کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای مەترسیی شەڕ

18:55 - 19 خەزەڵوەر 2724

بەردەوامیی ناڕەزایەتییەکان سەرەڕای مەترسیی شەڕ

هەردی سەلیمی

پاش زیاتر لە دوو ساڵ لە دەسپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا و پاش زیاتر لە ساڵێک لە سێبەری شەڕ کە قورساییی خۆی بەسەر وڵاتی ئێران‌دا سەپاندووە، ناڕەزایەتیی خەڵکی وڵات بە بۆنەی جیاوازەوە و لەلایەن چین و توێژە جۆراوجۆرەکانەوە بەردەوام بەڕێوە دەچێت. شەڕ یاخود دۆخی شەڕاوی دەتوانێ لەمپەرێک بێ لەبەردەم گەشەی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی نێوخۆی هەر وڵاتێک‌دا، چون دۆخێکی تایبەت و ئەمنیی ئەوتۆ پێک دێنێ کە هەموو ویست و خواستە ورد و درشتەکانی دیکە دەخاتە پەڕاوێزەوە و گرنگی بە ویستێکی ئۆرژانسیتر دەدرێ، کە هەمان شەڕە، بۆیە دەوڵەتانی شەڕخواز بەو پاساوەوە گوێی خۆیان لە بیستنی هەر هاوارێکی ناڕەزایەتی‌دەربڕانە دەئاخنن. حاڵەتێکی دیکەش هەیە کە ئێستای ئێران دەگرێتەوە، ئەویش بریتییە لە بوونی دەسەڵاتێکی تاسەرئێسک تۆتالیتێر کە دوژمنی خەڵکە و هیچ ویست و بەرژەوەندییەکی هاوبەشی لەگەڵ خەڵکەکەی‌دا نییە، لەم حاڵەتەدا گەر دەسەڵات لەلایەن دەوڵەتانی دوژمنیەوە هەڕەشەی لەسەر بێ و لەلایەن بەشێک لەو خەڵکەوە وەک ڕزگارییدەر سەیر بکرێن، دیسان مەترسیی زاڵ‌بوونی کەشی مەند بەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان‌دا و مانەوەیان لە چاوەڕوانی و هیواهەڵچنین‌دا هەیە. بە واتایەکی تر دەبێ بڵێین لەم حاڵەتەدا مەترسیی ئەوە هەیە فاکتەری ئیرادە جێی خۆی بە چاوەڕوانی بدات.

بەڵام لێرەدا هەوڵ دەدەین نیشان بدەین لەو ماوە زەمەنییەدا کە لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا و سەرەڕای هەڕەشەی گرتن و زیندان و ئێعدام و دەنگۆی لێدان و لێنەدان و دەبێتە شەڕ و نابێتە شەڕ و دەڕووخێ یان ناڕووخێ، باس لە ژمارەیەکی بەرچاو لەو کۆبوونەوە و بزووتنەوە ناڕەزایەتییانەی نێوخۆی ئێران لەم ماوەیەدا دەکەین، کە بەدەر لەو هەل‌ومەرجەی وا باس کرا، لەسەرپێ و باوەڕبەخۆیانە و بە ئیرادەوە بەردەوام بوون.

 

-ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینان: لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا خانەنشینانی بەشە جیاوازەکان خوازیاری یەکدەست‌کردن و بردنەسەری مووچەکانیان، بیمەی دەرمانی و چاکسازیی دۆخی نەگونجاوی بژیویانن. ئەم چینە بەساڵاچووە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە پار و پێراردا، هەروەها لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەردەوام لەسەر شەقام بوون و ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕیوە و ڕووی گازندەکانیان لە بەڕێوەبەرانی سەرەکیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بووە.

-ناڕەزایەتیی بەردەوامی مامۆستایان: ئەم ناڕەزایەتییانەش بە شێوەیەکی موکوڕ و پێداگرانە و ڕێکخراوانە لە زۆربەی شارەکانی ئێران و بەتایبەتی لە شارەکانی کوردستان بەڕێوە دەچێت و ویستەکانیان جار لەگەڵ جار ڕادیکاڵانەتر و هەمەلایەنەتر دەبێ. ویستە سەرەکییەکانی مامۆستایانیش بریتییە لە: پلەبەندیی مووچە، نوێژەن‌کردنەوەی قوتابخانەکان، گۆڕینی نێوەرۆکە دەرسییەکان، خوێندن و پەروەردە بە زمانی دایک، خۆڕایی‌بوونی خوێندن و...

-ناڕەزایەتیی بێ‌وێنەی پەرستاران: ناڕەزایەتیی پەرستاران لە چەند ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە، بە جۆرێک کە بەربڵاویی ئەم ناڕەزایەتییانە هەڕەشەیەکی جددیی بووە لەسەر سیستمی تەندروستیی ئێران. سەرەکیترین ناڕەزایەتیی ئەم چینەش کە زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە بە کەم‌بوونی مووچە و زۆریی کاتی کارە.

