کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەیاننامەی کانوونی نووسەرانی ئێران سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی بەندکراون

11:26 - 29 خەزەڵوەر 2724

کانوونی نووسەرانی ئێران ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر بە دەرکردنی بەیاننامەیەک سەبارەت بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، ناڕەزایەتی دەربڕی.

لە بەیاننامەکەدا بە ئاماژەدان بە سەرکوتی خوێناویی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٨ هاتووە "کۆماری ئیسلامی بە سەرکوت و کەڵکوەرگرتن لە ئامرازەکانی وەک سێدارە، بڕیاری خۆی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی ئازادیخوازی و وریایی خەڵک، نیشان ئەدات.

بەیاننامەکە سەبارەت بە حوکمی لەسێدارەدانی دوو بەندکراوی سیاسیی کورد، پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی زیادی کردووە کە ناوبراوان لە ڕەوتی دادگاییکردندا لە مافی هەبوونی پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان و دەستپێڕاگەیشتن بە دۆسییە و بەرگریکردنی کاریگەر لە خۆیان لە کاتی دادگاییکردندا بێبەش کراون و حوکمەکەیان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە پێشوەختە دیاری کراوە.

کانوونی نووسەرانی ئێران لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا بە ئاماژەدان بە دۆسییەی ناسراو بە "شارەک ئێکباتان"، ڕایگەیاندووە کە لاوانی تۆمەتباری ئەم دۆسییە لە ڕەوتێکی ناڕوون، بەبێ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو و ڕێگەنەدان بە پارێزەری هەڵبژێردراوی خۆیان و هەروەها لەنێوبردنی بەڵگەگەلێک کە دەیتوانی بێتاوانیی تۆمەتباران بسەلمێنێت و تەنیا بە گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان بە سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدان، مەحکووم کراون.

دۆسییەی ناسراو بە شارەکی ئێکباتان سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی ٥٠ کەس لە لاوانی شارەکی ئێکباتانی تارانە کە لە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"، بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک دەسبەسەر کران.

لقی ١٣ی دادگای سزاکانی تاران شەش کەس لەم لاوانەی بەتۆمەتی کوشتنی ئەم بەسیجییە بە لەسێدارەدان مەحکووم کرد.

کانوونی نووسەران لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا هێناویەتی کە بە پشتبەستن بە جاڕنامەی خۆی سزای لەسێدارەدان بە سزایەکی نامرۆڤانە دەزانێت و دەرکردنی وەها حوکمگەلێک بۆ هەر چەشنە تاوان و تۆمەتبارێک، مەحکووم دەکات.