کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و ئاشتەوایی، مەحاڵە مەحاڵ

15:01 - 16 رەزبەر 2724

کۆماری ئیسلامی و ئاشتەوایی، مەحاڵە مەحاڵ

(لە پەراوێزی قسەکانی سەرکۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووکاندا)

 

عومەر باڵەکی

ماوەیەک لەوە پێش کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێک هات. بەپێی ڕەواڵ نوێنەری وڵاتانی ئەندامی ئەو ڕێکخراوە بەپێی بەرنامەیەک کە بۆیان داڕێژراوە لە نۆرەی خۆیاندا لەسەر پرسە جیاوازەکانی جیهان بەگشتی و لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی دەوڵەتەکانی خۆیان بەتایبەتی وتار دەدەن.

بەشێک لە وتاری پزیشکیان، سەرکۆماری ئێران باس لە سیاسەتی ڕەسمیی کۆماری ئیسلامی ڕوو بە جیهان بوو، بەڵام بەشێکی زۆری لە قسەکانی سەرکۆماری ئێران هەروەک جاران دروشمی نێوبەتاڵ بۆ جوانکردنی ڕوخساری نیزامی کۆماری ئیسلامی، ئەویش بە تایبەتی لەسەر پرسە نێوخۆییەکانی ئێران بوون. دیارە هەر لەجێدا بەپێی ڕابردووی جەنابی سەرکۆمار لە کۆماری ئیسلامیدا بۆخۆیشی باوەڕی بەو قسانە نەبوو کە کردنی و دەیزانی ئەوەی دەیڵێ پێچەوانەی دۆخە ڕاستییەکەی ئێران و کۆمەڵگەی ئەم وڵاتەیە.

پزیشکیان لە وتارەکەیدا باسی لەوە کرد خەڵکی ئێران بۆیە دەنگیان پێ داوە چونکی هەڵگری دروشمی "یەکبوونی نیشتمانی-وفاق ملی" بووە و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی ئەم دروشمە هاوسەنگە لەگەڵ فەرمانی خوای گەورە لە قورئاندا. لێرەدا پرسیار لە ئاغای پزیشکیان ئەوەیە لەسەر چ بنەمایەک دەتوانرێ لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی مەزهەبیی ئێراندا "وفاق ملی" پێک‌بهێندرێ، لە حاڵێکدا بەپێی ئەسل و بڕگەکانی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و کار و کردەوەکانی ئەو نیزامە لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا زۆرینەی خەڵکی ئێران لە مافە نەتەوایەتی و تەنانەت بنەڕەتییەکانیان بێبەش کراون. لە وڵاتێکدا کە یەک مەزهەب و یەک زمان و یەک کولتوور بە قانوون بەڕەسمی کرابن و هەموو ئیمکاناتی حکوومەت لە گەشەکردن و پەرەپێدانی ئەواندا بن و هەموو مەزهەب و زمان و کولتووری نەتەوەکانی دیکە پشتگوێ خرابن و سەرکوت کرابن؛ چۆن دەتوانرێ باس لە "وفاق ملی" بکرێ.

ئاغای پزیشکیان دەبێ ئەوە باش بزانن لە وڵاتێکی وەک ئێراندا کاتێک دەکرێت دروشمی پێکهێنانی "وفاق ملی" بەرز بکرێتەوە کە نیزامی دەسەڵاتدار لە تاران، لە قۆناخی یەکەمدا قەبووڵ بکا ئەم وڵاتە فرە نەتەوەیە و لە قانوونی بنەڕەتیی ئێراندا دان بە مافە نەتەوایەتیەکانی ئەو نەتەوانە دابندرێ. لە قۆناخی دووهەمدا حکوومەت خۆی لە بەرانبەر هەموو خەڵکی ئێراندا بە بەرپرسیار بزانی و مافی هاووڵاتیبوونی تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەپێی پێوەرەکانی جیهانی سەرەدم بپارێزی. بەڵام هەروەک هەمووان دەزانن لە کار و کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا هیچ کام لەوانەی لەسەرەوە باس کران نەک لەلایەن دەسەڵاتدارانی تارانەوە دانیان پێدانەنراوە، بەڵکوو بە شێوازی جۆراجۆر و سیستماتیکیش پێشێل کراون.

