کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەل‌ومەرجی ئێران هەر ئینقلابییە

19:57 - 26 خەزەڵوەر 2724

بۆ ئەوەی ئاگاداری دۆخی گشتیی کۆمەڵگەیەک بین سێ ڕێگە لە بەردەم‌دایە، ڕێگەی یەکەم ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ لەگەڵ خەڵک ڕاپرسی بکرێ و ئاکامی کۆمەڵگە ئامارییەکە بەسەر هەمووان‌دا دابەش بکرێ، ڕێگەی دووەم لە ڕێگەی سەندیکا و دامەزراوە مەدەنییەکان و نوێنەرەکانیانەوەیە و ڕێگەی سێهەمیش ناڕەزایەتیی سەر شەقامە؛ لەم سێ ڕێگەوە دەکرێ ویستی خەڵک ببیسرێ. هەرچەند دوو ڕێگەی دوایی لە ئێران‌دا واتە سەندیکا و ناڕەزایەتیی گشتی، بەردەوام سەرکوت کراون و ویستەکانیان بەلاڕێ‌دا براوە یان تۆمەتی جۆراوجۆر خراوەتە پاڵیان، بەڵام ڕێگەی یەکەم کە هەمان ڕاپرسییە، بەو مەرجەی خەڵک ترسیان نەبێ و قسەی دڵیان بکەن، زۆر شت ڕوون دەکاتەوە؛ کە ئەڵبەت بەپێی ئەو ناڕەزایەتییانەی لەم ساڵانەی دوایی‌دا ڕوویان داوە، پێویست بەوە ناکات بزانین زۆربەی خەڵکی ئێران چییان دەوێ، بەڵام لە هەمان کاتا ئامار جێی لێ‌وردبووەنەوەیە و ئەگەری ڕەدکردنەوەی سفرە.

لە پاییزی ساڵی پێشوودا دەفتەری گەڵاڵە نیشتمانییەکانی توێژینگەی فەرهەنگ، هونەر و پێوەندییەکانی ئێران ڕاپرسییەکی لەژێر ناوی "شەپۆلی چوارەمی پێوانەی نیشتمانیی بایەخ و ڕوانینی ئێرانییەکان" بڵاو کردەوە، کە بەپێی ئەو ڕاپرسییە کەوا لە ١٥ پارێزگای ئێران‌دا کرابوو، زیاتر لە ٦١٪ی وڵامدەران دۆخی ئارایییان پێ خراپ بوو و وتبوویان پێویستی بە چاکسازیی هەیە، پتر لە ٣٠٪ پێیان‌وابووە دۆخی وڵاتی ئێران چاک نابێ و هەشت لەسەدیش دۆخی ئێستایان پێ باش بووە. ئەوەی لێرەدا جێی لێ‌وردبوونەوەیە ئەوەیە کە دوو پارێزگای ورمێ و سنە لەو سێزدە پارێزگای تر هیوابڕاوتر بوون بە چاکسازی و زیاتری خەڵکی ئەم دوو پارێزگایە پێیان‌وابووە ئەو دۆخە چاک نابێ. لەبیرمان بێ ئەم ڕاپرسییە ساڵی پێشوو کراوە و بە کەڵەکەبوونی قەیرانەکانی ئەمساڵیش بێ‌گومان ئەو ڕادەیە زیاتر بووە، هەروەک چۆن بەناو هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری بایکۆت کرا، کە نیشان لەوەیە ڕادەی بێ‌هیوایان لە چاکسازی لە درێژەی ئەو چەند مانگەدا زیاتری کردووە و کەمتر نەبووە. دەبێ ئەوەش زیاد بکەین کەوا هەر بەپێی ئەو ئامارە سەروو ٩٠٪ی خەڵکی ئێران لە هەل‌ومەرجی ئارایی ناڕازین و خوازیاری گۆڕانن، بەدەر لەوەی چ جۆرە گۆڕانێک بێ، بەو دۆخە ڕازی نین، کە ئەمەش شایانی سەرنجی زیاترە.

