پڕۆفیسۆر کۆچەر بیرکار، بیرکاری بە ناوبانگی کوردستان و مامۆستای زانکۆی کەمبریجی بریتانیا لەلایەن گۆڤاری پراسپێکتەوە وەکوو بیرمەندی ساڵ هەڵبژێردرا.
گۆڤاری بریتانیایی پراسپێکت لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنی کۆچەر بیرکاردا نووسیویەتی: لە نێوان ٥٠ بیرمەندی دیاریکراودا، دەیان هەزار کەس دەنگیان بە پرۆفیسۆر بیرکار داوە تا وەکوو بیرمەندی ساڵی جیهان هەڵبژێردرێت.
گۆڤاری پراسپێکت هەموو ساڵێک بەپێی دۆزینەوە یان لێکۆڵینەوەی زانستی، ٥٠ بیرمەند لە سەرتاسەری جیهاندا دەناسێنێت.
کۆچەر بیرکار لە ساڵی ٢٠١٨دا میداڵی فیڵدزی تایبەت بە نۆبێلی بیرکاری وەرگرت کە چوار ساڵ جارێک پێشکەشی بیرکارێک لاو دەکرێت کە کۆچەر بیرکار خەڵاتەکەی خۆی پێشکەشی خەڵكی کوردستان کرد.
کۆچەر بیرکار ساڵی ١٣٥٧ لە گوندی "نێ" سەر بە شاری مەریوان لە دایک بووە و لە زانکۆی تاران بڕوانامەی کارناسیی بیرکاریی وەرگرتووە.
ناوبراو قۆناغی دۆکتورای لە زانکۆی ناتینگهامی بریتانیادا تەواو کردووە و لە ساڵی ٨٥ی هەتاوییەوە وەکوو پڕۆفیسۆری بواری بیرکاری لە زانکۆی کەمبریجی بریتانیا خەریکی وانەوتنەوە و لێکۆڵینەوەیە.
ئەم بیرکارە دیارە تاکوو ئێستا لە ٢٠ وڵاتی جیهاندا سەبارەت بە دەسکەوتەکانی بیرکاری سێمیناری زانستیی بەڕێوە بردووە.