خۆ ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ ساڵانی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی و تەنیا ئەو ماوە کەمەی سەرکۆماریی پزیشکیان بە نموونە وەربگرین، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤دا زیاتر لە ٢٥١ کەس بە بڕیاری دەزگای دادی ئەم ڕێژیمە ئێعدام کراون کە  ٥٣کەسیان کورد بوون. بە سەرنجدان بە کارنامەی غەدر و زوڵم‌وزۆریی ٤٥ ساڵەی کۆماری ئیسلامی لە گرتن و زیندانیکردنی جیابیران، ئێعدامە بەکۆمەڵ و بەردەوامەکان، هەڵاواردن و سەرکوتی مافی کەمایەتییەکان، بەفیڕۆدانی سامانی وڵات بۆ ئامانجی دەسەڵاتداران و هتد بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ ئەو حکومەتە نە لە توانای‌دایە و نە باوەڕی وایە بیهەوێ "وفاق ملی" پێک بێنێ. بۆ نوێترین نموونەش لە نابەرپرسایەتیی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خەلکی ئێران دەتوانین ئاماژە بە تەقینەوەی کانگای خەڵووز لە پاریزگای خوراسانی باشوور بکەین کە لەو ڕووداوەدا بەداخەوە زیاتر لە ٥٠ کرێکاری ئەو کانگایە بوونە قوربانیی کەمتەرخەمی بەرپرسانی ئەو نیزامە و گیانیان لەدەست دا؛ لە کاتێکدا ڕێژیم لەبری قایمکاریی شوێنی کارکردنی ئەو کرێکارانە و بردنەسەری ستانداردەکانی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی خۆی بە میلیارد دۆلار خەرجی تەیارکردنی میلیشیاکانی بە مووشەک و دڕۆن دەکات. بێگومان ڕووداوی لەو بابەتە لەهەر وڵاتێکی پێشکەوتوو و دێموکرات ڕووی دابا، بیجگە لە لێکۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەکە و دیتنەوەی هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتە، حەتمەن وەزیری پێوەندیدار دەستی لەکار دەکێشایەوە و کۆمەڵگە بە چاوی کۆستێکی نیشتمانی چاوی لەو ڕووداوە دەکرد. بەڵام لە نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بەرپرسان زۆر بە سادەیی بە سەر مەرگی ٥٠ کەسدا تێپەڕین کە بە کرێکاری بەخێوکەری بنەماڵەکانیان بوون. کەچی لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی مەزهەبیی ئێران بۆ کوژرانی "حەسەن نەسروڵڵا"،سەرۆکی حیزبوڵڵا پێنج ڕۆژ ماتەمینی گشتی لە ئێران ڕادەگەیەنی.

بەو خویندنەوە کورتە دەبێ بە ئاغای پزیشکیان بگوترێ وێژمانی "وفاق ملی"ی جەنابت هەر لە قالبی دروشمدا دەمێنێتەوە و ئەم ئامانجە ناتەبایی جەوهەریی لەگەڵ بنەماکانی ڕێژیمەکەی هەیە، مەگەر ئەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی بڕووخی و نیزامێکی دێموکراتیک و باوەرمەند بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەپێی پێوەرە جیهانییەکان جێی بگریتەوە و ئەوکات دەکری باس لە "وفاق ملی" لە ئێراندا بکرێ.

