنیای ئیسلام‌دا قسەی کرد، هەموو وڵاتانی ئیسلامیی بە یەکڕیزی لە بەرامبەر بەوتەی ئەو، "دوژمنی هاوبەش"دا بانگهێشت کرد، بەڵام بە ڕێبەریی خۆی. لێرەدا بێ‌ئەوەی ناوێک بێنێ پەیامێکی بۆ وڵاتانی ئیسلامیی کەنداویش هەبوو، پەیامەکەشی زیاتر ئامۆژگاری بوو بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە ئەو بەرەیەی وا خامنەیی ئیدیعای ڕێبەریکردنی دەکات!.

لەدوای ئەم ئامۆژگارییانە هەر لە وتارە فارسییەکەی‌دا باسی لە بەرگری و بەوتەی ئەو ڕەواییی بەرگری لە بەرامبەر ئیسرائیل‌دا کرد و بە مافێکی "لۆژیکی" و "ڕەوا" و "یاسایی"ی دانا، هەر بەو پێیە هاوکاری‌کردن و پاڵپشتییشی بەڕەوا لە قەڵەم دا، بۆیە هەڵوێستی کۆماری ئیسلامیی لەمەڕ هێرشی حەماس لە ٧ـی ئۆکتۆبردا بۆ سەر ئیسرائیل، دووبارە بەدروست زانی. هەر لەم بەشەدا باسێکی لە وڵام‌دانەوە بە ئیسرائیل لە ئەگەری هێرش‌دا کرد، کە وەک تێئۆریی "نە شەڕ، نە ئاشتی"ـیەکەی پارادۆکسیکاڵ و دژبەیەک بوون، واتە شتێک لەو نێوانەدا کە ڕوون نییە دەبێتە چی. لێرەش‌دا وتی وڵام‌دانەوەیان بە ئیسرائیل نە وەدرەنگی دەخەن و نە بەپەلەش دەیکەن، ڕووی دەمی لەم بەشەدا زیاتر لەوەی لە ئیسرائیل بێت، لە لایەنگرانی توندڕەوی خۆی بوو، کە گوشارێکی زۆریان بۆ هێنابوون لەدوای کوژرانی "هەنیە" لە تاران کارێک بکەن؛ بۆیە لە کۆتایی‌ ئەم بەشە لە قسەکانی‌دا سووڕەی "عصر"ی هێنایەوە کە جەخت لەسەر ئامۆژگاری بۆ ڕێی حەق و سەبر دەکات، لەوانەیە بە هەمان "سەبری ستراتێژیک" ئەم سووڕەتەی قورئانی لێک دابێتەوە.

بەشی عەرەبیی قسەکانی وەک وتیشی ڕوو لە موسوڵمانانی "لوبنان" و "فەلەستین" بوو، بەڵام لە عەرەبییەکەدا بەپێچەوانەی فارسییەکەی کە باسی بەرگریی دەکرد، باسی لە "جهاد" کرد، واتە هیرش‌بردن نەک بەرگری‌کردن. ڕاستە خامنەیی وەک ڕێبەرێکی ئایینی و ڕیش‌سپیی دنیای ئیسلام خۆی دەرخست، بەڵام بەپێچەوانەی دۆکتۆرینی پێشووی کۆماری ئیسلامی، باسی لە ئۆممەت نەکرد، بەڵکوو دەستەواژەی میللەتانی موسوڵمانی بەکار هێنا، خوێندنەوەی ئەم بابەتە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە بۆچی ئەرکی خۆیان بە بەرگری و پاڵپشتی دادەنێ و ئەرکی لوبنانی و فەلەستینییەکانیش بە جەهاد. سەرەڕای ئەوە لەم بەشەدا باسی لە لەنێوچوون و نەمانی ئیسرائیل کرد، لە فارسییەکەی‌دا ئاماژەیەکی بەوە نەدا و وا دیارە ئەم ئەرکەی بە موسوڵمانانی جیهادیی ئەو دوو وڵاتە سپاردووە. لەم بەشەش‌دا سووڕەتێکی تری لە قورئان هێنایەوە کە هەمان سووڕەت بوو وا دوای سەرکەوتنی موسوڵمانان و چوونەوەیان بۆ مەککە هاتبوو و باسی لە سەرکەوتنی موسوڵمانان دەکرد، بەم پێیەش خامنەیی مزگێنیی سەرکەوتنی بە موسوڵمانان دا.

کۆی بابەتەکە دەتوانین بەم شێوەیە بێنین کە خامنەیی ئەم بەوتەی ئەو سەرکەوتنەی وا مزگێنیی دا لە گرەوی ئەوەدایە کە هەموو وڵاتانی ئیسلامی لەژێر ڕێنوێنییەکانی خامنەیی‌دا یەک بگرن، لایەنگرانی نەکەونە پەلەپەل و سەبوور بن، چون ئەمان کاریان بەرگری و پشتیوانییە، هەروەها ئەو موسوڵامانانەی وا لە سنوورەکانی ئیسرائیل نزیکن و لە سەنگەری یەکەم‌دان جەهاد بکەن! بۆیە "مەحموود عەباس"، سەرۆکی دەوڵەتی خۆبەڕێوەبەریی فەلەستین لەم ڕۆژانەدا ڕایگەیاند و داوای لە ئێران کرد، واز لە دۆزی فەلەستین بێنێ و لێ‌گەڕێ خۆیان چارەسەرێکی بۆ بدۆزنەوە. ئەمە بەو واتایە نەک وڵاتانی جیهان بەڵکوو بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی فەلەستین و لوبنانیش بەم دەستێوەردانە تێکدەرانەی کۆماری ئیسلامی ڕازی نین. کەواتە دەتوانین بڵێین خامنەیی بە تێگەیشتن لەو تەنیایییە هەنگاوێک پاشەکشەی کردووە و ئەرکی لەنێوبردنی ئیسرائیلی لەسەر شانی کۆماری ئیسلامی لابرد و بە خەڵکی موسوڵمانی نزیک لە ئیسرائیلی سپارد، هەروەها شەڕ لەگەڵ ئەو وڵاتەی گرێ دایەوە بەو مەرجەی کە ئەگەر ئەوان هێرش بکەن، وڵام دەدرێنەوە.

لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێستاش پاش چەندین ساڵ لە شەڕی ئێران و عێراق وەک شانازییەک باس لە تەنیاییی خۆیان لەو شەڕەدا دەکەن و دەڵێن ٣٧ وڵات لەگەڵ عێراق ڕێک کەوتبوون بەدژی ئێران، لە سەردەمی ئێستادا ئەوە وەک شانازییەک حەسابی بۆ ناکرێ، بەڵکوو دەرخەری لاوازیی لەڕادەبەدەری دیپلۆماسی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێکە کە بەو ڕادەیە پەراوێز بخرێ؛ ئێستا خامنەیی لەو تەنیایییە تێ‌گەیشتووە، بۆیە سەرکەوتنیان لە گرەوی یەکڕیزی و یەک‌وتاریی میللەتانی موسوڵمان‌دا دەبینێ و ئەرکی سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهانی، بەخشکە لەسەر شانی کۆماری ئیسلامی لابرد، کە پاشەکشە و داننانە بە شکستێکی تری ئەم ڕێژیمە.