با بەم ئامارە ترسی "مەرعەشی"، سکرتێری حیزبی "کارگزاران سازندگی ایران"ـیش زیاد بکەین کە وتوویەتی: "٧٥٪ی خەڵک ناڕازین و گەر بێت و بێنە سەر شەقام، کەس ناتوانێ پێشیان پێ‌بگرێ." دۆخی ئابووریی ئێستای ئێران لە دژوارترین دۆخی مێژوودایە، ئابووری چون لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بەرەوڕوویە زیاترین کاریگەری لەسەر هەستی ناڕەزایەتی دادەنێ. گرانی، هەڵاوسان،  ئەگەری گران‌بوونی بێنزین، نەبوونی برق و نەبوونی گاز کە گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر بەشی ئابووری و ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، لەو هۆکارانەن کە ئاستی ناڕەزایەتی چەندقات دەکەن. خەڵک لە ڕووی ئابوورییەوە نەتەنیا هیوای بە چاک‌بوونێک نییە، تەنانەت هەمیشە چاوەڕێی دۆخی ئەستەمتریشن، هەموو ڕۆژێ بە نگەرانییەوە سەیری نرخی دۆلار و زێڕ و باقیی پێویستی و پێداویستییەکان دەکەن.

لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییشەوە گشتیەتی کۆماری ئیسلامی ژیانێکی پڕئازاری بۆ خەڵک بەرهەم هێناوە. سەرەڕای ئەوەی بەڵێنی چاک‌بوونی دۆخیان بە خەڵک دەدا بۆ ئەوەی دەنگ بە پزشکیان بدەن، بەڵام لەو کاتەوە دۆخ خراپتر بووە. فیلتێرینگ لەسەر جێی خۆیەتی، حیجابی زۆرەملی هیچ وەک خۆی ماوە، خەریکن ڕێکاری نوێتر و سەرکوتی زیاتر بۆ ژێرپێ‌نانی دادەنێن. لە ڕووی سیاسەتی دەرەوە مۆتەکەی شەڕ بەسەر ئاسمانی ئێرانەوە دەخولێتەوە، دەسبەسەرکران و ئێعدام و خۆکوژییە سیاسییەکان زیاتر بوون، کۆی ئەمانە هۆکاری ناڕەزایەتی و تووڕەبوونی زیاتری خەڵکی لێ‌دەکەوێتەوە.

جگە لەوانەی ئاماژەی پێ کرا دەتوانین بڵێین چەند کەلێنی گرنگ لە کۆمەڵگەی ئێران‌دا هەیە کە بەردەوام ئەگەری سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەرفراوان بەهێزتر دەکەن. کەلێنی نەتەوایەتی: ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیە و هیچ‌کام لە نەتەوەکان لە ڕووی مافەوە خۆیانی تێ‌دا نابیننەوە و بەردەوام هەستی ناڕەزایەتییان هەیە کە ئەگەرێکی بەهێزە بۆ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی تر. کەلێنی چینایەتی: وەک باس کرا دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە بەڕاستی داڕماوە و زۆرینەی خەڵک هەست بە بێ‌بەشی دەکەن و هێڵی هەژاری حەشیمەتێکی زۆری گرتووەتەوە؛ ئەم هەستی هەژاری و بێ‌بەشییەش بزوێنەرێکی سەرەکیی دیکەیە بۆ ناڕەزایەتیی زیاتر. کەلێنی ڕەگەزی: لەو کەلێنانەیە کە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامییش جەختی لەسەر دەکاتەوە و بەشێکی زۆر لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ـی لەخۆ گرتبوو و یەکێک لە هاندەرە سەرەکییەکان بوو. کەلێنی باوەڕ و ڕەوایی: لە نێوان خەڵک و کۆماری ئیسلامی‌دا کەلێنێکی قووڵی بڕوا و متمانە و ڕەوایی هاتووەتە گۆڕێ کە وەک وێ‌دەچێ بە هیچ پڕ نابێتەوە و خەڵک لە کۆماری ئیسلامی تێپەڕیون.

کۆی ئەم کێشانە کەوا یەخەی بە کۆماری ئیسلامی گرتووە، خەڵک هەتا دێ ناڕازیتر دەکات و دەسەڵاتیش دەستەوەستانتر، کێشەکان لە ئاستێک‌دا قووڵن کە گەر حکوومەت تەنانەت ویستی چاک‌سازییشی ببێ، بۆی ناکرێ و ئەمەش وڵات ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر بەرەو ناڕەزایەتیی گشتی پاڵ پێوە دەنێ، بۆیە بەهەق پتر لە ٩٠٪ی خەڵک ناڕازین و جار لەگەڵ جار زیاتریش بێ‌هیوان بەوەی لەسەر دەستی کۆماری ئیسلامی کێشەیەک چاک ببێ.