پزیشکیان بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خۆی لە ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەرباز بکا، لە وتارەکەیدا زۆرتر ئاماژەی بە ئەرکی پێغەمبەرانی دینیی کرد و گوتی: "پێغەمبەرەکان لەلایەن خواوەندەوە ڕاسپێردران کە بێ لە بەرچاوگرتنی "ڕەنگ، نیژاد، ڕەگەز و زمان" دادپەرەوری لە کۆمەڵگەی ئینسانیدا پەرە پێ بدەن و ئەو بایەخانە سەقامگیر بکەن." ناوبراو لە کاتێکدا سیسیمی سیاسیی وڵاتەکەی بەپێی ئەو بایەخانە دەگرت کە خۆی یەکێک لەو بەرپرسانەی ڕێژیمە پشکی سەرەکیی لە هەموو سیاسەت و کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامیدا پێ دەبرێت. ئەو هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و لە قۆناخی جۆراوجۆردا و بە پلە و بەرپرسایەتیی جۆراوجۆر بەشداریی لە سیاسەتەکانی ڕێژیم و جێبەجێکردنیدا کردوە. ئاغای پزیشکیان کە بەپێی ڕابردووی کاریی خۆی چەند دەورە ئەندامی مەجلیسی شوڕای ئیسلامی، هەروەها وەزیری کابینەی حەسەن ڕووحانی بووە و ئێستاش پۆستی سەرکۆماریی لە ئەستۆیە، دەبێ باش ئاگاداری نێوەرۆکی قانوونی بنەڕەتیی ئێران بێ و ئەوە بزانی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا بە قانوون ڕێگری لە بەرێوەچوونی دادپەروەری دەکرێ و جیاوازی دەکرێ لە نێوان "نیژاد، ڕەگەز و زمان"دا.

کێ هەیە نەزانێ و نەیبینێت کە ڕۆژانە هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو نیزامە بە ناوی قانوونەوە مافە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوورییەکانی گەلانی ئێران بە کۆ و بەتاک پێشێل دەکەن. هەمووان دەزانن ماوەی ٤٥ ساڵە کەمایەتییە نەتەوەییەکان (کورد، بەلووچ، عەرەب...) وکەمایەتییە ئایینییەکان مافەکانیان پێشێل دەکرێ و بە شێوازی جۆراوجۆر دەچەوسێندرێنەوە. بۆیە ئاغای پزیشکیان دەبێ دڵنیا بێ کە بە ڕەچاوکردنی ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردنی وڵات کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی گرتوویانەتە پێش، بە خاترجەمی ڕاسپاردەی پێغەمبەرانی خوا کە پەرەپێدان و سەقامگیریی دادپەروەرییە لە کۆمەڵگەی ئێراندا جێبەجێ نابی و جێ ناگرێ.

