کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیکتاتۆر، تەنیا، داماو و کڵۆڵ!

15:04 - 16 رەزبەر 2724

 دیکتاتۆر، تەنیا، داماو و کڵۆڵ!

 

ڕەزا دانشجوو

بێگومان ڕەوشی ئێستای کۆماری ئیسلامی و بە تایبەت ڕێبەرەکەی، عەلی خامنەیی دەکرێ بە خراپترین بارودۆخی ڕێژیم لە تەمەنی شەرمەزارانەی چل و چەند ساڵەی خۆیدا دابندرێت؛ بارودۆخێک کە بە پێی هەموو هەڵسەنگاندن و لێکدانەوەکان دەرخەری لوتکەی لاوازی و بێدەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فەقێیە. هۆکارەکانی ئەم لاوازی و داماوییە دەتوانرێت لە چەند بەشێکدا پۆلێن بکرێت؛

بارودۆخی نالەباری بەکرێگیراوانی ڕێژیم

کۆماری ئیسلامی لە دەسپێکی دامەزرانیەوە تا ئێستا بە خەرجکردنی پارەیەکی یەکجار زۆر و پێکهێنان و سازدانی تاقمێک گرووپی بەکرێگیراو، بەردەوام هەوڵی داوە خۆی لە مەترسییەکان ڕزگار بکات. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی ئاگادار لە سروشتی لاواز و لەرزۆکی خۆی ونەبوونی پشتیوانی ولاوازی پێگەی جەماوەریی لەناو خەڵکی ئێراندا، هەوڵی داوە لەم گرووپانە وەک بەدیلێک بۆپاراستنی دەسەڵاتی خۆی کەڵک وەربگرێت. لە دامەزراندن و ڕێکخستنی دەیان گرووپی تیرۆریستی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وەک حیزبوڵڵا لە لوبنان، ئەنساروڵڵا لە یەمەن، حەشدی شەعبی لە عێراق، یان دامەزراندنی سوپای فاتمیون لە سووریە و کاریگەری لەسەر حەماس لە فەلەستین تا پەرەپێدان بە ئایدۆلۆژی شیعە بە کەڵک‌وەرگرتن وبەهادان بە تاقمێک ئاخوندی گوێ لەزار وەک زەکزاکی لە نیجێریە یان ڕەوتی بە ناو شیعە لە پاکستان، هەموو بەشێکن لەم پلانەی کۆماری ئیسلامی.

ئەو گرووپانەی گوێ لە فەرمانی دیکتاتۆرن بۆ دروستکردنی قەیران لە ناوچە بۆ بەلاڕێدابردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ڕێژیم لە کاتی پێویستدا. لە ڕاستیدا کۆماری ئیسلامی بە هۆی سروشتی نامرۆڤانە و نادێموکراتیکی خۆیەوە، بێ‌توانا لە پێوەندیگرتن و دیالۆگ لەگەڵ جیهانی ئازاد ودێموکراتیکدا، هەمیشە گرووپە بەکرێگیراوەکانی وەک کارتی فشار دژی دونیای ئازاد بەکارهێناوە. دەستوور بە حەماس بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل کە بێگومان بە هاوکاریی تەواوی ڕێکخراوی تیرۆریستی سوپای پاسداران ڕوویدا و دواتر فەرمان بە حیزبوڵڵا و ئەنساروڵڵا بۆ هێرشکردنە سەر ئیسڕائیل لەژێر ناونیشانی تۆڵەسەندنەوەی خوێنی "ئیسماعیل هەنیە"، دوایین بەشی ئەم سیاسەتەی ڕێژیم بوو. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، دەیان زەبری قورس و گورچکبڕ و یەک لە دوای یەکی ئیسڕائیل لە بەکرێگیراوانی ڕێژیم بوو کە خەون وخەیاڵەکانی کۆماری ئیسلامی و یارانی شپرزە و پەرێشان کرد. کوشتنی هەموو سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا و حەماس و لەنێوبردنی بەشی سەرەکی هێزی مووشەکیی و هێرشکردنیان لەپەنا کوشتن و بریندارکردنی سەدان ئەندامی ئەو گرووپانە، وای کردووە دیکتاتۆری پیروخوێنمژ خۆی و بەکرێگیراوانی لە دۆخێکی زۆر سەختدا ببینێتەوە. لەم نێوەندەدا نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە حیزبوڵڵا و ڕێبەرەکەی حەسەن نەسروڵڵا بۆ کۆماری ئیسلامی خاوەن گرینگییەکی زۆر تایبەتن. لە ڕاستیدا حیزبوڵڵا وەک کۆنترین گرووپی بەکرێگیراوی بە وەکاڵەت لە لایەک و باوەڕمەند بە بیرۆکەی شیعەگەری و پەیڕەوی هەمیشەیی لە خامنەیی لە لایەکی دیکەوە وەک قووڵایی ستراتیژیکی ڕێژیم هەژمار دەکرێت.

