لێکدانەوەی داهات و بەخشین لە کاری "ڕەزمەندەگان"دا
دارسمە
ئەم وەشاندنەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوو هێرشی چەند مانگی ڕابردوودا لە ئیسرائیل وەشاندی وەک فارس دەڵێن، دەبێت بڵێین "دست مریزاد"، دوو دوژمنی سەرەکییان پێکا. ئەو سەربازانەی خاڵی دیاریکراویش باش ناهەنگێون و لە جووڵەی سەربازیدا تەوەزەلن، پێیان دەڵێن "حیف نون". دیارە لێرەدا "نون" مەبەست لە پێتی "ن"ی "ئەلف-بێ"ی نووسین نییە و ئەم "نون"ـه هەمان "نان"ی کوردییە و تارانیی لووسکە و پووسکە ئەلفەکەیان کردووە بە "نون".
کردنەوەی ئەم باسی جوداوازیی زمانە بۆ شەرمنبوونی نووسەری ئەم دێڕانە دەگەڕێتەوە و چەندی دەکات لە ڕووی هەڵنایەت وشەی "ڕەزمەندەگان"ی فارسی بە چەشنێک لێکبدادتەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستای ڕووداوگەلی ئەم سەروبەندەی خۆرهەڵاتی ناوین بگونجێت و پێشانی بدات ئەو "ڕەزمەندانەی" ئێستا لە ئەفغانستان و پاکستانەوە هەتا دەگاته یەمەن و عێراق و سووریە و لوبنان بە هەموو ئەوانەی سەر بە ئێرانیش دەناسرێن، لە چ دۆخێکدان.
لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵی ڕابردوودا دوای هێرشە بەناوبانگەکەی حەماس بۆ سەر ژوورێکی هەڵپەڕكێ و سەماکردن لە ئیسرائیل و کوژران و بەدیلگیرانی سێسەد جوولەکەیەک، دواتر جوولەکە دەستیان بە ڕاوەدوونانی خەڵکێکی زۆر کرد و ئەوەندەی بۆیان کرا فەلەستینیانی دانیشتووی غەززەیان بەرەو پاشەکشێ ڕەپێنا. کون و کەلەبەر و ڕەهند و بۆدڕی هەموو خاكی غەززەیان سەنگ و سوژن کرد و پاشان چوونە وێزەی لوبنان. لە لوبنانیش دوای تەقاندنەوەی پەیجەر مەیجەر و بێتەل و مێتەلان زیاتر بیریان لە ڕەزمەندەگان کردەوە.
دوای ئەم ڕووداوانە هەواڵێک بڵاوبووتەوە و تێیدا گوتراوە عەلی خامنەیی لە ئێرانەوە داوای لە حەسەن نەسروڵڵا کردوە وەک ڕەزمەندەی دیار و بەرچاو بۆ ڕزگاربوون لە دەست هێرشی ئیسرائیل پەنا وەبەر تاران ببات و خۆی بگەیەنێتە نزیک خامنەیی.
وەک هەواڵنێران دەیگێڕنەوە دەبێت داواکارییەکەی خامنەیی بە ڕەزمەندەیەکی ناودار بە ناوی نیلفرۆشاندا بۆ نەسروڵڵا نێردرابیت و دیارە پێش ئەوەی نەسروڵلا وەڵامی بانگهێشتنەکە بە نیلفرۆشاندا بنێرێتەوە، ئەم دوو ڕەزمەندەیە لە تەنیشت یەکتر کۆ بوونەوە و دوژمنیش تەماح گرتی و زێدەتر کەوتە وێزەی ڕەزمەندەگان.
دوای ئەم ڕووداوەنە بوو، بۆ جاری دووهەم هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێکرد و ئەم جارەش وەک جاری پێشوو هاووڵاتییەکی فەلەستینیی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل بە هۆی ئەم هێرشەوە کورژا. دیارە جاری یەکەم کیژۆڵەیەکی شوان کەوتە بەر مووشەک و لە هێرشی جاری دووهەمیشدا کرێکارێکی خەڵکی غەززە به دابڕاوی لە خێزان و ماڵ و منداڵی بە مووشەکی ئێران پێکرا.
بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە بابەتی زمان نزیک بینەوە، دەکەوینەوە بیری ئەم پەندە کوردییە و ڕوو بە مووشەکهاوێژان دەڵێین "ڕەببی چاوی جاسووسێتان کوێر بێت و دەستی پەلەپیتكێتان شكێت".
نووسەری ئەم بابەتەش وەک خەڵکی خۆرهەڵاتی ناوین سەری لێشێواوە و خۆشی نازانیت باسی چی دەکات. ئەی ئەمە نییە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوین سەریان لەمە شێواوە و نازانن ئاخۆ ئێران و ئیسرائیل واتە ئیسلام و جوو دۆستن یان دوژمن؟ بەڵام باش دەزانن دوای ئەوەی ئیسرائیل دەیان هەزار فەلەستینیی لە غەززە کوشت، ئێران زۆر لە هاوکێشەکە جێماوە و بەم هەموو مووشەکبارانەی ئەم دوو جارە کردی، تەنیا توانیویەتی دوو فەلەستینی بکوژێت.
ئەگەر کۆماری ئیسلامی بە هاویشتنی لەسەر یەک ٤٠٠ موشەک توانیبێتی تەنیا دوو فەلەستینی بکوژێت و ئیسرائیلیش لە غەززە ٤٠ هەزار فەلەستینیی کوشتبێت، بە پێی لێکدانەوەی بیرکاری پێویستە ئێران بۆ ئەوەی بارتەقای جوولەکەکان فەلەستینی بکوژێت، پێویستە ٨ میلیون مووشەک بهاوێت.
بە گوێرەی لێکدانەوان لە کۆی ئەم دوو هێرشەی دوایی ئێرانیش بۆ سەر ئیسرائیل هەر ئێرانییەک یەک میلیۆن و ٦٠٠ هزار تومەن زیانی بەرکەوتوە. لێرەشدا بۆ ئەوەی بزانین تا ئەوکاتەی ئێران لە کوشتنی فەلەستینیان لەم ماوەیەدا دەگاتە ئاستی ئیسرائیل، پێویستە یک میلیون و ٦٠٠ هزار جارانی ٢٠ هەزار بکەین و ئەو کات هەر ئێرانییەک ٣٢ میلیارد تومەنی بەردەکەوێت. بۆ ئەوەی لێکدانەوەکەمان زۆر دوور و درێژ نەبێت، ئەم بڕە پارە ئێرانییە دەکەین بە پارەی ئەمریکایی و قەبارەکەی بچووکتر دەکەینەوە.
لەکاتێکدا نووسەری موخلیستان خەریکی ئەم حیساباتەیە، یەک دۆلاری ئەمریکا بە ٦٢ هزارو ٨٠٠ تومەنە و بەم حیسابە هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی ناوی کەوتبێتە بەر دوایین سەرژمێریی ئەم وڵاتە، لە کۆی ئەم هێرشە باسکراوانەی سەروودا ٥٠٩ هەزار و ٥٥٥ دۆلاری بەردەکەوێت.
لە کۆی ئەم لێکدانەوەیەدا ئەوکەسانەی ئەوەندە زیانە مادییەی سەرەوەیان لە جەنگی کوشتنی فەلەستینیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەکەوێت، دەکرێت هەموویان وەک ئەوانەی لە نێو هیلالی شیعە یان بەرەی خۆڕاگریدا خۆیان بەکوشتن دەدەن بە ڕەزمەندە بژمێردرێن و دەکرێت بڵێن دەسەڵاتی ئێرانیش بە بەردەوامی خەریکی کاروباری پێوەندیدار بە ڕەزمەندەگانە.
لە کۆتاییدا باشە بیر خوێنەری بەڕێز بهێنینەوە، بیر لە شتی خراپ مەکەنەوە. دوو زمانی کوردی و فارسی جودان و لە زمانی فارسیدا پاشگری "گان" تەنیا نیشانەی کۆیە.