پزیشکیان لە درێژەی وتارەکەیدا باس لە هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕ و ناکۆکییەکان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا دەکا و دەڵێ "کاتێک ئاشتی و ئەمنییەت لە جیهاندا سەقامگیر دەبێ کە مافی هەموو ئینسانەکان، نەتەوەکان وکۆمەڵگەکان لە چوارچێوەی دادپەروەری و ویژداندا ڕەچاو بکرێ." ئەو قسەیە لە خۆیدا قسەیەکی دروست و بەجێیە. بەڵام ئاغای پزیشکیان ئێستا نوێنەرایەتیی دەسەڵات و حکومەتێک دەکا کە کار و کردەوەکانی چ لە نێوخۆ و چ لە دەروەی ئێڕان لە ماوەی ٤٥ ساڵی ڕابردوودا بوونەتە هۆکاری نائەمنکردنی ناوچەکە بە گشتی و وڵاتی ئێران بە تایبەتی. نموونەی زیندوو بۆ ئەو بابەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە ماوەی ٤٥ ساڵە دەسەڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی بە چاوی ئەمنییەتییەوە لێی دەڕوانن. ئەوە لە حاڵێک‌دایە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرکەوتنی ئینقلابی ئێران بەدژی ڕێژیمی پاشایەتی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، بۆیە دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی گەلی کورد چاوەروان بوو لە سیستمی نوێ دەسەڵاتدارەتیی ئێراندا مافەکانی دەستبەر بن. بەڵام وەڵامی داواکارییەکانی گەلی کورد لەلایەن حکومەتی ئیسلامییەوە بە فیتوای جیهاد لە دژی درایەوە. دوای ئەو فیتوایە شەڕ بەسەر گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپێندرا و هەتا ئێستاش ئەو شەڕە بەردەوامە. بۆیە لێرەدا ڕوو لە ئاغای پزیشکیان دەکەین و دەڵێن ئەگەر خۆت و نیزامەکەت باوەرتان بە دادپەروەری و ئینساف و وێژدان هەیە، بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی و ئارامی لە دنیادا دەبوایە لە نێوخۆی ئێران هەنگاوتان بۆ ئەو بابەتە هەڵگرتبایە.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین باس لە گشتپرسی دەکا و ڕوو دەکاتە فەلەستینیەکان و دەڵێ "گەلی فەلەستین لە هەر جیگایەکی ئەو جیهانەدا دەژین پێویستە بە گشتپرسی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن." گشتپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوە بندەستەکان بە فەلەستینیەکانیشەوە باشترین ڕیگایە، بەڵام ئەوەی جیگای سەرسووڕمان و لە هەمان کاتدا جێگای پرسیارە ئەوەیە سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مادام بەڕێوەچوونی گشتپرسی بۆ دیاریکردنی چارەنووس بە گەلی فەلەستین بە ڕەوا دەزانێ، چۆنە هەر هەمان ڕێکار بۆ نەتەوەیەکی  ٤٠میلیونیی وەک نەتەوەی کورد نەک بە ڕەوا نازانی، بەڵکوو بە کردەوەیەکی دوژمنکارانەشی دادەنێ. هاوکات لە هەر پارچەیەک لە کوردستان گەلی کورد بیهەوێ بەشێوەیەکی ئاشتیخوازانە بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی گشتپرسی بکا، پێش هەموو لایەنێک و بە هەموو شێوازیەک تەنانەت بە داسەپاندنی شەڕیش بووبێ دژایەتیی دەکا و لێرەدایە دووڕوویی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی دەردەکەوێ.

سەرکۆماری حکومەتی ئیسلامی ئێران کاتێک باسەکەی دێتە سەر وڵاتانی ناوچەکە داوا لەو وڵاتانە دەکا ناکۆکییەکان وەلا بنێن و دەست لە کێبەرکێ پەرەپێدانی چەک و تەقەمەنی هەڵبگرن و ناوچەکە دوور بگرن لە ناکۆکی و زیادەخوازی و کردەوەی تێرۆریستی. ئاغای پزیشکیان لە حاڵێکدا ئەو قسانە دەکا ماوەی ٤٥ ساڵە نەک گەڵانی ئێران بەڵکوو دەوڵەتانی درواسێی ئێران بە دەست ئاژاوەنانەوە و دەست‌تێوەردان لە کاروباری نێوخۆی ئەو وڵاتانە و دروستکردنی هێزی میلیشایی و کردەوە تێرۆریستیەکانی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەناڵێنن.

هەرچەند سەرکۆماری ئێران لە وتارەکەی خۆیدا لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ویستی بە ناردنی هیندێک پەیامی لێڵ بۆ دنیای دەرەوە ئەوە بڵێ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو قۆناخەدا دەیهەوەی بە ڕوانگە و ستراتیژییەکی دیکە لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و ڕۆژئاوایی تەعامول بکا، بەڵام مێژووی ٤٥ ساڵی دەسەڵاتداریەتیی کۆماری ئیسلامی و ستراتیژی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران پێمان دەڵێ ئەو جۆرە قسە و لێدوانانە تەنیا لەو کۆڕ و کۆبوونەوانە لە زمانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بۆ جوانکردنی ڕوخساری کۆماری ئیسلامی دەگوترین، دەنا لە مەیدانی کردەوەدا هەرگیز بەدی نایەن.