گۆشەگیریی ناوچەیی و جیهانی

لێکدانەوەی لێدوانەکانی ئەم دواییەی دیکتاتۆر و سەرۆک‌کۆمارە بووکەڵەکەی، قووڵایی گۆشەگیریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نیشان دەدات. سیستەمی وەلایەتی فەقیهی کە دەیان جار لەلایەن وڵاتانی ناوچەوە بە دەستێوەردان لە کارووباری وڵاتە دراوسێیەکانی تاوانبار کراوە و بە کردەوە جگە لە هێزە بەکرێگیراوەکانی هیچ هاوپەیمانێکی لە ناوچەکەدا نییە، دۆخی ئێستای خۆی زۆر مەترسیدار لە جاران دەبینێت. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانرێت بە قسەکانی ڕێبەری ڕێژیم عەلی خامنەیی و داواکارییەکەی بۆ پێکهێنانی نەتەوەی ئیسلامی و جەختکردنەوە لەسەر هاوبەشییەکان و دوورکەوتنەوە لە جیاوازیەکان ئاماژەی پێ بکرێت. بەڵام کێیە نەزانێت گەورەترین هۆکاری دابەشبوون و دووبەرەکی لە ناوچەکەدا دیکتاتۆریەتی وەلایەتی فەقێیە!

قسەکانی سەرۆک‌کۆماری ڕێژیم و بە واتایەکی دیکە ڕاسپێردراو و بریکاری عەلی خامنەیی، مەسعوود پزیشکیان، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە "ئێمە ئامادەین دەستبەرداری چەکەکانمان بین ئەگەر ئیسڕائیلیش دەستبەرداری چەکەکانی بێت"هەرچەندە بە ڕواڵەت ڕووبەڕووی کاردانەوەی بەشێک لە کاربەدەستانی ڕێژیم بووە بەڵام کێیە نەزانێت سەرۆک‌کۆمار لە دەسەڵاتی وەلایەتی فەقێەدا تەنیا بریکار و ڕاسپێردراوی ڕێبەری ڕێژیمە و مافی ئەوەی نییە بەبێ ڕاوێژ بە خامنەیی ئەو جۆرە قسانە دەرببڕێت وخودی پزیشکیانیش چەندین جارجەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیڕەوی سیاسەتەکانی خامنەیییە.

بەڵام بەڕاستی چی ڕوویدا کە ڕێژیم ئامادەیە ڕێککەوتنێکی وا لەگەڵ ئیسڕائیل بکات کە ساڵانێکە تەنانەت نکۆڵی لە بوونی دەکات؟! ڕاستییەکە ئەوەیە گەمارۆ درێژخایەنەکانی ڕۆژئاوا لەدژی ڕێژیم و دانوستانە ئەتۆمییە بێکۆتا و بێ ئاکامەکان هیچ هێز و توانایەکی بۆ دیکتاتۆر نەهێشتۆتەوە.