-ناڕەزایەتیی ڕۆژانەی ژنان لەدژی حیجابی ئیجباری: ژنان بە شێوەی ڕۆژانە و بەردەوام لەگەڵ یاسای پڕلە هەڵاواردنی حیجابی ئیجباری‌دا لە بەربەرەکانی‌دان، بە جۆرێک کە ڕۆژ نییە لە گۆشەیەک لەو وڵاتە ناڕەزایەتیی جددی بەرامبەر بەم یاسایە کە پێشێلکەری سەرەکیترین مافەکانە، بە شێوەی تاکییش بووبێ بەڕێوە نەچێت. هەر لە دوایین نموونەدا ژنێک بەناوی "ئاهوو دەریایی" لە زانکۆی ئازادی تاران، بە ئەکتێکی شۆڕشگێڕانە گشتییەتی سیستمی یاساییی کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ حیجابی ئیجباری‌دا نەتەنیا بردە ژێر پرسیار، بەڵکوو وردوپردی کرد.

-ناڕەزایەتیی خوێندکاران: چینی خوێندکار لەو چینانەیە کە ستارتی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەدژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پاش ماوەیەکی زۆر لە کپی و بێ‌دەنگیی کۆمەڵگەی ئێرانی لێ دا، لە ساڵی ٧٨ بەم‌لاوە ئەم چینە مۆرکی بەژێر زۆربەی ڕووداوە سیاسی و ناڕەزایی‌دەربڕینەکانەوە بووە و بە جۆرێک متۆڕی جووڵاندن بووە،هەروەها لە پێوەندی لەگەڵ زۆربەی پرسە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان‌دا خاوەنی ڕا و خوێندنەوەی تایبەت بە خۆیان بوون؛ ئەم‌جارە و لە دوایین نموونەدا ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە سێ‌قات بوونی تێچووی ناونووسین بۆ دەسپێکی ئەمساڵی خوێندن دەربڕیوە.

ناڕەزایەتیی لەمێژینەی کرێکاران: کرێکارانی ئێران لەمێژینەترین و بەردەوامترین ناڕەزایەتییەکانیان بەدژی دەسەلاتی کۆماری ئیسلامی بەڕێوە بردووە، بەتایبەت کرێکارانی حەوت‌تەپپە، کرێکارانی هێپکۆی ئەراک، کرێکارانی پاڵاوگەکانی پارسی جنووبی و... کە زۆربەی ویستەکانیان زیادکردنی مووچە و ئەمنیەتی کاری و ئیمەنیی کار و بیمە و... بووە و ئێستاش هەر بەردەوامە.

دەتوانین چەندین چین و توێژی تری وەک: نانەوا، وەرزێران، ئاژەڵداران، شۆفیران، کەمەندامان و تەنانەت مردووشۆران و... کە ڕۆژانە لەگەڵ هەواڵی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانیان بەرەوڕوو دەبینەوە لەم لیستە زیاد کەین کە هەرکام لەوانەش بە هۆکاری ئابووری جارناجار و بەجیاجیا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، هەروەها مانگرتنی بەتایبەت کوردستان لەسەر داوای حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکان لە یادی دووساڵەی کوژرانی ژینا ئەمینی و چەندین بایکۆتی سەرکەوتووانەی نمایشی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە و سەردانی دایکانی شەهید و هەق‌خواز دەتوانن سەرتۆپی ناڕەزایەتییە بەردەوامەکانی ئەم ماوەیە بن.

بۆمان دەردەکەوێ ئەوان کە هێزی وەجووڵەخستنی ناڕەزایەتییەکانن بە شێوەیەکی ڕێکخراو و پێداگر و هەروەها بە باوەڕبەخۆیییەوە وەدووی ویست و داخوازەکانیان دەکەون و هیچ دۆخێکی شەڕ و پەیامی هیچ دەسەڵاتدار و هەڵبژاردنی هیچ وڵاتێکی زلهێز، ئەوان نە تووشی مەندی دەکات و نە تووشی وەهم و هیواهەڵچنینی بێ‌جێ؛ لەبەر ئەوەی لەسەر پێی خۆیان ڕاوەستاون و لەگەڵ واقعیات و ڕاستییەکان بەرەوڕوون. لە کۆتایی‌دا دوای زیاتر لە تێپەڕینی ١٠٠ ڕۆژ بەسەر هاتنە سەرکاری دەوڵەتی چواردەیەم‌دا، دەبینین هەموو ئەو بەڵێنە بەتایبەت ئابوورییانەی کۆماری ئیسلامی کە لە زمانی ئیسلاح‌تەڵەبەکانەوە بە خەڵک دران، چەندە لە ڕاستییەوە نزیکن.