لەدەستدانی ڕەوایی و مەشرووعییەتی نێوخۆیی

ڕووداوەکانی شۆڕشی ژینا و دروشمە ڕادیکاڵەکانی و شێوازی ئامادەبوونی خەڵک لە شەقامەکان و خۆپێشاندانەکان دەریخست کە کۆماری ئیسلامی ئیتر هیچ شەرعییەتێکی نییە و لە لێواری داڕمان‌دایە. کەمترین بەشداریی خەڵک لە چەند پرۆسە و شانۆی بە ناو هەڵبژاردن، جەختکردنەوە بوو لەسەر قووڵایی دووری نێوان خەڵک و حکوومەت. لە ڕاستیدا دوای ڕووداوەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" ئیتر هیچ شتێکی حکوومەت بۆ خەڵک گرنگ و جێی سەرنج نییە و خەڵک باوەڕیان بە چاکسازی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا نییە. بەڵام ئەمە دەرخەری تەواوی ڕاستیەکان نییە. کاردانەوەی خەڵک بەرامبەر بە ڕووداوەکانی وەک مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، تێرۆری ئیسماعیل هەنیە و حەسەن نەسروڵڵا نیشاندەری قۆناغێکی نوێ لە ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک و دەسەڵاتە. لە ڕاستیدا دەکرێت بگوترێت ئێستا خەڵک کەوتوونەتە قۆناغی ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا و ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیکتاتۆری وەلایەتی فەقیهە. ئێستا هەر شتێک لای دیکتاتۆر بەنرخ و بەبایەخە، بۆ خەڵک بێ نرخ و بێمانایە! ئەوەی دیکتاتۆر دڵخۆش دەکات ئازاری خەڵک دەدات وئەوەی دیکتاتۆر شپرزە و پەرێشان دەکات خەڵک دڵخۆش دەکات. دووانەیی خەڵک و دەسەڵات هیچ شتێکی هاوبەشیان بۆ دیالۆگ وگفتگۆ نییە و بە دوو ڕێگای جیاوازدا دەڕۆن و زۆربەی کاتەکان ڕووبەڕووی یەکتر سەنگەر دەگرن.

سەرکردەی خۆبەزلزانی خەیاڵی جیهانی ئیسلام! وەک "دۆن کیشۆت" سواری کەرێک لە خەونی سەرکردایەتیکردنی موسڵمانانی دونیا، ئێستا ئیتر نۆکەرە ئەمەگناس و متمانەپێکراوەکەی  "سانچۆ" (حەسەن نەسروڵڵا)ش لە تەنیشتیدا نابینێت ! ئەو شوالیە خەیاڵییە وەهمییەی کە ئێستاش هەر پێی وایە نەک هەر خۆشەویستی هەموو موسڵمانان بەڵکو هیوای هەموو ستەملێکراوەکانی جیهانە، ئەو شۆڕشگێڕە درۆینەی کە بە بیانووی شەڕ لەگەڵ دوژمنی خەیاڵی ساڵیانە بووەتە ناوەندی ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری لە ناوچە و جیهاندا و تەنیا دەسکەوت و دیاری ژیانی شەرمەزارکەری بۆ وڵاتەکەی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان جگە لە تاریکی و ڕەشایی هیچی تر نەبووە! کوشتن، ئێعدام و زیندانیکردنی هەزاران کەسی بێتاوان لە ئێران، هەژاری و نەهامەتی میلیۆنان خەڵکی تر، شەڕ، کوشتار، ئاژاوە و وێرانی لە چەند وڵاتێکی جیاوازدا، تاکە دەستکەوتی دیکتاتۆری پیری وەهمییە! ئەو دیکتاتۆرە پیرە وەهمییەی کە ئێستا تەنیا، داماو وکڵۆڵ سەیری لەناوچوونی بەکرێگیراوەکانی دەکات! نە توانای وەڵامدانەوە ماوە ونە تەنانەت توانای هەڕەشە کردن!

 ئەمە بەشی کۆتایی ئەم چیرۆکەیە، دواترین جووڵەی دیکتاتۆر، دواترین گەمژەیی "دۆن کیشۆت"ی ڕۆژهەڵات ناوەڕاست و کۆتایی ساڵانێک وەهم و تاوان، "دۆن کیش و مات"!